=KTML_Bold=ڕیشە مێژووییەکانی پەیوەندی کورد و تورکمان=KTML_End=
#محەمەد شوانی#
سەرەتاکانی نیشتەجێبوونی خێڵە تورکمانەکان لە ئێراق کۆنە، هەندێک بۆ سەرەتاکانی هاتنی ئیسلام و هەندێک بۆ کۆتاییەکانی دەسەڵاتی عەباسی و هەندێک بۆ سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی دەیگەڕێننەوە. هەرچۆنێک بێت، کورد و تورکمان لەم ناوچەیەدا مێژوویەکی دوورودرێژی پێکەوە ژیانیان هەیە، لە هەموو ئەو ناوچانەی کورد بەرەنگاری توانەوەی کردبێت، تورکمانیش دەستی بە کلتور و خەسڵەتە نەتەوەییەکانی خۆیەوە گرتووە و ماوەتەوە. لە هەموو ئەو ناوچانەش کە کورد بەرەنگاری بۆ نەکرا بێت، لە ئەنجامدا تورکمانیش نەماوە.
بەپێی هەندێک لە سەرچاوەکان، بەلایەنى کەمەوە پێنج سەدە تێپەڕیوە بەسەر سەرەتاکانى نیشتەجێبوونى تورکمان لە کەرکووک دا. بەدرێژایی ئەو مێژووە هەمیشە لەسەر شانۆى ڕووداوەکان و لەژێر کاریگەرى دەسەڵاتى عوسمانیدا ڕۆڵى بەرچاویان هەبووە لە بزووتنەوە ڕۆشنبیرى و کلتورییەکانى شارەکەدا. تا لە سەرەتاى سەدەى بیستەمدا پێکهاتەی کلتوری لە پارێزگاکەدا گەیشتە ئاستێک ، کە کۆمەڵگەى شارنشینى لە کەرکووک و کۆمەڵگەى لادێى کەنارەکانى شار ، بریتیى بوون لە دوو جیهانى لەیەک جیاواز لەڕووى کلتورى و کۆمەلایەتى و ئابووریشەوە ، بەڵام شەڕى جیهانى یەکەم بەڕاستى کارەساتێکى جەرگبڕ بوو بۆ سوڵتانەکانى عوسمانى و کرانەوەى دەروازەیەکیش بوو بۆ گەلانى ناوچەکە ئاڵوگۆڕێکى ئابوورى و کۆمەڵایەتى و دیموگرافیش لەو گۆڕانە سیاسییەوە کەوتەوە، کە لە ویلایەتەکانى عوسمانیدا ڕوویاندا، بەتایبەتیی لە ویلایەتى موسڵ، شێوازى ژیان و بیرکردنەوە و ڕیزبەندى دەسەڵاتى نەتەوەیى بە زیانى تورک و بە قازانجی عەرەب گۆڕى.
بە درووستکردنى ئێراق لە زۆرینەى عەرەب و لکاندنى ویلایەتى موسڵیش بەو دەوڵەتە تازەوە ماناى پاشەکشەکردنى کلتور و زمان و ڕێوڕەسمە باوەکانى تورک بوو، کە ماوەى چوارسەد ساڵێک بوو لە ناوچەکە کاریان پێدەکرا، لە بەردەم کلتور و زمانى عەرەبیدا هەرچەندە ئەمیش بەهۆى ئایینەوە پێشینەیەکى لەم هەرێمەدا هەبوو بەڵام لە فۆرمى فەرمى و بەکارهێنانى زۆرەملێدا بۆ خەڵکى ناوچەکە ڕووداوێکى نوێ بوو. پایەى هەڵگرانى کلتورى تورکى لە ڕیزبەندیەکەدا ژێروژوور کرد، بۆیە لەو ڕۆژگارەوە سەرتاى شێوازێکى نوێ لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانى نێوان کورد و تورکمان دەستى پێکرد و ڕۆژبەڕۆژ پتەوتر و بەهێزتر بووە. دوژمنانی هەردوو نەتەوەکەش هەمیشە هەوڵیان داوە کەلێنێک بدۆزنەوە و لە گرنگى ئەو پەیوەندیانە کەم بکەنەوە.
کورد و تورکمان دوو نەتەوەى دێرینى شارى کەرکووکن، مێژوویەکى دوورودرێژى پێکەوە ژیانیان لەم شارەدا هەیە، لە خۆشى و ناخۆشییەکاندا هاوبەش و هاوکارى یەکدی بوونە و کارەساتەکانى سەر کەرکووکیش هەردوو لایانى گرتووتەوە، ئەگەر بەڕێژەى جیاوازیش بووبێت.
دواى پڕۆسەکانى ئازادى لە ئێراق دا، لە نیسانى 2003 دا، ئێراق بە گشتى و کەرکووک بەتایبەتیی لە دەروازەى گۆڕانێکى ڕیشەیى و بنەڕەتیدان. خەڵکى کەرکووک بە هەموو کەمینە نەتەوەیى و ئایینیى و مەزهەبییەکانەوە لەسەر ئەو نەزم و ڕیتمە نوێیە ڕانەهاتوون. لەلایەکى دیکەش هەندێک دەستى دەرەکى یارمەتى ئاسایى کردنەوە و سەقامگیرى ناوچەکە نادەن، بۆیە لەم ساتە وەختەدا گەڕان بە شوێن خاڵە بەهێزەکانى پەیوەندى نێوان گەلانى کەرکووک پێویستییەکى قۆناغەکەیە. ئەوەش بە مەبەستی بەرنامەڕێژیى ئاییندەی شارەکە لەسەر بنەماى مێژووی پێکەوەژیان دامەزرێتو بوونیادنانی ئاییندەی شارەکە لەبەر ڕۆشنایی ئەو پەیوەندییە مێژووییە تەندرووست و پڕ لە تەباییە بێت.
کورد و تورکمان لە مێژوویەکی زۆر کۆنەوە پێکەوە ژیاون ، خاکی هاوبەش و بەرژەوەندی ئابووری هاوبەش و ئایینی هاوبەش و کۆمەڵێک ڕەگەزی کلتوری و دابوونەریتی هاوبەش پێکەوە گرێییداون. بەر لە سیاسەتى بەعەرەبکردن و تێکدانى پەیوەندییەکانی نێوان کورد و تورکمان و ڕاگواستنى هەردوو نەتەوە لەسەر زەمینەى ژیانى کۆمەڵایەتى و کارگێرى و بەڕێوەبردندا هیچ گرفتێک نەبووە. بە پێچەوانەوە زۆر شارستانییانە مامەڵەیان کردووە، بۆ نموونە لە دوای درووستبوونی ئێراق و لە چوار خولی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراقدا لەنێوان 1921 تا 1936 بە هاوبەشی کورد و تورکمان نوێنەرایەتی خەڵکی #کەرکووک#یان کردووە.
نەک هەر ئەو ماوە مێژووییە، بەڵکوو دەتوانین بڵیین بە درێژایی مێژووی دەسەڵاتی عوسمانی و سەردەمی پادشایەتیش لە ئێراق دا، تەنیا گرفتێک لەنێوان کورد و تورکمان دا نەبووە، بەپێچەوانەوە لەسەر بنەماى خۆشەویستى و هاوسێیەتى و هاوڕێیەتى و کار و شەراکەتی بازرگانی و هاوکارى و ژنوژنخوازى پەیوەندییەکانیان دامەزراندووە، بە سەدان خێزانی دوو ڕەگ لە کورد و تورکمان پێکهاتووە.
لە سەردەمی عوسمانی دا ئەگەرچی تەواوی کاربەدەستان تورکیزان و هەڵگری کلتوری عوسمانی بوون بەڵام نەخشەی کارگیڕیی و دابەشبوونی دانیشتووان مۆرک و نیشانەی کوردبوون و کوردستانیبوونی ویلایەتی موسڵ بەشێکی زۆری ویلایەتی بەغداشەوە دیاربوون. بۆ نموونە، ویلایەتی موسڵ لە سێ سەنجەق پێکهاتبوو (سەنجەقی کەرکووک و سەنجەقی #سلێمانی# و سەنجەقی ناوەند)، ئەمانیش هەر یەکە و چەندین شارۆچکەی هەبوو هەموویان کورد بوون، کە بریتی بوون لەمانە:
سەنجەقی ناوەند شەش شارۆچکەی هەبوو بریتی بوون لە شارۆچکەی ناوەند، دهۆک، #ئامێدی#، #زاخۆ#، شەنگال، ئاکرێ، کە تا ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی و پێکهاتنی دەوڵەتی ئێراقی لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا یەک شارۆچکەی عەرەبی لە لیوای موسڵدا نەبووە، لە زۆربەیاندا کلتوری تورکمانی لەپاڵ کلتوری کوردی دا بەرجەستە و دیار بوو.
سەنجەقی کەرکووکیش شەش شارۆچکەی هەبوو (شارۆچکەی ناوەند ، شارۆچکەی هەولێر، شارۆچکەی ڕانییە، شارۆچکەی ڕەواندوز، شارۆچکەی کۆیە، شارۆچکەی کفری). بەهەمان شێوە، جگە لە کلتوری کوردی و تورکمانی یەک ئاوەدانی عەرەبی لێ نەبوو کاریگەریان هەبێت لەسەر کلتوری سەنجەقەکە. بۆیە لە کەرکووک و موسڵیش کورد و تورکمان پێکەوە دەژیان و هیچ سەرچاوەیەکی مێژوویی نییە ئاماژە بە ناکۆکی و گرژی پەیوەندی نێوان ئەم دوو نەتەوەیە بکات. ئەوەی هەیان بووە لە ناکۆکی لەگەڵ دەسەڵات بووە.
سەنجەقی سلێمانی پێنج شارۆچکەی هەبوو (شارۆچکەی ناوەند، شارۆچکەی بازیان، شارۆچکەی هەڵەبجە، شارۆچکەی شارەزور، شارۆچکەی مەرگە). لە هیچ سەنجەقێک لە سەنجەقەکانی ویلایەتی موسڵ دا کلتور و ڕۆشنبیری و پێکهاتەی عەرەبی ڕۆڵ و کاریگەریی نەبووە تا دوای درووستکردنی دەوڵەتی ئێراقی.
لە ویلایەتی بەغداش کورد و تورکمان لە بەشێکی زۆری سەنجەق و قەزاکانی ویلایەتەکەدا ڕۆڵ و کاریگەریان هەبوو. کلتوری کوردی و تورکمانی لەپاڵ کلتوری عەرەبیدا یەکێک بوون لە سیما کلتورییەکانی ناوچەکە.ئەوکات هێشتا بەعەرەبکردن هەردوو کلتورەکەی لە بۆتەی خۆیدا نەتواندبووەوە، بۆ نموونە ویلایەتی بەغدا لە سێ سەنجەق پێکهاتبوو، کە بریتی بوون لە سەنجەقەکانی دیوانیە و کەربەلا و سەنجەقی ناوەند. هەر یەکەیان چەندین قەزایان هەبوو، بۆ نموونە سەنجەقی ناوەند یان مەرکەزی بەغدا نزیکەی دە شارۆچکەی هەبوو (شارۆچکەی مەرکەز، عەزیزیە، عانە، ڕومادی، سامەڕا، کازمییە، کوت، خانەقین، باقوبە، مەندەلی). ئەو کاتە لە زۆربەی ئەم قەزایانەدا کلتوری کوردی و تورکمانی زاڵ بوو، ئەمە تا ئێستاش بە هەندێکیانەوە دیارە. جگە لە خانەقین و مەندەلی کە کورد بوون لە قەزاکانی مەرکەز و کوت و باقوبە و سامەڕاش تێکەڵەی کلتوری کوردی و تورکمانی هەبوون، کلتوری عەرەبی لە هیچ کامیان زاڵ نەبوو.
کاتێک دەوڵەتی ئێراقی درووستکرا. سەرەتا بە هێمنی و شێنەیی و بە بەرنامەیەکی ئێراقیانەی ناسیونالیستی عەرەبییەوە دەستیدایە سڕینەوەی سیما کلتوریەکانی کورد و تورکمان لە هەموو ئەو قەزایانەدا. شارستانییەت و کلتوری مادی و مەعنەوی ناوچە تێکەڵەکان کەوتنە بەر هەڵمەتی سڕینەوە و سەپاندنی زمان و بوژاندنەوەی هەستی نەتەوەیی عەرەبی لەو ناوچانەدا. بۆیە لە قۆناغەکانی دواتر زۆربەی کەسایەتییە ڕەگەزپەرستە توندڕەوەکانی عەرەب لەم ناوچانەدا درووستبوون، وەکوو موسڵ و تکریت و دەڵتا (خاڵص) و دیالە، کە تا چلەکانیش خاڵی تەماس و بەیەک گەیشتن وناوچەی ڕووبەڕووبوونەوە و ڕووبەری پێکەوە ژیانی کورد و تورکمان بوون لەگەڵ کەمینەیەکی عەرەب دا.
دەوڵەتی ئێراقی بە بەرنامە و لە ڕێگای هەڵوەشاندنەوەی هەندێک یەکەی کارگێڕی و درووستکردنی یەکەی کارگێڕی دیکە ، وردەوردە ڕۆژهەڵاتی بەغدا و لیواکانی دیالە و موسڵی بەعەرەبکردن کرد.بۆ نموونە لە 1969دا بڕیاری بە پارێزگاکردنی #دهۆک#ی دەرکرد. بە لکاندنی شارۆچکە کوردییەکان بەو پارێزگایەوە هەژموونی کلتوری کوردی لەسەر موسڵ کەم کردەوە. لە لایەکی دیکەوە بە هێنانی عەرەب و نیشتەجێکردنیان لەناو شاری موسڵ و دەوروبەری و گەورەکردنی گوند و شارەدێ عەرەبنشینەکان تا ڕادەیەکی زۆر کلتوری کوردی و تورکمانی لە پارێزگاکە سڕیەوە.
لە کەرکووکیش بەهەمان شێوە، بەرنامەی گۆڕانکاریی نەخشەی کارگیڕی و دوورخستنەوەی کورد و تورکمان و هێنانی عەرەب و نیشتەجێکردنیان پیادەکرد. بەڵام شۆڕش و خەباتی کورد و بەرەنگاری ئەو سیاسەتە لە شەستەکان و کاریگەریی بەیانی یازدەی ئازاری 1970 و دواتر بەهێزبوونی خەباتی چەکداری هەشتاکان و ئازادکردنی کەرکووک لە 1991 و گۆڕانکارییەکانی دوای 2003 هەموو ئەمانە وایان کرد، کورد و تورکمان لە کەرکووک دا هەمان چارەنووسی موسڵ یان نەبێت.
بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵیین، بە درێژایی مێژووی پێکەوەژیانی کورد و تورکمان لە ئێراق بە گشتی و لە کوردستان بە تایبەتی، تا ڕادەیەکی زۆر ژیانیان لەیەک چووە و خۆشی و ناخۆشییەکانیان زۆر نزیک بووە لە یەکدیەوە. [1]