ناونیشانی هۆنراوە: فایلی 66
هۆنراوەنووس: #حەمە ئەحمەد جاف#
66 ساڵ بەرلە ئەوڕۆ
ئاسۆس کۆرپەیەکی جوانی
گەیاندە باوەشی (گوڵێ) و
بێشکەی کوختێکی قوڕینی
شەوانی شار
داکم دەیگوت :
کەتۆ هاتی
کەوێڵی تاریکی ژینم
تیشکی ڕۆشنایی تێکەوت و
ماڵم بەدیدارت جوان بوو
بابم دەیگوت :
کەتۆ هاتی
شار جوانترین
نیشتیمان بوو !!
مەجلیسی دەستە جەمعی شار.....
لەسێبەری مەندیلی مەلاپەپوولەو
دڵی سپی مەلاسەعدی و
ڕیشووی سەوزی جامانەکەی کەندەدڵۆپ و کانییەچاوقرژاڵییەکانی
مام قاسم و کانی زێن و جوتکانیان بوو!!
ئەو کاتەی تۆ لە دایکبووی
لە سەربانی هەمووماڵێک
ئاگری نەورۆز
بۆ پێشوازی بەهاری شار دەکرایەوە!
(غەریب) لەمایکی نەورۆزان
وەک شۆڕەبی
بۆ زەردەخەنەی خەڵکی شار دەشنایەوە
***
ئەوێ دەمێ
کە منیش فامم کردەوە
ئاسۆس ئامێزێک بوو
بۆ شار
قەندیل سەنگەر بۆ پێشمەرگە
مامەندە بۆ دڵی بەفر
بڵفەت بۆخۆر
هەرمێن بۆ مانگ
ساوێن بۆ مێزی ئەستێرە
قەڵادزێش بۆ جوانی شیعرو
شنەی شەماڵ و ڕەشەبای ،..
مانگی خەرمانان و گێرە
ئەوکات شار
گەلێ جوانترو...
حوسنی و قەڵاو
سەیدە غەریبەو گردە چکۆل
کەسکترو
قەندیل سپی ترو....
جوتکانیان ڕەوانتر بوو
بەبەهاران
شێخ مەحمودو
داودێی فەرخ و شێخ ڕیشوان
بەجومعانیش
(سەرقەبران و داری والی)
جمەی دەهات !
٭٭٭٭
داکم دەیگوت :
ئەوشەوەی
تۆ لە دایکبووی
زستان لە ماڵی ئێمەوە
پاییزی کردبووە کۆڵ و...
بەهاری دێنایەوە شار
هاوین بە گڕی ئەنگوستی
مەندیلی سپی لەسەری
دوندی قەندیل دەکردەوە
لەگەڵ نەسیمی نەوروزێ
سۆبەی داری ماڵە قوڕینەکانی شاری
بۆ قوڕنەی هەورەبانی ماڵ دەبردەوە !
بابم دەیگوت :
ئەوێ دەمێ
کوڕانی شار لەناودڵی مەفرەزەوە
بە سەرباڵی سپی هەورو
ڕەشەباوە دەهاتنەوە
ناوقەڵادزێ و
کۆڵانەتاریکەکانی
شاریان ڕوناکدەکرەوە
ئەوڕۆش لەگەڵ هەڵایسانی
مۆمی 67ساڵ تەمەن
پڕ لە ئازار و خەمم من !
ڕۆژانە... دڵێکی تەنگ و....
شەوانەش... دوور لەشەمم من
منداڵێک
لەبێشکەی ژانا لە دایک بێ و
لەنیشتمانی زامدارا
گڕوگاڵکات و
گەورەبێ
بڵێی چۆن و..
چی ناو دەنێن ؟!
ڕۆژی دەرچوون #01-07-2023#
شوێن: #هەولێر#[1]