ئەوەی لەبارەی چاوەوە نەتزانیوە
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: #والی عەلی# (Wali Ali).
چاو یەکێکە لە گرنگترین ئەندامەکانی جەستەی زیندەوەران و هۆکاری بینینە. قەبارە و شێوەی چاو توانای بینینی بەپێی جۆری زیندەوەران زۆر جیاوازە. زۆربەی زۆری زیندەوەران چاویان هەیە بەڵام هەموویان نا.
ئەمانەی خوارەوە چەندین زانیاریی سەرنجڕاکێشن سەبارەت بەو ئەندامە:
· کاتێک چاوت ئاو دەکات، ڕەنگە ئەوە نیشانەیەکی وشکبوونەوەی چاوت بێت و ئەو ئاوکردنە ئەنجامی بەرهەمهێنانی شێی زیاتر بێت لەلایەن چاوتەوە بۆ قەربوکردنەوەی ئەو وشکییە.
· لەکاتی کارکردنت لەسەر کۆمپیوتەر، بۆ سەلامەتی چاوت پێویستە ڕێنمایی سێ بیستەکە جێبەجێ بکەیت کە دەڵێت: هەموو بیست خولەکێک، بۆ ماوەی بیست چرکە، سەیری شتێک بکە لەدووریی بیست پێوە کە دەکاتە نزیکەی شەش مەتر و یەک سانتیمەتر.
· پەنجەمۆر تەنیا 40 تایبەتمەندیی جیاوازی هەیە، بەڵام گلێنەی چاو 256ی هەیە. ئەمەشە هۆکاری ئەوەیە کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ وێنەگرتنی گلێنە بۆ هۆکارگەلی ئەمنی، لە زیادبووندایە.
· هەموو کەسێک چاوێکی کەمێک لەچاوەکەی تری بەهێزترە.
· لە ئێستادا پڕۆسەی چاندنی چاو کارێکی مەحاڵە. هۆکاری ئەمەش بۆ هەستیاریی بینینەدەمار دەگەڕێتەوە.
· چاوی مرۆڤ لە زیاتر لە 12 ملیۆن بەشی کارکردن، پێکهاتووە.
· بەدرێژایی ژیانت، چاوت 24 ملیۆن وێنەی جیاواز دەبینێت.
· چاو دووەم ئاڵۆزترین ئەندامی جەستەیە. دەماخ یەکەمە.
· دوو چاوەکەی حەربا جیان لەیەکتر، بەهۆی ئەمەشەوە ئەو زیندەوەرە دەتوانێت لەیەک کاتدا سەیری دوو ئاڕاستەی جیاواز بکات.
· دەکرێت ژمارەی چاوی دوپشک بگاتە 12 چاو هیی چرای دەریای قوتوییش بگاتە 24 چاو.
· لە بریتانیا، یەکەم هۆکاری کوێربوونی کەسانی پێگەیشتوو، نەخۆشیی شەکرەیە.
· لێکۆڵینەوە سەلماندویەتی کە بەستنی بۆینباخ زۆر بەتوندی، دەکرێت مەترسیی نەخۆشیی ئاوی شین لە پیاواندا زیاد بکات.
· لێکۆڵەران پێیانوایە چاو بەشێوە بنچینەییە جیاوازەکانییەوە، نزیکەی 550 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر لە گیانداراندا درووست بووە.
· لەڕاستیدا مرۆڤ بەدەماخ دەبینێت نەک بە چاو. ئیشی چاو وەک هیی کامێرا وایە، وێنەی ڕووناکی دەگرێت و داتاکان دەنێرێت بۆ مێشک.
· هەرچەندە ئیشی فرمێسک خاوێنڕاگرتنی چاوە، بەڵام زانایان سەر لەوە دەرناکەن کە بۆچی مرۆڤ لەکاتی بێزاری و بێتاقەتیدا دەگری.
· مرۆڤ شتەکان بە هەڵگەڕاوەیی دەبینێت، بەڵام مێشک وێنەکە ڕاستدەکاتەوە.
· خێراترین ماسوولکە هیی چاوە. هەر بۆیەش کاتێک شتێک بەخێرایی ڕودەدات، دەڵێین، لە ماوەی چاوتروکاندنێکدا.
· بەشێوەیەکی گشتی هەر چاوتروکاندنێک سەد تا 150 میللیچرکە دەخایەنێت.
· چاوی مرۆڤ ئەگەر کامێرایەکی دیجیتاڵ بوایە، ئەوا دیققەکەی 576 مێگاپیکسڵ دەبوو.
· باوترین ڕەنگی چاو لە سەرتاسەری جیهاندا قاوەییە.
· دەووترێت یەکەم چاوشین لە مێژوودا، شەش هەزار تا دە هەزار ساڵ لەمەوبەر، ژیاوە.
· دەتوانرێت لە ڕێگەی پشکنینی توانای بینینەوە، حاڵەتگەلی تەندرووستیی جیاواز لەوانە نەخۆشی شەکرە و بەرزەفشاری خوێن، ئاشکرابکرێت.
· تەنیا خانەگەل کە لەو ڕۆژەی لەدایک دەبیت تا ئەو ڕۆژەی دەمریت، نامرێت، خانەکانی چاون.
· تێکڕای ناوەندیی تەمەنی برژانگی چاوت، پێنج مانگە.
· ئەگەر هەموو برژانگەکانی چاوت، بەدرێژایی ژیانت بخەیتە سەر یەک، ئەوا درێژییەکەی دەگاتە نزیکەی 30 مەتر.
· بەگشتی مرۆڤ بەڕێژەی لە سەدا 25 لەسەر شاشە خاوتر دەخوێنێتەوه، وەک لەسەر کاغەز.
· جۆرە قۆڕییەکی بچووک هەیە پێی دەووترێت، گیکۆ. ئەم زیندەوەرە 350 ئەوەندە لە مرۆڤ ڕەنگ باشتر دەبینێت، تەنانەت لە ڕووناکیی کەمیشدا.
· گەورەترین چاوی زیندەوەر لە سەرتاسەری گۆی زەویدا، چاوی جۆرە گیاندارێکە کە پێی دەووترێت حەباری زەبەلاح. تیرەی چاوی ئەم زیندەوەرە دەگاتە 27 سانتیمەتر.
· چاوی پوشکەبەقنگە 30 هەزار عەدەسە واتە هاوێنەی تێدایە، ئەمەش یارمەتیی دەدات لە کەشفکردنی جوڵە و وای لێ دەکات کە ڕاوکردنی لەلایەن زیندەوەرە ڕاوکەرەکانەوە کارێکی قوورس بێت. [1]