ناونیشانی بابەت: ئایا ڕۆژووگرتن ئاساییە بۆ خانمانی دووگیان؟
ناوی نووسەر: د. #کەژان کاوە تەها#
بەپێی کۆمەڵێک هۆکار دەتوانین بڕیار بدەین ئایا بەڕۆژووبوون لەکاتی دووگیانی ئاساییە و کێشەی تەندرووستی بۆ دایکەکە و کۆرپەکە درووست دەکات یان نا.
-لە سێ مانگی سەرەتای دووگیانی بەهۆی ئەوەی قۆناغێکی زۆر گرنگە بۆ گەشەی کۆئەندامەکانی کۆرپە و لەگەڵ ئەوەشدا خانمان لەم قۆناغە کێشەی دڵ تێکەڵهاتن و ڕشانەوەیان هەیە کە وادەکات زیاتر لە کەسانی تر تووشی وشک بوونەوە ببن و نەتوانن شلەمەنی و خواردنی پێویست بخۆن بۆیە باشتر وایە لە ماوەی ئەم سێ مانگە خانمان بەڕۆژوو نەبن.
-لە سێیەکی دووەمی دووگیانی (مانگی 4 ، 5 ، 6 )بەپێی ئەم هۆکارانە دەتوانین بزانین خانمەکە دەتوانێت بەڕۆژوو ببێت یان نا:
1-باری تەندرووستی گشتی دایکەکە بەر لە دووگیانی.
2-ئەو کێشانەی کە بەهۆی دووگیانییەوە تووشی بووە بۆ نموونە شەکرەی دووگیانی، بەرزی پەستانی خوێن، کەمخوێنی، لەم حاڵەتانە نابێت خانمەکە بەڕۆژووببێت.
3-ماوەی ڕۆژووگرتنەکە.
-لە سێ مانگی کۆتایی دووگیانی بەپێی بەشێک لە توێژینەوەکان بەڕۆژووبوون و وشک بوونەوەی جەستە ئەگەری گرژبوونی ڕەحم و منداڵبوونی پێشوەختە زیاد دەکات ، لەبەر ئەم هۆکارە باشتر وایە خانمانی دووگیان بەڕۆژوونەبن.
ئەوانەی لە سێیەکی دووەمی دووگیانین و هیچ کێشەیەکی تەندرووستییان نییە دەتوانن بەڕۆژووببن بەڵام پێویستە بەباشی ئەم ڕێنماییانەی خوارەوە جێبەجێ بکەن:
-ئەو کاتانەی کە بەڕۆژوو نیت بڕێکی زۆرباش لە ئاو و شلەمەنی و خۆراکی تەندرووست بخۆ.
-زیاتر ئەو خۆراکانە بخۆ کە دەوڵەمەندن بە ماددەی ئاسن و کالسیۆم و ڤیتامینەکان و دووربکەوە لەو خواردن و خواردنەوانەی بڕێکی زۆر شەکری تیایە.
-با خواردنەکەت ڕێژەی پڕۆتینی زیاتر بێت چونکە بۆ ماوەیەکی زۆرتر وزەت پێ دەبەخشێت وەکوو: گۆشت، هێلکە، گوێز و بایەم.
-کەمتر چا یان قاوە بخۆرەوە یان ئەو خواردنانەی دڵەکزێ زیاد دەکەن.
-هەوڵبدە زۆر خۆت ماندوو نەکەیت. [1]