دایکە ئەلیف/Elif Ana
بابەت: خوێندنەوەی ڕەخنەیی
نووسینی: شاهۆ عارف (Shaho Arif)
دایکە ئەلیف
لە مێژووی پڕ ململانێی سیاسی کورددا، بەتایبەت لە باکوور، هەمیشە کورد وەکوو خەڵکانێکی دواکەوتوو، کێویی، چەتە، بەگشتی وەکوو گرووپێک وێناکراون کە بێبیر و لاوازن، و توانای بەشداریکردنی شارستانییان نییە، فیلمی دایکە ئەلیف دەچێتەوە سەر ئەم دیدە بۆ کورد. بەپێچەوانەوەی ڕەوتی فیلمسازی لە باشوور کە کێشەی گێڕانەوە کێشەیەکی زەقە، کازم ئۆز، بەگشتیش فیلمسازەکانی باکوور و ڕۆژهەڵات، کێشەی ئەوەیان نییە 'نەزانن فیلم درووست بکەن'، بەڵام تێگەیشتنیان بۆ دونیا هەمیشە جێی ڕامان و هەڵوێستەیە.
یەکێک لە کێشە هەرە سەرەکییەکانی ئەم فیلمە گێڕانەوەی چیرۆکێکی ئەفسانەیی و مێژووییە لە ژانریی واقیعییدا. دایکە ئەلیف کە پاڵەوانێکی ئەفسانەییە و توانای بینینی پێشوەختە و گۆڕینی ڕێژەیی دەوروبەری هەیە، لە فۆرمێکدا گێڕدراوەتەوە وەک ئەوەی مرۆڤێکی ڕاستەقینە بووبێت! کازم نەیوستووە ئەلیف وەکوو پاڵەوانێکی ئەفسانەیی پیشان بدات، بەڵکوو هەوڵیداوە باوەڕمان پێ بهێنێت کە توانا سەروسرووشتییەکانی ئەلیف ڕاستەقینەن. بەخشینی منداڵ، چاککردنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاژەڵ، پێشبینی ڕووداوەکان و چاکەکاریی ڕەها ئەو خەسڵەتانە بوون کە ئەلیف هەیبوون. هەڵبەت کێشەکە لەوێدا نییە کە مرۆڤ ئەم توانایانەی هەیە یاخود نا، لە ڕاستیدا سینەما خۆی هونەرێکە هەمیشە سەرقاڵی ختوکەدانی توانا پەنهانەکانی مرۆڤە، بەڵام کێشەی ئەفسانەی دایکە ئەلیف ئەوەیە کە کەوتووەتە ناو چوارچێوەیەکی مێژوویی و سیاسیی و واقیعیی تورکیاوە. فیلمەکە لەسەروەختی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی یەکەمەوە بۆ درووستبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان بەردەوام لە ماخۆلاندایە. بە پاڵەوانکردنی ئەلیف لەناو مێژوویی چەک و زانست 1918-1978، دووپاتکردنەوەی ئەو دیدەیە کە کوردە دواکەوتووەکانی ژێر خێوەتەکان و پاڵەوانەکانیان لەناو ئەم مێژووەدا لەناو وەهم و خەیاڵدا ژیاون. تواناکانی ئەلیف لەناو ئەو سیاقەدا کۆمیدی و گاڵتەجاڕ دەردەکەون، هیچ بەشدارییەکی کاراشیان لە ڕووداوە مێژووییەکاندا نییە. ڕۆژەکان و ساڵاکان تێدەپەڕن و مێژوو دەنووسرێتەوە و کوردەکان و عەلەوییەکان کۆمەڵکوژ دەکرێن، ئەلیف زێدی خۆی جێدەهێڵێت و دەچێتە ئەنکەرە نەشتەرگەری چاو دەکات، لەگەڵیشیدا خەڵکانی زیاتر باوەڕ بە وەهم و خەیاڵەکانی دەکەن. ئەمەیە توانای پاڵەوانە کوردەکە!
ژانر لە سینەمادا پێشمەرجی گێڕانەوەیە و یارمەتیی بینەر دەدات بە جۆرێکی دیاریکراو چاوەڕوانی چیرۆکەکە بکات. هەموو فیلمێک لەگەڵ دەستپێکردنیدا ژانرەکەی ناچارت دەکات کە چۆن وەریبگریت. دایکە ئەلیف چیرۆکێکی ئەفسانەییە و بە ژانری واقیعی و مێژوویی درووستکراوە ئەمەشە وایکردووە دایکە چاکەکارەمان دەستەپاچەبێت لە بەردەم واقیعی زاڵدا. ئایا کازم بێئاگا بووە لەم ئاکامەی فیلمەکەی؟ یاخود ڕەوایە گومان لە گۆڕانی بیرکردنەوەی بکەین پاش ئەزموونەکانی پێشووی؟ بێگومان ئەمە ئەو جیهانە سینەماییە نەبوو کە بۆ دایکە ئەلیف درووستکرابوو. [1]
#20-02-2024#