کاریگەرییە خراپەکانی تەکنەلۆژیا لەسەر منداڵ
کازیوە ڕەشی
زۆربەی منداڵانی سەردەمی ئێستا زۆربەی کاتەکانیان بە تەکنەلۆژیاوە بەسەر دەبەن، زۆربەی کاتەکانیش تەنیان، بۆیە کاتێکی کەمیان دەبێت بۆ پەیوەندیکردن و تێکەڵاوبوون لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەیان و کەسانی دیکە.
ئەگەر منداڵ شارەزاییی کەمی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان هەبێت، کاتێک گەورە دەبێت پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی لەگەڵ خەڵکدا لاواز دەبێت کە ئەمەش زیان بە ژیانی و بەو پیشەیەش دەگەیەنێت کە دەیبێت.
زۆربەی تەکنەلۆژیا باوەکان کە منداڵان بەکاریان دەهێنن پێکدێت لە یارییە ڤیدیۆییەکان، مۆبایلە زیرەکەکان، تەلەڤزیۆن، کۆمپیوتەرەکان، تابلێتەکان، ئینتەرنێت، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خزمەتگوزاریی چاتکردن، ئامێری ژماردنەکان و زۆر شتی تر.
$تەکنەلۆژیا ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت لە گۆڕینی ڕێگاکانی پەروەردەی منداڵان$
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا منداڵان بە ڕێژەیەکی زۆر تەکنەلۆژیا بەکاردەهێنن بەراورد بە ساڵانی نەوەدەکان. زۆربەی کۆمپانیاکانی بواری تەکنەلۆژیا چەندین ئامێری ئەلیکترۆنییان بۆ منداڵان بەرهەم هێناوە کە وای کردووە ڕێژەیەکی زۆری منداڵان پێوەی خەریک بن.
دەبێت خێزانەکان لەوە تێبگەن کە منداڵی ئێستا مەیل و ئارەزوویان لە ماڵەباجێنە، چاوشارکێن، هەڵماقۆین، سێ ڕسکە و قووچە نییە کە سەردەمانێک لای ئەوان چێژبەخش بوون و ئێستاش بوونە یادگارییەکی پیرۆز لایان.
چێژبەخشترین یارییەکانی نەوەی ئێستاش بریتین لە پلەیستەیشن، ڕۆڵبۆکس، ئۆڤەکوکت، ماینکڕافت، ئەنگری بێرد و چەندانی تر، لە کۆتایشدا ئەمانە دەبنە یادگاری و یادەوەری بۆیان.
$دیارترین ئەو کێشانەی بەهۆی زۆر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا ڕووبەڕووی منداڵان دەبنەوە$
1-زۆر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لەلایەن منداڵانەوە وا دەکات کە منداڵ لە فێربوونی هەست و سۆز و خۆشەویستی بۆ دەرووبەرەکەی دوور بێت. ئەو سەردەمەی کە ئێستا تێیدا دەژین سەردەمی تەکنەلۆژیا و گەشەکردنە، نابێت خێزان کەم زانیاری و کەم ئەزموون بێت لەو بەرەوپێشچوونە خێرایەیی تەکنەلۆژیا بەخۆیەوەی دەبینێ، چونکە نەشارەزایی و نائاگامەندیی دایک و باوک لە تەکنەلۆژیا ڕۆڵی تۆ وەکوو دایک و باوک کەم دەکاتەوە.
نابێت ئەو کەسەی زۆربەی کاتەکانی لەگەڵ منداڵ بەسەر دەبات ئامێرێکی بێ گیان و بێ ڕۆح بێت کە دوورە لە هەموو سۆزێک کە منداڵ پێویستییەتی؛ ئەمە وا دەکات زۆر کات منداڵ ئاستی مەعریفی و زانستیی دایکان و باوکان بە پرسیارکردن لەمەڕ ئەو ئامێرانە هەڵبسەنگێنێ، بە واتایەکی تر پرسیارێکی منداڵ بۆ تاقیکردنەوەی گەورەکانە، نەک بە ئامانجی فێربوون و تێگەیشتن.
2-زۆر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا وا دەکات کە منداڵ ببێتە کەسێکی گۆشەگیر و خۆی لە چواردەوری بەدوور بگرێت و بیەوێت زۆرترین کاتی لەگەڵ تەکنەلۆژیا و ئامێرە زیرەکەکان بەسەر ببات، کە ئەمەش لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کاریگەریی دەبێت و وا دەکات ئەو پەیوەندییە لاواز بێت، چونکە منداڵ ئارەزووی بۆ تێکەڵ بوون لەگەڵ دەوروبەرەکەی نامێنێت.
3-زۆر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا وا دەکات منداڵان حەز بە تێکەڵاوی لەگەڵ یەکتر ناکەن و خۆیان لە چوونە دەرەوە و ئەنجام دانی یاری لە گەڕەک و کۆڵانەکاندا بە دوور دەگرن. ئینتەرنێت و یارییە ڤیدیۆییەکان بوونەتە خوویەک بۆ زۆربەی منداڵان و زۆرینەی منداڵ بوونەتە قوربانی و بەهۆی کۆنترۆڵکرانیان لەلایەن ئەنتەرنێتەوە زیانیان پێ دەگات. هەندێکی تریشیان ئالوودەی یارییە ڤیدیۆییەکان بوون کە وایان لێ دەکات هیچ کاتێکیان نەبێت بۆ تێکەڵاوبوونیان لەگەڵ منداڵانی تردا، لە ئەنجامدا کێشەی تەنیابوون و بێزاربوون لەناو منداڵاندا بەرەو زیادبوون دەچێت.
4-کات بەسەربردن بەدیار شاشەیەکەوە دەبێتە هۆی قەڵەو بوونی منداڵان، ئەو منداڵانەی کاتێکی زۆر بەبەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بەسەردەبەن، کاتێکی کەمتریان دەبێت بۆ جووڵە و وەرزشکردن. ئەم جۆرە منداڵانە خواردنە خێراکان وەک لەفە، پیتزا و بەرگر زۆر دەخۆن، ئەمەش دەبێتە هۆی قەڵەوبوونیان.
قەڵەوییش دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی وەکوو سستیی دڵ، هەروەها دەبێتە هۆی پەستی و بێزاری بۆ کەسەکە، هەروەها دەبێتە هۆی نەخۆشیی شەکرە و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە نەخۆشییە زۆر سەختە ئەگەر دووچاری منداڵەکانمان ببێتەوە.
$چۆن دایک و باوکان بتوانن منداڵەکانیان لە زۆر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بەدوور بگرن؟$
دایک و باوک پێویستە بەیاریکردن لەگەڵ منداڵەکانیان کات بەسەربەرن تاکوو بە درێژایی ڕۆژ، لە سەیرکردنی تەلەڤزیۆن و یاریکردن بە یارییە ڤیدیۆییەکان زیاتر بیانپارێزن. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان کە وا لە منداڵان دەکات کە کاتێکی زۆر بە تەکنەلۆژیاوە بەسەربەرن، دەگەڕێتەوە بۆ سەرقاڵبوونیی دایک و باوکان. پێویستە دایک و باوکان درێغی نەکەن لە بردنی منداڵان بۆ مەلەکردن، یاری تێنس، تۆپی پێ و پیاسەکردن لەگەڵیان لە پارکەکەکان و هەروەها یاریکردن لەگەڵ گیانلەبەرە ماڵییەکانیان و لێخوڕینی پاسکیل لەگەڵیاندا.
هەروەها پێشبڕکێی جەستەیی لە ماڵەوەدا تاوەکوو چالاک و دڵخۆش بن و ڕایان بهێنن لە ئەنجامدانی کاری ماڵەوەدا بۆ ئەوەی هەمیشە بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان چاوەڕێی دەستی دایەنەکانیان نەبن. [1]