بنەمای هۆشیارکردنەوەی منداڵان لەسەر پڕۆسەی نەتەوەسازی
#کەیهان محەمەد نەژاد#
منداڵان لە پڕۆسەی نەتەوەسازی و پاراستنی بەها نەتەوەییەکاندا زۆرترین کاریگەرییان هەیە، ڕەنگە بۆ زۆر کەس ئەمە جێی پرسیار بێت کە منداڵان لە چی تێدەگەن بۆ ئەوەی بتوانن لەسەر بابەتێکی وا گرینگ، کاریگەر بن؟ بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە منداڵەکانن کە داهاتووی ڕۆحی نەتەوەیەک دیاری دەکەن.
ئەگەر منداڵان بە شێوازێکی درووست پەروەردە بکرێن و ئاگاداری نرخ و بەها، کولتوور و بەگشتی فۆلکلۆری نەتەوەکەیان بن و لە گرینگیی زمانی دایکی تێبگەن، ئەوا لەسەر بنەمای درووست پەروەردە دەکرێن و دەتوانن لە داهاتوودا زیاترین کاریگەرییان لەسەر پڕۆسەی نەتەوەسازی هەبێت.
گرینگە منداڵانی کورد لە تەمەنی منداڵیدا بە چیرۆک و نووسینی کوردی پەروەردە بکرێن، واتە بەجێی ئەوەیکە لە ئێستادا مۆبایلێکیان بەدەستەوە بێت و فێری زمانی بیانی و داگیرکەر ببن، با بێن بە سەیرکردنی ئەنیمەیشنی چیرۆکی کوردیی منداڵان و فیلمی کوردی، پەروەردە بکرێن.
ئەو منداڵانە ئەگەر لە بنەڕەتەوە، واتە لە تەمەنی فامکردندا، بە کولتوورەکەیان پەروەردە بکرێن، کە گەورە بوون، وەک ئایدۆلۆژیا لە مێشکیاندا دەمێنێتەوە و زیاترین هەوڵ لە بواری نەتەوەسازیدا دەدەن.
لەنێو کۆمەڵگەی ئێمەدا زۆر کەسی هۆشیار و ئاگا لە بوارە جیاجیاکاندا دەردەکەون، بەڵام دەبینین منداڵەکانیان بە کوردی نازانن بخوێننەوە و بنووسن، بەڵام وەک بولبول بە زمانی بیانی قسە دەکەن! بۆیە کە مرۆڤ منداڵی ئەو جۆرە بنەماڵانە دەبینێت، زۆر پرسیاری گرینگی لەلا درووست دەبێت؛ تۆ بڵێیت دایک و باوکیان تەنیا لە ڕواڵەتدا کورد بن و تەنیا بانگەشەی کوردبوون و ناسیۆنالیزم دەکەن؟ یان بۆچی هیچ هەوڵێکیان بۆ ئاگاسازیی منداڵەکانیان نەداوە؟ بۆچی منداڵی کەسانی وا هۆشیار یان توێژەرانی کوردۆلۆژی، بە زمانی بیانی قسە دەکەن؟ ئەو پرسیارانە و زۆر پرسیاری تر دێنە پێشەوە و ڕەنگە ببنە هۆی ئەوەیکە کەسە نائاگاکانی دەوروبەر و منداڵەکانیان لاساییی ئەو کەسانەی تر بکەنەوە و وای لێ بێت کە منداڵەکانیان سەیری چیرۆک و فیلم بە زمانی بیانی بکەن!
بەڵام بە پێچەوانەی ئەم جۆرە کەسانە، زۆرێک منداڵ و گەنجیش دەبینرێن کە پەروەردەیەکی درووستیان هەبووە و ئێستا کاریگەرییان لەسەر زۆر بابەت و تەنانەت کولتوورەکەشیان هەیە. ئەمەش نموونەیەکی باشە بۆ زۆرێک لە منداڵانی وڵاتەکەمان.
سەرەتا منداڵەکانتان فێری زمانی دایک بکەن، با بتوانن تێبگەن و بخوێننەوە. ئەگەر زمانی دایک بزانن، دەتوانن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تیڤییەکاندا سەیری ئەنیمەیشنی کوردی بۆ منداڵان بکەن. لەو ئەنیمەیشنانەدا هەم بەهای نەتەوەیی باس دەکرێن و هەم کولتووری نەتەوەیی دیارە و ئەوەش بۆ خۆی دەبێتە هۆی هۆشیارکردنەوەی ئەو منداڵانە. لە ئێستادا کە کوردستان لەلایەن وڵاتانی داگیرکەرەوە داگیر کراوە (پەروەردە لە باشووری کوردستان بە زمانی کوردییە) و خوێندن لە قوتابخانەکاندا بە زمانی نەتەوەی باڵادەستە، جگە لە خوێندنی قوتابخانە، دەتوانن منداڵەکانتان لە بوارە جیاوازەکاندا بە هزرێکی کوردستانییەوە پەروەردە بکەن.
ئەمڕۆ سەردەمی تەکنەلۆجیایە و هەموو کەسێک لە گیرفانی خۆیدا مامۆستایەکی هەیە (واتە مۆبایل و تەبلێت)! مۆبایل و تەبلێتەکان مامۆستای هەر تاکێکن (ئەگەر بە شێوەیەکی درووست بەکار بهێنرێن). لە یووتیووب و پلاتفۆڕمەکانی تردا دەیان کەناڵ و پەیجی باش هەن کە هەوڵی ئاگادارکردنەوە و فێرکردنی منداڵان دەدەن، تەنانەت هەندێک دامەزراوە و ئەنجوومەنیش دامەزراون کە خۆبەخشانە هەوڵی ئاگادارکردنەوە و پەروەردەکردنی منداڵان دەدەن. خەڵک دەتوانن بۆ ئاگاسازیی منداڵەکانیان لەو پەیج و دامەزراوانە کەڵک وەربگرن.
ئەگەر منداڵان بە زمانی ڕەسەنی خۆیان پەروەردە بکرێن و ڕێنووس و ڕێزمانی زمانەکەیان فێر ببن، ئەوا دەتوانن لە ڕێگەی ئەو زمانەوە بەدواداچوون بۆ زۆر شتی تری وەک مێژوو، چاند و ڕۆشنبیری و هتد بکەن. من لە ڕابردوودا زۆر منداڵم بینیوە کە بە شێوەیەکی درووست پەروەردە و هۆشیار کراون و ئێستا لە ئاگادارکردنەوەی کەسانی دەوروبەریان و تەنانەت کۆمەڵگەکەیان کاریگەرترین کەسن.
بۆیە ئەو منداڵانەی بە فەرهەنگ و کولتووری خۆیان پەروەردە کراون، لە هەر شوێنێک و وڵاتێکی ئەم دونیایەدا بن، دەتوانن لە پڕۆسەی نەتەوەسازی، نیشتمانسازی و تەنانەت ئاگاسازیشدا کەسانی کاریگەر بن. هەر ئەو منداڵانەن کە گەورە دەبن و دەبنە سەمبۆلی نەتەوەیی.[1]