لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، تونجەر باقرهان و توڵای حاتەمئۆغڵولاری هاوسەرۆکانی دەم پارتی، بە شەش زمانی جیاواز سەبارەت بە بەرگریکردن لە زمانی دایک، نامەیەکیان بۆ یونیسکۆ نارد.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 21-02-2024) هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، بە هەردوو شێوەزاری کورمانجی و زازاکی، عەرەبی، ئەرمەنی، سووریانی، ئینگلیزی و تورکی نامەیەکیان سەبارەت بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک بۆ ڕێکخراوی یونیسکۆ نارد.
لە نامەکەی هاوسەرۆکانی دەم پارتیدا هاتووە پەروەردە بە زمانی دایک، بە یەکێک لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤایەتی دانراوە، ئەو مافەش لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسندکراوە و بەسەر هەموو ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا سەپێنراوە، بۆ ئەوەی جێبەجێ بکەن. بەڵام لە تورکیا مافی زمانەکانی کوردی، عەرەبی، سووریانی، لاز و چەرکەس زەوتکراوە. هەروەها لەسەر خاکی تورکیا بەشێوەیەکی پیلان بۆ داڕێژراو، زمانەکانی دیکە بە تورکی کراون و کەوتوونەتە بەر پڕۆسەی تواندنەوە و لە ڕووی یاسایشەوە قەدەخە کراون.
بەهۆی سیاسەتی بەتورککردن، چەندان زمانی ڕەسەن لە تورکیا، لەژێر هەڕەشەی لەنێوچوونن. بەپێی ئەتڵەسی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، تایبەت بەو زمانانەی لەژێر هەڕەشەی لەنێوچوونن، تاوەکوو ئێستا لە تورکیا 18 زمان لەنێوچوون، یاخود لەژێر هەڕەشەیەکی جیدی لەنێوچوونن. لەنێو ئەو زمانانە یەکێکیان زمانی کوردییە. بە بۆچوونی ئێمە بەتورککردنی زمانەکانی دیکەی تورکیا و سیاسەتی لەنێوبردنی کولتووری دژ بە مافەکانی مرۆڤایەتی، دەچێتە چوارچێوەیەکی تاوانکاری. بەڵام تورکیا سەرباری ئەوەی سەبارەت بە پاراستنی زمانەکانی دیکە، بڕیارە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ ناکات، تەنانەت ئەمڕۆ مافی زمانەکانی دیکەی دەرەوەی زمانی تورکیشی پێشێل کردووە. ئەمە وەک لە نامەکەدا هاتووە.
ڕێکخراوی پەروەردە، زانست و کولتووری نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسکۆ) ئاژانسێکی تایبەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە، ئامانجی بڵاوکردنەوەی ئاشتی و ئاساییشە لە جیهاندا لە ڕێگەی هاوئاهەنگیکردنی نێودەوڵەتی لە بوارەکانی پەروەردە، هونەر، زانست و کولتوورەوە.
دەم پارتی هەروەها دەڵێت ئێمە وەکوو پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکەوە، بۆ بەهانەوەهاتنی زمانە جیاوازەکانی تورکیا، داوای بەدەمەوەهاتن لە ڕێکخراوەکەتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە دەکەین. بۆیە داوای ناساندنی ستاتۆی زمانەکانی کوردی، عەرەبی، سووریانی، چەرکەس، لاز، ئەرمەنی و ڕۆمانی بۆشناکییەکان دەکەین لە تورکیا. وەک چۆن داواکارین تورکیا دان بەو بڕیارانەدا بنێت، سەبارەت بە مافی بنەڕەتی مرۆیی لە وڵاتەکەی و جێبەجێکردنی بڕیارە نێودەوڵەتییەکانی سەبارەت بەو پرسە.[1]