ناونیشانی بابەت: شوێنەواری مێژوویی قەڵای شێروانە لە شاری #کەلار#
نووسەر: هانی موڕتەزا
#قەڵای شێروانە# بە یەکێک لەو شوێنەوارە مێژووییە گرنگانەی کوردستان دادەنرێت کە دەکەوێتە باشووری خۆرهەڵاتی شاری کەلار، لە ناوچەی #گەرمیان#ی باشووری کوردستان.
سەرەڕای بوونی چەند بیروبۆچونێکی جیاواز لەسەر مێژووی قەڵاکە، ئەوەی ئێستا بە فەرمی باسی لێوە دەکرێت ئەوەیە کە لە ساڵی 1866 بە بڕیاری محەمەد پاشای جاف درووستکراوە و وەک باس دەکرێت لەو سەردەمەدا ماوەی 8 ساڵی خایاندووە تاکوو قەڵاکە بەتەواوی بنیاد نراوە و لە ساڵی 1874دا کارەکانی درووستکردنی ئەم بینایە کۆتاییان پێ هاتووە.
قەڵای شێروانە لە ناوچەی زەنگابات و ناوچەی قەوبەی برایم بەگ، پێشکەش بە ئەمیر شێروان کوڕی مەنسوور کراوە. هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە بەشێک لەو گردەی قەڵای شێروانەی لەسەر بنیادنراوە، لە سەردەمی ساسانییەکاندا درووستکراوە و بە پێی سەردەم گۆرانکاریی بەسەردا هاتووە، دواتر لەسەر بڕیاری محەمەد پاشای جاف، بەشێکی دیکەی گردەکە کە شوێنی ئێستای قەڵاکەیە بنیادنراوە.
محەمەد پاشای جاف کە سەرۆک هۆزی گەورەی جاف بوو، هەروەها لەلایەن والی بەغداوە پۆستی پاشایەتیی پێ بەخشرابوو، بە مەبەستی بەڕێوەبردنی هۆزەکەی و سەرپەرشتیکردنی سنووری ژێر دەسەڵاتی کە هەر لە شارەبان تاوەکوو #جوانڕۆ# بوو، ئەم قەڵایەی لەسەر ئەم تەپۆڵکەیە لە شاری کەلار بنیاد نا.
قەڵاکە لە دوو نهۆمی بینا و نهۆمی سێیەم کە بە کڵاو فەرەنگی ناسراوە پێکهاتووە. درووستکردنی قەڵاکە لەو سەردەمەدا بۆ دوو مەبەست بووە:
1. مەبەستی سیاسی، بۆ چاودێریی دەڤەرەکە و هەروەها ئاگاداربوون لە نزیک بوونەوەی خەڵک و کەسی بێگانە لە دەڤەرەکەدا.
2. بە مەبەستی حەوانەوەی محەمەد پاشا و خێزان و میوانەکانی
قەڵای شێروانە لە ڕووی هەڵکەوتەی جوگرافیایی، لایەنی سیاسی و ستراتیژییەوە لە سەردەمی درووستکردنیدا گرنگ بووە چونکە بەسەر تەواوی ناوچەکەدا ڕوانیویەتی و لەوێوە چاودێریی ناوچەکە کراوە. ئێستا قەڵای شێروانە وەک شوێنەوارێکی مێژوویی بۆ شارۆچکەی کەلار و گەرمیان گرنگیی تایبەتیی خۆی هەیە و بووەتە سیمبولێک بۆ شاری کەلار و شوێنێکی مێژوویی و گەشتیاری لە ناوچەکەدا.
شارەزایانی بواری بیناسازی لەسەر ئەو مەوادەی بیناکەی لێ ساز کراوە دەڵێن: بینا و قەڵاکە لە خشتی قوڕ درووستکراوە و دوو جۆر خشتی تێدا بەکار هاتووە، ئەوانیش جۆرێکی خشتی ئاشووری و بابلییەکانی پێ دەڵێن و جۆرەکەی تریشیان خشتی سوورکراوە یاخود برژاوی پێ دەوترێت. هەروەها بەردیشیان بەکار هێناوە و قسڵ و گەچ و داری گوێزیشی تێدا بەکارهاتووە.
ئەم قەڵایە بەهۆی بوومەلەرزە و تێپەڕینی ساڵەکانەوە چەند شوێنێکی داڕماوە و هەر بۆیە لە ساڵەکانی 1925-1988 و 1998دا سێ جار نۆژەن کراوەتەوە و هەر ئێستاش (2023) بۆ جاری چوارەم لەژێر نۆژەنکردنەوەدایە.
=KTML_Bold=ڕووبەر=KTML_End=
قەڵاکە لەسەر ڕووبەری 320 مەتری دووجا و بە شێوەیەکی چوارگۆشەیی درووستکراوە. یەک دەرگای سەرەکیی هەیە کە بە شێوازی نیوەبازنەیی و کەوانەیی لە دار درووستکراوە و دەکەوێتە بەشی باشوورەوە.
=KTML_Bold=پێکهاتەی هەر نهۆمێکیشی بریتییە لە:=KTML_End=
1. نهۆمی یەکەم: پێک دێت لە دوو ژووری گەورە و دوو هۆڵ و چوار ستوون بۆ ڕاگرتنی قەڵاکە، کە تاوەکوو نهۆمی سێیەم دەڕوات.
2. نهۆمی دووەم: لە چوار ژوور و یەک هۆڵ پێک دێت.
3. نهۆمی سێیەم: تەنیا لە یەک ژوور پێک دێت کە بە شێوەی کڵاوفەڕەنگییە و دەکەوێتە ناوەڕاستی قەڵاکە.
پەنجەرەکانی هەر نهۆمێکیش بە شێوازی کەوانەیە و لە داری گوێز درووستکراون.
بەهۆی کۆن بوونی قەڵاکە وەک شوێنەوارێکی مێژوویی، ساڵانە قوتابییان لە زانکۆ و پەیمانگاکان سەردانی ئەم شوێنە دەکەن. ئەمە سەرەڕای سەردانی کردنی سەدان گەشتیار کە بۆ دیتنی ئەم قەڵایە ڕوو لە شاری کەلار دەکەن. لە پلانیشدا هەیە لە داهاتوودا لەلایەن شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، بە مەبەستی جوانکردنەوەی قەڵاکە و کەڵک وەرگرتنی خەڵک لە کاتی گەشتوگوزار و سەردان کردنی ناوچەکە، دەوروبەری قەڵاکە بکرێت بە پارک و سەوزایی.[1]