ناوی هۆنراوە: دێ و لەخۆیدا جێمدەهێڵێ
هۆنراوەنووس: #حەمە ئەحمەد جاف#
سینەی تۆ نیشتیمانمە....
شیعریش پێکی شەوانەیە
تۆ شەمی شەوانی شیعری و
شیعرییش دیل و دێوانەیە !
خانزادی سوارچاکی عیشقت
مەرزی هزرم داگیردەکا
بەتیروکەوانی ئەبرۆی
خۆم و شیعرم ئەسیر دەکا
دێ و ڕادەبرێ، بێ پەساپۆرت
کەوشەنی دڵ دەبەزێنێ
بوومەلەرزەی عیشقێکی نوێ
کوختی شیعرم دەهەژێنێ
بارانی شەونمی نیگای
بەهاری دڵ گوڵڕێژ دەکا
پێخەفی باوەشی گەرمی
زامی ئەوین ساڕێژ دەکا
دێ و لەخۆیدا جێم دەهێڵێ و
لە دڵما دەگەشێتەوە
لەجێژوانی شیعرو گوڵدا
عیشقی سوور دەبەشێتەوە [1]