وەفدێکی باڵای مەکتەبی سیاسی لە دەباشان پێشوازیان لە محەمەد حەلبووسی سەرۆکی حزبی تەقەدوم و وەفدێکی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا لەسەر دۆخی گشتی هەرێم و ئێراق گفتوگۆ کرا و جەخت لەبەردەوامی گفتوگۆی بوونیادنەرانە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان کرایەوە بۆ زاڵ بوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا.
لە کۆبوونەوەکە دا هەماهەنگی و هاریکاری و لێک تێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان هەرێم و #بەغدا# دووپاتی لەسەر کرایەوە بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی دەستووریانە و یاساییانەی کێشەکانی نێوان هەردوولا و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان کە ببێتە مایەی سەقامگیری زیاتر لە وڵاتدا.
هەر لە کۆبوونەوەکە دا بەوردی پرسی ئیدارەدانی #کەرکووک# و تەواو کردنی ڕێکارە یاساییەکان و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک تاوتوێکراو جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم ئەم پڕۆسەیە کرایەوە بەشێوەیەک هەموو هەوڵەکان لەچوارچێوەی خزمەتکردنی کەرکووک و هەموو نەتەوە وە پێکهاتەکان بێت بەبێ جیاوازی.
مەکتەبی سیاسی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# دڵنیایان کردەوە لە هاوبەشێتی ڕاستەقینە و کاری پێکەوەیی نێوان سەرجەم لایەنە براوەکانی کەرکووک و پاراستنی کەلتووری برایەتی و پێکەوەژیان بە شێوەیەک لە ئیدارەی نوێ کەرکووک هیچ لایەنێک فەرامۆش نەکرێت و ئەولەویەتی کارکردنی داهاتووش خزمەتکردنی کەرکووکییەکان بێت هەر وەک داواشکرا لایەنەکان هاوکار بن لە نەهێشتنی بەربەستەکان و زوو پێکهێنانی ئیدارەی کەرکووک.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا پتەوکردنی پەیوەندییەکان و هاریکاری هاوبەش لەنێوان هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەوە کراو پێویستی کاری پێکەوەیی و هەماهەنگی بەردەوام لەنێوان یەکێتی و حزبی تەقەدوم دووپاتی لەسەرکرایەوە. [1]