=KTML_Bold=کوێراییم داهات بۆ تۆزێک خەو=KTML_End=
دوای سیازدە رۆژ و شەو لە نەهاتنە دەرەوەم، ئەوا بۆ دە شەوێکیش دەچێت وەنەوز نەچووەتە چاوەکانم نەک لەبەر ئەوەی خەوم نایەت و وەک دەڵێن؛ بەزی مار تکیبێتە چاوم و خەوم لێنەکەوێت، نەخێر ئیتر بڕستم تیا نەماوە و چیتر بەرگەی خەوی نێو خەونەکانم ناگرم.
شەوانە دەیان کوپ قاوەی تاڵ دەخۆمەوە و بە رۆژیش بە سەهۆڵاو خۆم دەشۆم، ئاوا نەبێت خەو لە گۆمی سوری چاوەکانم راونانرێت.
ساغایی لە دەمولێو و دەموچاومدا نەماوە، هەمووی هەڵزڵەپیوە و تلۆق و وردەبرینی پڕ لە کزە و ئازار و قنچکە سڵاوەی لێواری چاوەکانم تابلۆیەکی زۆر ناشیرین و قێزەونیان داوە بە سیمام. بە ئاستەم غافڵگیر ببم لە خۆم و چەن چرکەیەک وەنەوز بچێتە چاومەوە، خەوێکی پێوە دەبینم و دەم و دەست دادەچڵەکێم. ئارەقێکی سارد دەردەدەم و لالێوم یان هەر جێگەیەکی تری دەموچاوم زیپکە یان هەڵزڵەپینێکی تر دەبێتە میوانی.
خەریکە کوێراییم دادێت بۆ تۆزێک خەو. نە دەتوانم بخەوم، نە دەتوانم لە ماڵەوە بچمە دەرەوە، چونکە ئازاری وەڵامدانەوەی خەڵک سەبارەت بە دەموچاوم و ئەو هەموو برینە هەزاران جار لەم بەڵایە گەورەترە کە پێوەی گیرۆدە بووم. بە درێژایی ژیانم کەسم نەبینیوە جگە لە خۆم نەوێرێت بخەوێت لە ترسی خەوبینین. خەوێک ئەو، ورشە ورشی عەزیزیە بچکۆلەکەی و پرژە پرژی قژە درێژەکەی و خرنگە خرنگی بازنە رەنگاو ڕەنگەکانی نێو مەچەکە خڕوخۆڵەکانی. ئەم تابلۆیانەی نێو خەوەکانم رۆحم دەخەنە سەر لەرەی گوڵی قەراخ رێ، کەچی کە دادەچڵەکێم هەناسەم سوار، ئارەقێکی ساردم کردوەتەوە، چاوم ئەڵێی پڕ کراوە لە خوێن و خوێ، ئەوە دەموچاو و لچ و لێوم لەولاوە بوەستێت کە وایلێهاتووە لە ئاوێنەشدا لە خۆم دەترسم کە سەرنجی خۆم دەدەم.
سیازدە رۆژ نەچومە دەرەوە، وتم بەڵکو کەمێک دەموچاوم هێواش ببێتەوە. ئەوە دە رۆژیش دەبێت شەڕ لەگەڵ خەودا دەکەم. نەمهێشتووە وەنەوز بچێتە چاوانم بەو ئومێدەی ئەم هەڵزڵەپین و برین و قنچکە سڵاوانەی لێواری چاوم ئەهوەن ببنەوە و دابمرکێنەوە.
دەزانم جگە لە من، رێگە بە کەس نادەیت، دەرگای ئەم ژوورە بترازێنێ ملکۆ گیان، بەڵام.
بەسسس، وەرزێر بەس. ئاخر جگە لە تۆ کێ بڕوا بە من دەکات بڵێم: لە خۆشیا شای مەرگ دەبم کە لە خەودا دەیبینم و خلەخل دێت بۆلام بەڵام هەموو خەوبینینێک و راچڵەکینێک، زیپکەیەک و برینێکی تر لە دەموچاومدا هەڵدەتۆقێت. کێ باوەڕ دەکات بڵێم لە ترسی خەوبینین لە خەوتن رادەکەم و ناوێرم و نایەڵم وەنەوز بچێتە چاوم؟! ئاخر واملێهاتووە بڵێم، گو بەو دێڕە فۆلکلۆریەی کە دەڵێ بەڵکو لە خەودا بتبینم جارێ. وەرزێر تازە لەم ژوورەدا هەرگیز نایەمە دەرەوە. یان دەبێت بێخەویی بڕستم لێببڕێت و بمکوژێت، یان دەبێت ئەو، ئەوی رۆحەکەم، ئەوی پارچەیەک لە جگەرم خەونەکانم جێبهێڵێت و وازبێنێت.
کەلام و کتێب و پیر و پێغەمبەری دنیام کرد بە گژیدا ژوورەکە بەجێبهێڵێت و لەتەکمدا بێتە دەرەوە و پیاسەیەک بکەین. چاوەکانی هەڵدەگڵۆفی و تەڕاییەکی رەنگ سوورباو بە چاویدا دەهاتە خوارەوە و برین و زیپکە و هەڵزڵەپینەکانی دەموچاوی تەڕتر و سوورباو دەکرد. شێوەی دەموچاوی هێواش هێواش دەگۆڕدرا و کەمێک ترسناک دەهاتە بەرچاوم، تەنیا قوڵایی چاوی نەبێت، گریانێکی تەڕی راستەقینەی قەتیسماوم تێدا دەبینی.
وەرزێر گیان بڕۆرە دەرەوە، لەوە زیاتر ئاسنی سارد مەکوتە. من و خەو و خەوبینین و ئەم هەموو زیپکە و خوێن و هەڵزڵەپینە بەجێبهێڵە بۆخۆمان نەک تۆ خۆیشم، بەڵکو کەسیش نازانێت دەگەن بە کوێ و سەریان لە کوێوە و لە چیەوە دەردەچێت؟! [1]
نووسینی: #عەلی پێنجوێنی#
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=