#بافڵ تاڵەبانی#، سەرۆکی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە #هەولێر# پێشوازی لە خاتوو ڤیکتۆریا تەیلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد.
لە دیدارێکدا کە مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادە بوو، دوایین گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی هەرێم، ئێراق، ناوچەکە و پرسی هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و بەردەوامیی گفتوگۆی بوونیادنەرانەی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان لەپێناو پاراستنی سەقامگیری و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا دووپاتکرایەوە.
لە درێژەی دیدارەکەدا ڕۆڵ و ئەرکی داهاتووی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هاریکارییەکانیان بۆ هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان و ئێراق تاوتوێکرا و لەو بارەیەوە بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند: دەبێت مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەگەڵ واقیع و پێویستییەکانی ئەمڕۆی ناوچەکە بگونجێت و ببێتە مایەی سەقامگیریی ناوچەکە، بۆ ئەمەش پشتیووانیی لە گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی ئێراق و هاوپەیمانان دەکەین بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش کە خزمەت بەئارامی و ئاساییشی ناوچەکە بکات.
پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان تەوەرێکی تری دیدارەکە بوو و بیروڕای لەبارەوە ئاڵوگۆڕ کرا، لەو چوارچێوەیەشدا بافڵ تاڵەبانی هەڵوێستی یەکێتی ڕوونکردەوە و وتی: یەکێتی پێداگری لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی بێگەرد دەکات لەو وادەیەی دیاریکراوە، هەوڵەکانیشمان بۆ ئەوە بوو تاوەکوو سیستمێک پەیڕەو بکرێت کە گوزارشت لە هەلومەرجی ئەمڕۆی هەرێمەکەمان بکات و ببێتە مایەی بەهێزکردنی پایەکانی دیموکراسی.
وتیشی: هەڵبژاردن بەو شێوەیەی کە هەبوو زیاتر دەبووە مایەی لەکەدارکردنی ئەزموونی هەرێم نەک بەهێزترکردنی. [1]