یانەی سەرکەوتن
یا خوا هەر بژی، یانەی سەرکەوتن
ڕەهبەری عیلم و ڕێگەی پێشکەوتن
تۆ مایەی فەخری قەومی کوردانی
باعیسی ڕوتبە و ناو و نیشانی
دافیعی جەهل و زوڵم و وەحشەتی
ئەلەکتریکی شەوی زوڵمەتی
قیبلەی ئومێدی هەموو کوردێکی
زیارەتگاهی هەموو فەردێکی
میللەت بەتۆوە بەرز و مەسعودە
لەناو عالەما ناوی مەوجودە
ئەوی میللەتی لا خۆشەویستە
خزمەتی تۆی لا، فەرز و پێویستە!!
ئەبێ وەک برا دەست بدەینە دەس
یاری یانە بدەین تا ئاخیر نەفەس
تاکوو ناوی کورد بێتە پێشەوە،
وەک شێر بێتە دەر لەناو بێشەوە!
#فایەق بێکەس#
سەرچاوە: #دیوانی بێکەس#
سەرچاوەی دەق: ڤەژینبوکس [1]