#قوباد تاڵەبانی#، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ ڤاهگن خاچاتوریان، سەرۆکی ئەرمینیا کۆبووەوە و باسی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەردوولا لە بوارە جیاوازەکان و چەند پرسێکی دیکەش تاوتوێ کران.
کۆبوونەوەکە سەر لە ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەمە (#29-02-2024#) لە #هەولێر# بەڕێوەچوو و تیایدا هەر یەکە لە #ڕێبەر ئەحمەد#، وەزیری ناوخۆ و #دارا ڕەشید#، وەزیری پلاندانان و #سامان بەرزنجی#، وەزیری تەندرووستی و دابان شەدەڵە، جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوون.
هەردوولا بە گرنگییەوە باسیان لە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەرمینیا کرد و جەختیان کردەوە لەسەر پتەوکردن و زیاتر بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندییانە لە بوارە جیاوازەکاندا، بە تایبەتیش لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا، بازرگانی و وەبەرهێنان، کشتوکاڵ، تەندرووستی و خوێندنی باڵادا. لەمبارەیەوە گفتوگۆ لەسەر میکانیزم و ڕێوشوێنەکانی چۆنییەتی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەو بوارانەدا و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەرمینیا کرا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە بە گشتی کرا. هەردوولا هاوڕابوون کە ناسەقامگیری ناوچەکە لە بەرژەوەندی هیچ گەلێکدا نییە و پێویستە هەموو لایەنەکان بۆ ڕێگریکردن لە قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکان، سیاسەتی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەی ئاشتییانە بگرنەبەر.
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و #بەغدا#، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. جێگری سەرۆک وەزیران ڕوونیکردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوا هەرێم و بەغدا بەپێی دەستوور، بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی هەموو گەلانی ئێراقدا بێت. [1]