=KTML_Bold=هەرێمی کوردستان و ئەگەرەکانی تێوەگلانی لە شەڕی غەزە=KTML_End=
نووسەر: #سامان ساڵح فەرەج#
هێرشی ئاسمانیی و زەمینیی هێزەکانی بزووتنەوەی بەرگری ئیسلامیی (حەماس) لە #07-10-2023# دا بۆ سەر ئیسرائیل بڵێسەی ئاگری شەڕێکی نوێی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووەتەوە، کە تاوەکوو ئێستا درێژەی هەیە و بەهۆیەوە هەزاران هاووڵاتی مەدەنیی لە هەردوولا بوونەتە قوربانیی شەڕەکە.
پرسی فەلەستین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یەک لە پرسە سنووربڕ و فرەڕەهەندەکانی ناوچەکەیە کە لێکەوتەکانی تەنیا لەناو جوگرافیای خۆیدا قەتیس نەبووە و نابێت، بەڵکوو هەمیشە سنوورەکانی بۆ وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەتیی وڵاتانی عەرەبی، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بەزاندووە و کەم تا زۆرزۆربەیان بە پرسەکەوە سەرقاڵ بوون. لەم نێوەندەشدا، ئێراق لە هەموو لایەک توندتر هەڵوێستەکانی لەم پەیوەندەدا دەربڕیوە.
ئەم وتارە دەیەوێت خستنەڕوویەک بۆ ئەو ڕەوشە بکات بە باسکردنی ئێراق لەناو پرسەکە و هەڵوێستەکان و ئەگەری پەڕینەوەی زیانەکان بۆ هەرێمی کوردستان لەم پەیوەندەدا.
پەیوەستبوونی ئێراق بە شەڕەکەوە لەوەوە دەستی پێ کرد کە هەر لە سەرەتای شەڕەکەوە چەند هەنگاوێکی لەسەر ئاستی دەزگا فەرمییەکانی دەوڵەت، جێبەجێکرد، لەوانە:
=KTML_Bold=یەکەم:=KTML_End= بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی و جەختکردنەوەی حکومەتی ئێراق لە زاری سەرۆک وەزیرانە شیعەکەی بە لایەنگریی تەواوی ئێراق بۆ پرسی فەڵەستین بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ فەڵەستینییەکان کە پایتەختەکەی قودس بێت.
=KTML_Bold=دووەم:=KTML_End= ڕاگەیاندنی سێ ڕۆژ ماتەمینی بە بۆنەی بۆردومانی نەخۆشخانەی مەعمەدانیە لە کەرتی غەزە و ئیدانەکردنی بۆردومانی نەخۆشخانەکە لەلایەن سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و وەزارەتی دەرەوە.
=KTML_Bold=سێیەم:=KTML_End= لەخۆگرتن و ڕێکخستنی کۆبوونەوەی لەناکاوی پەڕڵەمانی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا و پشتیووانی لە درووستکردنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی کە پایتەختەکەی قودس بێت.
هەموو ئەم هەنگاوانە، هاوتەریببوون لەگەڵ ئیدانەکردن و لێدوان و دەربڕینی پابەندبوونی هێزە سیاسییە بەشداربووەکان لە حکومەتی ئێراق، بەتایبەتیی هێزە شیعییەکان، بە بەرگریکردن لە کێشەی فەڵەستین.
جگە لە ئاستی فەرمیی، لەسەرئاستی نافەرمیشدا ڕێکخستنە چەکدارەکان و میلیشیا سەربازییەکانی ئێراق، تێکڕا بەیاننامەی پشتیووانیان بۆ حەماس و فەڵەستین دەربڕیوە، بە بوونی جیاوازیی لە بۆچوونیان لەبارەی هەڵوێستەکانیان کە ئایا بەشداری ڕاستەوخۆ لەو شەڕە دەکەن یان نا. هەر چۆنێک بێت، هەندێک لەو گرووپە چەکدارانە کە سەرچاوەی بڕیاریان لە ئێرانەوەیە، تێوەگلانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک پێشمەرجی بەشداریکردن لە شەڕەکەدا ڕاگەیاندوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا لە یەکەم ڕۆژی شەڕەکەوە لەسەر هەموو ئاستەکان پشتیووانی هەمەلایەنەی بۆ ئیسرائیل نیشان و ئەنجام داوە.
ئەوەی لەم زانیارییانەوە بەدەستدەهێنرێت ئەوەیە کە ئێراق لەسەر ئاستی سیاسی، سەربازیی -گرووپە چەکدارەکان، دارایی (هاوکارییەکان) بۆ شەڕی غەزە بەشدارە و لەم ڕووەوە ئاستی هاووتاریی ئێران و ئێراق زیاتر چووەتەپێشەوە. بە جۆرێک کە ئێراق وەک ئەستێرەیەک لە خولگەی سیاسەتی هەرێمایەتی ئێران لەم نێوەندەدا دەخولێتەوە و هەندێکجاریش هەڵوێستەکانی توندترن لە ئێران.
هەرچی پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، ئەوە دەتوانین بڵێین کە دۆخی هەرێم بە بوون یان نەبوون بە بەشێک لەم پرسە لەسەر چەند پێدراوێک وەستاوە، لەوانە:
=KTML_Bold=یەکەم:=KTML_End= سرووشتی جوگرافیا وپێگە و بوونی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا یەکێکە لەو پێدراوانە کە ئەگەرەکانی تێوەگلانی هەرێم لە شەڕەکە نزیک دەکاتەوە. لەپاڵ ئەمانە پشتیووانی نێودەوڵەتی (ئەمریکا و ئەوروپا و ناتۆ) لە هەرێمی کوردستان هۆکارێکی دیکەیە بۆ تێوەگلان. بەتایبەتیی ئەگەر ئەوە ڕەچاوبکەین کە هاوپەیمانەکانی هەرێم (وەک، ئەمریکا و ئەوروپا و ناتۆ) لەلایەن هێزە شیعییەکانی ئێراقەوە وەک دوژمنی نەریتی تەماشا دەکرێن.
=KTML_Bold=دووەم:=KTML_End= تێکچوون و لاسەنگبوون و نەمانی پشتیووانی هێزە سیاسییەکانی شیعە بۆ پرسی کورد لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا، ئەو هێزانەی کە جاران کورد و هەرێم گرەویان لەسەر دەکرد.
=KTML_Bold=سێیەم:=KTML_End= دابەشبوونی سیاسی و جیۆگرافی لەناوخۆی هەرێمی کوردستان و دەستتێوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی لە ئاڕاستەکردنی سیاسەتی حیزبە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان، یەکێتیی و پارتی.
=KTML_Bold=چوارەم:=KTML_End= هەڵوەشاندنەوەی لەکارکەوتنی پەڕڵەمانی کوردستان وەک دامەزراوەیەکی ڕەوا و نوێنەری خەڵکی کوردستان و بوونی حکومەتێکی کاربەڕێکەر کە توانای بڕیاردانی کەمە لەبەر دابەشبوونی ناوخۆیی.
هەموو ئەم پێدراوانە و فشار و ئابڵوقەکانی بەغدا لەلایەکی ترەوە وایانکردووە کە بژاردە سیاسییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بارودۆخەکانی ناوچەکە کەم یان دەگمەن بن. ئەمە لە کاتێکدا پشتیووانی جەماوەرییش لە ئاستێکی لاوازدایە.
بۆیە لە سەرەتای شەڕەکەوە تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی فەرمیی لە بارەی شەڕی غەزەوە لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێم، حکومەت، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و فەرمانگەی میدیا و زانیاری، بەشێوەی فەرمی لەسەر پێگەکانی هەرێمی کوردستان بڵاونەکراوەتەوە. ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە هەرێمی کوردستان بەهۆی هەڵوێستی لایەنە ئێراقییەکانەوە، بەتایبەت شیعەی دەسەڵاتدار، بەهەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسەکە دەکات. پێدەچێت هەرێم نەیەوێت پەنجەی تۆمەتی بۆ ڕابکێشرێت بە پشتیووانی کردن یان پشتیووانی نەکردن، واتە نە دەیەوێت ئەمریکا و هاوپەیمانان زویر بکات نە هێز و میلیشیا شیعییەکان، ئەمەش وەک ڕێگەیەک بۆ خۆپاراستن لە بەرکەوتنی پریشکی ئاگرەکە بە هەرێم دەردەکەوێت.
هەرێمی کوردستان ئەمە لە کاتێکدا دەکات کە لە سەردانێکی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغدا لە دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان، لە سەرەتای ئایاری 2022 دا پابەندیی هەرێمی بە بڕیاری حکومەتی ئێراق بۆ نەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ڕاگەیاندووە.
بە هەر حاڵ، تێوەگلانی هەرێمی کوردستان لە شەڕی غەزە، لەسەر چەند ئەگەرێک وەستاوە، لەوانە:
=KTML_Bold=یەکەم:=KTML_End= تێوەگلانی ڕاستەوخۆی گرووپە چەکدارە شیعەکانی ئێراق لە شەڕەکە ئەگەر بە لێدان لە بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش بێت لە ناوچەکە، کە لەم مانگەدا چەندجارێک بە مووشەک و درۆن هێرشی سنوورداریان لە ئێراق وهەرێم و سووریا ئەنجامداوە. ئەگەری فراوانبوونی هێرشەکان بۆ سەر #هەولێر#ی پایتەختی هەرێم لەلایەن ئەو گرووپانەوە مەترسیدان، بەتایبەت ئەگەر فەرمانی بەشداریی ڕاستەوخۆ لە ئێرانەوە بۆ ئەو گرووپانە دەربچێت.
=KTML_Bold=دووەم:=KTML_End= ئەگەر هێزە میلیشاکانی ئێراق وەک: عەسائیبی ئەهلی حەق و سوپای بەدر و گرووپەکانی دیکە فشارەکانیان بۆ سەر هەرێم لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە زیاد بکەن و هەوڵی سەپاندنی هەڵوێست لەم ڕووەوە بدەن ئەوکات هەرێم بە ناچاری هەڵوێست دەربڕێت، کە زیانی ستراتیجی بۆ هەرێم و قەوارەی فیدراڵیی هەرێم لە ئێراقدا دەبێت.
=KTML_Bold=سێیەم:=KTML_End= هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەم ڕووەوە لە دۆخی ناکارادایە چونکە بیانووی هێز و میلیشیا شیعەکان لەسەر هەڵوێستی هەرێم نەوەستاوە، بەڵکوو پەیوەستە بەو سیاسەتە دوژمنکارانەی کە ئەوان لەهەمبەر هەرێم دەیگرنەبەر، ئەمەش بە زەقی لە ئەزموونی چەند ساڵی ڕابردوودا دەرکەوتووە، وەک هێرشە مووشەکیی و درۆنەکانی میلیشیاکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە زیاتر لە خۆنواندن و ڕاکێشانی سۆزی شەقامی شیعە دەچن و بوونەتە مایەی دروسبوونی وتارگەلی ئاگرین لە دژی کورد و هەرێم بەکاردەهێنن. ئەوان دەستیان بە ئاگری ئەمریکا خراپ سووتاوە، وەک کوشتنی سولەیمانی و موهەندیس، کەچی دەیانەوێت تۆڵە لە هەرێم بکەنەوە.
ئەوەی لەم قۆناغەدا بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان لە پریشکی ئاگری شەڕکە گرنگە ئەوەیە کە:
=KTML_Bold=یەکەم:=KTML_End= سەرکردایەتی سیاسی کوردستان و دەزگا فەرمییەکانی سیاسەتی ژیرانە و هاوسەنگ لەمەڕ ئەم پرسەکە مەترسیدارە بگرنەبەر.
=KTML_Bold=دووەم:=KTML_End= کۆکبوونی هێزە سیاسییەکان لەسەر گرنگی و ئەولەویەتبوونی بەرژەوەندی باڵای هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە بەرژەوەندییە لاوەکییەکانی دیکە.
=KTML_Bold=سێیەم:=KTML_End= هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی ئێراق لەم ڕووەوە تاکتیکێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان چونکە لە ڕووی کردارییەوە ئێراق لەسەر ئاستی فەرمی خۆی لە شەڕی غەزە بەدوور دەگرێت و تەنیا لە ڕێگەی گرووپە چەکدارەکانییەوە بووەتە بەشێک لەو هەڵوێستەی لە ناوچەکەدا سەبارەت بە پشتیووانی فەڵەستین بوونی هەیە.
=KTML_Bold=چوارەم:=KTML_End= گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێکی مەترسیدار لە هەرێمی کوردستان. [1]