هێمن عەساف
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، بەرنامەی چالاکیی چوار ڕۆژەی تایبەتیی بە زمانی کوردی ڕاگەیاند. پەڕڵەمانتارەکانیان لە پەڕڵەمانی تورکیا بڕیاریان داوە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ، بە زمانی کوردی قسە بکەن.
ڕۆژی #16-02-2024# ، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا، جەمیلە تورهالی و هەڤاڵ دڵبەهار، هاوگوتەبێژانی کۆمیسیۆنی کولتووری سەر بە دەم پارتی، لە #ئامەد#، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، کە 21ی شوباتی هەموو ساڵێکە، ناوەرۆکی چالاکییەکانیان بۆ بایەخدان بە زمانی کوردی ڕاگەیاند.
بەگوێرەی بەرنامەکە، چالاکییەکان لە ڕۆژانی 18 بۆ 21ی شوبات دەبن. دەستپێکی چالاکییەکان لە ئامەدەوە دەستپێدەکات و پارێزگاکانی ئامەد، وان، مێردین، سەمسوور، جۆلەمێرگ، شرنەخ، ڕووها، دێرسم، چەولیگ، مووش، ئاگری، قەرس، ئیدر، سێرت، مەرەش لە باکووری کوردستان و پارێزگاکانی مەرسین، ئادانا، ئیستەنبووڵ، ئەنتاڵیا، کۆجائێلی، تەکیرداغ، ئیزمیر، مانیسا، ئایدن، موغڵا، باڵکئەسیر، ئەنقەرە و کۆنیا دەگرێتەوە.
دەستپێکی چالاکییەکانیان ئەمڕۆ (یەکشەممە 18ی شوبات) لەلایەن پەڕڵەمانتارانی دەم پارتی لە پەڕڵەمانی تورکیا دەستپێدەکات. پەڕڵەمانتارانی دەم پارتی لە ماوەی ئەم چوار ڕۆژەدا بەشێکیان بە جلوبەرگی کوردی بەشدار دەبن و بە کوردی وتار پێشکەش دەکەن و چەندین چالاکیی دیکەش دەکەن.
چالاکییەکانی ئەم چوار ڕۆژە بە دانانی سەکۆ، ڕێپێوان بۆ بەفەرمی ناساندنی زمانی کوردی، کۆنسێرتی هونەرمەندانی کورد، گوێگرتن لە گۆرانی و وتاری کوردی، پانێڵی تایبەت بە مێژوو و پێگەی زمانی کوردی، وتنەوەی وانەی زمانی کوردی، فێستیڤاڵ، سیمینار، سەیران و هەڵپەڕکێی کوردی و دابەشکردنی 100 هەزار بڵاوکراوە بە زمانی کوردی دەبێت.
لەسەر ئاستی جەماوەریدا هەوڵەکان چڕدەکرێنەوە بۆ ئەوەی تەنیا بە زمانی کوردی قسە بکرێت و لە کوچە و کۆڵانەکاندا تەنیا گوێ لە گۆرانیی کوردی بگیرێت و، زانیاری لەبارەی زمانی کوردی بڵاوبکرێتەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هاشتاگ بۆ پشتیووانیی لە زمانی کوردی بڵاوبکرێتەوە و سەرجەم پۆستەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە زمانی کوردی بنووسرێن.[1]