کۆسار عوسمان
دوای ئەوەی بێریتان گیونەش، پەڕڵەمانتاری دەم پارتی لە پەڕڵەمانی تورکیادا ویستی بە زمانی کوردی پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک بکات، ڕێگریی لێکرا و چەند جارێک مایکرۆفۆنەکەی داخرا.
پەڕڵەمانی تورکیا لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، چوارشەممە، 21-2-2024، کەشێکی جیاوازی بەخۆیەوە بینی. بەشێک لە پەڕڵەمانتارانی کورد، عەرەب و نەتەوەکانی دیکە لە ڕێی وتارەکانی هۆڵی پەڕڵەمان، کۆنفرانسی ڕۆژنامەڤانی، تابلۆ و درووشمەوە پیرۆزبایی ئەو ڕۆژەیان کرد.
بێریتان گیونەش، پەڕڵەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی مێردین، هەوڵیدا بە زمانی کوردی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک پیرۆز بکات، بەڵام جەلال ئادان، بریکاری سەرۆکی پەڕڵەمانی تورکیا کە لەسەر پشکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)یە، ڕێگریی لێکرد و ئەمەی بە پێشێلکردنی دەستوور ناوبرد.
سەزایی تەمەللی، پەڕڵەمانتاری دەم پارتی لەمبارەیەوە بە بریکاری سەرۆکی پەڕڵەمانی ڕاگەیاند کە ئەوان بەردەوام دەبن لەسەر پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک بە زمانی کوردی و ڕەتیشیکردەوە کە ئەمە پێشێلی دەستووری تورکیا بێت.
هەموو ئەمانە لەکاتێکدان بەشێک لە پەڕڵەمانتارانی ئاکپارتی و هوداپار کە هاوپەیمانی مەهەپەن، بە زمانی کوردی قسە دەکەن.
هەر بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، سەرکان ڕامانڵی، پەڕڵەمانتاری هوداپار لە پەڕڵەمانی تورکیادا کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیی بە زمانی کوردی پێشکەشکرد.
دەقی گفتوگۆکەی نێو پەڕڵەمان
بێریتان گیونەش، پەڕڵەمانتاری دەم پارتی:
سڵاو لە خەڵکی گشت جیهان و زمانەکانی دایک
بە کوردی قسە دەکات.. دەپچڕێندرێت
مایکەکە داخرا
جەلال ئادان، بریکاری سەرۆکی پەڕڵەمانی تورکیا: بەگوێرەی سێیەم بڕگەی دەستوورمان، دەوڵەتی تورک لەگەڵ گەلەکەی یەکگرتوو و جیانەکراوەیەوە. زمانەکەشی تورکییە و پێویستە وتارەکان بە زمانی تورکی پێشکەش بکرێن. بە پێچەوانەوە بەگوێرەی بڕگەی 66ی پەیڕەوی نێوخۆ، مایکەکە دادەخرێت. ئەوانەی وتار پێشکەش دەکەن پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵە بکەن.
بێریتان گیونەش، پەڕڵەمانتاری دەم پارتی: ئێوە پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک بە پڕوپاگەندە هەژمار دەکەن؟ کەوایە بە بەربژێرانی ئاکپارتیتان بڵین لە #ماردین#، #ئامەد# و ئورفا بە زمانی کوردی پڕوپاگەندە نەکەن! بەمشێوەیە دووڕوویی خۆتان نیشان مەدەن.
جەلال ئادان، بریکاری سەرۆکی پەڕڵەمانی تورکیا: دواجار دەرفەتی قسەکردن بە ئێوە دەدەم، بە درێژی و بە جیا!
بێریتان گیونەش، پەڕڵەمانتاری دەم پارتی: ئێستا ناڕوونییەک هەیە! گوتە یەک خولەکییەکەم تەواو بکەم؟ یان..
جەلال ئادان، بریکاری سەرۆکی پەڕڵەمانی تورکیا: من دووبارە خولەکێکت پێدەدەم
بێریتان گیونەش، پەڕڵەمانتاری دەم پارتی: باشە، تکایە قسەم پێ مەبڕن.
جەلال ئادان، بریکاری سەرۆکی پەڕڵەمانی تورکیا: بەڵام ئەگەر بە تورکی بێت، خۆشحاڵ دەبم.
بێریتان گیونەش، پەڕڵەمانتاری دەم پارتی: بە کوورتەیەک و بە زمانی دایکی ئەو خەڵکەی لەم وڵاتە دەژین، ڕۆژی زمانی دایک پیرۆز دەکەم. تکا دەکەم قسەکانم مەبڕن.
جەلال ئادان، بریکاری سەرۆکی پەڕڵەمانی تورکیا: سیستم دەیبڕێت، با پێت بڵێم
بێریتان گیونەش، پەڕڵەمانتاری دەم پارتی: سیستم نایبڕێت، کەمێک لەمەوبەر هاوڕێمان بە کوردی قسەی کرد و نەپچڕا
جەلال ئادان، بریکاری سەرۆکی پەڕڵەمانی تورکیا: پچڕێندرا، پچڕێندرا، ئێوە ئاگات لێ نەبووە
بێریتان گیونەش، پەڕڵەمانتاری دەم پارتی: من نووسینەکەم دەخوێنمەوە، بەیارمەتیتان
جەلال ئادان، بریکاری سەرۆکی پەڕڵەمانی تورکیا: ئەگەر بە تورکی بێت، خۆشحاڵ دەبم
بێریتان گیونەش، پەڕڵەمانتاری دەم پارتی: من بە زمانی خەڵک، بە کوردی پیرۆزبایی دەکەم
جەلال ئادان، بریکاری سەرۆکی پەڕڵەمانی تورکیا: ناتوانی پیرۆزبایی بکەیت
بێریتان گیونەش، پەڕڵەمانتاری دەم پارتی: سڵاو حەوت کیشوەر، سڵاو حەوت هەرێم، سڵاو لە خەڵکی گشت جیهان و زمانەکانی دایک.. زمانی کوردی (مایکەکە داخرا)
جەلال ئادان، بریکاری سەرۆکی پەڕڵەمانی تورکیا: کاک سەزایی دەرفەتی گوتە بە ئێوە بدەم؟ فەرموون
سەزایی تەمەللی، پەڕڵەمانتاری دەم پارتی: بەڕێز سەرۆک، پەڕڵەمانتارانی بەهادار، ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکە. بەشێوەیەکی ئاسایی هەمووان بە زمانی دایکیان پیرۆزبایی دەکەن و پێویستە هەر واش بێت. تێگەیشتن لەم بێ تەحەمولییە سەختە. ماوەتەوە بڵێم؛ ئەم پیرۆزباییە نەک بڕگەی سێیەم، پێشێلی هیچ بڕگەیەکی دەستوور ناکات. بە پێچەوانەوە بەرگری لە بڕگەی 10 دەکات. بێگومان ئێمە بە زمانی دایکمان پیرۆزبایی دەکەین و بەردەوام دەبین. ئێمەش دەزانین لە تورکیادا تورکی زمانی فەرمییە و دەبێت کاروباری پەڕڵەمان بە تورکی ڕایی بکرێت. بەڵێ ئەمە زۆرەملێیەکە لە یاساکانەوە هاتووە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئێمە قسە بە زمانی دایک ناکەین و لەم جۆرە یادانەدا بەکاری ناهێنین. تکایە ڕێز لەمە بگرن. بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ئارامگرتن درێژە بە پەیوەندییەکان بدەین.[1]