وەفدی کوردستان
قەدری میللەتتان بەجارێ شکان
نە حەیاتان ما نە ناو و نیشان
باری تەعنەتان وا هاتە سەر شان
وەفدی کوردستان، میللەت فرۆشان»
«هەرزە وەکیلی شاری خامۆشان
***
حاجی تووتنەکەت مادەم فرۆشرا
قیروسیا لە سەد کوشتن و هەرا
دەخیلە هەستە ڕێکەوە خێرا
دەسکێ لەو گوڵەی باغەکەی سەرا»
«کەوا بەخوێنی لاوان ئاودرا
***
تاقمێ ڕێک خەن زۆر بەپڕ لاقی
بەبەزم و ڕەزم و ئاهەنگ و ساقی
بۆ ئەوەی بکەن دەفعی مەراقی
بیبەنە بەردەم عەرشی عێراقی»
«بڵێن یار باقی و، هەم سوحبەتی باقی
***
نە بارانتان دی، نە با ئەی فەقیر
نە لاوان کوژران بەگوللە و شەستیر
نە پێی نازداران خرایە زنجیر
پەردە و تارای سوور بەرن بۆ ئەمیر»
«؟ بڵێن دوای کوشتار هێشتا تۆی دڵگیر
***
هاوار بەماڵم چیمان پێ کرا
لە چارەکێکا سەدمان لێ خرا
هێشتا خەڵاتیان ئەکەن بە بەرا
دەک خەجاڵەت بن لە ڕۆژی مەحشەرا»
«ئێمەیش خاکی غەم ئەکەین بەسەرا
***
قەت وا تێ نەگەن چاومان شکاوە
کوشتن و بڕین دائیم بۆ پیاوە
لەناو دۆشەکا کەی حەق سەنراوە؟
خەیاڵتان خاوە کورد نە فەوتاوە»
«بەراتی نەجات بەخوێن نووسراوە
***
میللەت مەتینە عەزمی نانەوێ
لە غایەی بەرزی خۆی هەر ناکەوێ
لەت و پەت کرێ حقووقی ئەوێ
من ڕەنگی سوورم بۆیە خۆش ئەوێ»
«مژدەی شەفەقی لێ دەرئەکەوێ
#فایەق بێکەس#
#دیوانی بێکەس# [1]