هێمن عەساف
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان -دەم پارتی لە وەڵامی #ڕەجەب تەیب ئەردۆغان#، سەرۆککۆماری تورکیادا کە ڕۆژاوای کوردستانی بە تیرۆریستان ناساندبوو، ڕایگەیاند، ئەو شوێنەی پێی دەڵێن تیرۆریستان؛ قامشلۆیە، ڕۆژاوای کوردستانە. #قامشلۆ# و خەڵکی هەر چوار پارچەی کوردستان تیرۆریست نین.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، #25-02-2024#، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە ڕێوڕەسمی ناساندنی بەربژێری پارتەکەی لە شارۆچکەی #نسێبین# لە مێردینی باکووری کوردستان و لەنێو کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا وتارێکی پێشکەشی ئەندامان و لایەنگرانی کرد.
تونجەر باکرهان، لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە هەڕەشەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کرد بۆ ڕۆژاوای کوردستان کە ڕۆژی 23ی مانگ لە پارێزگای باڵکئەسیر لە کاتی وتارێکیدا گوتبووی: بەو ئۆپەراسیۆنە نوێیانەی ئەنجامیان دەدەین، بەردەوام دەبین لە پەرتەوازەکردنی پڕۆژەی دامەزراندنی (تیرۆریستان)ێک، کە بە گەمارۆدانی سنوورەکانی باشووری وڵات دەیانەوێت درووستی بکەن.
لە وەڵامدا ڕایگەیاند، ئەو شوێنەی ئەردۆغان بە تیرۆریستان ناوی دەبات، تەنیا 100 مەتر لێرەوە دوورە کە قامشلۆ و ڕۆژاوای کوردستانە. خەڵکی قامشلۆ و هەر چوار پارچەی کوردستان بە تێڕوانینی ئەردۆغان، هەموویان تیرۆریستن. ئەمە لە کاتێکدایە خەڵکی هەر چوار پارچەی کوردستان خەڵکی ڕەسەنی ئەم خاکەن و هەزاران ساڵە ڕووبەڕووی ستەم و زۆرداری دەبنەوە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەوەشی خستەڕوو، کە سەرۆککۆماری تورکیا لە ڕێوڕەسمێکی دیکەدا باس لە (هاوپەیمانی قەندیل) دەکات، گوایە بە فەرمانی قەندیل کارەکان بەڕێوەدەچن و لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا سیاسەت دەکەن. لەمبارەیەوە وتی: شتێک نییە بەناوی هاوپەیمانی قەندیل، بەڵام هاوپەیمانییەک هەیە بۆ دژایەتی کورد، زمانی کورد، پێگەی کورد و نکۆڵیکردن لە بوونی کورد. بەڵام گەلی کورد باش دەزانن لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکاندا چۆن وەڵامی ئەمانە دەدەنەوە.
ڕۆژی #20-02-2024#، دوایین ڕۆژ بوو بۆ ڕادەستکردنی لیستی بەربژێرانی لایەنە سیاسییەکان و بەربژێرانی سەربەخۆ بۆ دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا. لەسەر ئەم بنەمایەش، دەستەکە ڕۆژی #03-03-2024#، پەسندکردنی لیستی بەربژێرەکان ڕادەگەیێنێت. هەروەها ڕۆژی #21-03-2024#، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ 10 ڕۆژ ئەنجام دەدرێت و کاژێر 18:00ی ڕۆژی #30-03-2024# کۆتایی دێت. هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە #31-03-2024#ی دەستپێدەکات.
لە تورکیا و باکووری کوردستان 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان و زیاتر لە 1000 شارەوانی شارۆچکەکان هەن؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها 50 هەزار و 229 موختار هەڵدەبژێردرێن.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە 3 گەورەشارەوانی و مەهەپە 1 گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.
#هەدەپە# لە باکووری کوردستاندا 3 گەورەشارەوانی، 5 شارەوانی شار، 40 شارەوانیی شارۆچکەی بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا تەنیا پێنج شارەوانی لەدەستدا ماوەتەوە و ئەوانی دیکە قەییومیان بۆ دانرا. [1]