پەروەردەی منداڵ لەنێوان تەمەنی 3 و 4 ساڵیدا
پەیمان ئەحمەد
$دنیای منداڵ لەنێوان تەمەنی 3 و 4 ساڵیدا$
لە سەرەتای 3 ساڵیدا منداڵێکی بزۆزی هەمیشە لە جووڵەمان هەیە کە لە بیریەتی زووتر ناتوانێت بەو زیرەکی و لێهاتووییەی ئێستای بجووڵێ بۆیە حەز دەکات بە بازدان و سەرکەوتن و لێخوڕین و تۆپێن و، بە گشتی جووڵاندنی ماسوولکە گەورەکانی پێ خۆشە بەڵام نەگەیشتووە بە ناسککاری و بۆیە تا دەتوانێت لێی گەڕێ هەڵپەڕێ و داپەڕێ و سەما بکات؛ بەڵام کە مقەستی بە کار هێنا، لەبەر ئەوەی هێشتا لێهاتووییەکەی ماوییەتی وریای بە. لێرەدا بە کوورتی دەچینە نێو دونیای هەست و مێشکی منداڵ لەنێوان 3 بۆ 4 ساڵیدا
$زمان$
منداڵ لە 3 ساڵیدا 250 بۆ 1000 وشە دەزانێت و تا پڕکردنی 4 ساڵ هەتا 2000یش دەچێت. لە سەرەتادا ڕستەی 3 تا 5 وشەیی بەکار دێنێت؛ تا دەتوانێت گوێی لێ بگرە، چون هەروەک چۆن جووڵاندنی ماسوولکە گەورەکان و سەما کردنی پێ خۆشە بە زمانیش سەما دەکات، وشەی بۆ ڕاست مەکەوە لەگەڵی گۆرانی بڵێ و سەمای جەستە و زمان بکە.
$مێشک و خەیاڵ$
1-دونیای ڕاستی و خەیاڵی تێکەڵ بە یەکترین، ڕەنگە ئاسمان پەمەیی بێت، پشیلە بفڕێت.
2-خۆی بە ناوەندی دونیا و هەموو شتێک کە ڕوودەدات دەبینێت واتە خۆرەتاو بۆ ئەو هەڵدێت و باران بۆ ئەو دەبارێت. هەر خۆی بۆ گرینگە کە لە منداڵێکی کە بدات، ئەگەر پێی بڵێی وامەکە پێت خۆشە ئەویش وات لێ بکات؟ تێناگات. زۆر پرسیار دەکات منداڵەکەت فێری بیرکردنەوە بکە. چۆن؟ هەموو پرسیارێکی وەڵام مەدەوە، کوورت وەڵام دەوە نەک دوورودرێژ، یان بڵی تۆ چۆن بیر دەکەیەوە. ئەرێ ئاسمان بۆ شینە؟ نازانم تۆ دەڵێی چی؛ چون بە شین ڕەنگیان کردووە.
$هەست و سۆز$
منداڵی 3 ساڵە شادی، خەم، ترس و تووڕەیی دەناسێت. لە 4 ساڵیدا خۆبەزلزانی، پێداگری، جودایی، گرێدراوی و نزیکایەتیی لێ زیاد دەبێت هەروەها دەتوانێت هاوسۆزییش بکات کە ساوایەک دەگری دەچێ ژیری دەکاتەوە. لە باری ڕەگەزییەوە خۆی دەناسێت و هێڵەکانی جیاوازی لەلای تۆخ دەبێتەوە. سەرەتا لە دایبابی ناهاوڕەگەزی نزیک دەبێتەوە و دەیەوێت جێگەی دایبابی هاوڕەگەز بگرێتەوە و تەنانەت لەگەڵ ناهاوڕەگەز زەماوەند بکات هەتا وردەوردە دڵسارد دەبێتەوە و تێدەگات.
$کایە (یاری): دەرگای چوونە ناو دونیای منداڵ$
منداڵان لە کایەدا فێر دەبن و خۆیان دەردەبڕن و باسی خۆشی و ناخۆشی و دڵ ناڕەحەتییەکانیان دەکەن. منداڵی وایە پێی خۆشە چەند هاوڕێی هەمیشەییی هەبێت. هیی واش هەیە هەر لە کاتی کایەدا هاوڕێ دەبینێتەوە. منداڵان دۆست و هاوڕێی خەیاڵییان هەیە کە ڕەنگە نا/هاوڕەگەزبێت، گەورەتر یان چکۆلەتر بێت، ئاژەڵ یان مرۆڤ بێت. گەر دەتەوێت لە دونیای منداڵ و کێشەکانی تێبگەی یان چارەسەری بکەیت، ببە بە هاوڕێی کایەکانی.
$ترس$
منداڵ بەتایبەتیی لەنێو سێ بۆ چوار ساڵیدا کە لە گەشەیەکی زۆر خێرادایە و بە کوورتی هەم هەست و سۆزی هەڵدەقوڵێت هەم گەشەی جەستە و ناسینی زیاتری دەوروبەر و چاوکرانەوەکەی هەڵیدەبەزێنێت و ڕایدەچڵەکێنێت، تووشی هێندێک ترس دەبێت یان لەوانەیە هێندێک ڕووداوی تازە وەک مردنی دەوروبەر، گۆڕینی شوێنی ژیان یان ڕووداوێکی ناخۆش کە بەسەر خۆی هاتووە، ببێتە هۆی چەکەرەکردنی ترسی تایبەت لە گیانیدا. تاریکی نموونەیەکی بەرچاوی ترسی دونیای منداڵییە. منداڵی وایە ترسەکەی دێنێتە سەر زار، هیی وایە لە دەموچاویدا دەبینرێت، هیی واش هەیە بە قامک مژین و نینۆک جاوین و قژلوولدان نیشانی دەدات.
دایک و باوکی هێژا تکایە ترسی منداڵەکەت ببینە و لێی تێبگە. بە هیچ شێوە لۆمەی مەکە بەڵکوو باوەشی گەرم و تێگەیشتنی پێشکەش بکە. شێروڕێویی مەنتقییانەی بۆ مەهێنەوە. هاوڕێی بە تا ترسەکەی بەسەر دەچێت یان هەتا بەهێواشی دارەدارەی چارەسەریی پێ دەکەی.
$سرووشتی جیاوازی منداڵان:$
پۆلێنێکی ساکاری سرووشتی منداڵان بە سەر 3 چەشندا دەکرێت: ئاسان وەرگر، گران وەرگر، درەنگ خووگر.
=KTML_Bold=ئاسان وەرگر=KTML_End=
شادە، سەرکێشی دەکات، خۆڕێکخەرە و وەک ئاو دەچێتە پەرداخی ژیانەوە.
=KTML_Bold=گران وەرگر=KTML_End=
هەر ساتەو لەسەر هەوایەکە، بەزەحمەت ڕازی دەبێت، بۆ زۆربەی شتەکان وەکوو خواردن و خەوتن و پۆشین و چوونە شوێنی تازە لەگەڵ دئەیوباب و چاودێرەکەی دەیکات بە کێشە و هەرا بەڵام ئەگەر بەتاقەت و بە پشوودرێژی و لێزانینەوە لەگەڵی بجووڵێینەوە داهاتوویەکی درەوشاوەی دەبێت: ئەو منداڵانە دەتوانن ببن بە کەسانی زۆر داهێنەر و بەڕێوەبەرانی بەتوانا.
=KTML_Bold=درەنگ خووگر=KTML_End=
ڕەوتی چالاکیی زۆر هێورە، درەنگ لەگەڵ شوێن و کەسی تازە دەگونجێ و درەنگ هەست و ورووژاویی ئاشکرا دەکات. تا دەتوانێت لە پێشدا ئامادەی دۆخی تازەی بکە، یان بۆچوونە نێو ژینگەی نائاشناوە یارمەتیی بدە وەک بردن یان دیتنەوەی هاوڕێیەک لە سەرەتادا.
$منداڵی شەرمن:$
شەرمنی لە سرووشتی هێندێک منداڵدا بەدی دەکرێت، چی بکەین؟
1-منداڵی شەرمن، شەرمنە، قەبووڵی کەن و لۆمەی مەکەن.
2-فێری شتێکی بکەن کە تێیدا درەوشاوە بێت وەکوو وەرزشێک، هونەرێک، یان با لانی کەم هێندێک شتی سەرسووڕهێنەر کە کەسانی دیکە نایزانن فێر بێت.
3-لە ژینگەیەکی نوێدا سەرەداوێکی ئاشناییی بۆ ببیننەوە. [1]