لیلیا میراوتسا
ژنێک لە #هەولێر# 800 دەستە جلی کوردیی هەیە، دەڵێت خۆی جلەکانی کڕیوە و دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە کولتووری کوردی بپارێزێت، ئەو لە ماڵەکەی خۆیەوە قسەی بۆ ڕووداو کرد و وتی کراسی کوردیی ئێستا نیوەی کراسی کوردیی کۆن، قوماشی پێویستە.
گوڵێ سەلیم بە جلوبەرگێکی کوردییەوە لەنێو سەدان پارچە جلوبەرگی دیکەی کوردییەوە بە ڕوویێکی خۆشەوە قسە دەکات، دەڵێت من خۆم جلەکان دەکڕم، هاوسەرەکەم تەنیا پەرتووکم بە دیاری پێدەدات و دەڵێت بخوێنەوە.
گوڵێ دەڵێت هۆکارێکی گرنگی هەیە بۆ ئەوەی جلەکان بهێڵێتەوە. ئامانجی من لەو کارە ئەوەیە: جلوبەرگی کوردی بمێنێتەوە و لەنێونەچێت. دەبێت هەموومان دڵسۆزی کولتوور و کەلەپووری خۆمان بین، چونکە وا خەریکە لەنێودەچێت و نامێنێت.
بە وتەی گوڵێ، دەلینگ، چەفتە و شەدە کە بە قەزمە ناسراوە و، هەوری و کوورتەک کە بەشێکی زۆریان زیاتر لە 80 ساڵ لەمەوبەر لەبەرکراون، گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە یان بەتەواوی نەماون، هەروەها بەراورد بە ڕابردوو، کراسی کوردیی ژنان ئێستا نیوهێندە قوماشی پێویستە.
ئەو قوماشانەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێن لە وڵاتانی ڕۆمانیا، بولگاریا، چین، هیندستان، وڵاتە عەرەبییەکان و ئێرانەوە هاوردە دەکرێن.
هونەر هەورۆ، خاوەنی دووکانی فرۆشتنی قوماش لە هەولێر بە ڕووداوی وت جلوبەرگی کوردیی ئێستا شێوازێکی مۆدێرنی وەرگرتووە، کولتووری تێدا پارێزراوە، لە شێوەی باوی جلی کوردی نەچووەتە دەرەوە، واتا کولتووری نەتەوەکەمانی تێدا پارێزراوە لە هەمان کاتدا دیزایینی تێدا کراوە و خەڵک ئێستا زۆر بەکاریدەهێنن.
هەروەها دەڵێت پێشتر جلوبەرگی کوردی یەک دوو ڕەنگ بوو، بەڵام ئێستا ڕەنگ زۆر مۆدێلە، بەتایبەتیی ئەمساڵ.''[1]