ڕوانگەیەکی کوردستانیی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ئێراق و ناوچە دابڕێنراوەکان
نووسەر: #سامان ساڵح فەرەج#
بڕیار وایە لە #18-12-2023# دا، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ئێراق لە سنووری ژێر دەسەڵاتی حکومەت ئێراق، واتە بەغدای پایتەخت و پارێزگاکانی نەبەستراو بە هەرێمێکەوە، بەڕێوەبچێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر بڕیاردرا بوو کە لە #06-11-2023# دا بەڕێوەبچێت بەڵام بەبێ هیچ ڕوونکردنەوە و بیانوویەک بۆ کاتە نوێکە دواخر. ئەم هەڵبژاردنە لە کاتێکدایە کە بۆ ماوەی دە ساڵە، واتە لە 2013 وە لە چواردە پارێزگای ئێراق ئەنجام نەدراوە، لە پارێزگای #کەرکووک# ئەنجام نەدراوە.
مەبەست لەم وتارە خستنەڕووی ڕوانگەیەکی کوردستانییانەیە سەبارەت بە هەندێک بۆچوون و بانگەشەی لایەنە سیاسییەکان، کە دەیانەوێت وا تیۆریزەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکەن کە “سەرکەوتنی هەر لایەنێک لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەمانای خاوەندارێتێی ئەو پارێزگایە دێت لەلایەن ئەو لایەنەوە”. ئەم بانگەشەیە لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ ستراتیجی خەباتی نیشتمانیی کوردستان ناکۆکە، پێچەوانەی سرووشت و بنەما یاساییەکانی ئەم دامەزراوە ناوچەییە هەڵبژێردراوەیشە، کە ئەنجوومەنی پارێزگایە. ئێمە لەم وتارەدا هەوڵدەدەین بە خستەڕووی چەند بنەمایەکی زانستیی و یاسایی و مێژوویی، ئەو بانگەشە بێبنەمایە ڕەتبکەینەوە و هانی هاووڵاتییانی کوردستان بدەین کە ڕوانگەیەکی کوردستانییانەیان هەبێت بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کە لەم خاڵانەدا کۆیان دەکەینەوە:
=KTML_Bold=یەکەم:=KTML_End= ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ئێراقى دوای 2003 دا، کە بەگوێرەی دەستووری 2005 لانی کەم لە شێوە و ڕێکخستندا دەوڵەتێکی فیدڕاڵییە، یەکێکە لە ئاستەکانی حوکمی خۆجێی و لە پێش نووسینی دەستووری 2005 یشەوە، بە بڕیاری ژمارە (71) ی ساڵی 2004، لەلایەن دەسەڵاتداری شارستانی هاوپەیمانان، دەرچووە و کرۆکی دامەزراندنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بۆ جێگیرکردنی بنەماکانی ناناوەندێتی بووە.
=KTML_Bold=دووەم:=KTML_End= دەستووری 2005 ی ئێراق، پێگەیەکی زیاتر بە پارێزگاکان دەدات، زیاتر لەوەی تەنیا یەکەیەکی کارگێڕیی بن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکانی دنیای سەردەم و ڕۆڵی دامەزراوە خۆجێیەکانە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتییان.
=KTML_Bold=سێیەم:=KTML_End= دابەشبوونی یەکە کارگێڕییە خۆجێییەکان لە هەر دەوڵەتێکدا تایبەتمەندی خۆی هەیە، جیاوازی سرووشت و دەسەڵات و تایبەتمەندی کارگێڕیی خۆجێیی، بەگوێرەی قوتابخانەکانی ئەگلۆسەکسۆنی و ئینگلیزی و لاتینی دەگۆڕێت. لە ئێراقیشدا لە ڕووی مێژووییەوە لە 1963 وە لە سەردەمی عەبدولسەلام عارفەوە کار لەسەر دابەشکردنی ئێراق بۆ سەر چەند یەکەیەکی کارگێڕیی کراوە، بەڵام لە دوای کودەتا و هەڵگەڕانەوەکان دیارترین قانون، بۆ دابەشکردنی کارگێڕیی ئێراق، یاسای ژمارە (159) ی ساڵی 1969 بووە کە ئێراق دابەش دەکات بۆ پارێزگاکان و پارێزگاکانیش بۆ شارۆچکەکان (قەزاکان) و شارۆچکەکانیش بۆ شارەدێکان (ناحیەکان). ئەم قانونە تا 2004 لە ئێراق کارپێکراو بوو، لەو مێژووەش بە دواوە، بە بڕیاری دەسەڵاتداری هاوپەیمانان ژمارە (71) ی 2004 هەر بڕگەیەکی قانونەکە لەگەڵ بڕیارە نوێیەکەدا دژبوو، هەڵپەسێردرا. بەپێچەوانەی یاسای ژمارە 159، ئەم بڕیارە هیچ ئاماژەیەکی بۆ دامەزراندنی پارێزگای نوێ و مەرجەکانی تێدا نەبوو، تەنانەت باس لە گۆڕانکاریی لە سنووری جوگرافی پارێزگاکانیش ناکات.
=KTML_Bold=چوارەم:=KTML_End= ماددەی 122 لە دەستووری 2005 دا بەشێوەیەکی گشتی پارێزگاکانی ناساندووە، کە تێیدا هاتووە، ئەو پارێزگایانەی کە لە هەرێمێکدا ڕێک نەخراون لە شارۆچکە و شارەدێ و گوندەکان پێکدێن، دەسەڵاتی ئیداری و دارایی فراوانیان پێ دەدرێت، تا بتوانن کاروبارەکانیان بەپێی سەرەتا ناناوەندییە کارگێڕییەکان بەڕێوە ببەن و ئەمەش بە قانون ڕێک دەخرێت. لەم ڕوانگە دەستوورییەوە، ئەوە دەسەلمێنرێت کە پارێزگاکان ئاستێکی فەرمانڕەوایی هەڵبژێردراوی ناوچەیین کە کارەکانیان لە چوارچێوەی کارگێڕیی و خزمەتگوزاری دایە.
لێرەوە، لە ڕوانگەی مێژوویی و یاسای و دەستوورییەوە، ئێمە ئەو بانگەشە ڕەتدەکەینەوە کە ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵبژێردرا و بۆ ئەو پارێزگایانەی کە ڕێکنەخراون لە هەرێمێکدا لەناو دەوڵەتی ئێراقدا بتوانن هیچ گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافی و مێژوویی یەکلابکەنەوە، بەڵکوو ناتوانن پەنا بۆ هیچ پرسێکی نیشتمانیی وسیاسیی ببەن لە کارەکانیاندا.
هاوکات، پرسی ناوچە دابڕێنراوەکان، ”کێشە لەسەرەکان”، لەنێوان ئێراق و هەرێمی کوردستان لە دەستووردا یەکلاکراوەتەوە، ئەویش لە ڕێگەی ماددەی 140، کە درێژکراوەی ماددەی 58 ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی ئێراقە بۆ قۆناغی ڕاگوزەر و دەسەڵاتی یەکلاکردنەوەی ناوچە دابڕێنراوەکان دراوەتە دەست دەسەڵاتی جێبەجێکردن، نەک هیچ لایەنێکی دیکە. ڕێکارەکانی چارەسەری پرسی ناوچەکان لەناو دەستووردا یەکلاکراوەتەوە کە بریتین لە ئاساییکردنەوە، سەرژمێریی، ڕاپرسی. لە هیچ بڕگەیەکی دەستووردا باسی “هەڵبژاردن” وەک ڕێکارێک بۆ چارەنووسی ناوچە دابڕێنراوەکان دیاری نەکراوە.
پێویستە هاووڵاتی کوردستانی و پارتە سیاسییەکان ئەوە بزانن، کە هەڵبژاردن بریتییە لە ڕێگەیەکی دیموکراسی بۆ ڕێکخستنی ململانێی سیاسی بەشێوازی ئاشتی، نەک یەکلاکردنەوەی چارەنووسی گەلێک یان خاکەکەی.
هاووڵاتییانی کوردستان دەبێت خاوەن دیدێکی فراوانتر بن سەبارەت بە پرسە جیاوازەکانی، وەک؛ ململانێی سیاسی، کێشەی مێژوویی، پرسی خاکی نیشتمان. ئەو بانگەشە و تیۆریزەکردنەی کە هەندێک لە سەرۆک و پارت و ڕەوتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بڵاوی دەکەنەوە، هەڵەیەکی ستراتیجیی و مێژوویی و سیاسییە. ئێمەی کورد لە ئێراقدا کێشەیەکی مێژووییمان هەیە کە پەیوەندی بە پرسی دیموکراتییەوە نییە، ئەگەر حکومەتی ئێراق شەڕیش بکات و دیکتاتۆریش بگەڕێتەوە، ئەوا هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە ئەو ناوچانەی پێیی دەگوترێت کێشە لەسەر “ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان” هەر خاکی کوردستانن.
لە مێژووی سەد ساڵی ئێراقدا، کورد خاوەنی کێشەیەکی مێژوویی نیشتمانی و سیاسییە کە پرسی “خاک”ە، ئەم پرسە بە گۆڕانی سیستەمی حوکم لە ئێراق ناگۆڕێت، بەڵکوو بە چارەسەرکردنی پرسەکە کۆتایی دێت.
لە کۆتاییدا، دەمەوێت ئەوە بخەمەڕوو، مەبەست لەم وتارە ئەوە نییە کە هاووڵاتی کوردستان گرنگیی، بە بەشداریی لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی داهاتوو نەدات، نەخێر، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، بۆ ئێمەی کورد، جگە لە پرسی خاکی کوردستان، پرسی شێوازی فەرمانڕەواییش، بابەتێکی گرنگە، چونکە بەدەستهێنانەوەی مافی فەرمانڕەوایی هۆکارێکی گرنگە بۆ پاراستنی خاکی کوردستان و سوودوەرگرتن لە سامانی ماددی و مرۆیی. لەلایەکی دیکەشەوە، بەشێکە لە هاوکاریی پڕۆسەی ئاسییکردنەوە، بۆ نموونە: ڕوونە کە لە سایەی سەپاندنی پارێزگارێکی ناڕەوا وەک ئەوەی ئێستای کەرکووک و قایمقام و بەڕێوەبەری چەند ناحیەیەک لە ناوچە دابڕێنراوەکان چەندین کاری دی ناڕەوای دژ بە خاکی کوردستان هێناوەتەپێش. [1]