سەرۆکی هەرێمی کوردستان و یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاساییشی نێودەوڵەتی لە کۆبوونەوەیەکدا ئەمڕۆ #18-02-2024# لە میونشن، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی دەبێت ئێراق هەموو هەوڵێک بدات نەخزێتە نێو کێشەکانی پەیوەست بە شەڕی غەززە و قوورسایى بخاتە سەر بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر.
بەیانیى ئەمڕۆ (یەکشەممه، 18-02-2024) #نێچیرڤان بارزانی#، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە کۆنفرانسى ئاساییشى میونشن لە ئەڵمانیا، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سێلێست واڵندەر، یاریدەدەرى وەزیرى بەرگریى ئەمریکا بۆ کاروبارى ئاساییشى نێودەوڵەتى، هەڕەشە و مەترسییە ئەمنییەکان لە ئێراق و دۆخى ئاڵۆزى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستیدان تاوتوێ کرد.
بەپێی ڕاگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە هەردوولا هاوڕا بوون کە ئارامى و سەقامگیریى ئەمنى و سیاسیى ئێراق و هەرێمى کوردستان بۆ ناوچەکە گرنگە و لەکاتێکدا ئەگەرى تەشەنەسەندنى زیاترى لێکەوتەکانى شەڕ لە غەززە، هەڕەشە و مەترسى لەسەر ناوچەکە درووست دەکات، دەبێت ئێراق هەموو هەوڵێک بدات نەخزێتە نێو کێشەکانەوە و قوورسایى بخاتە سەر بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و هەڕەشە و مەترسییەکانى #داعش#.
لە تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا باس لە کاردانەوە و کاریگەریى نەرێنیى بەئامانجگرتن و پەلاماردانى هێزەکانى هاوپەیمانان لە ئێراق و هەرێمى کوردستان کرا. لەمباریەوە جەخت لە پێویستیى ڕێگرتن لەو کردەوانە کرایەوە، کە هەڕەشە لە دۆخى ئاساییش و سەقامگیریى ئەمنى و سەروەریى وڵات دەکەن.
هاریکاریى هاوبەشى ئەمنیى ئەمریکا لەگەڵ ئێراق لە چوارچێوەى ڕێککەوتنى ستراتیژیى نێوان هەردوولادا، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو. [1]