ڕۆڵی بەریتانیا لە لکاندنی باشووری کوردستان بە ئێراق -بەشی 02
وەک لە بەشی پێشووی ئەو نووسینەدا باسمان کرد، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەموو ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی ئیمپڕاتۆریی عوسمانی پاش شەڕی جیهانی ئاڵۆزی و پشێویی سەیریان بەسەر هات. هەم کوردستان، هەم تورکیا و هەم ئێراقی عەرەب، لەو چارەنووسە بە دوور نەبوون. تورکەکان کە دوای داڕمانی ئیمپڕاتۆری عوسمانی خەریکی خۆداڕشتنەوە بوون، لەسەر بنەمای ناسیۆنالیسمێکی ئاماڵ فاشیستی، هەموو هەوڵیان ئەوە بوو بەشێکی زیاتر لەو ناوچانەی پێشتر لەژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا بووە بگرنەوە دەست. بەتایبەت ئەو ناوچانەی کەوتبوونە باکووری ئێراق و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیاوە. بەشێکی زۆر لەو ناوچانە ئێستاش لەژێر چاوەدێری ئینگلیزدا بەڕێوەدەبران. وەکوو وتیشمان کەسانی وەک ئیدمۆدنز و سێرپێرسی کاکس وەزیری موختاری بەریتانیا بەسەریان ڕادەگەیشتن و پلانیان بۆ دادەڕشتن.
لە لایەکی دیکەوە ناوچە سنوورییەکانی نێوان باکوور و باشووری کوردستان، بارودۆخیان ناڕوون بوو و بۆ یەکلاکردنەوە، یان ڕوون بوونەوەی بارودۆخ و شێوەی بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەش مەلیک فەیسەڵ و تورکەکان لە دژی کوردان کەوتبوونە وتوێژ. سەیر لەوە دایە ئەگەرچی ئینگلیزەکان دژی حوزووری تورکەکان لە باشووری کوردستان و باکووری وڵاتی تازە پێکهاتووی ئێراق بوون، بەڵام بەهەمان ڕادەش دژی وتووێژ و سازانی ڕاستەوخۆی مەلیک فەیسەڵی بووکەڵەی خۆیان لەگەڵ تورکەکانیش بوون. واتە بەریتانیا بە هیچ چەشنێک ئیزنی سەربەخۆیی بیروڕای بە ڕاسپێردراو و کارگێڕانی ناوخۆیی وڵاتانی دیکە نەدەدا، کە لایەنی کەم لە مەڕ ئەو ناوچەیەی پێیان سپێردراوە، خۆیان ڕاستەوخۆ بڕیار بدەن. هەر ئەو بابەتە دواتر لە مەڕ شێخ مەحموودی بەرزەنجی-شەوە باس دەکەین کە چۆن دەسەڵاتیشیان پێ دەدا و دژیشی دەوەستانەوە.
لەو سەروبەندەدا بەشێکیش لە ناوچەکانی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی حوکمی #سمکۆی شکاک# دابوون. تورکەکان بە ناردنی نوێنەر و فەرماندەی تورک بۆ ناوچە کوردەکانی باشووری کوردستان، بۆ وێنە #ڕواندز# و بە تێپەڕین لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی سمکۆ، خۆیان گەیاندە شاری ڕواندز و ئەفسەریکی خۆیان بە ناوی فازل ئەفەندی وەک فەرماندە و بەڕێوەبەر گەیاندە ئەو شارە .
شەڕی تورک و کورد لە ڕواندز دەست پێدەکات. بەریتانیاش لەو بەینەدا هەم لە جووڵەی تورکەکان لە کوردستان دەترسێ و هەم لە ئاڕاستەی کوردەکان بۆ سەربەخۆیی بە گومانە و هەم لە کارادانەوەی عەرەبەکان دڵنیا نییە و لە لایەکی دیکەشەوە پێی وایە ڕەنگە جووڵەی تورکەکان لە ناوچەکانی کوردستان دەستی دەوڵەتی فەڕەنسای تێدا بێ و لەو ڕێیەوە فەڕەنسا بیەوێت کاریگەریی و (نفووزی) لە ناوچە نەفتییەکانی ویلایەتی موسڵ و شاری #کەرکووک# بپارێزێ. هەر بۆیە بەریتانیا ئەو شارە و مەکۆی تورکەکان بۆمبباران دەکات.
بەو شێوەیە ئەو ئاڵۆزی و پشێویانە لە کوردستانی باشوور هەر درێژەی هەیە، تورکەکان جارێک (جەبهە) بەجێ دێڵن و دواتر دیسان قایمقام بۆ ڕواندز دەستنیشان دەکەن.
بەشێکی باشووری کوردستانیش کە ناوچەی #سلێمانی#یە، هەر لەو سەردەمەدا بە شێوەیەکی بیر لێکراوە و سیاسییانە لەلایەن ڕێبەرانی کوردەوە بەڕێوە دەبردرێ و ئەوانەش مەبەستیان سەربەخۆیی و جودا بوونەوە لە وڵاتی ئێراقە. بەڵام هەم عەرەبەکانی بەغدا و هەم ئینگلیزەکان دژی ئەو تاقمە لە کوردەکانن کە بێ کێشە و شەڕ لەگەڵ هیچ لایەک ناوچەی خۆیان بەڕێوەدەبەن و ڕاستەوخۆ دژایەتییان دەکەن.
ئینگلیزەکان بە هیچ چەشنێک نەیاندەویست باشووری کوردستان سەربەخۆ بێت. بەڵام نەشیاندەویست لەو پشێوی و ئاڵۆزییەدا بکەوێتە دەست تورکەکان و دڵنیاش بوون عەرەبەکان ئەگەر دەستدرێژیی بۆ بکەن کوردەکان دژ کردەوە دەنوێنن، هەر بۆیە ئەوان لە ڕێگاچارەیەک دەگەڕان کە هیچ کام لەو ئاکامە نەرێنیانەی بەدوادا نەیە.
ئەوان دەیانویست لەو ناوچەیە و بەتایبەت ناوچەی سلێمانی لەلایەن کەسانی خۆجێییەوە ئیدارە بکرێ، بەڵام ئەو کەسانە گوێڕایەڵی ئەوان بن و دواتر هیچ (تەماح) و داواکارییەکی سیاسیی دیکەیان نەبێت و مەترسیی ئەوەش ساز نەکەن کە لە ئێراق جودا دەبنەوە و نەبنە هۆی ساز بوونی کێشەی تازەتر.
بەڵام ئەوان کێشەیەکی هەرە بنەڕەتی کە هەیانبوو ئەوە بوو کە لە کەسایەتییەک بگەڕێن لەو پانتا شێواوەی سیاسەتی ئێراق و کوردستاندا، کاریگەریی لەسەر خەڵکی کورد هەبێت و بتوانێت یەکێتییەک بۆ ئارام بوونەوەی ناوچەکە لەنێو کوردانی ئەو ناوچەیەدا ساز بکا. چەند ڕای جیاواز بۆ ئەو کەسایەتییە هەڵبژاردراوە هەبوو، ئەوان لەسەر ئەوە ساغ نەببوونەوە کە کام کەسایەتیی کورد لەو سەردەمەدا دەتوانێت تۆفانی ویست هاوکات ڕقی کوردان داکوژێنێ و ڕێبەرایەتییان بکا. بەشێک لە ئینگلیزەکان بۆ وێنە ئیدمۆندز دەیویست کەسێکی وەک سەید تەهای #شەمزینان# ئەو ڕۆڵە بگرێتە ئەستۆ، بەڵام کاکس پێی وانەبوو ئەو، هێز و کاریگەریی لەسەر خەڵک ئەوەندە قووڵ بێ کە بتوانێت ئەو ئەرکە ڕاپەڕینێ.
دەستەیەکی دیکە لە ئینگلیزەکان بە شوێن کەسێکی خاوەن مێژووی سیاسیی بنەماڵەییدا دەگەڕان، تا بتوانن لەو مێژووی بنەماڵەیە وەک متمانەیەک کەڵک وەربگرن و خەڵکی پێ ڕازی بکەن هەر بۆیە کەسێکی وەک حەمید بەگی بابان لە ڕەچەڵەکی میرانی بابانی سلێمانییان دەستنیشان کرد. بەڵام وەکوو کریس کۆچێڕا دەڵێت: ئەو زمانی کوردیی نەدەزانی و زیاتر لەوەی کوردی بۆ گرینگ بێ، مێژووی بنەماڵەی خۆی بۆ گرینگ بوو. هەر بۆیە سێر پێرسی کاکس بڕیار دەدا شێخ مەحموود ی بەرزنجی کە پێشتر خۆیان دەستگیر و زیندانییان کردبوو بگەڕێنێتەوە بۆ سلێمانی و حوکمی بەڕێوەبردنی ئەو ناوچەیەی پێ بسپێرێ.
کەسێکی وەک کاکس و بەریتانیا بە گشتی پێیان وابوو بە ئازاد کردن و گێڕانەوەی شێخ مەحموود، ئەو لە پلەی بەڕێوەبەری پارێزگایەکدا دەمێنێتەوە و بەو شێوەیە هەم دڵی عەرەبەکان ڕادەگرن و هەم بەر لە پێشڕەوەیی تورکەکان دەگرن.
لە بەشی دواتردا باسی چۆنییەتی حوکمداری شێخ مەحموود و ئاڕاستەی سیاسی ئەو دێنینە ئارا و باسی کاردانەوەی بەریتانیا و عەرەبەکانیش لە پەیوەندی لەگەڵ شێخ مەحموود دەرووژێنین.[1]