ناو: نەریمان
نازناو: نەریمان کاکەسوور
ساڵی لەدایکبوون: 1978
$ژیاننامە$
نەریمان کاکەسوور، یەکێکە لە براوەکانی پڕۆژەی پەرتووکی ڕوانگە 2020. بە کوورتە ڕۆمانێک بەشداری پێشبڕکێکەی کرد بە ناونیشانی (#هێشتا کەسێک چاوەڕێمە!#). توانی ببێتە یەکێک لە چوار براوەکەی پڕۆژەی پەرتووکی ڕوانگە بۆ ساڵی 2020، کە 43 کەس لەسەر ئاستی کوردستان بەشداریان تێدا کردبوو.
لەتەمەنێکی زووەوە ئاشنایەتی لەگەڵ پەرتووک و خوێندنەوەدا پەیداکردووە؛ بەر لە قۆناغی خوێندنی زانکۆوە خولیای نووسین بووە. ماوەیەک لە بواری ڕۆژنامەنووسی کاریکردووە. چەندین چیرۆکی نووسیون و بڵاوکردوونەتەوە. دواتر لە بواری نووسینی (ڕۆمان) هەوڵەکانی خسووەتە گەڕ.
یەکێک لە هاوڕێکانی، کە ئاگاداری نووسینەکانییەتی-هانی دەدات بۆ بەشداریکردن لە پێشبڕکێی پەرتووکی ڕوانگە؛ ئەمەش لەسەرەتای دەرکەوتنی پەتای کۆرۆنا و دەستپێکردنی قەدەغەی هاتوچۆ بوو لە هەرێمی کوردستان. ئیدی ئەو دەرفەتەی بە هەڵ زانیووە بە مەبەستی نووسینی کوورتە ڕۆمانێک بە ناونیشانی (هێشتا کەسێک چاوەڕێمە) و بەشداری پێشبڕکێکەی کردووە. سەرەڕای ئەوەی لەو کاتەدا تێکڕای جیهان لە دڵەڕاوکێی بڵاوبوونەوەی ئەوە پاتایەدا بوون کەچی نووسەر، ڕۆمانێک دەنووسێت و تێیدا ئومێد دەگەڕێنێتەوە بۆ کەسێکی بێهیوا لە ژیان. وە ئەو دەرفەتەی دەزگای ڕوانگەی بەهەڵ زانیوە بۆ دەرخستنی تواناکانی و چاپکردنی یەکەم پەرتووکی.
براوەبوون لە پڕۆژەی پەرتووکی ڕوانگە و چاپ و بڵاوکردنەوەی پەرتووکەکە، هانی داوە بۆ برەودان بە بواری نووسین و هەوڵدان بۆ بە چاپگەیاندنی بەرهەمەکانی تری؛ ئەمەش دەروازەیەکی بەڕوودا کردووەتەوە بۆ ئاشنابوونی خوێنەران لەگەڵ نووسینەکانی. [1]