سازگار سەڵاح
لە 36ەمین ساڵیادی #کیمیابارانی هەڵەبجە#، ژنێک بەناوی نەرمین بەخەمبارییەوە لەسەر گۆڕێک دانیشتووە و وێنەی ئەندامانی خێزانەکەی بەدەستەوەیە، سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی و بەشێکی زۆر لە خزمانی ئەو ژنە، لە دوایین هەناسەیاندا گازی خەردەلیان هەڵمژی و خنکان.
نەرمین کەمال، خاوەنی زۆرترین شەهیدی کیمیابارانی هەڵەبجە دەڵێت هەموو خوشک و دایک و برامن، خاوەنی 14 شەهیدم، مامێکیشم لەوێ بوو و مرد، ئەوە 15. من، خاوەنی زۆرترین شەهیدی #هەڵەبجە#م.
بە دڵێکی پڕەوە قسە بۆ ڕووداو دەکات، نەرمین هەروەها دەڵێت هەموو کات و ساتێک دڵم پڕە، هەمیشە لە ماڵەوە دەڵێن 'بۆ ئەوەندە دڵت پڕە؟' چۆن دڵم پڕ نابێت، کە ماڵە باوکێک نەبێت، دایکێکت نەبێت وەک کچێک بچیت و منداڵەکانت ببەی و دڵخۆش بن.
بەرپرسانی باڵا ئەمساڵ (2024) لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجە بەشدار نەبوون.
ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە زۆرینەی بەرپرسە باڵاکانی ئێراق و هەرێمی کوردستانی بۆ ساڵیادەکە بانگهێشت کردبوو، بەڵام ئامادەی نەبوون.
#نوخشە ناسیح#، قایمقامی هەڵەبجە بە ڕووداوی وت لە یادی 36 ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە، وەک لیژنەی باڵای فێسیڤاڵ بانگهێشتنامە بۆ هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و حکومەتی ناوەندیش نێردراوە، بەڵام هیچییان نەهاتن. ئێمە بەڵێن بە کەسوکاری شەهیدان دەدەین هەر یادی دەکەینەوە ئەگەر 10 ماڵیش بین.
هەڵەبجەییەکان بەگشتی نیگەرانن و پێیانوایە شارەکەیان لە چاو ئەو قوربانییە مەزنە، کەم خزمەتی کراوە.
فاروق حەمەتۆفیق، دادوەرە و دەڵێت 36 ساڵ بە درووشم و مۆسیقا و لاواندنەوە ئیشی ناڕوات، هەڵەبجە پێویستی بەوەیە بنیاد بنرێتەوە، پڕۆژەی گەورەی بۆ بکرێت، ئەو پڕۆژە ئابوورییانەی وەک تەنگی سەی محەمەد و پردی تووە قووت و مەرزی سازان و کارا بکرێن بۆ ئەوەی هەڵەبجە لەو نەهامەتی و کەنارگیرییە ئابوورییە ڕزگاری ببێت.
هاونیشتمانییەکیش بەناوی عەتا ڕەئووف سەبارەت بە یادی ئەمساڵی (2024)ی کیمیابارانی هەڵەبجە دەڵێت ساردوسڕییەکی زۆر بە ساڵیادی هەڵەبجەوە دیارە، بەداخەوە بەرپرسان ئەمساڵ 2024 لە پارێزگای هەڵەبجە ئامادەنەبوون.
ماوەی 10 ساڵە #حکومەتی هەرێمی کوردستان# هەڵەبجەی وەکوو پارێزگا ناساندووە، بەڵام هێشتا لە #بەغدا# و پەڕڵەمانی ئێراق ئاستەنگ لە بەردەم بوونی هەڵەبجە بە 19ەیەمین پارێزگای ئێراق درووستدەکرێت. [1]