=KTML_Bold=مەینەتییەکانی کورد و ناکۆکی پێکهاتەکانی #کەرکووک#=KTML_End=
#محەمەد شوانی#
هەژدەی شوبات، دوو مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا تێدەپەرێت، لە ئێراق دا جگە لە هەرێم، پازدە پارێزگای دیکە هەن، لە یازدە پارێزگادا بێ گرفت کاندیدە سەرکەوتووەکانیان سوێندی یاساییان خوارد و ئەنجوومەنیان درووستکرد و حکومەتی خۆجێییان پێکهێنا.
کەرکووک بەهۆی ڕێکنەکەوتنی پێکهاتەکانی، ئەنجوومەن نیسابی یاسایی تەواو نەکردووە و نەیانتوانی ئەو پڕۆسە دیموکراسیە تەواو بکەن. یەکێک لە سیماکانی سیستەمی دیموکراسی، ململانێ و گفتوگۆ و تاوتوێکردنی پرسەکان و ڕێکنەکەوتن و دووبارە دەستکردنەوە بە گفتوگۆیە لەنێوان نوێنەرانی پێکهاتە جیاوازەکان، ئەگەر جیاوازی چین و توێژی کۆمەڵایەتی و ئابووری بن یان ئایینی و مەزهەبی و ئیتنیکی و حیزبی.
سیستەمی دیموکراسی پێویستی بە تاکی هۆشیار و خاوەن ویژدان و بەها مرۆییەکانە، دیموکراسی کلتور و ڕەفتارە، مرۆڤی دیموکراسی دەبێت لە ئازارەکانی ئەوانی دیکە تێ بگات و هەق لە ناهەق جیا بکاتەوە، بەتایبەت لە شارێکی وەکوو کەرکووک دا کە مەینەتی و کارەساتەکانی سەر کورد ڕوون و ئاشکران. لە دۆخێکی ئاسایی و دیموکراتدا، چاوەڕوان دەکرێت نوێنەرانی پێکهاتەکانی دیکەش بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو مەینەتیانە هاوکارو کۆک و تەبا بن.
دوور لە هەر دەمارگیرییەکی نەتەوەیی، ئەوەی داتاکان پێمان دەڵێن لە کەرکووک، بە پێی ئامار و سەرژمێری و دیکۆمێنت و نووسراوە فەرمییەکانی دەوڵەتی ئێراقی خۆی، زیاتر لە 981 گوند و نۆ شارەدێ و چوار شارۆچکەی ئەم پارێزگایە لە ماوەی 60 ساڵی ڕابردوودا ڕوخێنراون، یان هەڵوەشێنراوەتەوە، یان گواستراو نەتەوە بۆ سەر پارێزگای دیکە لە ڕووی کارگێڕیەوە. ئەم گواستنەوەیەش تەنیا بە مەبەستی گۆڕینی دیموگرافی پێکهاتەکانی پارێزگای کەرکووک بووە.
هەموو نوێنەرەکان، جا نوێنەری هەر پێکهاتەیەک بێت، هێندە شارەزایی لە مێژووی پارێزگای کەرکووک دا نەبێت و نەزانێت #کفری# و #کەلار# و خورماتو و #چەمچەماڵ#، چوار قەزاو شارۆچکەی مێژوویی و گرنگی پارێزگای کەرکووک بوون و بە بەرنامە و نەخشەی گۆڕینی دیموگرافی لە پارێزگای کەرکووک دابڕێنران و بە هەموو شارەدێ و گوندەکانیانەوە خرانە سەر پارێزگاکانی دەوروبەر؟ ئەرکی ئەنجوومەنێکی بە ویژدان چییە ئەگەر کار بۆ ئاسایی کردنەوە و گەڕاندنەوەیان نەکات؟
ستەمەکانی سەر کورد لای هیچ کەسێک شاراوە نین و پێویست بە بەڵگە هێنانەوە ناکەن. نەک بیرمەند و توێژەر و لێکۆڵەری بواری سیاسەت و تاوانناسی و کارگێڕیی، بەڵکوو هەر کەسێکی ئاسایی خاوەن ویژدان، ئەگەر کەمێک بە ئەقڵ و لۆجیک بیر بکاتەوە، خوای لە بیر بێت، ویژدانی زیندوو بێت، تاریکی ئایدیۆلۆجیای شۆڤێنیستی و ڕەگەزپەرستی بەرچاوی نەگرتبێت، ئەوا مەینەتییەکانی سەر کوردی پارێزگای کەرکووک بەڕوونی دەبینێت، کەلاوەی گوندە وێرانکراوەکانی، ئامێر و کەرەستە کشتوکاڵییە بەجێماوەکانی، گۆڕستانە بێپەرژینە بێنازەکانی، بچووککردنەوەی یەکە کارگێڕیەکانی، گواستنەوەی شارەدێ و قەزاکانی، نائەندازەیی و بێخزمەتی گەڕەکەکانی، بێکاری گەنج و لاوەکانی، ڕێژەی شەهیدەکانی، بێمووچەیی مامۆستا و کارمەند و فەرمانبەرەکانی، پەراوێزخستنی زمان و سڕینەوەی ناسنامە و سیما کلتورییەکانی و دەیان مەینەتی دیکە بەسەر کوردی ئەم پارێزگایەوە بە ڕۆژی ڕووناک دەبینێت.
لە هێرش و پەلامارەکانی حەرەس قەومی 1963 زیاتر لە چل گوندی پارێزگای کەرکووک، دەوڵەمەند بە نەوت چۆڵکران و خەڵکەکەی ئاوارە و دەربەدەرکران. نە لە بەیانی یازدەی ئازاری 1970 و نە لە ڕاگەیاندنی تاک لایەنەی ئۆتۆنۆمی 1974 ی بەغدا و نە لە دوای گۆڕانکارییەکانی 2003 و نە دەستووری بەناو ئێراقی نوێ و فیدراڵی لە 2005 و نە لە سەردەمی دەسەڵاتی کوردی و نە لە دوای گەڕانەوەی پۆلیسی فیدراڵی و تا ئێستا ئەو گوندانە نە ئاوەدان کرانەوە، نە خەڵکەکەی گەڕانەوە بۆ سەر زێدی بابوباپیرانیان.
لە مێژووی شاری کەرکووک دا، سەردەم و ڕۆژگارێک نەهاتە ئاراوە لە ماستەر پلانی شارەکەدا لەسەر بنەمای نەخشە و داڕشتنی ئەندازەیی و دیاریکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و جیاکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان و ڕاکێشانی ڕێگاوبانی سەردەمیانە بۆ هاتوچۆ لە هیچ گەڕەکێکی کوردنشیندا نەکراوە. بە پێچەوانەوە دەیان گەڕەکی ئەندازەیی بۆ گۆڕینی دیموگرافی لە کەرکووک دا درووستکراوە. کورد تەنیا ئەوەی لە بەردەمدا بووە، بە ناچاری لە ڕێگای زیادەڕۆیی و بیناسازی هەرەمەکی و دوور لە هەر نەخشەیەکی شارستانی نوێ گەرەکەکانی بوونیاد بنێت، کە زۆربەیان دواتر کەوتونەتە بەر هەڕەشەی پێچۆڵکردن و دەرکردن و تێکدانی گەڕەکەکان.
ئێستا وەکوو نموونەیەکی زیندووی ئەم ڕۆژگارە هەر توێژەر و مافناس و بەویژدانێک دەتوانێت سەردانی مەیدانی بۆ گەڕەکەکانی نەورۆز و فەیلەق و ڕەحیماوە و باروتخانە و ئیمام قاسم و پەنجا عەلی بکات، بە چاوی خۆی هەڕەمەکیبوونی گەڕەکە کوردییەکان و فشاری بەعەرەبکردن و نزمی ئاستی خزمەتگوزارییان ببینێت.
هەر کەسێک، گەشتێک بە کەنارەکانی شار و شارەدێ و قەزاکانی پارێزگای کەرکووک دا بکات، کەلاوە و وێرانەی سەدان گوندی خۆرماتو و #داقوق# و زەنگاباد و کفری و قادرکەرەم و شوان و ساڵەیی و دوبز و پردێ دەبینێت. سەردانێکی بنەسڵاوە و دارەتو و تۆپزاوە و جدیدە لەک و کەورگۆسک و کانی قرژاڵە و پریادی و مەدینە شۆڕش بکات بە هەزاران خێزانی نەگەڕاوەی پارێزگای کەرکووک بە چاوی خۆی دەبینێت و لەو ڕازە تێ دەگات بۆچی دەنگی کورد لە کەرکووک کەمی کردووە و کەم دەکات!
با کەسێکی بەویژدان، جا لە هەر ئایین و نەتەوە و مەزهەبێک بێت، پرسیارێکی ڕەوشی ژیانی جوتیارەکانی تۆبزاوە و شالیار و مەتیق و هاورای #گەرمیان#ی کاکەییەکان و پەلکانە و گابەرەکە و باقرت و قەراج و کەندیناوە بکات و هۆکاری چۆڵکردن و زەوتکردنی زەویوزاری کشتوکاڵی و موڵک و ماڵی ئەو خەڵکە هەژارەی بۆ دەردەکەوێت.
دەبێت ئەمڕۆ هەموو پێکهاتەکان لە خەمی ئاییندەی کەرکووک دا بن، مەینەتییەکان کۆتاییان پێ بێت و سەرەتایەکی نوێ دەست پێ بکەن دوور لە ململانێی یەکدی و دوور لە دەمارگیری. پێکەوە وەکوو تیمێک بۆ ساڕێژکردنی برینەکانی ڕابردوو، قەرەبووکردنەوەی زیانەکان و ئاوەدان کردنەوەی وێرانییەکان هاشان و هاوڕا و هاوخەم بن.
هەموومان دەزانین یەکێک لە هۆکارەکانی پێشنەکەوتنمان بە گشتی، سەرەڕۆیی و دەمارگیری نەتەوەیی و مەزهەبییە، لە مێژووی شەست حەفتا ساڵی ئێراق دا بەرنامەی لەناوبردنی ئەوانی دیکە هەبوو، دەبێت ئەم ڕوانگەیە بگۆڕین بە گەشەپێدانی ئەوانی دیکە. بە دڵنیاییەوە هەتا ئێراقییەکان بە سەرکردە و هاووڵاتییان و حیزب و شەقامەوە دەست و پەنجە لەگەڵ یەکدی قبووڵکردن و پێکەوەژیانی مەدەنیانە نەرم نەکەن، یاسا و دەستوور سەروەر نەبێت، چارەنووسی هەموومان لەم ڕۆژگارە باشتر نابێت. [1]