=KTML_Bold=کورد و جوو، هۆڵۆکۆست و ئەنفال، ڕێک بە پێچەوانە=KTML_End=
#هۆمەر محەمەد#
یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان، بەرەبەیانی #30-12-2006#، سەدام حسێن، سەرۆکی پێشووی ئێراق، لە سێدارەدرا. سەدام، ئەو پیاوەیە ئێستا “ڕقهەستاوەکان” ڕەحمەتی بۆ دەنێرن، بەڵام بەرپرس و تاوانباری کوشتنی سەدان هەزار مرۆڤی کوردستانییە.
هێشتا دۆسێی لێپێچینەوە لە تۆمەتبارانی تاوانی ئەنفال، لە دادگادا بەردەوام بوو، هیچ بڕیارێکی یەکلاییکەرەوەی لە بارەوە نەدرابوو، دۆسێی #هەڵەبجە#ش نەچووبووە بەردەم دادگا و هەر لە لێکۆڵینەوەدا بوو، بە بۆنەی لەسێدارەدانی سەدامەوە نامەی دەیان دۆست و خۆشەویستم بۆ هات، کە خۆشحاڵی و پیرۆزباییان دەکرد. هەندێک لە نامەکان کۆپی یەکدی بوون و نووسیبویان پیرۆزبێت “لە گەلی کورد”!
بەخەیاڵی ئەوان منیش بەم سیاسەت و دڵڕەقییەی شیعەکان کەوتوومەتە هەڵپەڕکێ. هەندێکیان بە وەڵامدانەوەم تووشی شۆک دەبوون، بەتایبەتیی کاتێک دەمنووسی “پیرۆزبایی چی و سەرکەوتنی چی؟” ئەمە بە سووک تەماشاکردنی دادگا و خوێنی ئەو هەموو مرۆڤانەیە، کە لە هەڵەبجە بە کیمیایی کوژران و لە ئەنفالدا بێسەروشوێنکران و کۆمەڵکوژکران. ئەو هاوڕێ و دۆستە ئازیزانەم تەنیا دیوێکی چیرۆکەکەیان دەدی و دیوەکەی تریان بەلاوە گرنگ نەبوو.
ئەوان نەیاندەزانی ئامادەبوونی سەدام لە قەفەزی دادگادا لە دۆسییەکانی هەڵەبجە و ئەنفال دا چەندە گرنگە، بەڵکوو ئەوەی بەلایانەوە بەهای هەبوو تۆڵەکردنەوە و ئەو تۆزە چێژە کاتییە بوو، هەرچەندە دەشیانزانی چێژی خۆشییەکەیان هەروا چەند ڕۆژێکە و تێدەپەڕێ. بەدڵنیاییە، خەڵک ناهەقی نەبوو چونکە لە ماوەی دەسەڵاتدارێتی حیزبە کوردستانییەکاندا، ئەوەی فەرامۆشکرابوو شکۆی مرۆڤ و مرۆڤسازی و کلتورسازی و بەها کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بوو.
لە بیرمە ڕۆژێکی مانگی ئابی 2006 بوو، لەگەڵ سەرنووسەری ڕۆژنامەیەکی پڕفرۆشدا لەبارەی ئەنفال و دادگاکەیدا لە گفتوگۆدا بووین، ئەوسا دەنگێکی نەشاز بە کلتوری کوردی داوای دەکرد عەلی حەسەن مەجید بهێنن بۆ هەڵەبجە و لەوێ لە سێدارەی بدەن. ئەو ئەو کارەی بەدەستکەوت دەزانی و منیش بەدۆڕانم لێکدەدایەوە، بۆیە دژی ئەو دەنگانە بووم و دەربارەیانم دەنووسی.
لە میانی گفتوگۆکەماندا لێم پرسی: ئەگەر لەنێوان بەجێنۆسایدناساندنی ئەنفال و لەسێدارەدانی عەلی حەسەن مەجید و سەدام حسێن دا یەکێکیان هەڵبژێریت، تۆ کامیان هەڵدەبژێریت؟ بێ دوودڵی وتی، بێگومان لەسێدارەدانی ئەوان. منیش وتم، بۆچی؟ ئەویش وتی، با جارێ ئەو دکتاتۆرانەمان لە کۆڵ ببنەوە، سبەی نەوەی داهاتوو تاوانەکانیان بە جینۆساید دەناسێنن!
بێگومان ئەگەر ئەمە ئاستی تێگەیشتنی ڕۆشنبیرێک بێت، ئەوا ئاستی شەقام و خەڵکی ئاسایی وێرانترە، بۆیە وای بۆ دەچم ئەگەر ڕاپرسی بکرایە لەسەر بەجێنۆسایدناساندنی تاوانەکانی هەڵەبجە و ئەنفال و لەسێدارەدانی تاوانبارەکانیاندا، ئەوا زۆرینە بێ یەک و دوو دەنگیان بە لەسێدارەدان دەدا. بەڵام ئەگەر ئەوە بژاردەیەک بوایە لەنێوان لەسێدارەنەدان و بەجێنۆسایدناساندنی ئەو تاوانانەدا، ئەوا من بێ سێ و دوو، بەجێنۆسایدناساندنم هەڵدەبژارد.
ئەوەی نرخ و بەهای گران دەداتە هۆڵۆکۆست، ژمارەی قوربانییەکانی نین، بەڵکوو جەختی جووەکانە لەسەر بەها و مانای هۆڵۆکۆست. جووەکان ئامادە نین بەنرخی کەم هۆڵۆکۆست بخەنە سەودای سیاسییەوە، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی نرخ و پێگەی جوو لە ڕووی سیاسی و نێودەوڵەتییەوە بەرز بێت.
هیچ سەرسووڕمانی ناوێت کە بە تێپەڕینی کات، واتای گەورەتر و نرخی زۆرتر دەدەن بە هۆڵۆکۆست و بە جوو، کەچی بە پێچەوانەوە بە تێپەڕینی کات ئەنفال و هەڵەبجە زیاتر لە یاد دەچنەوە و تاوانەکە بچووکتردەکەنەوە.
ئێستا لە دوای ئەم هەموو شکستە سیاسییەی دەسەڵاتدارانی باشوور، کوردستانیان دەبێت تێبگەن بەڕێوشوێنی ئەواندا نەچنەوە، ئەوەی بە فریامان دەکەوێت چەک نییە، بەڵکوو کلتورە، ئەوەی دەبێتە هۆی مانەوەمان تیڕامان و ڕەگەزە گرنگەکانی کلتور و زمان و هونەر و حیکمەتی مانەوەیە، نەک بە گورگانخواردکردنی نەتەوەیەک بە ناوی شۆڕشەوە کە شۆڕشیش نییە!
شۆڕش بەبێ فەرهەنگ و کلتور جگە لە یاخیبوونێکی وێرانکار هیچی دیکە نییە. هەر بزووتنەوەیەک ئایدیای بوونیاتنانی تاک و کۆمەڵگەی لە دنیابینیدا نەبوو، ژینگەدۆستی و دادپەروەری و شکۆمەندی کۆمەڵگە و تاکی هۆشیار ئامانجی نەبوو، جگە لە سەرگەردانی و ماڵوێرانی هیچی لە هەگبەدا نییە و پەرێزیشی لەوانی دی خاوێنتر نابێت.
هەروەک لە ڕابردوودا بزووتنەوەی بە ناو ڕزگاری نیشتمانی هەمیشە دونیابینییەکەی وابووە، هەتا ڕووبەری گۆڕستانەکانمان فروانتر بن سەربەرزترین! لەکاتێکدا پێچەوانەکەی ڕاستە، هەتا ژیاندۆست بین و یەکدیمان خۆشتربوێت، لە ئازادی نزیکترین، هەتا ڕووبەری ئاوەدانیەکانمان زیاتر و گۆڕستانەکانمان کەمتر و بچووکتر بن دەنگ و سەنگ و ڕەنگمان بڵندتر و قوورستر و سەنگین ترە. [1]