زارە بەردی بناغەی سینەمای کوردی
ئارێز مستەفایی
نووسەر و دەرهێنەر: هامۆ بەیک نازاریان
بەرهەمهێنەر: ئارمێن کینۆ
بەپێی بابەتێک لە: ئابە لازو
ئەکتەرەکان: زارە (ماریا تاتوسیان تەنازی)، سەیدۆ-شوان (هراچیا نرسیسیان)، تەیموور بەیک-کوڕی سەرۆکی ئیل (کاراکاش)، خدۆ -برای زارە (ئا. خاچانیان)، لەتیف خانم -هاوسەری تەیموور بەیک (ئۆ.گولازیان)، مەستۆ -باوکی زارە (م. مانۆلیان)، شێخی گوند (مەلیک. ئاغا مالۆڤ)، نانۆ -دایکی زارە (م. مانوچاریان) ، بەرپرسی کاروباری کورد (ز. گورالێڤ)، دەفتەرداری بەرپرسی کاروباری کورد (ئا. ئەمیربەکیان).
کامێرامان (سینەماتوگرافیر): ئارکادی یالۆڤی
ماوەی فیلم: 72 خولەک
وڵات: (یەریڤان-ئەرمینیای سۆڤیەت)
ساڵی بڵاوکردنەوە: 1927 (فیلمی بێدەنگ)
$پێشەکی$
زارە یەکەمین کردەی داستانییە کە کورد وێنا دەکات و بە واتای تر بەردی بناغەی سینەمای کوردییە و لە هەمان کاتدا یەکێکە لە بەرهەمە سەرەتاییەکانی سینەمای ئەرمینیای سۆڤیەت لە سەردەمی سینەمای بێدەنگدا. زارە لە 7 ئەڵقەدا، لە ڕێگەی چیرۆکێکی خۆشەویستییەوە باس لە کولتوور، داب و نەریت و ڕێوڕەسمی کوردانی ئێزیدی دەکات. فیلمەکە خاوەنی وێنەی بەهێزی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییە. بەڵام گرنگیی فیلمی زارە تەنیا لەبەر ئەوە نییە کە بەرهەمێکی مێژوویی و ئەرشیفییه، بەڵکوو ئەم فیلمە وەڵامێکی سیاسی و ڕەخنەگرانەیە بۆ ئازارەکانی کورد لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی تیزار، ئاغا، شێخ و سیستەمی خێڵەکی و هەروەها دژایەتیکردن لەگەڵ جەنگی جیهانیی یەکەم، لەسەر بنەمای جوانیناسیی (قوتابخانەی مۆنتاژ) بە تایبەت (سێرگی ئایزنشتاین). فیلم لە ئاستێکی تردا ڕەخنە لە نەزانی و دواکەوتووییی فیکریی خەڵکی هەژار دەگرێت و لە هەمان کاتدا پشتیووانیی کورد دەکات بۆ ڕۆحی بەدواداچوون بۆ دادپەروەری و ڕاپەڕین لە دژی ستەم.
$کوورتەیەک$
زارە و سەیدۆ عاشقی یەکترن و بڕیارە بەم زووانە زەماوەند بکەن. بەڵام تەیموور بەگ، کوڕی سەرۆکی هۆزەکە سەرەڕای بوونی ژنێکی دیکە دەیەوێت دەست بەسەر زارەدا بگرێت. هاتنی بەرپرسانی تیزار بۆ پێکهێنانی گرووپێکی خۆبەخشی کورد بۆ بەرەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم، دەرفەتێکی بۆ تەیموور بەگ ڕەخساند کە پارە بدات بە بەرپرسان و سەیدۆ ڕەوانەی شەڕ بکات. بەڵام لە نیوەی ڕێگاکە سەیدۆ هەڵدێت و دەگەڕێتەوە گوندەکە، دواتر دەستگیر و ڕەوانەی زیندان دەکرێت. تەیموور کە ئێستا هیچ بەربەستێک لە بەردەمیدا نابینێت، زارە لە ماڵی باوکی دەدزێت و کات و ڕۆژی زەماوەندەکە ڕادەگەیەنێت. سەیدۆ لە زیندان هەڵدێت و بیر لە تۆڵەسەندنەوە و ئازادکردنی زارە دەکاتەوە. لە ڕۆژی زەماوەندەکەدا لەگەڵ هەڤاڵانی دەگەڕێتەوە ناوچەکە و دوای کوشتنی پاسەوانەکان و تەیموور، زارە ئازاد دەکات.
$شیکردنەوە$
زارە (ڕۆمانسییەت و خەبات)
زارە و چیای ئارارات بەنیازن چی بە بەردەنگی خۆیان بڵێن؟ نیشاندانی پارچەیەک لە ژیانی خێڵەکی لە گوندێکی بناری چیای ئارارات، یان شتێکی زیاتریان هەیە بۆ وتن؟ فیلمەکە بە دیمەنێکی دووری ئارارات دەستپێدەکات و دەگاتە بنارەکانی چیاو و ژیانی خەڵکی ئاساییی ناوچەکە و بە شێوەیەکی دۆکۆمێنتاری نیشان دەدات. ئارارات ناسنامەی ئەرمینیا و کوردانی نیشتەجێی ئەو وڵاتەیە. ئارارات هێمای خۆڕاگری و ڕاوەستانی مرۆڤی بەئەمەگ و خەباتکارە کە لە دژی ستەم و تاڵانکردن ڕاوەستاون. خەڵکێک کە هەزاران چیرۆک لە دڵیاندایە. چیرۆک و گێڕانەوەی تێکۆشانی خەڵکی ژێردەست لە پەنای ئارارات. یەکێک لەو ڕووداوە مێژووییانه، ڕاپەڕینی #ئیحسان نووری پاشا# و دامەزراندنی #کۆماری ئارارات# ە لە ساڵی 1927، هەمان ساڵی درووستکردنی ئەم فیلمە. زارەیش گێڕانەوەی ڕۆمانسییەت و خەباتە دژ بە تەیموور بەگ و، چەوساندنەوەی خەڵک لە ساڵی 1915 لە سەردەمی جەنگی جیهانیی یەکەم نیشان دەدات. سەردەمی تێکچوونی ڕووسیای تزاری و فیۆدالیزم و سەرهەڵدانی گەل و کراوەیی دادپەروەری.
خاڵی سەرەکیی فیلمی زارە خەڵکی چینی ژێردەسته، بە مانایەکی تر ئەم فیلمە بە کاری ڕۆژانەی خەڵک دەستپێدەکات و بە سەرکەوتنیان کۆتایی دێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش فیلمەکە بە دیمەنە ڕاستەقینەکان (ئاژەڵداری، شیردۆشین، بەرماڵ درووستکردن، چێشت لێنان، بەخێوکردنی منداڵ) بە مەبەستی پیشاندانی ژیان و کولتووری ڕاستەوخۆی کوردانی ئێزیدی دەستپێدەکات. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، هامۆبێک نازاریان، شێوازی مۆنتاژ بەکاردەهێنێت. (مۆنتاژ ئەو شێوازەیە کە سینەمای ئاڤانگاردی سۆڤیەت بۆ درووستکردنی مانا و چەمک بەهۆی پەیوەندکردنی نێوان وێنەگەلی جیاواز بەکاریان دەبرد). ئەو بەم کەرەستەیە ڕەخنەی جددی لە ڕژێمی تزاری ڕووسیا و سیستەمی کۆیلەداری لە کوردستان دەگرێت. بۆ نیشاندانی هەلومەرجی وا، نازاریان بەکارهێنانی گێڕانەوەی کلاسیک، چیرۆکێکی خۆشەویستی دەگێڕێتەوە.
وەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا، نازاریان لایەنگری خەڵک و چینی ژێردەسته، بەڵام ئەم لایەنگرییە بێ ڕەخنە نییە و ئەو ڕەخنە لە نەزانی و خورافاتیان دەگرێت (پشتگیری و ئاگادارکردنەوە لە ڕێگەی کامێرا بۆ خەڵک ئامانجی ئەوه). بەڵام ڕەخنەی سەرەکیی دەرهێنەر بەرانبەر دەسەڵاتی تیزار و میکانیزمی خێڵەکی و ئاغاواته. دوو پێکهاتە لە بارودۆخی جیاوازدا کە یەکتر بەهێز بکەن. دەرهێنەر بەوردی دزینی پارەی بەرپرسان لەژێر وێنەی تیزار نیکۆلاسی دووەم و هاوسەرەکەیدا نیشان دەدات. بە هەمان شێوە سەرۆکی عەشیرەت و شێخ و پاسەوان لە کاتی دزی، پارە وەرگرتن و پێشێلکردنی مافی خەڵکدا بە گرتنی وێنەی نزیک نیشان دەدات. نازاریان جیا لە خەڵکی هەژار و ئاسایی، دەسەڵاتدارەکان و ئەوانەی وا ستەم دەکەن، ڕشوەت وەردەگرن و لە خەڵک دزی دەکەن، بەگشتی بە ڕووخساری ناشرین پیشان دەدات.
بەرپرس و دەفتەردار بە هاوکاریی سەرۆکی عەشیرەت و شێخ، خەڵکی هەژار دەنێرن بۆ بەرەی شەڕ و لەو کەسانە کە بڕێک پارە یان مەڕیان هەیە ڕشوەت وەردەگرن. وەک ئەوە وایە هەمووان لەسەر ئەوە کۆک بن کە بە وتەی دەفتەدار: کورد وەک مەڕەکانیان ساویلکەن و دەکرێت فێڵیان لی بکرێت. لە لایەک دەسەڵاتدارەکان هاوکاریی یەکتر دەکەن و ژێردەستەکانیش نەک هەر پێکەوە نین، بەڵکوو لەگەڵ فیتنە و فێڵبازییاندا هاوڕا دەبن.
خاڵی ئومێدبەخش لەوێیە کە سەیدۆ لەبەر خۆشەویستی دژی حکوومەت و تەیموور بەگ دەوەستێتەوە. ئەو نەچووە بەرەی شەڕ (جەنگی جیهانیی یەکەم) ، شەڕێکی بێ کەڵک کە تەنیا مەرگ و نەهامەتیی بوو بۆ چینی بندەست و بە بەرپرسی کاروباری کورد و دەفتەرداری دەڵێت تەنیا هەژارەکان دەبەن (بۆ خزمەتی سەربازی) لەکاتێکدا دەوڵەمەندەکان نابەن. دەنگی ئەو دەنگی دژایەتی بەرانبەر دەسەڵاتە. بەهۆی ئەم دوژمنایەتییە لەگەڵ دەسەڵات دەچێتە زیندان. هەڵهاتن لە زیندان و دواتر ئازادکردنی زارە و تۆڵەسەندنەوە لە خان ئامانجی کۆتاییی سەیدۆیه. بەم کردەوانە دژی حکومەت و ئاغا و شێخ دەوەستێتەوە. هەرچەندە هۆکاری ئەو دژایەتییە خۆشەویستییە و نەک هۆشیارییەکی سیاسیی دیاریکراو، بەڵام ئەمە بەسە بۆ ئەوەی نازاریان بەم بیانوویە ڕەخنە لە سیستەمێکی گەندەڵ بگرێت. ئەو تەنیا بە ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتی ئەو سەردەمە دەتوانێت چینە قووڵەکانی کۆمەڵگەی ئەو کات پیشان بدات. نازاریان بۆ سبەینێیەکی باشتر لەژێر سێبەری ئارارات بۆ خەڵک، بە ڕەتکردنەوەی ئەو هەموو ڕەشاییە دەگاتە پاکی و ئەوەی دەمێنێتەوە خەڵک و ئاراراته.[1]