دەسەڵاتی زنجیرەی میرانی کوردی دۆنبۆلی لە سەردەمی سەفەوییەکاندا
کوردانی دۆنبۆلی یەکێک لە خێڵە کوردەکانی نیشتەجێی ناوچەی خۆی و #سەڵماس# لە پارێزگای #ورمێ#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون کە لە سەدەی چواری کۆچییەوە نێویان لەدەقەکانی مێژووی ئێران دا دەزرینگێتەوە. خانەدانی دۆنبۆلی لە سەردەمی سەفەوییەکان ( 1501-1736 زایینی)، هەوشارەکان (1735-1803)، زەندییەکان (1794-1751) و قەجەرەکان (1925-1796) دەسەڵاتداری بەشێکی زۆری ناوچەی ئازەربایجانی ئێرانیان کردووە.
بە پێی دەقی شەڕەفنامە دۆنبۆلییەکان لە ویلایەتی بۆختی واتە بۆتانەوە هەڵدەستن و بەرەو ڕۆژهەڵات کۆچ دەکەن و لە ناوچەی ئازەربایجانی ئێران دەگیرسێنەوە. دۆنبۆل بە پێی نووسینی #شەڕەفخانی بەدلیسی# لە مێژووی شەڕەفنامەدا ناوی یەکێک لە شاخە هەرە دیارەکانی #ئامەد# بووە. هەرچەند لەنێوان مێژوونووسان دا باوەڕێکی تر هەیە کە بە پێی ئەو بڕوایە ڕەچەڵەکی ئەوان دەگەڕێتەوە سەر (یەحیای بەرمەکی) کە لە وەزیرە شازەکانی دەزگای خەلافەتی عەباسی بوون و لە ڕیشەوە خەڵکی شاری (بەلخ)ی ئەفغانستان بوون، بەڵام ئەوە تەنیا ڕای یەک کەس لە مێژوونووسانە کە بەڵگەیەکی باوەڕ پێکراویش بۆ وتەکەی ناهێنێتەوە و باقی نووسەران وەک شەڕەفخانی بەدلیسی و نادر میرزا (نووسەری پەرتووکی تاریخ و جغرافیا دارالسلطنە تبریز) و #محەمەد ئەمین زەکی# و بابا مەردووخ ڕووحانی هەموو لەسەر کورد بوونی کوردانی دۆنبۆلی کۆکن و پێداگری دەکەن.
دۆنبۆلییەکان لە پێشدا لەسەر ئایینی ئێزیدی بوون بەڵام پاش نیشتەجێبوون لە ئازەربایجان ئایینی ئیسلام و ئایینزای سوننی هەڵدەبژێرن و دواتریش لە زەمانی شاعەباسی سەفەویدا بە پێشانگەیەتیی سەلمان خانی دۆنبۆلی ڕوو لە ئایینزای سووننی وەردەگێڕن و ڕوو دەکەنە مەزهەبی شیعە و ئیتر لە مێژوودا وەک ئەهلی تەشەییوع دەناسێنرێن.
یەکەم دەسەڵاتداری دۆنبۆلی کە ناوی لە مێژوو دا تۆمار کراوە، (شەمسولمولکی دۆنبۆلی) بووە کە شاری خۆی بە ناوەندی دەسەڵاتداریی خۆی هەڵدەبژێرێ. شەمسولموڵک لە دیوانە هۆنراوەی گەورە شاعیری فارس واتە ( خاقانی)دا زۆر ستایش دەکرێت و بەڕێزەوە ناوی هاتووە.
هاوکات لەگەڵ پاشایەتیی شا (تەهماسبی سەفەوی)، (حاجی بەیگی دۆنبۆلی) لەلایەن سەفەوییەکانەوە بە فەرمی دەبێتە دەمڕاستی ئێران بۆ ئاگاداریی سنوورەکانی نێوان ئێران و عوسمانی لە ناوچەی دەسەڵاتداریی خۆی لە ئازەربایجاندا و ناسناوی (سوڵتان)ی لەلایەن شاوە پێ دەبەخشرێ. بەڵام هێندی پێ ناچێت کە لەگەڵ کوردانی خێڵی (مەحموودی) کە ئەوانیش هەر لە جیرانەتیی ئەواندا دەژیان، تێک هەڵدەچن و لەو کێشەیەدا دەوڵەتی عوسمانی لایەنگریی تایفەی مەحموودی دەکا. کوردانی دۆنبولیش بۆ پاراستنی خۆیان ناتوانن پشت بە دەوڵەتی ئێران ببەستن و لەو ململانێ درێژخایەنانەدا زۆر جاران دەبنە شوێنکەوتووی دەسەڵاتی عوسمانی و هەر ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی شا (تەهماسب) ڕقیان لێ هەڵگرێ و چوارسەد پیاویان لێ بکووژێ. تەنانەت بەوەش ڕازی نابێ و نزیکەی سی کەس لە خێڵی دۆنبۆلی کە لە دەزگای سیاسیی سەفەوییەدا مووچەخۆر و کاربەدەست بوون، لەسەر فەرمانی شاتەهماسب دەکوژرێن. هەر لەسەر ئەوە عەشرەتی دۆنبۆلی بۆ جارێکی دیکە ڕوو دەکەنە دەوڵەتی عوسمانی و لەلایەن سوڵتانی عوسمانییەوە دەسەڵاتی ناوچەی (قوتوور)یان پێ دەسپێردرێ؛ بەڵام هێندی پێ ناچێت کە دیسان ڕوو دەکەنەوە دەرباری سەفەوییەوە و شاتەهماسب کوڕەکەی حاجی بەیگ وەک ئەمیر هەڵدەبژێرێ و هەندێکی دیکە لە کەسایەتییە لێهاتووەکانی خانەدانی دۆنبۆلی وەک کاربەدەستی کاروباری حیساب و ماڵیات هەڵدەبژێرێ و ئیشی گەورەیان دەخاتە ئەستۆ و متمانەیان پێ دەکاتەوە.
هاوکات لەگەڵ دەسەڵاتداریی شاعەباسی یەکەمی سەفەوی، دۆنبۆلییەکان لە دەزگای دەسەڵاتدا زیاتر دیارن و لە ئازادکردنی تەورێز لە چنگ دەوڵەتی عوسمانی بە قازانجی سەفەوییە شەڕ دەکەن و ڕۆڵی باش و کاریگەر لەبەرژەوەندیی سەفەوییەکان دەگێڕن. بۆ وێنە سەلمان خانی دۆنبۆلی کە سوڵتانی ناوچەی (چۆرس) بووە، بە نوێنەرایەتیی سەفەوییە لەگەڵ محەمەد پاشای ڕاسپاردەی عوسمانی لەسەر سنوور بەشەڕدێت و شکست بە سوپای عوسمانی دێنێ و دەزگای سەفەوییە پاداشتی دەکات و دەسەڵاتی سەلمان خان تا پلەی بیگلەربەیگی) کە پلەیەکی باڵایە لە سیستەمی دەسەڵاتداریی سەفەوییەکان بەرز دەکاتەوە و وەک بەیگلەربەیگی شاری تەورێز کە سەردەمێک ناوەندی دەسەڵاتی سەفەوییەکان بووە، هەڵدەبژێردرێ. بێجگە لە سەلمان خان، ناوی ئەمیرانی دۆنبۆلی بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی ناوچەکانی تری ئێرانیش، درەوشاوەیە و هەر ئەوەش شاندەری ئەوەیە کە شاعەباس متمانەیەکی زیاتری بە کوردانی دۆنبۆلی بووە.
عەبدولرەزاق بەیگی دۆنبۆلی خاوەنی پەرتووکی (ماثر السلطانیة) کە خۆی مێژوونووسی دەزگای قەجەرەکانە و بە ڕەچەڵەک لە بنەماڵەی خێڵی دۆنبۆلیە، باسی خۆڕاگریی شاباز خانی دۆنبۆلی لە هەمبەر هێزەکانی عوسمانیدا دەکات کە لە سەردەمی دووایەمین شای دەسەڵاتی سەفەوی واتە شا سوڵتان حسێن بۆ ماوەی نۆ مانگ بە دژی لەشکری عوسمانی دەوەستێت و لە کۆتاییدا بەبێ ئەوەی لەلایەن ئێرانەوە یارمەتییان بۆ بێ، سوپای دۆنبۆڵیەکان کار ناهێنێ و شاری خۆی کە ناوەندی دۆنبۆلییەکان بوو شکستی پێ دێ و نەجەف قولی بەیگی دۆنبۆلی کوڕی شاباز خان و بابی واتە عەبدولرەزاق بەیگی نووسەر، لەلایان سوپای عوسمانییەوە بە دیل دەگیرێن و کۆتاییی دەسەڵاتی سەفەوی، کۆتاییەکی ناخۆش بۆ دەسەڵاتی کوردانی دۆنبۆلی لە ناوچەی ئازەربایجان بەدی دێنێ؛ بەڵام ئەوە بە مانای کۆتاییی دەسەڵاتی دۆنبۆلییەکان نییە و حوکماتەکەیان لە داهاتوودا سەرهەڵدەداتەوە.[1]