بانگم دەکەن
بەر لە مێژووی تەقینەوەی ئەم جیهانە
ئاسمانی پیر
ئەفسانەی داهاتووی زەوینی
بە گوێی گەردوونا ئەچرپاند
پەڵەهەورێکی چەواشە،
دڵی پڕ بوو!
من دڵۆپێ لەو گریانەم
کە لە چاوی هەور تکام
ڕۆڵەی ئاوارەی زریانم
لە سیلسلەی ڕۆحی ئاوم!
تەنیا و غەریب
نیشتمانم بەقەد مەودای مەرگ و ژیان، لە من دوورە
بە زنجیری تەمەن لە ئەم گۆڕخانەدا دیل کراوم!
هاوار ئەکەم
تاسەیەکی لێو شەقارم
تینوو، تینوو، لەم کەویرە بەجێماوم!
بۆ سەرچاوەم بگێڕنەوە
لەم وڵاتە نامۆیەدا
وەک تۆپێکی شڕ و شیتاڵ
وە بەر لاق و شەقی چارەنووس دراوم!
ڕۆحم لەناو ڕکەی لەشما ئەزریکێنێ
ئەم باڵندە باڵشکاوە
بیرەوەریی ئاسمانی بەرز، پەڕپەڕووچکە و...
تەقڵەبازیی ساماڵی خوای هەرگیز لەبیر ناچێتەوە!
بانگم دەکەن
گوێ ڕادێرن، بانگم دەکەن!
زەریا، شەپۆڵی چەواشە
هەور، دڵۆپی ئاوارە
ئاسمان، باڵندەی ئەسیر و
منیش یەکێ بانگم دەکا
دەنگی پێ دێ، دەنگی پێ دێ.
زایەڵەی دەنگی پێ مەرگە، لە داڵانی دڵمەوە دێ
هەنگاو، هەنگاو، نیزیک بە گیان دەبێتەوە!
سەرچاوە: #زڕەی زنجیری وشە دیلەکان# [1]
هۆزانەوان: #جەلال مەلەکشا#
سەرچاوەی دەق: ڤەژینبوکس [2]