=KTML_Bold=بەئانقەست! ساریکامش ئەو جەنگەی هەزاران کوردی تێدا کوژرا=KTML_End=
#کارزان گلی#
ناوی ئەنوەر پاشا بەلای خوێنەری کورد نامۆیە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و شەرمەزراییە ئەوەیە کە ئەو کەسایەتییە لە شەڕێک لەگەڵ سوپای ڕووسیا هەزاران چەکداری بە کوشتدا و بە شانازیشەوە دەیوت، خۆ ئەوانەی کوژران تورک نەبوون، بەڵکوو کورد بوون.
شەڕی “ساریکامش” بە یەکێک لە شەڕە هەرە عەیبدار و پڕئازارەکانی تورکیا دادەنرێت بەرانبەر بە ڕووسیا، چونکە سوپای تورکیا دووچاری شکستێکی گەورە بووەوە. لە کانوونی یەکەمی 1914 دا، لە سەرەتاکانی شەڕی یەکەمی جیهانی، بە فەرمانی ئەنوەر پاشا کە ئەوکات سوپاسالاری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بووە، سوپای تورکیا لە ساریکامش ڕووبەڕووی سوپای ڕووسیا بووەوە، ئەو وای لە سەرووی خۆی گەیاندبوو کە شەڕەکە دەبەنەوە، بەڵام بە شکستێکی گەورە لێی هاتنە دەرەوە.
هەموو سەرچاوەکانی تورکیا باس لەوە دەکەن، بەهۆی ئەوەی سوپای تورکیا ڕاهێنانیان نەکردبوو لە سەرمادا چۆن بتوانن شەڕ بکەن، لە بەرانبەردا سوپای ڕووسیا ئەزموونی لەو ڕووەوە هەبووە، بۆیە نەیانتوانیوە بەرگەی سوپای ڕووسا بگرن و هێزەکانیان لەناوچوون. بە گوێرەی سەرچاوە ئەکادیمی و مێژووییەکانی تورکیا، لەو شەڕەدا 90 هەزار چەکداری تورکیا کوژراون، بۆیە ئەمین چۆلاشان نووسەری دیاری ڕۆژنامەی “سۆزجو”ی تورکی ئاماژە دەدات کە ئەو شەڕە بە شکستخواردووترین شەڕ دادەنرێت لە مێژووی تورکیا دا، مەبەستی عوسمانییەکانە.
نەوەیەکی ئەنوەر پاشا بە ناوی عوسمان مایاتەپەک قسەی بۆ ڕۆژنامەی “سۆزجو” کردووە و دەڵێت “درۆیە، 90 هەزار سەربازی تورکیا نەکوژراوە، بەڵکوو 35 هەزار کوژراوە.” ئەو دەڵێت شەڕی ساریکامش 100٪ شەڕێک بووە لەپێناو نیشتمان و نابێت بە سووک سەیر بکرێت. ڕەخنەش دەگرێت بەوەی ئەو شەڕە وەکوو خۆی هەڵسەنگاندنی بۆ نەکراوە.
بە گوێرەی سەرچاوەیەک کە “ئایدن دەرە”، نووسەری دیاری باکووری کوردستان، پشتی پێ بەستووە و بابەتێکی لەسەر ئەو بنەمایە بڵاو کردۆەتەوە، کاتێک سوپای تورکیا 90 هەزار سەربازی لێ کوژراوە لە شەڕی ساریکامش، ئەنوەر پاشا لە ئیستانبۆڵ لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی ڕۆشنبیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووسدا کۆبووەتەوە و گوتویەتی ئەوەندە خەفەت مەخۆن بۆ لە دەستدانی 90 هەزار سەرباز، چونکە 90٪ ی ئەو سەربازانەی کوژراون بە ڕەگەز کورد بوونە، ئیتر بەو شێوەیە کوردمان لە کۆڵ دەبێتەوە. ئەنوەر پاشا هەرچەندی پێیوابێت جەنگی ساریکامش، شەڕێک بووە تەنیا کوردی تێدا کوژراوە و بەوشێوەیە کورد لە کۆڵ خۆمان دەکەینەوە، بەڵام بە فەرماندەیەکی شکستخواردوو ناوی دەهێنرێت و بۆ خۆشیان باس لەوە دەکەن، ئەو شەڕە شەرمەزارییەکی گەورە بووە بۆ عوسمانییەکان بەرانبەر بە ڕووسیا.
ئەگەر ئەو سەرچاوەیە ڕاست بێت، کەواتە لەو شەڕەدا تەنیا ئەنوەر پاشا تۆمەتبار نییە، بەڵکوو پیلانێکی نەگریسی عوسمانییەکان بووە بۆ لەناوبردنی کورد، هەر بۆیەشە بە بێ ڕاهێنانی شەڕکردن لەناو بەفر و سەرمادا ڕووبەڕووی ڕووسیا کراونەتەوە.
جگە لە سەرچاوەکەی ئایدن دەرە، هەندێک نووسەری دیکە، باسیان لەوە کردووە سەربازەکان زۆربەی کورد بوون، بەڵام بەشێوەیەکی ئەکادیمی لێکۆڵینەوە لەو ڕووەوە نەکراوە، هۆکارەکەشی ئەوەبووە، حکومەتی تورکیا ڕێگەی نەداوە بە هیچ شێوەیەک لەو ڕووەوە زانیاری بۆ ڕای گشتی بڵاو بکرێتەوە. هەروەها ڕێگە نادەن بڵێن سەربازەکان کورد بوونە. دەکرێت لەو ڕووەوە لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت و وردبینانەتر هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، ئەمەش ئەرکی نووسەرە کوردەکانی باکوور و تورکیزانەکانە لەو ڕووە خۆیان ماندوو بکەن. تەنانەت لێکۆڵەرە تورکەکانیش ڕەخنە لە خۆیان دەگرن، بەوەی وەکوو پێویست ئەو شەڕەیان هەڵنەسەنگاندووە و لێکۆڵینەوەی جیدیان لەبارەوە نەکردووە.
هەر چۆنێک بێت، ئەمە جاری یەکەم نییە عوسمانییەکان کورد بە کوشت دەدەن، بە گوێرەی سەرچاوەکانی دەوڵەتی عوسمانی، لە شەڕی نێوان عوسمانی و سەفەوییەکاندا، زۆربەی ئەو چەکدارانەی پشتگیرییان لە عوسمانی کردووە کورد بوونە و عوسمانییەکان بە مەبەست کوردیان ناردووەتە بەرەکانی جەنگ تا لەناو بچن. بەهەمان شێوە، لە شەڕی چەنکالا، کە تورکیا بە شەڕی ڕزگاری ناوی دەبات، لە زۆربەی سەرچاوەکاندا باس لە بوونی چەکدارێکی زۆری کورد دەکرێت، کە شانبەشانی سوپای مستەفا کەمال ئەتاتورک، شەڕیان کردووە و تورکیای تازەیان درووستکردووە.
بۆیە دەکرێت بڵێین، لە سوپای تورکیادا کوردێکی زۆر بوونی هەیە کە شەڕی بۆ دەوڵەتی تورکیا کردووە و لە پێشتریش بۆ دەوڵەتی عوسمانی، بەڵام لە بەشێکیش لەو شەڕانە بە مەبەست و پیلان چەکداری کوردیان بە کوشت داوە ئەمەش بۆ لەناوبردنی ڕێژەی کورد بووە لە تورکیا. [1]