کچە کوردێکی ئێزدی گەڕێندرایەوە نێو کەسوکاری، ئەوەش دوای ئەوەی سەرەتای ئەم هەفتەیە لە ڕۆژاوای کوردستانەوە گەڕێندرایەوە #شەنگال#.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە #07-03-2024#، کچە کوردێکی ئێزدی دوای 10 ساڵ دووری لە کەسوکاری خۆی گەڕێندایەوە شارۆچکەی #سێمێڵ# لە پارێزگای #دهۆک# و بە کەسوکاری شادبوویەوە.
ئەو کچە ناوی کۆڤان عیدۆیە و لە سەرەتای ئابی 2014 لەلایەن داعشەوە ڕفێنرا.
کۆڤان کاتێک ڕفێنرا تەمەنی 14 ساڵ بوو و ڕۆژی شەممە #02-03-2024# لە ڕۆژاوای کوردستانەوە گەڕێندرایەوە شنگال و ئەمڕۆش گەڕێندرایەوە نێو کەسوکاری لە پارێزگای دهۆک.
حسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی دەستی #داعش# بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی گوت، دایک و باوکی ئەو کچە لە ژیاندا نەماون.
کوردانی ئێزدی بە گەڕاندنەوەی کۆڤان بۆ نێویان زۆر خۆشحاڵ بوون و لە ڕێوڕەسمێکدا بە گوڵ و چەپڵەلێدان پێشوازییان لێ کرد.
کۆڤان خۆشحاڵی خۆی بەرانبەر ڕزگارکردنی و گەڕانەوەی بۆ نێو کەسوکاری دەربڕی و وتی، چەکدارانی داعش بۆ ماوەی 10 ساڵ لە کەسوکار و نیشتمانی خۆی بێبەشیان کرد.
لە هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال لە #03-08-2014#، داعش کوردانی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد و شەش هەزار و 417 کەسی ڕفاند.
بەگوێرەی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی دەستی داعش، تاوەکوو ئێستا 3 هەزار و 575 کوردی ئێزدی لە دوای ڕفاندنیانەوە ڕزگار کراون. [1]