زەحمەتە بێ مەی ژیانم
داخی قەرزاریی عەرەق خستوومیە فاک و فیکەوە
گا بەدەس جەرجیس و عەبدە و، گا بەدەس ئۆفیکەوە
هەر کە ڕۆژئاوا ئەبێ من بۆ عەرەق سمکۆڵ ئەکەم
وەک وڵاخێ بێتە وەختی کا و جۆ و ئالیکەوە
چنگ لەسەر شان بۆی ئەڕۆین خۆم و لەگەڵ چەند نەگبەتێ
بۆ پەنا ئاشێ بە مەززە و قاپی مل باریکەوە
جا بەچوار مەشقی لەسەر ئەرز دائەنیشین کۆمەڵێ
بەزمە ئێواران بەدەوری عارەقی مەستیکەوە
خۆشە سەرخۆشی ئەگەر تووشی ڕەفیقی تووش نەبی
ڕابوێری هەر بەگۆرانی و قسەی عەنتیکەوە
عارەق و پارە لە هەردوو گەر سەر و ڕوبعم هەبێ
چیمە ئیتر من بەسەر ئەڵمان و ڕووس و چیکەوە
هەقمە گەر ئارەق بخۆم توخوا ڕەفیق لۆمەم مەکەن
زەحمەتە بێ مەی ژیانم بەم دڵەی تاریکەوە
#فایەق بێکەس#
سەرچاوە: #دیوانی بێکەس#
سەرچاوەی دەق: ڤەژینبوکس [1]