شینی #محەمەد ئەمین زەکی بەگ#
بەشی کورد ئەبێ دەرد و خەفەت بێ
ڕۆژی بەتیرێ جەرگی لەت لەت بێ
ئاسمانی بەختی لێڵ و تاریک بێ
ئەستێرەی کز و ڕوو لە مەینەت بێ
***
قەت نەبوو ڕۆژێ گەردشی دەوران
چەرخی هەڵسووڕێ بەکەیفی کوردان
ناشوکری نەبێ خۆشی لە ئێمە
دوورە بەغەیری شیوەن و گریان
***
بەڵێ زەمانەی چەرخی کەچ ڕەفتار
وا لێمان بۆتە دوژمنی خوێنخوار
دایم خەریکە و بۆ هەل ئەگەڕێ
زیانێ بدا لە کوردی هەژار
***
ورد سەرنج ئەدا کێ بەقیمەتە
کێ نەختێ خاوەن هەوڵ و هیممەتە
گورج ئەیفڕێنێ و لەناوی ئەبا
سەیری کە چەندە چەوت و نەگبەتە
***
جەنابی «ئەمین زەکی بەگ» کەوا
پیاوێ بوو بۆ کورد گەورە و پێشەوا
داخی بەجەرگم زوو لە دەسمان چوو
نازانم بڵێم چی لە هەق ئەوا؟
***
پیاوێ بوو هەتا بڵێن مونەووەر
خاوەنی عیلم و ئەخلاق و هونەر
عومری خۆی دانا لە ڕێی خزمەتا
پێویستە قەدری بگرینە سەر سەر
***
پیاوێک بوو بۆ کورد تەئریخی نووسی
لای نەدا لە ڕێ: مەوقیع و کورسی
زۆر فیداکار و میللەت پەرست بوو
هەواڵی قەومی بەدڵ ئەپرسی
***
پیاوێکی زانا و هێمن و بەبیر
ڕەوشتی بەرز و بەڕا و تەدبیر
ئاواتە خوازی بەرزیی وەتەن بوو
پشتیوانێ بوو بۆ لات و فەقیر
***
پیاوێ بوو نەما، زۆر تەواو پیاو بوو
خاوەن کردار و مەوقیع و ناو بوو
پیاوی وا نامرێ، دیارە ئەمێنێ
لەناو عالەما بەرز و ناسراو بوو
***
ئەی خاک دەخیلتم قەدری بزانە
ئازاری نەدەیت لەلات میوانە
تەئریخی کۆچی «ئەمین زەکی بەگ»
«میللەت مەحزوونە، زۆر پەرێشانە»
#فایەق بێکەس#
سەرچاوە: #دیوانی بێکەس#
سەرچاوەی دەق: ڤەژینبوکس [1]