پەڕڵەمانی ئێران پڕۆژەیاسای کۆڵبەریی پەسند کرد و حکومەتی ڕاسپارد یاساکە جێبەجێ بکات؛ کە بەهۆیەوە دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان دەتوانن لە دەروازەی سنووریی نیمچە فەرمییەکانەوە کەلوپەل هاوردەی ئێران بکەن، هەروەها ڕێگە بە کۆڵبەران دەدات، کەلوپەل تاوەکوو نێو شارەکانی نزیک سنوور بگوازنەوە.
ئەم یاسایە کە تایبەتە بە #کۆڵبەری#، لە #کرماشان#، #سنە# و #ورمێ# جێبەجێ دەکرێت، لە ماوەی پێنج ساڵدا دەبێت حکومەت ناوچە سنوورییەکان پێش بخات، هەلی کار بۆ ئەو خەڵکە نەدارە پەیدا بکات کە بەناچاری کۆڵبەری دەکەن.
ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران ڕۆژی (شەممە، #16-03-2024#) پڕۆژەیاساکەی پەسند کرد، دوای ئەوەی چەندین جار لەنێوان پەڕڵەمان و ئەو ئەنجوومەنەدا هاتوچۆی پێکرا.
مەهدی تەحان نەزیف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران لەبارەی پڕۆژەیاساکەوە دەڵێت ئەم پڕۆژەیاسایە لە قۆناغەکانی پێشوودا هەندێک کێشە و ناڕوونیی هەبوو، بەڵام دوای ئاڵوگۆڕکردنی لەنێوان پەڕڵەمان و ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران، دەتوانم ڕایبگەیەنم کە پڕۆژەیاساکە پەسند کرا.
بەپێی ئەو یاسایە، دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان دەتوانن لە دەروازە سنوورییە نیمچە فەرمییەکانەوە کەلوپەل هاوردە بکەن. یاساکە ڕێگە بە کۆڵبەران دەدات، کەلوپەل تاوەکوو نێو شارەکانی نزیک سنوور بگوازنەوە و هاووڵاتیش دەتوانێت بە تاک کەلوپەلی هاوردەکراو بکڕێت.
بەپێی یاسا و ڕێوشوێنە پیشەسازی و بازرگانییەکانی حکومەت، دەستنیشان دەکرێت کۆڵبەرەکان چ جۆرە کاڵایەک هاوردە دەکەن.
ئەم یاسایە لە پارێزگاکانی کرماشان، سنە و ورمێ جێبەجێ دەکرێت. پێشتر شەهریار حەیدەری، نوێنەری قەسری شیرین لە پەڕڵەمان گوتبووی؛ یاساکە تەنیا گوندەکان دەگرتەوە، بەڵام ئێستا شارە سنوورییەکانیش دەگرێتەوە، بۆیە پێیوایە لە ڕووی ئابوورییەوە یارمەتیدەر دەبێت.
ئەم یاسایە بۆ ماوەی 5 ساڵ جێبەجێ دەکرێت. لەو ماوەیەدا دەبێت حکومەت ناوچە سنوورییەکان لەڕووی ئابوورییەوە پێش بخات و هەلی کاری باش بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی دوای ئەو پێنج ساڵە کۆڵبەری نەمێنێت.
ئێستا خەڵک لە شارەکانی دوور لە سنووریش بەهۆی دۆخی خراپی بژێوییانەوە، بۆ کۆڵبەری ڕوو لە سنوورەکان دەکەن، بەپێی یاساکە ئەوان کێشەیان بۆ درووست دەبێت.
کردنەوەی بازاڕچەی نیمچەفەرمیش لەسەر سنوور، هاوکاریی #حکومەتی هەرێمی کوردستان#یشی پێویستە. مانگی 10 ساڵی ڕابردوو بەرپرسانی پارێزگای سنە لەلایەن خۆیانەوە دەروازەی سنووری هەنگەژاڵی بانەیان کردەوە، بەڵام دوای ماوەیەکی کوورت دیسان داخرایەوە.
ئێستا ژمارەی تەواوی کۆڵبەرەکان ڕوون نییە، بەڵام لە چەند مانگی ڕابردوودا تووندوتیژی و گوشار بەرانبەریان زۆر زیادی کرد. لە ناوچەی #هەورامان# و #جوانڕۆ# لە پارێزگای کرماشان لە ساڵی 2023دا 6 کۆڵبەر گیانیان لەدەست دا، بەڵام تەنیا لە دوو مانگ و نیوی ئەمساڵدا 4 کۆڵبەر کوژراون و 96 کەسی دیکەش بریندار بوون.
حکومەتی ئێران ساڵی 2017 دەروازە کۆڵبەرییەکانی داخست و وتی؛ کۆڵبەری ڕێکدەخرێت، بەڵام کۆڵبەریی هەر بەردەوامە. [1]