بەروبوومی سماق و لێکردنەوەی لەم وەرزەدا لە باشووری کوردستان
هانی موڕتەزا
سماق یاخود ترش جۆرە دارێکی خۆڕسکە و زیاتر لە ناوچە بەرز و سەختەکاندا شین دەبێت و لە ئێستادا بەروبوومی سماق بەهۆی سوودی زۆر و داواکاریی زۆر لەسەری لە زۆربەی ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستان دەچێنرێت و بەرهەم دێت. زیاتر لە 250 جۆری سماق لە جیهاندا هەیە بەڵام لە کوردستان زیاتر سێ جۆریان دەچێنرێت کە لەگەڵ کەشوهەوا و خاکی کوردستان گونجاون.
ئەوانیش بریتین لە: سماقی سوور، سماقی سپی و سماقی کیڤەزەرد
بەچاندنی شەتڵی سماق ئەگەر بێت و ھیچ نەخۆشییەک لێی نەدات، ئەوە بە سێ ساڵی بەرھەمی دەبێت. سماق لە ڕووی تەندرووستیشەوە چەندین سوودی گرنگی بۆ لەشی مرۆڤ هەیە، دەوڵەمەندە بە ڤیتامینی C و پرۆتۆئین و ئاسن و پۆتاسیۆم و کالیسیۆم و مەگنیسیۆم و فۆسفۆر و یارمەتیی پڕۆسەی هەرسکردنی خۆراک و کەمکردنەوەی کێشەکانی کۆئەندامی هەرس و گەدە دەدات.
لە کوردستان، سماق جگە لەوەی وەک بەهارات بەکاردەهێنرێت، بەتایبەت لەگەڵ ترۆزی و کالیار دەخورێت و دەکرێتە ناو زەڵاتە و دۆ و دۆڵمە و کەباب و ماسی و چەندین خواردنی ترەوە.
ساڵانە لە وەرزی هاویندا جوتیارانی گوندەکانی کوردستان بەرهەمی سماق دەچننەوە کە پێی دەوترێت سماق شکاندن یا سماق شکاندنەوە. ترشەکان بەکۆمەڵێک ڕێگا و هەنگاو ئامادەدەکرێن بۆ خواردن و فرۆشتن. سماق لە کۆتایی وەرزی هاویندا و سەرەتای وەرزی پاییز لێدەکرێتەوە و بێگومان شکاندنەوەی سماق ماندوبوونێکی زۆری دەوێت.
$گرنگترین ئەو ناوچانەی کوردستان کە بەروبوومی سماقی تێدا بەرهەم دەهێنرێت$
1-#ئاکرێ#: شارۆچکەی ئاکرێ یەکێکە لەو ناوچە بەناوبانگانەی کوردستان کە ساڵانە بەرهەمی سماقی تێدا کۆ دەکرێتەوە. ئاکرێ یەکێکە لە حەوت شارەکانی پارێزگای #دهۆک# و نزیکەی 250 گوندی ئاوەدانی هەیە. بەشی هەرەزۆری گوندەکانی ئاکرێ سماقیان هەیە، بە تایبەتیی سنووری شارەدێی دینارتە، تەنانەت هەموو گوندەکانی دینارتە بە چاندن و بەرهەمهێنانی سماق بەناوبانگن.
لە ئاکرێ زیاتر لە 200 باخی سماق هەیە کە هەریەک لەو باخانە لەنێوان (2-8) تۆن سماق بەرهەم دەهێنن.
لە سنووری شاری ئاکرێ بەگشتی زیاتر لە 11 هەزار و 500 دۆنم زەوی بە سماق چێنراون و ساڵ لە دوای ساڵ چاندنی سماق بەردەوامە و زیاتر پەرە دەستێنێ. 80%ی سماقی پارێزگای دهۆک دەکەوێتە سنووری ئاکرێ، گوندەکانی دینارتە و دۆڵی زێبار بە سماق ناسراون، بەتایبەتیی گوندی دوستەک کە ناوبانگی هەیە و باشترین سماقی ئێراق و کوردستان بەرهەم دەهێنێت.
2-باڵەکایەتی: سماق لەم ناوچەیە بە ڕێژەیەکی باش لە ئاستی کوردستاندا بەرهەم دەهێنرێت. ساڵانە جوتیارانی ئەم ناوچەیە شانبەشانی خاتوونەکان سماق دەشکێننەوە. بەتایبەتیش لە شارەدێی گەڵاڵە، سماق شکاندن بووەتە سەرچاوەیەکی باشی داهات بۆ دانیشتووانی ئەم ناوچەیە.
3-بناری #قەندیل#: لە بەشێکی زۆری بناری قەندیل و بە تایبەت دۆڵی سوورەدێ بەهۆی سرووشتی شاخاوی و کوێستانیی ناوچەکە ئێستا کاتی شکاندنەوەی ترشە سماقە و خەڵکی سنوورەکە سماقی ناوچەکە دەشکێننەوە. سنووری قەندیل خاکێکی بەپیتی هەیە بۆ ڕوواندنی داری سماق و جووتیارانیش لەگەڵ کۆکردنەوەی بەرهەمەکەی ڕەوانەی بازاڕەکانی دەکەن و دەبێتە دەسکەوتێکی ئابووری بۆ خەڵکەکە.
ئەمانە چەند ناوچەیەکی دیار و گرنگی باشووری کوردستانن کە ڕۆڵی سەرەکییان لە بەرهەمهێنانی سماقی کوردستاندا هەیە. جۆری سماق و کوالێتییەکەشی بە ڕادەیەک باشە کە هەم لەناوخۆی کوردستان و هەم لە ئێراقیش داواکاری و خواستێکی زۆری لەسەر درووست بووە. بێگومان سماقی ئاکرێ لەبەر باشی و بڕ و جۆرەکەشی، هەم بەشی پێداویستیی ناوخۆ دەکات و هەم دەتوانرێ بچێتە قۆناغی هەناردە کردنەوە. ئێستا چەندین کارگەی بچووک و خۆماڵی لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان هەن کە سماق بەرهەم دەهێنن و بۆ بە بازاڕکردن بە شێوەی پیشەسازی ئامادەی دەکەن. ئەمەش وای کردووە بەرهەمی خۆماڵیی سماق ساڵ لە دوای ساڵ لە هەرێمی کورستان زیاد بکات و ببێتە مایەی داهاتێکی باش بۆ ئەو کەسانەی سماق بەرهەم دەهێنن. لە هەمانکاتدا وای کردووە هاوردە کردنی سماق بۆ باشووری کوردستان کەم بکاتەوە و بەم هۆیەشەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان باجی زیاتری خستووەتە سەر هاوردە کردنی سماق.[1]