=KTML_Bold=مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت:=KTML_End=
پێکهاتەکان بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی کوردستان و لەبەر توندیی کێبڕکێکان ڕەنگە بەبێ بوونی کۆتا نەتوانن نوێنەرایەتیی خۆیان لە پەڕڵەمانی کوردستان دەست بخەن.
ئەم وتانەی #مەسعود بارزانی#، سەرۆکی #پارتی دیموکراتی کوردستان# لەمیانی پێشوازی کردن بوو لە گلین مایڵز، باڵیۆزی ئوسترالیا لە ئێراق کە ئەمڕۆ دووشەممە #04-03-2024# لە #پیرمام# ئەنجامدرا.
لە دیدارەکەدا باڵیۆزی ئوسترالیا ستایشی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان کرد و خواستی وڵاتەکەی بۆ قووڵ کردنەوەی ئەم پەیوەندییە خستەڕوو.
لە دیدارەکەدا باس لە هەڵبژاردنی پەڕڵەمان لە هەرێمی کوردستان کرا، کە بڕیارە لە #10-06-2024# ئەنجام بدرێت، لەم ڕووە تاوتوێی پرسی سەختیی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە بەبێ بەشداریی سەرجەم پێکهاتەکان کرا، لەبەر ئەوەی هەڵوەشاندنەوەی کۆتای پێکهاتەکان لێدانە لە پرسی هاوبەشێتی و پێکەوەژیان.
هەروەها ئەوەش خرایە ڕوو، کە هەرێمی کوردستان بەردەوام پێداگیریی لەسەر پێکەوەژیان کردووە، بەوپێیەی یەکێکە لەو بنەما سەرەکییانەی کە بەشداری کردن لە پڕۆسەی سیاسیی لە هەرێمەکە دا لەسەری بوونیات نراوە.
مەسعود بارزانی وتیشی، پێکهاتەکان بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی کوردستان و لەبەر توندیی کێبڕکێکان ڕەنگە بەبێ بوونی کۆتا نەتوانن نوێنەرایەتیی خۆیان لە پەڕڵەمانی کوردستان دەست بخەن.
لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا، مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی لە ئێراق باس کرا، بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەمە پرسێکی نیشتمانییە و پەیوەستە بە سەرجەم پێکهاتەکان و پێویستە لەم ڕوانگەیەوە درک بە مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر بکرێت. [1]