ژن لەنێوان فۆلکلۆری کوردی و فەلسەفەی ڕۆژاوادا
#ڕەسوڵ بۆسکێنی#
هەر لە سەرەتاوە کۆمەڵگەی کورد کۆمەڵگەیەکی نەرم بووە بەرانبەر بە ژن، هەمیشە پیاوی کورد ئەرێنی مامەڵەی لەگەڵ ژن ئەنجامداوە، لە چوارچێوەی ماڵدا دەرگای لەسەر کڵۆم نەداوە، بە حوکمی سرووشتی ژیانی کوردەواری وای خواستووە، پیاو هەمیشە لەکار و فەرمانی ڕۆژانەی لە دەرەوەی ماڵ و لە دەرودەشتدا پێویستی بە ژن هەبووە، ژنی کورد بە درێژایی مێژوو شانبەشانی پیاو کاری کردووە، ئەمەش وای کردووە بەبێ حیجاب و باڵاپۆشی لەتەک پیاودا بێت، توێژەر و مێژوونووسی عەرەب (مەجدی خەلیل) دەڵێت: ژنانی کورد پۆشاکی کوردی ڕەنگا و ڕەنگ دەپۆشن و باڵاپۆش نین، لە چکێکی ناسک دەدەن بەسەریاندا، بۆ ئەوەی شۆخ و شەنگیان دەرکەوێت، ئەو لەچکەیان لە ئیسلام وەرنەگرتووە، بەڵکوو زەردەشتییەکان پۆشاکی ڕەنگاوڕەنگ و باق و بریقیان بەکارهێناوە.
ئەم ڕاستییە لە ژیان و هەڵسوکەوتی ڕۆژنەدا پەیڕەوکراوە و لە پەند و چیرۆک و داستانە فولکلۆرییەکاندا ڕەنگی داوەتەوە، کورد لە ئەدەبی زارەکی خۆیدا لە دێرزەمانەوە بۆ پاراستنی کولتوور و زمان و خاک و نیشتمان، ئەدەبیاتی بەکارهێناوە، مرۆڤەکان بەپێی داب و نەریت و کولتووری خۆیان چیرۆک و هۆنراوە و بەسەرهات و پەندیان لە شێوەی فەلسەفە داڕشتووە و بۆ نەوەکانی داهاتوویان گێڕاوەتەوە و بە میرات بۆ نەوەی دوای خۆیان بەجێهێشتووە.
کورد لە ڕێگای ئەدەبی زارەکییەوە داستانی دڵداری و بەسەرهاتی قارەمانەتی و ڕووداوی سەختی ڕۆژگار و ئەزموونی ژیانی خۆی لە گوێ ئاگردان و ژووری دیوەخانەکانی خۆیدا گێڕاوەتەوە، بەو چیرۆکانەش ڕووداوی کارەساتبار و دڵخۆشی دەربڕیووە و داستانەکانی خۆشەویستی و دڵداری لاوەکانی زیندوو ڕاگرتووە، لە فەرهەنگی خۆی و لە ئەدەبی زارەکی کوردیدا بە چەندین شێوە باسی ژنی کوردەواری کراوە، پایەی ژنی کوردی بە شکۆوە لەو سەردەمەدا پیشانداوە، کە چۆن ژنی کورد لە ژیانی کۆمەڵگەی کوردیدا ڕۆڵی گرنگی هەبووە و ڕێزی لێگیراوە، مێژوونووسی سۆڤیەتی (فلادیمێر مینۆرسکی) دەڵێت: ژنی کورد زۆر پەیوەستن بە مێردەکانیانەوە و پێگەیەکی بەرز و پیرۆزیان هەیه، لە خێزان و کۆمەڵگەدا، پیاوانی کورد زۆرترین لێبووردەییان هەیە بەرانبەر ژنەکانیان، چونکە بە درێژایی مێژوو ئەو ڕێز و متمانەیەیان درووستکردووە.
سەرەڕای پەند و چیرۆکی کوردەواری لە ناساندنی ژنی کورددا، زۆربەی ڕۆژهەڵاتناس و گەڕیدە ئەوروپایی و ئەمریکاییەکانیش گەواهی ئەوەیانداوە، ژنی کورد، لە ژنی فارس و تورک و عەرەب و نەتەوە موسوڵمانەکانی دراوسێی باشتر ڕێزی لێگیراوە و ئاوڕی لێ دراوەتەوە، پەندەکانی نێو ئەدەبێت کوردیش گەواهی ئەو ڕاستییە دەدەن، بۆ نموونە لە پەندێکی کوردیدا دەڵێت:
شێر لە بێشە دەرچێ، چ نێر و چ مێ!
ئەم پەندە ئاماژەی ئەوەیە، لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەر کەسێک دەرکەوت و توانی لێهاتوویی خۆی بسەلمێنێ، هیچ گرنگ نییە پیاو بێت یا ژن، لە مێژووی ڕابردووی نەتەکەوەشماندا ئەوە سەلمێنراوە، لەپاڵ کەسایەتی هەڵکەوتووی پیاواندا، چەندین کەسایەتی لێهاتووی ژنی کوردەواری وەک: #خانزاد#ی میری سۆران و #حەپسەخانی نەقیب# و #مینا قازی# و #قەدەم خێر#ی بەختیاری و چەندانی دیکەش لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی نەتەوەی کورددا ڕۆڵی گرنگیان گێڕاوە، لە پەندێکی دیکەدا دەڵێت:
ژن مەڵحەمی مێردەکەیەتی
لە هۆنراوەیشدا هاتووە:
هەسانی مێردن ژنان هەموویان
بەنووکەنووکێ ئیش دەکەن شوویان
ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی ژنانی کورد کاریگەریی زۆریان لەسەر مێردەکانیان هەیە، بە تایبەت ژنی میر و دەسەڵاتدارانی کورد، ڕۆڵی گرنگیان گێڕاوە، لە ئاڕاستەکردنی مێرد و پیاوانی دەروبەریان لە کاری چاکە و خێرخوازی لەژێر سایەی دەسەڵاتیاندا، لە پەندێکی دیکەی کوردەواریدا هاتووە:
پیاو هەتا ئێوارێ بکا هۆهۆیە
ئەگەر ژن نەکات گردەوە کۆیە
دوایە هەر دەبێتەوە ڕەنجەڕۆیە
لەم پەندەشدا ئاماژەی داوە لە کۆمەڵگەی کوردیدا ژن و پیاو هەردووکیان بە یەکەوە ڕۆڵی گرنگیان هەیە، ئەگەر پیاو بەیانی هەتا ئێوارە ڕەنج بدا و هۆهۆ بکات لە جووت و خەلە و خەرمان هەوڵ بدات، ئەگەر ژن گردەوە کۆی نەکات، لە کۆتاییدا هەر ڕەنجەڕۆیی لە دوایە، ئەم پەندە ئەوپەڕی ڕێزی ناوە لە پایەی ژن لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا، بەیەکسانی لەهاوشانی پیاو دایناوە، هەروەها #بێکەس#ی شاعیر دەڵێت: نێر و مێ هەردوو بەجووتە هەوڵێ نەدەن دوورە دەرچوونی لە زیللەت، چونکە مەعلومە مەل بەبڵێ نافڕێ.
هەروەها ئەفلاتوونیش دەڵێت: لە ئایینی زەردەشتیدا ژن و پیاو لە دووتای یەک تەرازوودا هاوسەنگن، زەردەشت لەو سەردەمە دێرینەدا بۆ دامەزراندنی ژێرخانی کۆمەڵ، یەکسانیی مافی ژن و خێزانی لا مەبەست بووە، مەرجی پێشکەوتنی کۆمەڵگەی بەئازادی و یەکسانیی ژن و پیاو زانیوە.
هەروەها لە پەندێکی دیکەی کوردیدا وتراوە:
ژن کۆڵەکەی ماڵە، ماڵی بەبێ ژن چۆڵ و بەتاڵە
لەگەڵ ئەوەشدا پەندی واش هەیە بە نەرێنی لە توانای ژنی ڕوانیوە، بەڵام ئەوە هیچ لە بیری زۆرینەی کورد بۆ شکۆی ژن کەم ناکاتەوە، بێگومان ئەو قسانە هەمووی بە پێی چاخ و سەردەمێکی دیاریکراو وتراوە، کە گرێدراوی بۆچوونی ئەو سەردەمە بووە، بەڵام لەم سەردەمەی ئێستاشدا لە دوای ڕاپەڕینەوە بەهۆی پێشکەوتن و ڕەوتی ڕووداوەکان ژنی کورد زیاتر هاتووەتە دەرەوە بۆ کار و فەرمانگە و دووکان و سیاسەت، بەشی زۆری مامۆستا و پارێزەر و پزیشکی ئەم وڵاتە ژنن، کەچی لە بەختی کورد، هەندێک لە قەڵەم بە دەستانی ئێمە بە شێوەیەکی ناشیرن ڕەفتاری کۆمەڵگەی کوردیان بەرانبەر ژن پیشان داوە، هەر کاتێک باسی ژن و پایە و ڕۆڵی ژنی کورد بکرێ، ئەوانە وایان پێ باشە (غەربی مەزاج) بیربکەنەوە و وا پیشان دەدەن ژن لای ڕۆژاوا زۆر ڕێز لێ گیراوە و لای ئێمە دەرگای لەسەر کڵۆم دراوە.
بێگومان لە هەموو کۆمەڵگەکان توندوتیژی هەیە، بەڵام جیاوازییەکە لەنێوان ئێمە و ڕۆژاوادا ئەوەیە، ژیان و مامەڵەی ڕۆژانەی کۆمەڵگە لای ئەوان بە یاسا ڕێکخراوە و هەر کەسێک زیادەڕۆیی بکات لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت، بە پێچەوانەی لای ئەوان ژیان لە کۆمەڵگەی کوردیدا خۆرسکە و ئەوەی دەکرێت بۆچوونی هەڵقوڵاوی هزری تاکی کوردە و پێویستی بە چەسپاندنی یاسا هەیە، نەنکم دەیگێرایەوە: لە ساڵانی ڕابردوو لە کوردەواریدا مرۆڤ کوشتن بە گشتی کارەساتێکی گەورەبوو، لە هەر شوێنێک مرۆڤێک بکوژرایە، لەبەر قێزەونی ئەو کارە ئەوەندە بە سام بوو، تاماوەیەکی زۆریش خەڵک لە ڕۆیشتن بە شوێنی ڕووداوەکەدا خۆیان دەبووارد، ئەگەر ئێستا بارودۆخەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، تەکنەلۆژیای نوێ و تێکەڵ بوون بە کولتووری وڵاتانی بیانی هۆکاری سەرەکییە.
سەدان بەڵگەی ئاوا لە کولتووری کوردی و لە مێژوودا دەڵێ: ژن بە گشتی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا سالار و قەدر گیراوە و لەنێوماڵیشدا خاوەن بڕیار بووە، ئەگەر نموونەی نەرێنی لای ئێمە هەیە، بێگومان لای ڕۆژاواییەکانیش لەوە کاریگەرتر هەیە، فەرموون با گوێ لە چیرۆکی گەورەترین فەیلەسووفەکانی ڕۆژاوا بگرین:
قوتابیەک لە سۆقراتی پرسی: قوربان ئامۆژگاریم دەکەی ژن بێنم؟ ئەویش وەڵامی دایەوە: بێگومان، چونکە ئەگەر نسیبت ژنێکی چاک بوو، ئەوە بەختەوەر دەژیت، ئەگەر نسیبت ژنێکی هارو دەم هەراش بوو، ئەوە دەبی بە فەیلەسوف!
سوقرات ئامۆژگارییەکەی لە واقعی ژیانی خۆیەوە کردووە، سۆقرات بەختی لەگەڵ ژنێکی هاردا بووە، ڕۆژێکیان لەسەر مەسەلەیەکی زۆر بچووک دەستی کرد بەقسە پێ وتنی، ئەمیش گوێی نەدایە قیژە و هاوارەکەی، ئەو جامێکی پڕ لە ئاوی تێ گرت، سوقراتیش بە هێمنی پیی وت: کە هەور و هەورە تریشقە توند دەبێ ئاساییە چاوەڕێی باران بکەین!
ئەفلاتۆن مافی ژنھێنان و ھاوسەرگیری لە چینی دانایان و سەربازان دەکشێنێتەوە و مافی سێکس کردنی ئازادی پێدان، ئەمەش بۆ ئەوەی کاتیان ھەبێت بۆ بەرژەوەندی شارە پاکیزەکەیان و پەیوەندییەکانی خێزانی لە کاریان نەخات، ھەرچەندە پەیوەندی خێزانی سۆز و فێنکییان پێدەبەخشێت، بەڵام لە بەرانبەردا–بە پێی تێڕوانینی ئەو–وابەستە و بەندی دەکات بەترسنۆکی و دوودڵی و ھەستکردن بە ترس بۆ ئەو خێزانەی خۆشی دەوێت، بەڕای ئەو ھاوسەرگیری کردن، تەنیا پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتییە، دەبێتە کۆسپ لە بەردەم پێشکەوتنی خودی مرۆڤ و جێبەجێ کردنی ئەرکەکانی، لە بەرانبەر کۆمەڵگە و لە بەرانبەر خۆیشی و گەیشتن بە خەونەکانی و بە نەبوونی چەمکی خێزان، بێگومان بەمەش ڕۆڵێکی گرنگ لە ڕۆڵەکانی ئافرەت لەو شارەدا ون دەبێت.
کاتێک تیۆرەکانی ئەرستۆ دەربارەی ژن دەخوێنینەوە، زۆرێک هەن ئەرستۆ بە دوژمنێکی سەرەکی ژن لە قەڵەم دەدەن، چونکە لە ڕێی فەلسەفەوە ویستوویەتی ئەو باوەڕە لای خەڵکی ناوچەکە درووست بکات، کە ژن (پلەنزم و بێتوانان) و ژن بوون (نەنگی)یە.
ئەرستۆ دەڵێت: پێویستە ژنان ژێر دەستەی پیاوان بن و نابێت هیچ دەسەڵاتێکیان هەبێت، بەڵام ناشگەنە ئاستی کۆیلایەتی، هەروەها دەڵێت: مێرد دەسەڵاتی سیاسی لەسەر ژنەکەی بەکاربهێنێت.. ئەمەشی بە چەند هۆکارێکەوە بەستووەتەوە، ئاشکراترینیان، بە پێی بۆچوونی ئەو: ژنان زوو هەڵدەچن، سۆزدارترن، بۆڵە زۆر دەکەن و فێڵبازتریشن، لە شوێنێکی تردا دەڵێت: ژن بوونەوەرێکی نادرووستە و سرووشت درووستی کردووە، وەک درەختێکی ژەهراوی وایە، بە ڕووکەش جوانە، بەڵام کاتێک باڵندە لێی دەخوات، دەمرێت، هەرچەندە ئەرستۆ مافی بەختەوەریی بە ژن بەخشیوە، بەهەمان شێوەی پیاوان، لەو بارەیەوە لە وتەیەکدا دەڵێت: کۆمەڵ بەبێ بەختەوەریی ژن، بەختەوەر نابێت...
ئەرستۆ لە تیۆرەکانیدا سەبارەت بە بۆماوەیی جینەکان دەڵێت: دایک توخمی خراپ دەدات بەوەچەکانی، بەڵام پیاو توخمە باشەکانی دەبەخشێت (وێنەیەکی دابەشبوونی توخمەکانی کێشاوە، دەبینین لە گواستنەوەی توخمەکاندا یەکسان نین)...هەروەها بۆچوونی وابووە، ژنان پلەیان لە پیاوان کەمترە، هەروەک لە پەرتووکی (سیاسەت)دا دەڵێت: بەسرووشت پیاوان بە تواناترن لە ژنان، پیاوان دەسەڵاتدارن و ژنان ژێر دەستەن و تەنیا بۆ منداڵ بوون دەشێن.
ئەو بۆچوونانەی ئەرستۆ، زادەی ژینگە و سەردەمی خۆیەتی و نابێت لەواقیعی ئەو کاتی ئەسینا جیابکرێتەوە، بەڵام چەندین سەدە دوای ئەرستۆش، دەیان فەیلەسوف هەبوون، هەمان تێڕوانینی ئەرستۆیان بۆ ژن هەبووە، بۆ نموونە: ڕۆسۆ دەڵێت: ژن بۆ زانست و حیکمەت درووست نەبووە، بەڵکوو تەنیا بۆ پڕکردنەوەی شەهوەتی پیاوان، هەروەها ئیمانوێل کانت دەڵێت: ئەقڵی ژنان ناتوانێت بگاتە ئاستی ئەقڵی پیاوان.
ئۆسکار وایلد دەڵێت: ئەوەی بۆ ژنێکی چاک و ژیر و جوان دەگەڕێ، دەبێ بۆ سێ جۆر ژن بگەرێ.
فەیلەسوفی ڕەشبینی ئارسەر شۆپنهاوەری ئەڵمانی لە باشترین پێناسەیدا بۆ ژن دەڵێت: خۆشەویستی گوڵە و ژن دڕکەکانییەتی.
دەربارەی ژن و ژیان و پەیوەندییان پێکەوە دەڵێت: ژن سەرچاوەی خراپەیە، ژیانیش دۆزەخێکە لە کارەسات، ژن و ژیان یەکەیەکی یەکگرتوون و لێک جیانابنەوە، چونکە ژن دایەنی ڕەگەزی مرۆییە، ئەوە ژنە جۆری مرۆیی دەپارێزێ ودەیهێڵێتەوە.
ئارسەر شۆپنهاوەر لە دژایەتی کردنی ژن و ڕەشبینی لە بەرانبەر ژیاندا گەیاندیە ئەوپەڕی.
ڕیشەی ئەم دوژمنایەتییەی دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندی لەگەڵ دایکی، نەهامەتییەکانی ژیانی و پێکدادانی لەگەڵ دایکیدا گۆڕی بۆ ڕقێکی چڕ و بێ جیاوازی لە ژنان، ژنی بە نموونەی خیانەت و ئیستغلال و شەهوەت دەزانی.
سەرەڕای هەموو ئەوانەش مایەی سەرنجە لە مێژووی فەلسەفەی کلاسیک و یۆنان و ڕۆمی کۆنەوە بگرە تا فەلسەفەی مودێڕن و تەنانەت فەیلەسووفانی سەردەمیش هەموویان لە پیاوانن، ئایا هیچ کات لە خۆمان پرسیوە، بۆچی هەموو فەیلەسووفەکان پیاون و تەنیا پیاوانی ناودار هونەرەکەیان لە مێژوودا تۆمارکراوە و ناویان درەوشاوەتەوە، بێگومان هەموومان ئەوە دەزانین ژنی سەرکەوتووش هەبوون، ناویان لە تەنیشت ناوی پیاوان تۆمارکراوە، بەڵام ناوی ژن لە مەیدانی فەلسەفەدا بەراورد لەگەڵ پیاوان، هیی ئەوەنیە باسی بکرێت.
بەم شێوەیە دەبینین کەم و کوڕیەکانی فەلسەفە بەرانبەر بە کەمزانینی ژن کەم نین، ئەو نووسەر و چالاکچوانە کوردانەی (غەربی مەزاج) بیر دەکەنەوە، پێیان وایە کە بڵێن کۆمەڵگەی ڕۆژاوا باشە و کۆمەڵگەی ئێمە دەربارەی ژن خراپە، ئیتر تەواو بەو قسانە کێشەی ژن چارەسەرکرا، لە ڕاستیدا نەمافی ژن ئاوا دەستەبەر دەبێت، نە توندوتیژی ئاوا بنبڕ دەکرێت، کۆمەڵێک خەڵکی خوێندەوار و ڕۆشنبیر بانگ دەکرێن و لەنێوان خۆیاندا بە قسەی باق و بریق کۆڕەکەیان گەرم دەکەن، بەبێ ئەوەی بتوانن لایەنی چارەسەر بدۆزنەوە، لەلایەکی تر زۆر لە سیاسییەکانیش لە بەرژەوەندی خۆیان بەم کارەوە خەریک دەکەن، لە کاتێکدا خۆیان زۆربەی کات لە دەرەوەی ماڵی خۆیانن و کەمتر ئاگاداری کێشەی خێزانی خۆیانن، بێگومان بەم شێوەیە چارەسەر هەر بە گرێ کوێرەیی دەمێنێتەوە.
ئەگەر بمانەوێ ئەم بابەتە چارەسەر بکرێ، یان لانی کەم بەرەو پێشەوەبچێ، پێویستە خەڵکی تایبەتمەند قسەی لەسەر بکات، دوور لە بەرژەوەندی کەسی و حزبی، بەرنامەی تایبەتیی بۆ دابنرێ و لەگەڵ خەڵکی گشتی یەکلایی بکرێتەوە، لە پڕۆسەی خوێندندا جێگای بکرێتەوە و بە نەرم و نیانی بابەتی ڕۆشنبیری لەسەر بنووسری و بڵاو بکرێتەوە، بە شێوەیەک هەمووان لەو پڕۆسەیەدا بەشداربن، بەهیوای کۆمەڵگەیەکی ئارام و ئاسوودە.[1]
*سەرچاوە: لە چەند سەرچاوەیەک لە گوگل وەرگیراوە.