ئەنفال، زامێک کە (قەت) لەبیر ناچێتەوە
کورد سەدان ساڵە لەلایەن دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستانەوە دەکوژرێت و جینۆساید دەکرێت. یەکێک لە گەورەترین و دڕندانەترینی ئەو جینۆسایدانە، ئەنفالە کە لەلایەن ڕێژیمی #بەعس#ی ئێراقەوە دژی کوردانی باشووری کوردستان بەڕێوەچوو و زۆرتر لە 3 هەزار گوندی کوردستان کاول کران و زۆرتر لە 182 هەزار کوردی سڤیل لەلایەن هێزەکان و سوپای ئێراقەوە جینۆساید کران.
لە مانگی مارسی 1988ی زایینی، ڕژێمی بەعسی ئێراق لە سەرتاسەری باشووری کوردستان، زنجیرە ئۆپەراسیۆنێکی زەوینی و ئاسمانیی بە ناوی ئەنفال دەست پێ کرد. لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالدا، سوپای ئێراق بۆ کاولکردن، ئاگردان و تاڵانکردنی ناوچە کوردییەکان و دەسبەسەرکردن، کوشتن و جینۆسایدی کوردەکان، دەسەڵاتی تایبەتیان هەبوو. عەلی حەسەن ئەلمەجید (عەلی کیمیایی)، ئامۆزا متمانەپێکراوەکەی سەدام حسێن، سەرپەرستیی ئەو جینایەتە گەورەیەی دەکرد.
ئامانجی سەرەکیی ئەم پەلامارانەش، خەڵکی سڤیل و بێتاوانی گوندەکانی کوردستان بوو و سوپای ئێراق لە کاولکردنی کوردستان، بە یەک چاو سەیری چەکدار و خەڵکی سڤیلیان دەکرد. عەدنان خەیروڵڵا، وەزیری بەرگریی ئەوکاتی ئێراق، بەم شێوەیە پاساوی بۆ کوشتنی خەڵکی بێتاوان دەهێنایەوە: ئێمە ناتوانین یاخی و سڤیل لێک جیا بکەینەوە، چونکە هەموویان جلی کوردییان لەبەردایە....
سەرکردەکانی حیزبی بەعس، بە کەڵک وەرگرتن لە ڕاوەستانێک کە لە بەرەکانی شەڕ لەو ساڵانەدا و بەهۆی لاوازیی ئێران درووست ببوو، پلانی جینایەتکارانەی خۆیان بە ناوی ئەنفال (کە دەبا لە هەشت قۆناغدا کۆتایی پێ هاتبا) بردە قۆناغی جێبەجێکردنەوە. بەپێی ئەم پلانە کە ناوەکەیان لە سوورەتی هەشتەمی قورئان وەرگرتبوو، دەبا لە ڕەوتی هەشت قۆناغ ئۆپەراسیۆنی کاولکارانە، دانیشتووانی بەشێکی بەرفراوان لە باشووری کوردستان لە مەڵبەندی خۆیان وەدەر نرێن و بۆ بیابانەکانی باشووری ئێراق دوور بخرێنەوە تاکوو وردەوردە لەوێ لەنێو بچن، هەڵبەت ئەگەر کۆمەڵێک لەوان ویستیان بەرەو وڵاتانی دراوسێ هەڵبێن، زۆر ڕێگرییان لێ نەکەن.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە پشتڕاست کراونەتەوە، لە ڕەوتی ئۆپەراسیۆنی حەوت مانگەی ئەنفال، لە مانگی 2 تا مانگی 9ی 1988، کە تەنیا لە پارێزگاکانی #کەرکووک#، دیالە، نەینەوا و سەڵاحەدین بەڕێوەچوو، زۆرتر لە 3 هەزار گوند کاول کران و زۆرتر لە 182 هەزار کوردی سڤیل لەلایەن هێزەکان و سوپای ئێراقەوە جینۆساید کران. هەروەها شارەکانی #هەڵەبجە#، #تەوێڵە# ، #خورماڵ#، #سەیدسادق# و #پێنجوێن# و... کاول کران و چۆڵ کران.
ئامانجی سەرەکیی ڕژێمی ئەوکاتی ئێراق لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفال لە ساڵی 1988دا، نیشاندانی هێزی حکوومەت بەوان نەبوو، بەڵکوو ئەو ڕاپۆرتانەی کە لە ئێراقەوە دەچووە دەرەوە، باسی لەوە دەکرد کە دەوڵەتی ئێراق لە چەکی کیمیایی بۆ کوشتاری بەرفراوانی خەڵکی سڤیل کەڵکی وەرگرتووە.
یەکەمین هەولی ڕژێمی بەعس، ڕێکەوتی #23-02-1988# دژی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی دووکان، نزیک سنووری ئێران و باکووری پارێزگای #سلێمانی# جێبەجێ کرا. نزیکەی مانگێک دواتر، ڕێکەوتی 16-03-1988، شاری هەڵەبجە شاهیدی کەڵک وەرگرتنی بەرفراوانی سوپای ئێراق لە چەکە نوێیەکەی بوو. هەڵەبجە وەکوو زۆرێک لە شارەکانی باشووری کوردستان، لە کۆتاییەکانی 1970 تا 1980، بەهۆی کۆچی گوندنشینەکان و ئاوارەکان، گەشەیەکی زۆری بەخۆیەوە بینیبوو. سەرەتا سوپای ئێراق بە کەڵک وەرگرتنی بەرفراوان لە چەکە وێرانکەرە ئاگردەرەکان، پەلاماری سەر هەڵەبجەی دا. پاشان بە چەکی کیمیایی پەلاماری ئەو شارەی دا کە 6 هەتا 8 هەزار حەشیمەتی هەبوو کە مەزەندە دەکرێت لەو پەلامارەدا 4 هەتا 7 هەزار کەس شەهید کرابێت.
ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ (HRW)، باسی لەوە کردووە کە لە ئەنفالدا 50 هەتا 100 هەزار کەس کوژرابێتن، بەڵام مەک دواڵ باسی لەوە کردووە کە 100 هەتا 200 هەزار کەس کوژراون.
#بەختیار عەلی# ، نووسەر و ڕۆماننووسی گەورەی کورد، سەبارەت بە ئەنفال لە پەرتووکی چێژی مەرگدۆستی، دەڵێت:
بۆ تێگەیشتن لە ئەنفال، تەنیا یەک ڕێگامان لەپێشدەم دایە، ئەویش ڕێگای تێگەیشتنە لە بەعس. بەبێ ناسینی بەعس ناتوانین ئەنفال بەکۆی دیاردە مێژوویی و کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانی دیکەوە گرێ بدەینەوە. ئەنفال هەر سەرچاوەیەکی هەبێت، هەر ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژوویی یان ئایدۆلۆژیی هەبێت، پێشتر ئەو هۆکارانە بە هەناوی بەعسیزمدا ڕابوردوون و لەنێوەندی ئەو هەناوەدا شێوەیەکی نوێ و مۆرکێکی تازەیان وەرگرتووە و بوونەتە بەشێک لە کولتووری بەعس. بۆیە گەر بشمانەوێت لەسەرچاوە دوور و دێرینەکانی ئەنفال تێبگەین، پێشوەخت دەبێت لە کارکردنی بەعس و شێوەی مامەڵەکردنی بەعس لەگەڵ ئەو سەرچاوانەدا تێبگەین، چونکە بەعسیزم دیاردەیەکە، سرووشت و مۆرکی هەموو ئەو دیاردانەی تر دەگۆڕێت کە بەنێویدا گوزەر دەکەن.
هەروەها #ڕەفیق سابیر# ، شاعیری کورد سەبارەت بە ئەنفاڵ وتوویەتی:
ڕاویان دەناین
تەنانەت فریای مردنیش نەدەکەوتین...[1]