سوارۆ
لەسەر یاڵی قۆناخ
برووسکەی پزیسکی ناڵ و بەردە
کە وەحشەت ئەخاتە دڵی دۆڵی مێژوو!
خەوی زیندەوەر ڕادەچێنێ
قریوەی سوار و پرمەی کەحیل
وە زرمەی لە یەکدانی تاوێر و قرمەی هەرەس!
شەڕی گاشەبەرد و سمی ئەسپە لەم درەنگانە وەختە.
سوارۆ گڕێکە کە شەو ڕادەماڵێ
سوارۆ شەمێکە کە سێبەر سەر ئەبڕێ
سوارۆ سەمای عیشق و خوێنە
سوارۆ پەیامی بەهارە
سوارۆ چرۆی بەر بەرۆکی ژیان و گڵووکی ئەوینە
خودایە! ئەگەر ئەم سوارە
نەگاتە بنار
دڵی ڕادەوستێ لە لێدان و خورپە
گوڵی سووری سەرتۆپ
کە ئاوی دراوە بە ئەسرینی چاوی هەزاران هەزار!
شەوێکی دزێوە
بە قەد چۆمی سیروان بەری پێوە ماوە
هەتا تیشک هاوێژ
زگی هەڵمساوە بە پیلانێ ناحەز، دەڵێی ئاوسە
خودایە! ئەترسم لە پزدانی ئەم قەحبە، زۆڵێک
لە پڕ دەرپەڕێت و
ژوان بێتە ژان و ژوانگە مەزار!
سەرچاوە: #زڕەی زنجیری وشە دیلەکان# [1]
هۆزانەوان: #جەلال مەلەکشا#
سەرچاوەی دەق: ڤەژینبوکس [2]