شارپرێس-کەنداڵ جودی:
بەرپرسێکی باڵای ڕۆژاوای کوردستان ڕەخنەی توندی لە نەتەوە یەکگرتووەکان گرت و ڕایگەیاند: نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرانبەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان بێدەنگە.
ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ شارپرێس ڕایگەیاند، هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان بەردەوامە و نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرانبەر ئەو هێرشانە بێدەنگە.
ئاڵدار خەلیل باس لەوە دەکات کە تورکیا لەژێر ناوی داعش هێرشی کردە سەر ڕۆژاڤای کوردستان و ئامانجی تورکیا لەناوبردنی کورد و ئیدارەی خۆسەرە.
شارپرێس: با لە دۆخی ئیدارەی خۆسەرەوە دەست پێ بکەین، دوای زیاتر لە 10 ساڵ لە ململانێی سووریا و دامەزراندنی ئیدارەی خۆسەر، بەکوورتی دۆخی ئیدارەی خۆسەر چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
ئالدار خەلیل: وەک دەزانرێت ئیدارەی خۆسەر لە سەرەتای ساڵی 2014 بە فەرمی دامەزراوە، بەڵام پێش ئەوە وەکوو ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی بوونیان هەبووە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بتوانێت خۆی لە ناوەڕاستی ئەم ململانێیەدا لە سووریا بەڕێوەببات. لە پڕۆسەکانی پێش ململانێدا، ڕێکخراوێکی نهێنی سنووردار هەبوو. ئامانج ئەوە بوو کە بزانرێت ئەم کۆمەڵگەیە چۆن دەتوانێت ئیرادەی هەبێت و بگاتە ئاستێک کە بتوانێت خۆی بەڕێوەببات. بە واتایەکی تر، چۆن دەتوانین ئازادی و یەکسانی بەدەست بهێنین، چۆن دەتوانین سیستەمێکی کۆمەڵایەتی بنیات بنێین کە هەموو شتەکانی کۆمەڵگە بگەڕێنەوە بۆ واقیعی خۆیان. لە شۆڕشی ڕۆژاڤادا ئامانجمان ئەوە بوو کە بگەینە ئاستێک کە خۆی بەڕێوە ببات.
ساڵی 2014 کە ئیدارەی خۆسەر دامەزرا، یەکەم هەنگاوی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بوو. بەڵام لەم دە ساڵەدا چەندین زەحمەتی گەورە ڕوویدا و هێرشی گەورە لە دژی ئیدارەی خۆسەر ڕوویدا. بەڵام سەرەڕای ئەمەش دەستکەوتی گەورەش بەدیهات. ئەو ئاستەی دەمانەوێت بگەینە ئیدارەی خۆسەر هێشتا بەردەوامە. لەم کاتەدا هەوڵەکانمان بۆ بنیاتنانی هۆشیاری لە خۆبەڕێوەبەری بەردەوامە و تا ڕادەیەکی دیاریکراو هەنگاوی باش نراوە.
شارپرێس: بەپێی بارودۆخی ئیدارەی خۆسەر، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و هەڕەشەکانی بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان ئێستا لە چ ئاستێکدان؟
ئالدار خەلیل: هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان یەکێکە لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەردەم ئیدارەی خۆسەر. دەوڵەتی تورکیا گەلی کوردی وەک دوژمنی خۆی ڕاگەیاندووە و وەک دوژمن لێمان نزیک دەبێتەوە. ئەزموونی دیموکراسیمان و ئیدارەی خۆسەر کە پشت بە هۆشیاری نەتەوەی دیموکراتیک و ئازادی ژنان دەبەستێت، تورکیا ئەو بابەتانە بە نەبوونی خۆی دەبینێت، بەڵام ئیدارەی خۆسەر ئەوە نییە کە تورکیا بۆ خۆی خەیاڵی دەکات. تورکیا کە سەدەیەک بەسەر دامەزراندنی کۆمارەکەیدا تێپەڕیوە، بوونی خۆی لە قڕکردنی کورددا دەبینێت، واتە دەبێت کورد قڕبکرێت. چونکە تورکیا و هێزە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵیدا باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایان کردۆتە ئامانج.
لێرەوە تورکیا لەژێر ناوی سوپای ئازاد و نووسرە و داعش هێرشی کردە سەر ئیدارەی خۆسەر. ئێستاش تورکیا بە سوپاکەی خۆی و بەکرێگیراوەکانی درێژە بە هێرشەکانیان دەدەن دژی ئیدارەی خۆسەر و خاکی ئێمەیان داگیر کردووە. تورکیا بە ئاشکرا ئەم هێرشانە ئەنجام دەدات و دەڵێت ئێمە کورد لەناو دەبەین. هەر لەبەر ئەم هۆکارە لە ساڵانی ڕابردوودا هێزە نێودەوڵەتییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان ئەرکەکانیان جێبەجێ نەکردووە و کەسیش بەرانبەر تورکیا نەوەستاوەتەوە و بوونەتە هاوبەشی دەوڵەتی تورکیا لە هێرشەکانی دژی خۆبەڕێوەبەریدا. تا ئێستا تورکیا هەر هەلێکی دەستبکەوێت هێرش دەکاتە سەر ڕۆژاڤای کوردستان و هەموو دامودەزگا خزمەتگوزارییەکان و ژێرخان و دامەزراوە مەدەنییەکان دەکاتە ئامانج. بە واتایەکی تر تورکیا لەناوبردنی ئیدارەی خۆسەری کردۆتە ئامانجی خۆی، بەڵام ئێستاش سەرەڕای هەموو هێرش و ئاستەنگەکان، ئیدارەی خۆسەر لە دیوی خۆیدا ماوەتەوە و هەنگاوەکانی خۆی دەنێت و بەرەوپێش دەچێت.
شارپرێس: باست لە هەڵوێستەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ئیدارەی خۆسەر، ئایا نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵوێستێکی ڕوونی هەبوو سەبارەت بەو هێرشانە و هەڵوێستی چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
ئالدار خەلیل: نەتەوە یەکگرتووەکان یەکێتی گەلان نییە، بووەتە یەکێتی دەوڵەتان و زلهێزە داگیرکەرەکان، چونکە سەدان نەتەوە هەن، نوێنەرایەتیان ناکات و دانیان پێدا نانێت، تەنانەت کورد لەنێو ئەم گەلانەدایە و ناناسرێتەوە. هەر بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان یاسا بۆ پاراستنی دەوڵەتەکان دەردەکات. تا ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئاست ئەم هێرشانەی تورکیا بۆ سەر ئیدارەی خۆسەر بێدەنگە. با نموونەیەکتان بۆ بهێنمەوە، لە ساڵی 2019ەوە شاری حەسەکە بێ ئاو بووە، چونکە وێستگەی ئاوەکەی خاوەندارێتی دەوڵەتی تورکیایە، تورکیاش بە فەرمی ئاوەکەی لە حەسەکە بڕیوە. جگە لەوەش دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەکانی سوتەمەنی و ژێرخانی ڕۆژاڤای کوردستانی کردە ئامانج، لەگەڵ ئەوەشدا نەتەوە یەکگرتووەکان بێدەنگ بوو.
شارپرێس: لەم دواییانەدا بە نێوەندگیری ئەمریکا هەوڵی دیالۆگ لەنێوان ڕۆژاڤای کوردستان و تورکیادا هەبووە؟
ئاڵدار خەلیل: هیچ شتێکی لەم جۆرە نەچووەتە ناو کارنامەی ئێمەوە.
شارپرێس: لە ماوەی ڕابردوودا ڕێککەوتنی فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف 16 لەنێوان ئەمریکا و تورکیا ئەنجامدرا، زانیاری بڵاوبووەوە کە ئیدارەی ڕۆژاوای کوردستان داوای لە ئەمریکا کردبوو کە تورکیا فڕۆکەی جەنگی دژی ڕۆژاڤای کوردستان بەکارنەهێنێت، ئەم زانیاریانە تا چەندە ڕاست دەکەن؟
ئاڵدار خەلیل: هیچ زانیارییەکم لەسەر ئەم بابەتە نییە.
شارپرێس: با باسی هاوکاریی ئێوە لەگەڵ ڕووسیا بکەین، هاوکاری و دۆستایەتیی نێوان ڕۆژاڤای کوردستان و ڕووسیا لە چ ئاستێکدایە؟
ئاڵدار خەلیل: وەک دەزانن لە ساڵی 2019ەوە ڕووسیا بە فەرمی هاتۆتە ناو سووریا. ئێمە لە عەفرین هاوکاریمان لەگەڵ ڕووسیا هەبوو، بەڵام تورکیا ڕێککەوتنی لەگەڵ ڕووسیا کرد و لە ئەنجامدا عەفرین داگیرکرا. بەڵام دواتر پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ڕووسیا دووبارە دامەزرا و تا ئێستاش ئەو پەیوەندیانە بەردەوامن. پێشبینیمان دەکرد ڕووسیا ڕۆڵێکی ئەرێنی بگێڕێت بە پێشخستنی چارەسەرێک لە سووریا یان ئەنجامدانی کۆبوونەوە، بەڵام ئەو ڕۆڵەی نەگێڕا.
شارپرێس: پەیوەندییەکانی ڕۆژاوای کوردستان و حکومەتی دیمەشق لە چ ئاستێکدایە؟
ئاڵدار خەلیل: لەڕاستیدا هێشتا هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی کۆبوونەوە هەبێت، هەندێکجار نامەی ئەرێنی بۆ یەکتر دەنێرین، بەڵام تا ئێستا حکومەتی دیمەشق نەیوێراوە هەنگاوێک بنێت و گفتوگۆی فەرمی دەستپێبکات. بەڵام هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی کۆبوونەوە هەبێت.
شارپرێس: ئایا هیچ دیدارێک یان پەیوەندییەک لەنێوان ڕۆژاوای کوردستان و ئێران هەیە؟
ئاڵدار خەلیل: لەبەر ئەوەی ئێران لە ناوچەکانی ئێمەدا بوونی نییە، تەنیا ڕووسیا و ئەمریکا بوونیان هەیە، هیچ پەیوەندییەک لەنێوان ئێمە و ئێراندا نییە.[1]