پەرتووکخانە پەرتووکخانە
گەڕان

کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!


بژاردەی گەڕان





گەڕانی ورد      کیبۆرد


گەڕان
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆمارکردنی بابەت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
ئامرازەکان
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
زمانەکان
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
هەژماری من
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
گەڕان تۆمارکردنی بابەت ئامرازەکان زمانەکان هەژماری من
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
        
 kurdipedia.org 2008 - 2024
 دەربارە
 بابەت بەهەڵکەوت
 چالاکییەکانی ڕۆژی
 ڕێساکانی بەکارهێنان
 ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
 بیروڕاکانتان
 دڵخوازەکان
 کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
 چالاکییەکان - کوردیپێدیا
 یارمەتی
بابەتی نوێ
پەرتووکخانە
نوسین و شیکردنەوەی جفرە
04-06-2024
کشمیر کەریم
پەرتووکخانە
ڕۆژگاری ژیانم
04-06-2024
کشمیر کەریم
پەرتووکخانە
پرۆژەی لە چاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی پاسۆک؛ بەرگی 02
03-06-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
لەیلێ و مەجنوون؛ دەباغیان
03-06-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
وێنە و پێناس
مامۆستایانی قوتابخانەی ئابڵاخ
03-06-2024
کشمیر کەریم
وێنە و پێناس
کاک عەبدوڵڵا عارف و منداڵەکانی لە گەڕەکی سەرشەقامی سلێمانی
03-06-2024
کشمیر کەریم
وێنە و پێناس
تیپی وەرزشی گۆران ساڵی 1988 لە شاری سلێمانی
02-06-2024
کشمیر کەریم
پەرتووکخانە
چەمکی ڕێزمانێتی لە تیۆری بەرهەمهێناندا
01-06-2024
کشمیر کەریم
پەرتووکخانە
ڕستەی باسمەند لە زمانی کوردیدا
01-06-2024
کشمیر کەریم
پەرتووکخانە
هەستانەوەی کوردستان؟
01-06-2024
کشمیر کەریم
ئامار
بابەت 518,790
وێنە 105,975
پەرتووک PDF 19,359
فایلی پەیوەندیدار 97,469
ڤیدیۆ 1,396
ژیاننامە
ڕەوشەن بەدرخان
ژیاننامە
مستەفا زەڵمی
ژیاننامە
شێخ مستەفا بەرزنجی
ژیاننامە
فرەنسیس شێر
ژیاننامە
شاهۆ غەفور حسێن
کورد و جوڵانەوەکەی شێخ مەحمود لەنامەکانی (میس بێڵ)دا
هاوکارانی کوردیپێدیا، لە هەموو بەشەکانی کوردستانەوە، زانیارییە گرنگەکان بۆ هاوزمانانیان ئەرشیڤدەکەن.
پۆل: کورتەباس | زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
بەشکردن
Facebook0
Twitter0
Telegram0
LinkedIn0
WhatsApp0
Viber0
SMS0
Facebook Messenger0
E-Mail0
Copy Link0
نرخاندنی بابەت
نایاب
زۆر باشە
باش
خراپ نییە
خراپ
بۆ ناو لیستی دڵخوازەکان
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!
گۆڕانکارییەکانی بابەتەکە
Metadata
RSS
گووگڵی وێنەی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
گووگڵی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
Kurmancî - Kurdîy Serû0
English0
عربي0
فارسی0
Türkçe0
עברית0
Deutsch0
Español0
Française0
Italiano0
Nederlands0
Svenska0
Ελληνική0
Azərbaycanca0
Fins0
Norsk0
Pусский0
Հայերեն0
中国的0
日本人0

کورد و جوڵانەوەکەی شێخ مەحمود لەنامەکانی (میس بێڵ)دا

کورد و جوڵانەوەکەی شێخ مەحمود لەنامەکانی (میس بێڵ)دا
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

1922-07-06
... ئەنجام دەکرێت بڵێم کەوا خەریکە هەور لە باکوور کۆدەبێتەوە و تورکەکان هێز لە وان کۆدەکەنەوە و لە ڕەواندزیش خۆ قایم دەکەن و ژمارەیەک ئەفسەرى تازەشیان بۆ ناردووە. حاڵى ئامادە واتەواتێکى زۆر لەناو خێڵە کوردەکاندا بڵاوە و دەستەى ئەرکانیشمان بارودۆخەکە بە مەترسیدار دەزانن. ئێمە تا ئێستا لە سلێمانى بکوژانى کاپتن بۆند و کاپتن ماکانتمان دەسگیر نەکردووە و ئەمانە پەیوەندیى ڕاستەوخۆیان بە تورکەکانەوە هەیە لە ڕەواندز. هێزى ئاسمانیى شاهانە بۆردومانێکى چاکى گوندە یاخییەکانى کردووە لە وڵات و شوێنگەلێکى ئەوپەڕى سەخت و هەڵەتدا و بەڵام هەموو کاتى بردوون بۆ ئەوەى بڕێکى تەواوى چەک و تەقەمەنیى فڕۆکە بە خەسار نەدەن و ئەگەر ئێستا بمانەوێت بە خەستى ڕەواندز بۆمباران بکەین ئەوە چەک و جبەخانەمان بە تەواوى کوورت دەهێنێت و تووشى کێشە و زەحمەت دەبین.
1922-07-16
... سەبارەت بە ڕا و بۆچوونی مەلیک (مەبەستی شا فەیسەڵی یەکەمە -وەرگێڕ) لەبارەى کوردەوە جارێ بە شێوەیەکی کاتی ڕەتکراوەتەوە. مێجەر بۆردیللۆن بە فڕۆکە چوو بۆ #سلێمانی# و لەگەڵ مێجەر گۆڵدسمیسی حاکمی سیاسیدا تەواوی مەسەلەکەیان خستە بەر باس و گفتوگۆ. حاکمی سیاسی ڕای وایە کە ناتوانرێ هیچ شتێک لە بەغداوە بکرێ و هەرچۆنێک بێت پێویستە دەستبەجێ شتێک بکرێت. لە بەر ئەوە بەتەمان پەیوەندییەکی خێرا بکەن لەگەڵ جەردەیەکی ڕێگری سەرکێشدا بەڵام زۆر کاریگەرە لەو سەر سنوورە و ئەویش سەید تەهایە، بۆ ئەوەی بزانن ئاخۆ ئامادەیە پۆستی حوکمدار وەربگرێت لە سلێمانی و ڕەواندزدا لەژێر چاودێریی ئێمەدا و ئەمە بازدانێکی ترسناکە لە تاریکیدا. پێم وایە سەید تەها ئەم پێشنیازە ڕەتناکاتەوە و لەم حاڵەتەدا سەرلەنوێ دێمە مەسەلەکەوە و بیروبۆچوونی مەلیک دەخەمە ڕوو. چوونکە‌ ئێمە هەرچەندە زانیاریی زۆرمان هەبێت لەم کارەدا بەڵام هەرگیز ناتوانین ئەوە بزانین کە ئەوان چی دەکەن بۆ قایل کردنی یەکتر پاش ئەوەی ئازادییان دەدەیتێ لە کاریاندا. مەلیک دەڵێت من زۆر جیاواز نیم لە ئاغای کورد. چاکە، بەڵام ئێمە زۆر جیاوازین لە ئاغا کوردەکان و من پێ لەوە دەنێم کە شتێک ڕاستى لەو مەسەلەیەدا هەیە.
ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ڕەواندزمان بە بیست فڕۆکە بۆردومان کرد و هەمان کردارمان ڕۆژی سێشەممە بە دە فڕۆکە دووبارە کردەوە و هیوادارین بەمە هۆزە کوردە گەوجەکانی سەر سنوور تێبگەیەنین کەوا بەختی خۆیان تاقی نەکەنەوە لەگەڵ نزیکەی سێسەد تورکدا کە سەربازگەی ڕەواندزیان لێ پێکهاتووە. ڕەنگە کەس باوەڕ نەکات کە ئەمانە هەموو ئەنجامدرا بێئەوەی هیچ زیانێکمان لێ بکەوێت. چوونکە‌ لەو وڵاتە شاخاوییەدا شوێنێک نییە‌ بۆ نیشتنەوە و هەر ناتەواوییەک لە فڕۆکەیەکماندا ڕووبدات ئەوە مانای مەرگی حەتمییە. کۆڵۆنێڵ ماکنیس کەوا کاتى خۆى لەگەڵمدا بوو لە کاروبارى هێزى ئاسمانى لە فەلەستیندا و لەگەڵ خانەوادەى باومان هاتبوو چایەکم لەگەڵ بخواتەوە، فەرماندەى ئەم ئۆپەراسیۆنە بوو و هەموو شتێکى لەبارەوە بۆ گێڕامەوە و کارێکى گەورە بوو چ لە ڕێکخستن و چ لە نەبەردى و ئازایەتیدا.
1922-07-30
باوکى خۆشەویستم، وا خەریکین لە بەسەرچوونى شەپۆلێکى گەرماى تاقەت پڕووکێن نزیک دەبینەوە. ئەو شەوە لە باخچەکەمدا ئاهەنگێکم سازکردبوو، لە سەرەتاوە دنیا زۆر گەرم بوو بەڵام دواتر کەمێک فێنکى کرد و بە ڕاستى ئاهەنگێکى خۆش بوو و تێکەڵەیەکى سەیر تێیدا بەشدار بوو. نوورى (مەبەست نووری سەعیدە -و) هات و یاریى کاغەزى پردى کرد و لە باخچەکەدا هەمەچەشنە خەڵکى نامۆى تێدا بوو. ئەفسەرانى ئەرکانى گشتیى عەرەب کە لە ئەستەمبووڵ مەشقیان کردبوو، گەنجێکى ڕوخسار قەشەنگى کورد، ناوى قادر بەگ بوو کە ئەگەر پێویست بکات لەملت دەدات بێئەوەى ساتێکیش بیرى لێبکاتەوە، هەروەها سەیدە گەنجە بەڕێزەکانى خانەوادەى نەقیب، چەند پیاوماقووڵێکى بەڕێزى بەغدا و دواجاریش عەجیل یاوەرى گەورە (کە پێشتر لە بارەیەوە قسەم بۆت کردووە بەڵام ڕەنگە لەیادت نەمابێت‌). ئەم پیاوە سەرۆکى هۆزى شەممەرى نیشتەجێى باکوورى مووسڵە لە خێوەتێکدا دەژى و پەروەردەى ئەو خێوەتانەیە. هەروەها پیاوێکى تەواوە و سەربازێکى ئازایە و فەرماندەى لەشکرى حوشترسوارى باکوورە و پیاوێکى چوست و بەتواناى دەوڵەتە. بۆ تەواوکردنى وێنەکەى شەش پێ باڵایەتى و لە ‌ڕادە بەدەر قۆز و قەشەنگە و دەستوپلێکى جوان و دەنگێکى دلێرى پێوەیە و ئەمەیە عەجیل! لە پاش کاتژمێر یانزەى شەو زۆربەى میوانان ڕۆیشتن و ئاهەنگەکەیان چۆڵکرد ئەو دووانەمان کە ماینەوە بۆ ماوەى دەمژمێرێک گوێمان بۆ عەجیل شلکردبوو کاتێک کە بە شێوەیەکى سەرنجڕاکێش ڕوونکردنەوەى دەدا لەسەر نەخشە کێشانى سنوور لەگەڵ تورک و فەرەنساییەکاندا، کە چۆن و بە چ شێوەیەک دابنرێت. بۆ ڕۆژى دواتر بانگم کرد بۆ ئۆفیسەکەم و هاوکاریى کردم لە داڕشتنى نەخشەیەک و یاداشتێک و ناردم بۆ سێر پێرسى و بچووکترین گومانم نەبوو کەوا عەجیل ڕاستە و فەرەنسییەکان ڕازى نابن.
... ئێستاش لە بارەى قادر بەگەوە باسێکت بۆ دەکەم کەوا کوردێکى خەڵکى سلێمانییە و دەچێتە سەر پیرۆزترین و لە هەمان کاتیشدا شەڕخوازترین بنەماڵەى ئەو لیوایە (مەبەستى شێخ قادرى حەفیدە -و). شێخ مەحموودى براى گەورەترین و توندوتیژترین کەسى ئەم بنەماڵەیە کە سەرکردایەتیى یاخیبوونێکى کرد لە ساڵى 1919دا و لەلایەن جەنەراڵ ماکمونەوە دامرکێنرایەوە. پاشان شێخ مەحموود دوورخرایەوە بۆ هندستان و بەم دواییەش ڕێگەى پێدرا بگەڕێتەوە بۆ کوەیت. ئەگەر بە تەواوى لە بیرم مابێت قادر بەگیش نێردرابوو بۆ هندستان بەڵام ساڵى پار ڕێگەى پێدرا بگەڕێتەوە و لە بەغدا نیشتەجێ بێت لەگەڵ کەسێکى تردا بە ناوى شێخ غەریب کە خزمى نزیکیان بوو. شێخان، وەک لە ناوچەکەدا بنەماڵە‌کەیان بەم ناوە شۆرەتیان ڕۆیشتووە، خۆیان بە دوور دەگرن لە ئاژاوە و پشێوییەکانى ئێستاى سلێمانى، بەڵام هەموویان فشار دەکەن بۆ گێڕانەوەى شێخ مەحموود و وەک جۆرێک لە ڕاگرتنى دۆخەکه، ‌ حاکمى سیاسیى ڕایسپاردوە کە پێویستە قادر و غەریب بنێردرێنەوە بۆ سلێمانى و سێر پێرسى ڕەزامەندیى دەربڕى بەڵام من بەدڵم نەبوو. بەهەرحاڵ، وەک هەستێکى سۆزئامێز بۆ ئەم دوو پیاوکوژە بچووکە من بە شەخسى زۆرم پێخۆشبوو متمانەیان پێبکرێت و ئاگادار بکرێنەوە کە دەگەڕێنەوە بۆ شوێنى خۆیان و خۆ ئامادە بکەن بۆ سەفەر. دواتر هەر کە زانرا ئەمانە دەگەڕێنەوه، ‌ شێخان بە شێوەیەک لووتیان بەرز کردەوە و خۆیان دەنواند کەوا فەرماندەى لێڤییەکان دەیوت لەمەودوا ئیتر بەرپرس نییە‌ لەوەى کە ڕوودەدات و منیش هەواڵم نارد بۆ ئەم داماوە کەوا مەسەلەکە دڵشکاندنى تێدایە و لە ئێستادا ناگەڕێنەوە و پاشانیش مەسەلەکەم لاى خۆم ڕاگرت و هیوام خواست دواخستنەکە زۆر نەخایەنێت و ڕاستییەکەى ئەوانیش کارەکەیان بە گوێڕایەڵییەوە وەرگرت.
پێدەچێت کاروباری کورد تا ڕادەیەک ڕوو لە باشە بێت و حاڵی ئامادە هەموو پڕۆژە‌کانی مەلیکیان ڕەتکردووەتەوە. ئەمانە هەموو شتێکیان بەجارێ لەدەستدا و کەسانی سەرکێشن، چەشنی عەبدولکەریم فەتاح بەگ کەوا هێزی لێڤی و فڕۆکە بەدوایەوە بوون، پاش ئەوەی دوو ئەفسەرە بەریتانییەکەی کوشت. ئێمە لای خۆمانەوە پێشنیازی نهێنیمان کردووە بۆ یەکێک لە جەردە و ڕێگرەکانی سنوور، کە سەید تەهایە. ئەم پیاوە خۆی ئەوەندە بایەخدار نییە‌ بەڵام سەر بە سمکۆیە کە پیاوێکی زۆر گرنگە و ماوەی چوار ساڵ شەڕی ئێرانییەکانی کرد و لە پێگەی سەرۆکی بزووتنەوەی نیشتمانیی کورددایە. ئەگەر سەید تەها قایل بوو بەو پێشنیازەی بۆی کراوە ئەوە سمکۆ پشتی دەگرێت و هەوڵ و تەقەڵای تورکەکان پەکدەخات. سمکۆ ئەو جێنتڵمانەیە کەوا حاکمی #ورمێ#ی ئێرانی بۆمبێکی لەنێو کاغەزدا بۆ ناردبوو کە بە نامەیەک وەسفی ڕووداوەکەمان بۆ دەکات و تێیدا دەڵێت هیچ کاتم نەبوو تەنیا ئەو ماوە کەمە نەبێت کە توانیم بۆ براکەمى فڕێبدەم و تەقییەوه.
1922-08-08
... لەم ئێوارانەدا بۆ نانخواردنى شێوان بە خێزانى لەگەڵ مەلیک دانیشتین و سەفوەت و ئەحمەدى کوڕە بچووکیشی لەگەڵمان بوون. لە پاش شیوکردن سەفوەت بەئەسپایی دووعاخوازیى کرد و منیش لەگەڵ مەلیک لە باڵکۆنەکە دانیشتین کە دەیڕوانییە سەر ڕووبارەکە و ماوەى کاتژمێر و نیوێک لە بەر تریفەى مانگەشە و کە لە شەپۆلى ڕووبارەکەى دەدا قسە و دەمەتەقێمان کرد و مەلیک ناخى دڵى خۆى بۆ کردمەوە بە شێوەیەک کە هیچ خۆشحاڵ نەبووم پێى. ئەو تا ڕادەیەکى زۆر هەست بە ئازارى ئەوە دەکات کە ڕێگەى پێنەدرا کارى خۆى لەگەڵ کوردى سلێمانى بکات و منیش بە تەواوەتى لەگەڵى هاوڕام. هەروەها زۆر بە توندى نیگەرانە لە هەوڵیدا بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن لەگەڵ کەمالییەکاندا و لەمەشدا بە تەواوى لەگەڵیم و بەڵێن دەدەم کە تا بتوانم هەموو شتێک بکەم بۆ هەماهەنگى کردنى مەلیک لەگەڵ کۆمیسیاری باڵادا (واتە سێر پێرسی کۆکس -و). لەم خاڵەدا ئەوان وا بیر دەکەنەوە کە ئێمە نزیکین لە ڕێککەوتنێک لەگەڵ کەمالییەکاندا لەسەر بنەماى گێڕانەوەى ویلایەتى مووسڵ بۆیان و ئەمەش بە ماناى سەربڕینى ئێراقە. لەگەڵ ڕێزمدا من ڕام وایە کەوا تەنانەت حکوومەتە هەلپەرستەکەمان تواناى سووکایەتى پێکردنى لەم چەشنەى نییە‌. بەڵام تاقە ڕێگە بۆ قەناعەت پێکردنى مەلیک و دەستە و تاقمەکەى ئەوەیە کە دەستیان واڵا بکرێت لە گفتوگۆ و دانووستان لەگەڵ تورکەکاندا و بتوانن بە پێى بەرژەوەندیى وڵات بڕیار بدەن. لە ئێستادا وەزیرى دەرەوە (مەبەست وەزیرى دەرەوەى بەریتانیایە -و) برووسکە‌یەکى زۆر خراپ و نەعلەتیى بۆ ناردووین کەوا دەسەڵاتى تەواوى داوەتە مێجەر یۆنگ -نەعلەتى خواى لێبێت -و تێیدا ڕاسپاردەى ئەوە دەکات کە بەر لە هەڵبژاردنەکان ئێمە بە شێوەیەکى کردارەکى ئامۆژگاریى تەواوى ناوچە کوردییەکانى لاى ئێراق بکەین بۆ خۆڕاگرى و داکۆکی کردن و پێکهێنانى دەوڵەتێکى سەربەخۆى کوردى. کۆمیسیاری باڵا لەگەڵ هەموو هەڵوێستێکیدا پێیوتم کەوا سەرنج و تێبینییەکانم لەسەر ئەم مەسەلەیە بخەمە ڕوو. من پێم وایە و ئاواتەخوازیشم کە ئەو تا سەر ئێسقان بەرەنگارى ببێتەوە، چوونکە‌ ئەگەر ئێمە کار بە پێشنیازەکانى ئەم پڕۆژە‌یە بکەین ئەوە ماناى وایە نەک تەنیا فەیسەڵ بەڵکوو هەموو ئێراقییەکى عەرەب قەناعەت بەوە دەکات کە ئێمە لیوا کوردییەکان لە لیوا عەرەبییەکان جیادەکەینەوە بۆ ئەوەى بیانگێڕینەوە بۆ تورکەکان.
من سەرومڕ و بێ وەستان خەریکى نووسینى یاداشتم لەسەر مەسەلەى کورد بۆ کۆمیسیارى باڵا و دوێنێ لە کەشوهەوایەکى هێجگار گەرم و دۆزەخ ئاسادا، کە وام هەست دەکرد خەریکە دەمرم، لە ئۆفیس و لە کاتژمێر حەوتى بەیانییەوە بۆ یەک و نیوى نیوەڕۆ کارم کردووە و پاشان گەڕامەوە ماڵ و دواى نانخواردنى نیوەڕۆ بێوچان کەوتمەوە کارکردن لە کاتژمێر دوو و نیو بۆ شەشى ئێوارە و دواى ئەوەش چووم بۆ کۆبوونەوەى کۆمیتەیەک و پاشتریش بۆ شیوکردن لە کونسوڵییەتى فەرەنسى و لەوێ تا نیوەشە و یاریى کاغەزمان کرد و کاتێک گەڕامە ماڵەوە هەستم کرد لە خێوێکى سامناک دەچم.
1922-08-16
... لەم ماوەیەدا هەموو ئەم ڕقەبەرایەتی و دوژمنکارییانەی ناوخۆ کەوا هێند بە قوورسى داگیرى کردووین ڕەنگە‌ کاڵ ببنەوە لەئاست مەترسیى پەرەگرتووى کەمالییەکان لەسەر ناوچە سنوورییەکانى باکوورمان. ئەمڕۆ هەواڵێکمان پێگەشتووە و خستووینێ‌ حاڵەتی ئامادەباشیى تەواوەوە. سمکۆ، ئەو چەتە کوردەى ئەودیوى سنوورمان (کە لە نامەکەى ئەم دواییەمدا باسم بۆ کردوویت)، وەک بیستوومانە دواجار بەتەواوى لەسەر دەستى تورکەکان شکستى خواردووە. لە ئێستادا سمکۆى چەتە و ڕێگر، نەتەوەخوازێکى کوردە و قەناعەتى هێناوە کەوا بێ یارمەتیدانى ئێمە هەرگیز ناتوانێت مەبەستى خۆى بەدیبێنێ (کە بە شێوەیەکى سەرەتایى سمکۆ بکرێتە حوکمدارى هەموو کوردستان). بەم پێیە ئێستا نەک هەر تەرەفدارى ئێمەیە بەڵکوو نێردە و پەیامبەرانیشی بۆ هەموو هۆزە کوردەکانى سنوور ناردووە کەوا ئەگەر بەرهەڵستیى ئێمە بکەن، بە فیت‌ و هاندانى تورک، ئەوە خوێنى خۆیان حەڵاڵ دەکەن. هاوزەمان لەگەڵ هەواڵى لەناوبردنیدا ئێمە برووسکە‌ى شێتانەمان لە سلێمانییەوە پێدەگات و داوا دەکەن فڕۆکە و لێڤى و هەموو جۆرە هێزێک بنێرینە سەر سنوور و مەیدانى شەڕ. من هەست بە مەترسییەکى زۆر گەورە دەکەم و جارێکى تر هانى سێر پێرسیم دایەوە کە لێبگەڕێت مەلیک خۆى مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکات و ڕاستەوخۆ سلێمانى ببەستێ بە خۆیەوە چوونکە‌ هیچ چارێکى ترمان نییە‌ لەوە زیاتر. ئەگەر ئەوە بکات پێم وایە دوا هەل و دەرفەت دەبێت کە نەهێڵێ دابەشبوون ڕووبدات، بەڵام ئەگەر ئەم هەلە لەدەست بدرێت ئەوە تورک گرەوەکە دەبەنە‌وە و #کەرکووک#ى تازە بە ئێمەوە نووساویش لەدەست دەچێت، چوونکە‌ زۆربەى دانیشتووانى بە ڕەگەز تورکن و لەگەڵ ئەواندا دەڕۆن. بە زۆریش ئەمە کارێکى نەشیاو و قەناعەتهاوەر نییە‌ کەوا ئێمە بگەینە لێوارى کارەساتى بەرنەگیراو و پێم وایە ئێستا لەو دۆخەداین و هەڵبەت‌ بە شێوەیەکى لابەلاش تەواوى کاربەدەستانمان لە سلێمانى دەکوژرێن.
1922-08-18
... ئاڵۆزییەکان لەسەر سنوورى کوردستان مایەى نیگەرانییەکى گەورەن و کەمالیستەکان بە دیاریکراوى بەرەوخوار دەبنەوە بۆ سلێمانى نەک بە هێزى گەورەوە بەڵکوو لە ڕێگەى بڵاوکردنەوەى واتەواتى ئیسلامییەوە لەناو تیرە و هۆزەکاندا و ئێمەش هیچمان بە دەستەوە نییە‌ هێزێکى بچووکى لێڤى نەبێت ئەویش بە هۆى دوو مانگى پیادەڕەویى قوورسەوە لە گەرمادا بە تەواوى شەکەت بووە و پرزەى لێبڕاوە و فڕۆکەکانیشمان زۆر کاریگەر نین لە ناوچەى شاخاوییدا. من زۆر هەست بە دڵەڕاوکێ و نیگەرانى دەکەم لە بارەى ئەفسەرە دابڕاوەکانمانەوە و تا ڕادەیەک کەمتر لە بارەى یەک دوو ئاغاى کوردەوە کەوا جوامێرانە کارمان بۆ دەکەن و ئێمەش پشتیووانییان لێدەکەین. هەڵبەت‌ برووسکە‌یەکى بایەخدارى جفرەکراو لە وڵاتەوە (واتە بەریتانیا -و) گەیشتووە و هێشتا نەکراوەتەوە و بێگومان ئەو وەڵامەى تێدایە کە پێمانوایە بڕیار لە چارەنووسمان بدات.
1922-08-31
... لە کاتێکدا ئێمە بە گەرمی مشتومڕمانە لەسەر ئەم کێشانە سەربازەکانمان بەرگریى لە سنوورەکانى سلێمانى دەکەن دژ بە کەمالییەکان کەوا بە هێزەوە داگەڕاونەتە خوارەوە بۆ #ڕانیە#‌ و ئێمە دەمژمێر بە دەمژمێر چاوەڕێى هەواڵى لەناوچوونى ئەفسەرانمان و لێڤى و پیاوانى هۆزەکانمان دەکەین.
1922-09-08
باوکى خۆشەویستم، ئێمە بەردەوامین لە شەڕ و نەبەردییەکانمان لەگەڵ بارودۆخێکى ئێجگار سەخت و تووشدا و وەک دەگوترێت لەنێو دەریایەکى پڕ شەپۆلدا و هەر کە لایەکیان هێور دەکەینەوە دڵنیا نین کەوا شەپۆلى داهاتوو نوقمى بن دەریامان ناکات. زۆرى نەخایاند و ئەو سەرکەوتنە بەرچاوەى لێدانەکەى سێر پێرسى بەدەستیهێنا و جێگیر کردنى ناوخۆیى مسۆگەر کرد، کەچى مەترسیى دەرەکى ئەگەرى قەبارەیەکى نوێ و ترسناکى بەخۆوە بینى. پێش هەموو شتێک، وەک خۆت بیستووتە، ئەو هێرشە خێڵەکییەى بە فیت و تەگبیرى کەمالییەکان ئەنجامدرا و بەزۆریش لە ڕێگەى کوردە بەدفەساڵەکانەوە لە ناوچەکانى سەر سنوورى ئێران، ناچارى کردین ڕانیە‌ى سەر بە ناوچەى سلێمانى بەجێبێڵین. ئەمە لەخۆیدا زیانێکى زۆر گەورە نەبوو، چوونکە ناوچەکە لە باشترین حاڵەتیدا پڕ ئاژاوە و پشێوییە و هیچ شتێکمان لێ دەست ناکەوێت، تەنانەت ئەو خەرج و تێچوونەش کە تێیدا بە فیڕۆى دەدەین، بەڵام پاشەکشە لە بەرانبەر هۆزگەلێکى یاخیدا بەردەوام بە کارێکى مەترسیدار دەژمێردرێت، چوونکە‌ هەرگیز نازانیت کەى و لە کوێدا تەواو دەبێت. هەروەها ئێمە پشتى بابەکر ئاغاى پشدەریشمان بەردا، ئەو پیاوە بوێر و بەهێزەى لە ئەوەڵەوە تا ئاخر لایەنى ئێمەى گرت و نازانین چارەنووسى چی دەبێت و چی بەسەردێت و ئەمەش جۆرە هەڵوێستێکە کە وا هەست بکەیت لە ڕووى شەخسییەوە کارێکى دزێوت کردبێت. بە دواى ئەوەشدا هەموو فەرمانبەرانمان لە سلێمانى کشاندەوە و مەحاڵە لەوە بگەین کەوا ئاژاوەگێڕیى دەرەکى ئەنجامى چى دەبێت و بێ پاساویش ژیانى کەسانێک بخەینە مەترسییەوە کە هیچ هۆکارێکمان نییە‌ بۆ پاراستنیان. بەم ڕەنگە‌ ئێمە لە سلێمانى ئەنجوومەنە کوردییە هەڵبژێردراوەکانمان ڕادەست کردەوە، کە پێش ساڵێک دەستى بە کار کردبوو و شێخ قادرمان کردە بەرپرسى، کە یەکێکە لەو بنەماڵە ناوخۆییەى سەرۆکایەتیى ناوچەکە دەکات و نزیکەى شەست کەسمان بە فڕۆکە کشاندەوە، کە بریتیبوون لە ئەفسەرى بەریتانى و فەرمانبەر و نووسەرى ئێرانى و لێڤیى ئاسوورى. کارەکە بێ هیچ گرفتێک ئەنجامدرا و هێزى ئاسمانیى شاهانە (مەبەست هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانییە-RAF -British Royal Air Force‌ وەرگێڕ) بە شێوەیەکى باش و درووست ئەرکى خۆى بەجێهێنا، بەڵام ئاخۆ جارێکى تر دەگەڕێینەوە؟ ئەوە جێى گومانە و ئەگەر وایشکەوتەوە ئەوە هەرگیز لە هەمان باروزرووفدا نابێت. ئەوە چەند ساڵێکە بە هۆى کارى نایاب و دڵسۆزانەوە لیوایەکمان لە ئاژاوە و پشێوى ڕزگار کردووە و بە شێوەیەکى لەبار و گونجاو بە ڕاڕەوى گەشەکردنى ئاشتیانەدا تێمانپەڕاندووە کەچى هەمووى بەباچوو لەئەنجامى واتەواتێکى کەمالیى گەوجانەدا لەنێو خەڵکانێکى شاخاوى و دڕندەى سەرسنووردا و بۆچى؟ وەڵامى ئەمەش ڕوونە، لەبەر ئەوەى ئێمە لەو کاتەوە کە جاڕى ئاگربەس دراوە بە شێوەیەکى هێند خراپ مامەڵەمان لەگەڵ مەسەلەى تورکیدا کردووە کەوا مایەى نائومێدییە، چوونکە‌ هەر کەسێک لە ئێمە ئاگادارى بارودۆخەکە بێ لە تورکیا دەیزانى کەوا پەیماننامەى سیڤەر پڕوپووچییەکى هێند سەقەت و بێمانا بوو کە ئەقڵ نەیبڕێت و هیچ کامێک لە ئێمە نەیدەتوانى کەسێک بدۆزێتەوە گوێى لێبگرێت. دواجاریش تۆپەکانى تورک کەوا فەرەنسییەکان گوللە و پێداویستیى تەواویان بۆ دابینکردبوو لە ڕێگاى ڕۆژهەڵاتمانەوە بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو بێدەنگ و جێگیرە و ئاژاوە و خراپەکاریی زیاتر نەڕۆیشتووە و خۆیان‌ لە شوێنێکدا دۆزییەوە کە ئەقڵ و زانیارى دەستەوسانن لەوەى کونێکى بچووکى تێدا بدۆزنەوە.
تا ئێستا بارودۆخ لە سنوورەکانی مێجەر نۆئێڵ، کە حاکمی سیاسییە لە #هەڵەبجە#ی ئەوپەڕی باشووری ناوچەی سلێمانی، پێداگریی دەکات لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە و باوەڕی وایە، لەسەر ئەرز دەتوانێت هۆزە لۆکاڵییەکەی ئەوێ، کە هۆزی جافە، لەسەر ڕێی ڕاست بهێڵێتەوە، وەک چۆن دەتوانێت هەرکاتێک بیەوێت سواری ئەسپەکەی دەبێت و بە هەر لایەکدا ئارەزوو بکات دەڕوات. ئەم ئەفسەرە کەسێکی لە ‌ڕادەبەدەر نائاساییە و هیچ دوور نییە‌ بتوانێت کۆمارێک لە سلێمانیدا درووست بکات بە سەرۆکایەتیی خۆی! بەڵام پلان و بەرنامەی ئێستامان گێڕانەوەى سەرۆکی بنەماڵەکەی شێخ قادرە، واتە شێخ مەحموودی برا گەورەکەی، کە ساڵی 1919 لە دژی ئێمە ڕاپەڕی و لەو کاتەوە گیراوە و دوورخراوەتەوە بۆ هندستان و کوەیت. ڕاستە هیچ هۆکارێک نییە‌ کەوا ئەم پیاوە ئێمەی خۆشبوێت بەڵام ڕق و کینەی لە تورک دەگەڕێتەوە بۆ ماوەیەکی دوورتر لە سێ ساڵ و جێی باوەڕە کە ڕەنگە‌ ئامادە بێت بۆ هەماهەنگی کردن لە وەدەرنانی تورکەکاندا. سلێمانی لەخۆیدا گرنگ نییە‌ بەملا یان بەولادا بڕوات و هەمیشە کێشە و گرفتێک هەبووە چوونکە‌ ئەم شارە بەتوندی ئەوەی ڕەتکردووەتەوە ببێتە بەشێک لە ئێراق و کورد حەز بە عەرەب ناکەن. ڕاستییەکەى کێشەکە لە لیوای کەرکووکی دراوسێى نزیکیدایە کە نیوەی دانیشتووانی بە ڕەگەز تورک و نیوەکەی تریش کوردن و هەمیشە سوێندى ملکەچی و بەیعەتیان بۆ فەیسەڵ ڕەتکردووەتەوە.
ئێرە لە ڕووی ئابوورییەوە بەشێکی تەواوکەری ئێراقە و ئەگەر تورکیا بگاتە سلێمانی و لەوێشەوە بێت بۆ کەرکووک ئەوە کارێکی زۆر جیددى و مایەى نیگەرانییە. ئەوەی مەلیک لێی دەترسێ ئەوەیە کە ئەگەر کەمالییەکان و سوپاکەیان لە سەرقاڵ بوون بە دەست گریکەوە (یۆنانییەکانەوە) ڕزگار بن و بە دوورى مەزانە بابدەنەوە سەر ئێراق و تەواوی ویلایەتی مووسڵ بۆ خۆیان ڕابکێشن و لە دەست ئەو و ئێمەشی دەربکەن. هەڵبەت‌ تا ئەو کاتەی ئێمە فشاری دیبلۆماسی بەرپا دەکەین هیچ ڕێگایەکی تر نییە‌ ببێتە بەربەستیان بۆ جێبەجێ کردنی ئەم جوامێرییە ئاسانە ئەگەر بیانەوێت. من تێبینیی ئەوەش دەکەم کە (ئە) دیبلۆماسییەتی ئێمە لە ئێستادا نەزۆکە و (بێ) شکستی گریک ئێمەی خستووەتە خراپترین پێگەوە بۆ گرتنەبەری هەر هەنگاوێک. ئەنجامگیریی من لە بارەی مووسڵ و کەرکووکەوە ئەوەیە کەوا ئێمە لە ڕووى پراکتیکەوە لەژێر بەزەیی کەمالیستەکانداین و ماوەتەوە سەر ئەوەی ئەوان چ بڕیارێک دەدەن و بە ڕاستى دۆخێکی خراپ تێکەوتووین.
1922-09-10
بەیانیی ئەم یەکشەممەیە، لە کاتێکدا کە من نامەم بۆ دەنووسیت (واتە بۆ باوکی -و)، سێر پێرسى و مستەر کۆرنوالیس چاوپێکەوتنێکی گرنگ و مەترسیداریان لەگەڵ مەلیکدا هەیە، کە تێیدا سێر پێرسى داوای لێدەکات تەواوی کارە ئەنجامدراوەکانی بخاتە ڕوو و پڕۆژە‌کانی چی دەبن بۆ داهاتوو. دوێنێ ئێوارە لەسەر نانخواردن لەگەڵ مستەر کۆرنوالیسدا گفتوگۆمان لەسەر هەموو ئەگەر و بۆچوونەکان کرد تا نیوەشە و بێ ئەوەی بگەینە ئەنجامێک.
دوێنێ لەگەڵ مستەر ئەدمۆنز پێکەوەنانی نیوەڕۆمان خوارد. ئەم پیاوە ئەو حاکمە سیاسییە بوو کە بەم دواییە لە ڕانیە‌ کاری دەکرد و کەسێکی ڕەفتار جوانی بەتوانایە و بە پیادەڕۆیی لەگەڵ ڕەتڵەکەدا پاشەکەشەی کرد لەژێر دەسڕێژی قوورسی خێڵەکاندا تا ئەو کاتەی فڕۆکە هاتن و هێرشبەرانیان بێدەنگ کرد. هێزی ئاسمانیی شاهانە کارێکی سەرسامکەر ئەنجام دەدات بەڵام ناتوانێت لە ناوچە شاخاوییەکاندا هێرشبەران بوەستێنێ، چوونکە‌ کەمترین زیان دەگەیەنێ لە کاتێکدا کەوا کاری بێشوومار هەیە لەئەستۆی بگرێت. مستەر ئەدمۆنز باوەڕی وایە کە چارەسەری گونجاو ئەوەیە شێخ مەحموود بگێڕنەوە بۆ شوێنی خۆی وەک ئەوەی کە پێشنیاز کراوە و هەڵبەت‌ منیش ئەمە بە ڕاست دەزانم و ئەگەر ویستی ئێمە سەرپەرشتیی بکەین و ئەو کاتە دەبێت بوار بدەین یەک ئەفسەری سیاسیی بەریتانی لەگەڵ بمێنێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە ئەفسەری پەیوەندیی لەگەڵ بەغدا و بە هیچ شێوەیەک دەست وەرنەداتە کاروباری بەڕێوەبردنەوە.
شێخ مەحموود تەنیا نموونەیەکی ئاسایی سەرۆک چەتە و ڕێگری کوردە و تەنیا کەمێک واوەترە و هیچ بیروبۆچوونێکی لەسەر بەڕێوەبردن نییە‌ و هەموو دۆست و خزمەکانی دەخاتە سەر کار و دوژمنەکانیشی سەرکوت دەکات، ئەگەر نەشڵێین دەیانکوژێت، بێگومان ئێمە ناتوانین ئەم پیاوە بوەستێنین و تەنانەت هیچ پیاوێکی بەرپرسی ئینگلیزیش ناتوانێت ڕایبگرێت. بەڵام ئەگەر ئێمە پەیوندیی باشمان لەگەڵ هێشتەوە و بە پێی توانا پشتیووانیی سەربەخۆیی ئەو پارچە بچووکەی کوردستانمان کرد کە لەژێر ڕکێفی ئەودایە، ئەوە دەبێتە ناوبەینێکی کوردی لەنێوان ئێراق و تورکەکاندا. ڕەنگە‌ تۆ سەرسام بیت بەوەی بۆچی و چۆن شێخ مەحموود ئەو دەسەڵاتەی هەیە بە سەر وڵاتدا، لە کاتێکدا کە دەیناسین چ شەڕخواز و پیاوخراپێکە و وەڵامەکەشی ئەوەیە کە دەبێت بزانیت کەوا: بە پلەی یەک ئاغای کورد کۆنترۆڵی سەرسووڕهێنەری هەیە بە سەر خێڵ و هۆزەکانیدا، بە پلەی دوویش شێخ مەحموود لە ڕوویەکی ترەوە پیاوێکی پیرۆزە و ئەمەش پشتاوپشت بۆ هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەی ماوەتەوە و باپیرە گەورەیان مەزارێکی هەیە لە سلێمانیدا.
ژیان بەدەگمەن تەمەڵ و بێ ڕووداوی کوتوپڕە بۆ کورد و بەردەوام پڕە لە پێشهاتی نوێ، بۆ نموونە شێخ قادری برا بچووکی شێخ مەحموود وەربگرە. ئەو تەنیا مانگێک لەمەوپێش لە بەغدا گیرا، لە پاش دوو ساڵی بەندکردن و لەگەڵ من دانووستانی دەکرد لە بارەى ڕۆژی گەڕانەوەی بۆ زێد و ماڵی خۆی (من لە جیاتی سێر پێرسى دانووستانم دەکرد). ئەم پیاوە بچووکە چەند جێنتڵ و چەند سوپاسگوزاره، ‌ بەڵام هەمیشە چەقۆ لەسەر ملت دادەنێ و دوو هەفتە بە سەر گەڕانەوەیدا تێنەپەڕیبوو کەچی خۆی بە سەرۆکی ئیدارەی لیوایەکی تەواو بینییەوە وەک بریکاری حکوومەتی خاوەن شکۆ (واتە حکوومەتی بەریتانیا -و) ئەوجا لەبەر ئەوەیە کە دەڵێم ئەو هەرگیز هەست بە تەمەڵی و بەتاڵی ناکات.
مێجەر گۆڵدسمیسیش لێرەیە و لەبیرتە پارساڵ لە سلێمانی لە لای مامەوە و ئێستا ئەو حاکمی سیاسیی لیواکەیە و بەنیازە لەگەڵ شێخ مەحموود بگەڕێتەوە، یان بە ماوەیەکی کەم دوای ئەو، بەڵام من گومانم نییە‌ کە پیاوی ڕاستەقینە بۆ ئەرکی ئەفسەری پەیوەندی مێجەر نۆئێڵە، چوونکە‌ لە مەحاڵەوە نزیکە بۆ مێجەر گۆڵدسمیس کەوا بە چاوی خۆی ببینێت هەموو ئەو دام و دەزگایەی بنیاتی ناوە تێکوپێک بدرێت و پێویستت بە کەسێکی ملهوڕ و بوێری وەک مێجەر نۆئێڵ دەبێت، کە خودی خۆی وەک کورد وایە ئەو ڕۆڵە ببینێت، بەڵام هەرچۆنێک بێت ئەوە ئەرک و بەرپرسیارییەتیی سێر پێرسییە.
1922-09-14
... پێش چەند ڕۆژێک سێر پێرسى و مستەر کۆرنوالیس لەگەڵ مەلیک دانیشتن و گفتوگۆیدان لەسەر کۆمەڵە بابەتێک کرد و ئەویش ڕازی بوو بە هەموو ئەو کارانەی سێر پێرسى کردوویەتی و پەسەندی کرد، پاشان بەڵێنی دا کە نەقیب ڕاسپێرێت بۆ پێکهێنانی وەزراەتێکی نوێ، بەڵام زۆری ڕق هەڵسا وەختێ پێیوترا کەوا پێویستە دەست وەرنەداتە وردەکاریی کاروباری بەڕێوەبردن و بە تایبەتى کە دامەزراندنی سەرۆکی دیوان و سەرۆکی تەشریفاتەکەی لەلایەن حکوومەتەوە بوو بە بڕیارێک لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە.
... وا چاکە ئێستا باسی سلێمانیت بۆ بکەم. ئەنجامی دانانی شێخ قادر بە سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن وا کەوتەوە هەموو ئەو هۆزانەى چووبوونە پاڵ کەمالییەکان ڕایانگەیاند کەوا لەبەر ئەوەی ئێستا لە وڵاتی خۆیاندا حکوومەتی کوردی فەرماندارە بۆیە ئیتر ئەمان هیچ کارێکیان بە تورکەکان نەماوە! شێخ قادر خۆیشی پەیامگەلێکی وای بڵاوکردەوە کە تەنیا ئومێدی ملکەچبوونە بۆ فەرمانەکانی کۆمیسیاری باڵا. لەو کات و ساتەدا کە ئێمە سلێمانیمان چۆڵکرد ئەو ئاغا یاخییەی بەرپرس بوو لە کوشتنی کاپتن بۆند و کاپتن ماکانت چووە شاری سلێمانی و داوای چەکی کرد و شێخ قادریش ڕازی نەبوو چەکیان بداتێ و بوو بە ناخۆشی و دەمەقاڵەیان. لە ئێستادا دوو لایەن لە شارەکەدان، شێخ قادر لە لایەکەوە بە پشتیووانیی لێڤی و پۆلیس و تەواوی هاووڵاتییانی بەشەرەف، کە بە دڵسۆزى سەر بە بەریتانیان و لە لاکەی تریشەوە عەبدولکەریم فەتاح (واتە کەریم بەگی فەتاح بەگی هەمەوەند -و)، کە تۆمەتی پیاوکوشتنی لەسەرە و‌ بەتەواوی سەر بە تورکە، بەڵام تورکەکان هەموو لە ڕانیە‌ دەرچوون و پاشەکشەیان کردووە بۆ ڕەواندز.
لەم ماوەیەدا شێخ مەحموود گەیشتەوە بەغدا و مێجەر نۆئێڵ کە چاوی پێکەوتبوو، دەڵێت زۆر نیگەران و بێتاقەتە و هەرگیز بەپەرۆش نییە‌ ئەرکی بەڕێوەبردن لەئەستۆ بگرێت بەڵکوو بە شێوەیەکی گشتی حەز بەوە دەکات بگەڕێتەوە سەر ئەو ژیانە ئاسایی و هێمنەی لە تاراوگە و دوورخراوەییدا دەیگوزەراند لە کوەیت! دوور لە پیشاندانی هەر وەڕسی و نیگەرانییەک بۆ سێ ساڵی بەند کردنی زۆر سوپاسگوزار و منەتبارە لەو مامەڵە باشەی کە لەگەڵی کراوە و بەنیازە ئەم ئێوارەیە یان سبەینێ سێر پێرسى ببینێت و دیارە‌ منیش دەبیستم کەچی چووەتە نێوانیان.
ئەگەر لێمانگەڕێن کاری خۆمان بکەین، بێگومان دەتوانین ئێراق و کوردستان بەڕێوەببەین، با کارەکە قوورسیش بێت، بەڵام ئاخۆ لێماندەگەڕێن کاری خۆمان بکەین؟ ئەگەر کەمالییەکان گەڕانەوە سەرمان بەو لەشکر و سوپایەوە کە لە بەرەی گریک (یۆنان) دەستواڵا دەبێت ئەوە نە ئێمە و نە تەواوی ناسیۆنالیستەکانیش پێکەوە ناتوانین بەرەنگاریان ببینەوە. ئەمەیە ڕەوشەکە و ئێمەش هەر ئەمڕۆ و سبەیمانە و نازانین ئاخۆ سبەینێ هەڵدەکوتنە سەرمان یان نە.
1922-09-24
... کەسایەتییە دەرکەوتووەکەی تری لای ئێمە شێخ مەحموودی سلێمانییە، کە ڕۆژی 13ى مانگ لە کوەیتەوە گەیشتە بەغدا. هەڵبەت‌ ئەوە کاری خواوەندە کە مێجەر نۆئێڵی بۆ نارد و بوو بە ڕاوێژکاری لەو ماوە کوورتەی هەنگوینە مانگمان لەگەڵی لە زستانی 1918 -1919دا و دەبوو بگاتە ئێرە، پاش ئەوەی نووچیدا و شکستیخوارد. لە گفتوگۆکەی لەگەڵ سێر پێرسیدا شێخ مەحموود گیانێکی هێجگار بەجێ و لۆجیکیی نواند و پێوە دیار نەبوو کە هیچ ڕق و کینەیەکی لە دڵدا بێت بەرانبەرمان لەسەر ئەو سێ ساڵ بەندکردنە و هەرگیز وای دەرنەخست و بەپێچەوانەوە ئەوەی دەردەبڕی کە ئێمە چ میهرەبانییەکی گەورەمان لەگەڵ کردووە لەپای ئەوەی کە بەرمانداوە! بەڵام کە گەیشتەوە سلێمانی بەتەواوی گۆڕا و هەڵوێستی پێچەوانەی نواند و هەڵبەت‌ لە سەرەتادا بەشێکی لەبەر ئەوە بوو کە بتوانێت پارە و چەکمان لێ بستێنێ. لە بارەی حکوومەتی ئێراقیشەوە زۆر بە ئاشکرا ڕای خۆی دەربڕی کە ئێمە قبووڵمانە و هەرچۆنێک بێت سێر پێرسى قەناعەتی پێکرد‌ لە هەموو حاڵەتێکدا دەبێت باش و تەبا بێت لەگەڵ دراوسێکەیدا و دەبێت ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە و بگەنە تێگەیشتن لەگەڵ فەیسەڵدا. بەم ڕەنگە‌ شێخ مەحموود لە پاش دوو ڕۆژ و لە 16ی مانگدا چوو بۆ بینینی مەلیک و دواتر ڕاستەوخۆ لە چاوپێکەوتنەکەوە هاتە لای من لە ئۆفیس. بۆ دواینیوەڕۆ مەلیک ناردی بە شوێنمدا و باسی گفتوگۆکەی نێوانیانی بۆ کردم، کە بە ڕاشکاوانە قسەیان کردووە و بە شێخ مەحموودی وتووە بەرژەوەندییەکانی ئێراق و کوردستان هەر یەکن و سلێمانیی بە قەڵایەکی دژ بە تورک داناوە و هەرچییەکی پێبکرێت بۆ یارمەتیدانی درێغی ناکات. ئەوجا ئەفسەران و پیاوانی کورد لە سوپای ئێراقدا دەکرێت بچنە پاڵی ئەگەر ئەم حەز بکات و دواجاریش بچنە خزمەتییەوە ئەگەر ئارەزوویان لێبێت. لە پاش ئەوە تا گەڕانەوەی بۆ سلێمانی لە 20ى مانگدا ڕۆژانە سەری لێدەدام و ڕاستییەکەی من خۆشم بە چارەیدا نەدەهات و لێى لالووت بووم.
بۆ ئێوارەی ڕۆژی 20ی مانگ ڕۆیشت بۆ #کفری#، کە دەکەوێتە نزیک هێڵی شەمەندەفەرەوە لە ناوچەی کەرکووک (ئەگەر لەبیرت مابێت) و لەگەڵ خۆیدا مێجەر نۆئێڵ و پێنج ئەفسەری کورد لە سوپای ئێراق و بژاردەیەک لە خەڵکی سەرکێش و ساختەچی بووبوونە یاوەری. هەر کە گەیشتبووە کفری برووسکە‌یەکی درێژ و ڕازاوەی بۆ ناردم! لەوێ لەو لیوایە حیزبێکی بەهێزى سەر بە تورکیا هەیە و هەر ئاغایەک کەوا خزمی ماڵی شێخ مەحموود نەبێت ڕکابەر یان دوژمنە. ئاخۆ ئەو شان و شکۆیە بە هۆى پشتگیریی ئێمەوە دەستیکەوتووە بەردەوام دەبێت یان نە، ئەوەیان نازانم.
لە ئیستادا نە مێجەر نۆئێڵ، کە شێخ مەحموود تکای لێکرد لەگەڵی بێت، نە هیچ ئەفسەرێکی بەریتانی پێ ناخەنە سلێمانییەوە تا کەریمی فەتاح بەگ، کەوا هەردوو کاپتن بۆند و ماکانتی کوشت، نەگیرێت یان لە شار نەچێتە دەرەوە. دوا هەواڵ کە ئێمە لە بارەیەوە بیستوومانە گوایە شێخ قادری برای شێخ مەحموود بە مودیر شارەدێی زاب دایمەزراندووە! هەرچۆنێک بێت ئەوەی ڕوودەدات خەریکە بەو بارەدا بشکێتەوە کە تووشی ئاژاوەگێڕیی ببێتەوە و کاتی خۆی ئێمە ڕزگارمان کرد لەو ئاژاوەیە و ئێستا ئێمە هیچ هەوڵێک نادەین بۆ وەستاندنی. شایەنی باسە بە گەیشتنی شێخ مەحموود بۆ کفری هۆزە کوردەکانی ناوچەی کەرکووک بە تێکڕا مەزبەتەیەکیان ئیمزا کردووە کە لە ملکەچیی حکوومەتی عەرەبیی کاتیی دەردەچن و دەڕۆنە سەر کوردستان لەژێر ڕکێفی شێخ مەحموودا. ئەمانەخۆشحاڵی و شکۆی خۆیان لە بێ حکوومەتیدا دەبینن و ئەوە جووتیار و بازرگانەکانن‌ کەوا گرفتار دەبن. ئەمانە کاتێک کە لە چاوەڕوانی دەکەون و نائومێد دەبن لە یارمەتیی ئێمە دواجار بادەدەنەوە بە لای تورکدا، بەپێی ئەو بنەمایەی کە هەر حکوومەتێک بێت باشترە لە بێ حکوومەتی. نەخێر من هیچ دڵخۆش نیم بە بارودۆخی سیاسی لە سلێمانیدا بەڵام تا ئاژاوە بەردەوام بێت ئەوە شێخ مەحموود باشترین شەڕخواز و پیاوخراپە.
1922-09-28
... تورکەکان، نەفرەتی خوایان لێبێت، لە خۆئامادەکردندان بۆ ئەوەی ئەمجارەش هێرشێکی تر بکەنە سەر #ئاکرێ#، کە دەکەوێتە باکووری #هەولێر#ەوە. ئەوان هێزێکی وایان بەدەستەوە نییە‌ بەڵام مەقاشی دەستیان خێڵەکانن کە دەیانجووڵێنن و لەبەر ئەوەی ئێمە تا ئێستا مستەکۆڵەی خۆمان لە گیرفانماندا شاردووەتەوە بۆیە خێڵەکان وا دەزانن تورکەکان تاقە لایەنن کە هێزیان بە دەستەوەیە و ئەمەش هۆکاری لەدەستدانی سلێمانی بوو بۆ ئێمە. ئێمە کارێکمان کردووە بەڵام لاى کەمەکەى لە پاش چل و هەشت کاتژمێر ئەنجامى دەردەکەوێت و هێزى ئێمە لە خێراییدایە بەڵام فەرماندەمان کەسێکە کە نازانێت ماناى خێرایى چییە و ئێستاش دەرفەتى ئەوەمان هەیە کە ئەزموونە گەورەکە تاقیبکەینەوە و بگەینە ئەو ئەنجامەى کەوا خێرایى و لەناکاو پەلاماردان دوا حوکم و بڕیار نییە‌ لە تاکتیکدا. لەو ساتەوە کە بە پلەی یەکەم مەبەستمانە گرنگی بدەین بە واتەواتی تورکەکان هیچ کەسێکی نیشتمانپەروەرمان نەخستە وەزارەتەوە و تەنیا شوێنی وەزیرە کۆنەکانمان ئاڵۆگۆڕ پێکرد. حاڵی ئامادەیش مەلیک ئاڕاستەی خۆی بەرەو ڕۆژاوا گۆڕیوە و من ئامادە بووم شتی زۆر بکەم لەپێناوی پێکهێنانی وەزارەت لەسەر ویست و خواستی ئەو بەڵام یاسین (واتە یاسین هاشمی -و) پشتی کردە ئێمە و ئەویش. ناجی سوەیدیش کە ئەو دەیەوێت، پاش سەرنەکەوتنی لە مەسەلەی یاسیندا، کەسێکی پەسەند نییە‌ لە لای نەقیب (واتە عەبدولڕەحمان نەقیب -و) و سا ئیتر پەنا بە خوا!
1922-10-08
... ڕاوێژێکی تر لەگەڵ مەلیک سەرلەنوێ هاتنی مێجەر نۆئێڵ بوو لە سلێمانییەوە و ئەوەی ئاشکرا کرد کە بارودۆخ لەوێ لەدەستمان دەرچووە. چوونکە شێخ مەحموود دەیەوێت ببێتە مەلیک لە کوردستانێکی یەکگرتوودا، ئەگەر ئەم کوردستانە بە مەلیکی بوونی ڕازی بێت یان نە. بەڕێکەوتیش زانیمان کەوا بەشێکی گەورەی ڕەعییەتەکەی داهاتووی بە هیچ شێوەیەک ئەویان نەدەویست.
دوێنێ مێجەر نۆئێڵ نانی نیوەڕۆی لەگەڵم خوارد و پاشان بە شەودا گەڕایەوە بۆ سلێمانی. ئەم ئەفسەرە باسی بارودۆخێکی زۆر مەترسیداری بۆ کردم کە هەموو شەوێک سەرکێشانە ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە. ئەو لە ژوورەکەی مندا دەهات و دەچوو و دیمەنی وای باس دەکرد کە جێی باوەڕ نەبوو و نەدەچووە ئەقڵەوە. هەڵچوونی خەڵک هەموویان بە دڵگەرمییەکی نیشتمانپەروەرانەوە بۆ پێشوازی کردنی جەردە و ڕێگرێکی نەزان و نەخوێندەوار کە شێخ مەحموودە و لەو ڕێوڕەسمەدا ئاڵاى نیشتمانیى دەشەکایەوە و سروودى نەتەوەیى و نیشتمانى دنیاى پڕکردبوو. لێرەدا مێجەر نۆئێڵ مەدالیایەکى نیوەمانگى ئاڵتوونى لە گیرفان دەرهێنا و وتى ئەمەش باجى کوردییە و لە بازاڕ درووستیان کردووە و ئەم دانەیەشیان داوە بە من بۆ پارێزگارى. ئەو بە ئۆتۆمبێل لە نزیکى سەد یاردەوە بە لاى ئەو سەرۆک هۆزەدا گوزەرى کردووە کە دوو کاپتنەکەى ئێمەى کوشت و ئێستا ناحەز و ڕکابەرى سەرسەختى شێخ مەحموودە. من باوەڕم نییە‌ ئەم مەدالیا ئاڵتوونە یارمەتیى بدایە و بیپاراستایە ئەگەر بهاتایە و کەریمى فەتاح بەگ لەسەرپێ بوایە، چوونکە ئەم لە نیوەشەودا بەوێدا تێپەڕیوە. دواجار ئەو خەڵکە مەزبەتەیەکیان بە مێجەر نۆئێڵدا ناردووە بۆ خاوەن شکۆ (کۆمیسیاری باڵا) و تێیدا داواکارن و دەستەودامێنمان بوون کەوا پارێزگارییان لێبکەین و هەموو خەرج و تێچوونێکیشیان دابین بکەین و لە هەمان کاتیشدا ئەوان بە کەیف و خوایشتی خۆیان هێزەکانی ئیمپراتۆری بەکاربهێنن و پارەش بەفیڕۆ بدەن. بەڵێ ئەوان دەوڵەتى کوردییان دەوێت و دەخوازن بەریتانیا پارێزگارییان لێبکات بەڵام ماندێتیش (ئینتیداب -و) ڕەتدەکەنەوە. عەبدولکەریمى قادرکەرەم کە یەکێک بوو لە خزمەکانى شێخ مەحموود و ناوبژیى نێوانمانى دەکرد، پرسیبووى باشە ماندێت چییە؟، کاتێک کە مێجەر نۆئێڵ بۆى باس کردبوو ئەمیش هاوارى کردبوو و گوتبووى خۆ ڕێک ئەوەیە کە ئێمە دەمانەوێت، بەڵام وشەى ماندێت ڕەتدەکرێتەوە چوونکە ناوبانگێکى باشى نییە‌ لاى خەڵک. تۆ بیهێنە بەرچاوى خۆت ئەم تێکەڵ و پێکەڵییەى چواردە خاڵە کەوا کۆمەڵەى گەلان دەریکردووە بۆ دوورترین قوژبنى دنیا و ئەم دڕندەیى و کێوى خانەیە (دیارە مەبەست چواردە خاڵەکەی ویڵسنی سەرۆکی ئەمریکا بووە نەک کۆمەڵەی گەلان یان عسبە الأمم -و)‌. دواتر ئەویش گەڕایەوە بۆ لایان و لەگەڵ کۆپییەکی لائیحەی پەیماننامەی لەگەڵ ئێراق بردبوو بۆ ئەوەی پێیان بڵێ ئەمە ئەو شتەیە کە دەکرێت پێتان ببەخشین و دەتوانن وەریبگرن یان بیدەنە دواوە و دەترسم ئەمە نائومێدمان بکات.
مێجەر نۆئێڵ لەو جۆرە کەسانەیە کەوا دەستوپەیوەندی ناوخۆی هەیە و دڵسۆزترین خەڵکن بۆی و لەپێناویدا خۆیان بەخت دەکەن. ئەو کەسانە تەواوی واتەوات و دەنگوباسی بازاڕی سلێمانیی بۆ دێنن و هەر لە ڕێگە‌ی ئەوانیشەوە ئەو دەنگۆیانە بڵاو دەکاتەوە کە خۆی مەبەستێتی خەڵک باوەڕی پێبکەن. بۆ نموونه، ‌ ئەوەی پێگەیشتووەتەوە کە سلێمانی پیرۆزبایی لە خۆی دەکات کەوا پیاوێکی ئینگلیزی وەک ئەوی تێدایە، چوونکە‌ ئەگەر کار ئاڵۆزیی تێکەوت و ئێمە بیرمان لەوە کردەوە شارەکە بۆردومان بکەین ئەوە دەتوانن ئەو بە بارمتە بگرن. لەبەر ئەوە لەناو خەڵکدا وای بڵاوکردووەتەوە گوایە‌ سازشی لەگەڵ حکوومەتی خاوەن شکۆی بەریتانیادا کردووە کەوا ئەگەر شتێکی نالەبار ڕوویدا لە دۆخەکەدا با پشتگوێی بخەن و بایەخی پێنەدەن بەڵام ئەگەر گیانی لەدەست دا ئەوە دەبێت بڕی دە هەزار پاوەن بدەنە کەسوکاری. بەم ڕەنگە‌ خەڵکەکە وازیان هێنا لەوەی بە بارمتە بیگرن و بیکەنە قەڵغانی پارێزگاری لە بۆردومان کردن.
10-24-1922
... یەکشەممە وەک هەفتانە خووم پێوە گرتووە پێش قاوەڵتیی بەیانی و پێش ئەوەی بچمە سەر دەوامەکەم کە لە زستاندا کاتژمێر هەشت و نیو دەست پێدەکات، بە ئەسپسواری پیاسەیەکم کرد. پێداچوونەوەیەکم نووسیوە بۆ پەرتووکە تازەکەی دوکتۆر ویگرام کوردستان لانکەی مرۆڤایەتی. دوێنێ لە ماڵەکەی من ئاهەنگێکی نانخواردنی ئێوارەمان ساز کرد بە ئامادەبوونی مستەر داڤیدسن، کاپتن کڵەیتن، مستەر کۆرنوالیس و خۆم. داماوە مستەر کۆرنوالیس تووشی نەخۆشییەکی سەختی لەرزوتا بوو و ماوەی دوو هەفتە لە جێگەدا خستی.
ڕۆژێکیان لەم هەفتەیەدا خێزانەکەی ساڵح بەگ سەردانێکی کردم بۆ چای خواردنەوە و دوو کوڕی بچووکی خۆی لەگەڵدا بوو، لە کاتێکدا کە منداڵان لە باخچەکەدا یارییان لەگەڵ ئاژەڵ و باڵدارە ماڵییەکاندا دەکرد وەک (سەگ و سوێسکە و قاز و کۆترەکان) و ئەویش چیرۆک و بەسەرهاتی سەیری ژیانی خۆیی بۆ دەگێڕامەوە و لەنێو ئەو بە سەرهاتانەدا (1) لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا لە ئەستەمبووڵ لەلایەن کۆمیتەی ئیتیحاد و تەرەقییەوە دەگیرێت و دەخرێتە زیندانەوە، لەبەر دابەشکردنی ڕۆژنامەی مەشرووتییەت‌، کە ڕۆژنامەیەکی لیبراڵ بووە و شەریف پاشای باوکی لە پاریس دەریدەکرد. پاشان لەلایەن سەعید حەلیم پاشای خاڵۆیەوە ڕزگار دەکرێت و بە هۆى پۆستەی ئۆریانت ئێکسپرێسەوە دەنێردرێتە پاریس بۆ لای باوکی. (2) لە ساڵی 1913دا لە ئەپارتمانە‌کەیاندا لە پاریس بەرەنگاری کابرایەکی زل و کەتەی ئەلبانی بوونەتەوە کە لەلایەن ئیتیحاد و تەرەقییەوە بۆ کوشتنی شەریف پاشا ناردوویانە و پاشان چۆن بینیوێتی ئەلبانییەکە لەلایەن ساڵح بەگی ئامۆزا و مێردیەوە کوژراوە. ئەم خانمە لە سەرى دایکییەوە نەوەی محەمەد عەلیی میسرە و هەموو ئەم چەرمەسەری و بەسەرهاتەی ژیانی بە شتێکی ئاسایی دەزانێت و ژنێکی تا بڵێى جوانە و خوێندنی باڵای تەواوکردووە و لە پاش ڕووخانی ئیتیحاد و تەرەقی بووە بە ناسیۆنالیستێکی تورکی پەڕگر. بەڵام من بە شەخسی باوەڕ ناکەم تورکیا هیچ دەرفەت و ئاسۆیەکی هەبێت و مستەفا کەمال، ئەو سەربازەی بەخت بووە بە یاوەری، پێدەچێت وەک دکتاتۆرێکی سەربازی سەربکەوێت و سەرپێ بکەوێت لەگەڵ دەستە و تاقمێکی خۆی لە ئەفسەرانی برسی و دڕندە.
دوێنێ نانی شێوانم لەگەڵ مستەر کۆرنوالیس و خانەوادەی ساڵح بەگدا خوارد.
... لەملاشەوە دەبێت ئەوە بڵێم من باوەڕ بە چیرۆکەکەی دۆمنوڵ ناکەم کەوا دڵنیایی دراوەتە فەرەنسا گوایە ئێمە مووسڵ دەگێڕینەوە بۆ تورکەکان و هەموو بەڵگەکان کە ئێمە هەمانە (ئێمەش لەناوخۆداین) بەڵگە و سەلماندنی پێچەوانەن، لە ماوەی مانگی ڕابوردوودا، بە هۆى کاری چالاکی فڕۆکەوە، ناوچە کوردییە سنوورییەکانمان لە تورکەکان پاککردەوە و لە مەلیکەوە بۆ خوارەوە هەموو دەزانین و لە وڵاتیش (واتە بەریتانیا -و) هەر دەزانن کەوا دەوڵەتی عەرەبی نایەتە بوون بە بێ ناوچەکانی باکوور. بەغداش زۆر لە نزیکەوە پشتی بە مووسڵ بەستووە و بێ مووسڵ پەیماننامەکە بێنرخ دەبێت. با ئەوەش بزانین کە ڕادەستکردنی هەر شوێنێک بە تورک بە واتای کوشتاری بەکۆمەڵ دێت بۆ کۆمەڵگەی کریستیان و ئاخۆ لەبیرتە کە بە گوندەکانی کریستیاندا گوزەرمان کرد لە ڕێگە‌ماندا بەرەو هەولێر و دواى لەناوبردنی ئاسوورییە گەڕاوەکانی بۆ وڵاتی خۆیان (بڕوانە پێداچوونەوەکەی سەردەم) کە ئەم شتانە دەبێتە بێڕێزی پێکردنی هەتاهەتاییمان لە ئاسیادا. عیسمەت پاشا دڵنیاکردنەوەیەکی تایبەتیی داوینەتێ (کە ئەمەیان ئەوپەڕی نهێنییە) گوایە کەمالییەکان بەنیاز نین داوای گێڕانەوەی خاکی ئێراق بکەن و پێم وایە زانیارییەکانی من لە هى دۆمنوڵ باشتره.
کاپتن کڵەیتن و نووری پاشا و من لە نانخواردنی نیوەڕۆ لە ماڵەکەمدا پێشنیازێکی پرشنگدارمان گەڵاڵە کرد کەوا پێویستە ڕێگە‌ بە ئێراق بدرێ نوێنەری خۆی بنێرێتە کۆنگرەی ئاشتی (کە ئەمەش ئەوپەڕی نهێنییە) و هەر ئەم دواینیوەڕۆیەش پێشنیازمان کرد بۆ مەلیک و لەخۆشیاندا ڕاچڵەکی و داواکارییەکە بە شێوەیەکی ڕەسمی ڕەوانەی وڵات کرا و (واتە بەریتانیا -و) ئەگەر ئەمە ڕەزامەندیی لەسەر درا ئەوە یەکێتیی خاکى ئێراق دەپارێزن.
ئێستا وا پەیماننامەکە مۆرکرا و مەلیک چووەتە دەرەوە بۆ داکۆکی کردن لە هەر دێڕێکی لە بەرانبەر سادەترین دەم هەڵهێنانەوە بۆ ڕەخنە لێگرتنی. جاڕدانی لەلایەن خۆیەوە و برووسکە‌کەی بۆ مەلیک جۆرج بەوردی حاڵەتی دەروونیی ئەو دەردەبڕێت. ئیرادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەرکرا و تۆمار کردنی دەنگدەران دەستی پێ کردووە لەم هەفتەیەدا و نزیکەی شەش هەفتە دەخایەنێت و مەلیک بڕیاریداوە و سوورە لەسەر ئەوەی کە ئەنجوومەنێکی نوێنەرانی وا هەڵدەبژێرێت کە ڕەزامەندیی لەسەر پەیماننامەکە دەربڕێت و پێم وایە جێبەجێ دەبێت.
1922-11-01
... هێشتا هەر ئەو ئۆپرا گاڵتەجاڕییە بەردەوامە لە کارکردن لە سلێمانیدا، کە شێخ مەحموود نمایشی دەکات، بەڵام بەڵگەکان وا دەگەیەنن کە لەوانەیە بەم زوانە بکشێنەوە. بەم دواییە شێخ مەحموود وەزارەتێکی دامەزراندووە کە لە نۆ وەزیر و فەرماندەیەکی گشتی و پشکنەرێکی گشتی بۆ کوردستان پێکدێت. سەرنجم دا کە وەزارەتی داد هێشتا پڕ نەکراوەتەوە و ئەوان هەموو ئەو چوار لاک و نیو ڕوپیەیان خەرج کردووە کە لە گەنجینەدا بەجێمانهێشت (ئەو دەمە یەک لاک یان لاخ سەد هەزار ڕوپێ بووە -و) و کەس نییە‌ تەنانەت خەونیش بە کۆکردنەوەی باجەوە ببینێت!
لە و ماوەیەدا سمکۆ بۆ لای ئێمە هەڵات لەگەڵ سەید تەهای پاشکۆیدا، پاش شەڕ و شۆڕێکی خوێناوی لەگەڵ ئێراندا کە بە ناوی نەتەوەی کوردەوە بەرپابوو و ئێرانییەکان شکستیان پێهێنا و ئەمیش خۆی گەیاندە لاى ئێمە بۆ هەولێر. لەبەر ئەوەی سمکۆ کێشە و ئاڵۆزییەکی دیپلۆماتیک و پەیوەندیى نێودەوڵەتی بۆ بەرپا دەکردین بۆیە پێیڕاگەیەنرا کە لە ئێستادا نەیەتە ناو هەولێرەوە و لە دووریی چەند میلێک لەوێ بمێنێتەوە. بەڵام ئەمان ئامادەن دژ بە تورکەکان بجەنگن لەسەر سنوورمان -چوونکە‌ وەک ئەوان دەڵێن گوایە تورکەکان دەسدرێژییان کردووەتە سەر ئازادیی کوردستانی سەربەخۆ! پێموانییە‌ سمکۆ بە چاوی سۆز و پشتگیرییەوە بڕوانێتە داخوازییەکانی شێخ مەحموود و ئەگەر لێبگەڕێین کارەکان ڕێگە‌ی خۆیان بگرن ئەوە ڕەنگە‌ چەقۆیەک یان دوان ڕێگە‌ی خۆیان بدۆزنەوە بۆی و من بە هێمنی و بەوردی دەڕوانمە ئەم ئەگەرە.
ئێستا وەفدێکی کورد بەڕێوەیە بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە کێشەی کورد لەگەڵ خاوەن فەخامەت کۆمیسیاری باڵا و خاوەن شکۆ جەلالەتی مەلیک (واتە پێرسی کۆکسی مەندووبی سامی و شا فەیسەڵی یەکەم -و). شەمەندەفەر وەفدەکەی بەجێهێشتووە وەک زۆر جار ڕوودەدات، بەڵام ڕەنگە‌ سبەینێ بگەن. بێگومان ئەگەر تورکەکان نەبن ئەوە مەسەلەى کورد شتێک نییە‌ لە نوکتەیەکى گەورە بەولاوە و ئێمە بۆردومانى خەستى تورکەکانمان کردووە، بەڵام ئەوان لە باکوور کۆبوونەتەوە و بۆیە پێم وایە ساڵ زۆر درەنگە‌ بۆ جموجووڵێکى ڕاستەقینە و کردەیى لە چیاکاندا.
1922-11-02
… وەفدە کوردییەکە گەیشت و لە چواردە کەس پێکهاتوون لەگەڵ یاوەرانیان و هەموویان چەکدارن. ئەمانە لە ئوتێلێکی بچووک دابەزیون پاش ئەوەی میوانەکانی تریان دەرکردووە و پاشان خاوەنی ئۆتێلەکەش لە ترسا ڕایکردووە و لەژێرزەمینەکەدا خۆی شاردووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا مێجەر نۆئێڵ دەڵێت کەوا ڕا و بۆچوونی بەجێیان پێیە و ئێوارە ڕوونی دەکەنەوە بۆ سێر پێرسى.[1]
ئەم بابەتە 41 جار بینراوە
هاشتاگ
سەرچاوەکان
[1] ماڵپەڕ | کوردیی ناوەڕاست | awene.com 01-03-2024
بابەتە پەیوەستکراوەکان: 2
پەرتووکخانە
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
ڕۆژی دەرچوون: 01-03-2024 (0 ساڵ)
پۆلێنی ناوەڕۆک: مێژوو
پۆلێنی ناوەڕۆک: دۆزی کورد
جۆری دۆکومێنت: وەرگێڕدراو
جۆری وەشان: چاپکراو
زمان - شێوەزار: کرمانجیی ناوەڕاست
وڵات - هەرێم: باشووری کوردستان
وەرگێڕدراو لە زمانی: ئینگلیزی
تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان
کوالیتیی بابەت: 98%
98%
ئەم بابەتە لەلایەن: ( هەژار کامەلا )ەوە لە: 04-03-2024 تۆمارکراوە
ئەم بابەتە لەلایەن: ( زریان سەرچناری )ەوە لە: 18-03-2024 پێداچوونەوەی بۆکراوە و ئازادکراوە
ئەم بابەتە بۆ دواجار لەلایەن: ( زریان سەرچناری )ەوە لە: 18-03-2024 باشترکراوە
ناونیشانی بابەت
ئەم بابەتە بەپێی ستانداردەکانی کوردیپێدیا هێشتا ناتەواوە و پێویستیی بە داڕشتنەوەی بابەتی و زمانەوانیی زۆرتر هەیە!
ئەم بابەتە 41 جار بینراوە
فایلی پەیوەستکراو - ڤێرشن
جۆر ڤێرشن ناوی تۆمارکار
فایلی وێنە 1.0.170 KB 17-03-2024 هەژار کامەلاهـ.ک.
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
وێنە و پێناس
مامۆستایانی قوتابخانەی ئابڵاخ
ژیاننامە
مەلا سەید ئەحمەدی فەیلەسوف
پەرتووکخانە
چەمکی ڕێزمانێتی لە تیۆری بەرهەمهێناندا
کورتەباس
نەورۆز لە نێوان ئەفسانەو ڕاستی مێژوودا
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
ژیاننامە
توانا موتیع جەباری
پەرتووکخانە
پرۆژەی لە چاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی پاسۆک؛ بەرگی 02
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
ژیاننامە
مژدە عەبدولحەمید
ژیاننامە
دانا موتیع جەباری
ژیاننامە
فاتیح عەبدولکەریمی مودەریس
کورتەباس
میللەتانی جیهان لەروانگەی ئەتنۆگراف ناسەکانەوە-بەشی دووەم
ژیاننامە
سروە ساڵەیی
وێنە و پێناس
بەردەرکی سەرا ساڵی 1959
کورتەباس
تاوانی دژی پزیشکی
پەرتووکخانە
نوسین و شیکردنەوەی جفرە
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
کورتەباس
ناهەمواری کتوپڕ
ژیاننامە
نیشتیمان عەبدولقادر ئەحمەد
شوێنەوار و کۆنینە
سیاهگل.. پەرستگەی سەردەمی ساسانییەکان
وێنە و پێناس
دوو خانمی کورد لە ماردین ساڵی 1900
ژیاننامە
سابات محەمەد ساڵح
پەرتووکخانە
لەیلێ و مەجنوون؛ دەباغیان
ژیاننامە
شەم سامان
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
ژیاننامە
شاهۆ غەفور حسێن
پەرتووکخانە
ڕۆژگاری ژیانم
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
وێنە و پێناس
تیپی وەرزشی گۆران ساڵی 1988 لە شاری سلێمانی
وێنە و پێناس
کاک عەبدوڵڵا عارف و منداڵەکانی لە گەڕەکی سەرشەقامی سلێمانی
کورتەباس
لیزەر .. میزەر
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای نارین

ڕۆژەڤ
ژیاننامە
ڕەوشەن بەدرخان
18-11-2008
هاوڕێ باخەوان
ڕەوشەن بەدرخان
ژیاننامە
مستەفا زەڵمی
21-12-2009
هاوڕێ باخەوان
مستەفا زەڵمی
ژیاننامە
شێخ مستەفا بەرزنجی
26-08-2022
شەنە بەکر
شێخ مستەفا بەرزنجی
ژیاننامە
فرەنسیس شێر
04-06-2023
ئاراس ئیلنجاغی
فرەنسیس شێر
ژیاننامە
شاهۆ غەفور حسێن
30-05-2024
کشمیر کەریم
شاهۆ غەفور حسێن
 چالاکییەکانی ڕۆژی
بابەتی نوێ
پەرتووکخانە
نوسین و شیکردنەوەی جفرە
04-06-2024
کشمیر کەریم
پەرتووکخانە
ڕۆژگاری ژیانم
04-06-2024
کشمیر کەریم
پەرتووکخانە
پرۆژەی لە چاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی پاسۆک؛ بەرگی 02
03-06-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
لەیلێ و مەجنوون؛ دەباغیان
03-06-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
وێنە و پێناس
مامۆستایانی قوتابخانەی ئابڵاخ
03-06-2024
کشمیر کەریم
وێنە و پێناس
کاک عەبدوڵڵا عارف و منداڵەکانی لە گەڕەکی سەرشەقامی سلێمانی
03-06-2024
کشمیر کەریم
وێنە و پێناس
تیپی وەرزشی گۆران ساڵی 1988 لە شاری سلێمانی
02-06-2024
کشمیر کەریم
پەرتووکخانە
چەمکی ڕێزمانێتی لە تیۆری بەرهەمهێناندا
01-06-2024
کشمیر کەریم
پەرتووکخانە
ڕستەی باسمەند لە زمانی کوردیدا
01-06-2024
کشمیر کەریم
پەرتووکخانە
هەستانەوەی کوردستان؟
01-06-2024
کشمیر کەریم
ئامار
بابەت 518,790
وێنە 105,975
پەرتووک PDF 19,359
فایلی پەیوەندیدار 97,469
ڤیدیۆ 1,396
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
وێنە و پێناس
مامۆستایانی قوتابخانەی ئابڵاخ
ژیاننامە
مەلا سەید ئەحمەدی فەیلەسوف
پەرتووکخانە
چەمکی ڕێزمانێتی لە تیۆری بەرهەمهێناندا
کورتەباس
نەورۆز لە نێوان ئەفسانەو ڕاستی مێژوودا
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
ژیاننامە
توانا موتیع جەباری
پەرتووکخانە
پرۆژەی لە چاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی پاسۆک؛ بەرگی 02
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
ژیاننامە
مژدە عەبدولحەمید
ژیاننامە
دانا موتیع جەباری
ژیاننامە
فاتیح عەبدولکەریمی مودەریس
کورتەباس
میللەتانی جیهان لەروانگەی ئەتنۆگراف ناسەکانەوە-بەشی دووەم
ژیاننامە
سروە ساڵەیی
وێنە و پێناس
بەردەرکی سەرا ساڵی 1959
کورتەباس
تاوانی دژی پزیشکی
پەرتووکخانە
نوسین و شیکردنەوەی جفرە
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
کورتەباس
ناهەمواری کتوپڕ
ژیاننامە
نیشتیمان عەبدولقادر ئەحمەد
شوێنەوار و کۆنینە
سیاهگل.. پەرستگەی سەردەمی ساسانییەکان
وێنە و پێناس
دوو خانمی کورد لە ماردین ساڵی 1900
ژیاننامە
سابات محەمەد ساڵح
پەرتووکخانە
لەیلێ و مەجنوون؛ دەباغیان
ژیاننامە
شەم سامان
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
ژیاننامە
شاهۆ غەفور حسێن
پەرتووکخانە
ڕۆژگاری ژیانم
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
وێنە و پێناس
تیپی وەرزشی گۆران ساڵی 1988 لە شاری سلێمانی
وێنە و پێناس
کاک عەبدوڵڵا عارف و منداڵەکانی لە گەڕەکی سەرشەقامی سلێمانی
کورتەباس
لیزەر .. میزەر
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای نارین

Kurdipedia.org (2008 - 2024) version: 15.58
| پەیوەندی | CSS3 | HTML5

| کاتی ئافراندنی لاپەڕە: 1.015 چرکە!