پڕۆفیسۆر حامید بۆزئارسەلان لە کۆنفرانسی بەرلین قسەی کرد، ڕایگەیاند کورد لەبەر ئەوەی لە وڵاتەی لێی دەژین ستەمیان لێ دەکرێت هاوکاری دەوڵەتانی تریان کردووە، وتی: لەبەر ئەوەی یەکێتی نەتەوەیی کوردان نییە، ناتوانن موخاتەبەی جیهان بکەن.
کۆنفرانسی بیرکردنەوە لە جیهانی نوێ: کێشەکان، گۆڕانکارییەکان، دیدگای کورد کە لەلایەن کورد-ئاکاد و جڤاکی ئازاد لە بەرلین ڕێکخراوە، بە بەشداری ئەندامی فاکەڵتی زانکۆی (EHESS) مێژووناس و پسپۆڕی سیاسی، پڕۆفیسۆر حامید بۆزئارسەلان وانەیەکی بە ناونیشانی سیستەمی جیهان: لە ڕەوشی هەنوکەوە بەرەو دەسپێکێکی نوێ پێشکەش کرد.
پڕۆفیسۆر حامید تیشکی خستەسەر ئەوەی ئەم سیستەمەی جیهان هاوشێوەی ساڵی سییەکانە، ئەودەم ڕژێمی کەمالیست لەسەر قڕکردنی ئەرمەنییەکان خۆی دامەزراند، بەڵام بەهۆی گەشەسەندنی فاشیزم ئەم ڕژێمە لە جیهاندا قبووڵکرا و چاوپۆشی لە تاوانەکانی کرا.
پڕۆفیسۆر حامید بۆزئارسەلان ڕایگەیاند ئێستە تورکیا و ئێران و ڕووسیا بوونەتە مافیا، میلیشیا و چەتە و بزووتنەوەی جیهادیی گرێدراوی خۆیان هەیە، لە تورکیا چەتەیەک هەیە و ئابووری تورکیا بەرەو وێرانە دەچێت، ڕووسیا وتی شەڕەکە دوو ڕۆژ دەخایەنێت، بەڵام ئەوە 700 ڕۆژە شەڕ بەردەوامە، لە ئێران 16 ملیار دۆلار بۆ سوپا تەرخان دەکات، بەڵام جڤاک لە زیان و نەهامەتی دەژی.
بۆزئارسەلان باسی لەوە کرد لەگەڵ گۆڕانکارییە جیهانییەکان دەبێت دیدگای کورد چۆن بێت، وتی: ئەگەر بایدن لەسەر دەسەڵات بمێنێ، دەتوانێت ڕۆڵی پارێزەر بۆ کوردانی ڕۆژاوا و باشوور بگێڕێت، هەروەها ڕووسیا و ئێران نایانەوێت تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین باڵادەست بێت. کورد لەگەڵ دەوڵەتانی تر هاوکاری دەکات چونکە لەو وڵاتانەی لێی دەژین ڕووبەڕووی ستەم و ناهەقی دەبنەوە. لەنێو کوردان یەکێتی نەتەوەیی نییە، بەتایبەت لە ئێراق. هێزە سەرەکییەکانی کورد ناتوانن لەنێو خۆیان هاوکاری بکەن. کوردانی ڕۆژاوا و باشوور ناتوانن هاوکاری بکەن. لە ئێرانیش هەروەها. تەڤگەری ژن ژیان ئازادی نەیتوانی لەگەڵ پارچەکانی تر پەیوەندی دابنێت. لەبەر ئەوەی کوردان ناتوانن لەدەوری یەکدی کۆببنەوە، ناتوانن بە دەنگێکی هاوبەش موخاتەبەی جیهان بکەن.[1]