=KTML_Bold=کوردستانی بەشووناس چۆن لکێنرا بە ئێراقی بێشووناس؟=KTML_End=
#ڕەنج نەوزاد#
تا هاتنی بەریتانیا بۆ ئەم ناوچەیەی کە ئەمڕۆ پێی دەڵێن ئێراق و داگیرکردنی لە سەروبەندی جەنگی یەکەمی جیهانی، شتێک نەبوو بە ناوی نیشتمانی ئێراق، گەلی ئێراق، کولتووری ئێراقی، کۆمەڵگەی ئێراقی یان وڵات و دەوڵەتی ئێراق یان داواکارییەک بۆ درووستکردنی ئێراق لەلایەن ئەو خەڵکەوەی کە دواتر دەبنە ئێراقی. لەو بارەیەوە حەنا بەتاتو، کە توێژەر و شارەزایەکی گەورەی مێژوو و کۆمەڵگەکانی ئێراقە، دەڵێت ”لە سەرەتاکانی سەدەی بیست ئێراقیەکان یەک گەل و یەک کۆمەڵگەی سیاسی نەبوون، ئەمەش تەنیا هۆکارەکەی ئەوە نییە کە لە چەندین کەمینە و گرووپی نەتەوەیی و ئایینیی جیاوازی وەک کورد و تورکمان و کلد و ئاشور و ئەرمەن و جوو و ئێزیدی و سائیبی، پێکدێن، بەڵکوو خودی عەرەبەکان کە زۆرینەی ئێراق پێکدێنن، تا ڕادەیەکی زۆر لە چەندین کۆمەڵگەی لە یەکتر جیاواز پێکدەهاتن”.
جگە لەوە، وشەی “العراق” نە لە ڕێکەوتنامەی سایکس پیکۆ لە 1916، نە لە سیڤەر لە 1920 ئاماژەی پێ نەکراوە، تەنانەت لە کۆنگرەی قاهیرەش لە 1921 کە بڕیاری درووستکردنی ئێراقی تیادا درا، بەکار نەهاتووە. لە هەموو ئەو بەڵگەنامانەی ئەو سەردەمە، ئێراق بە میزۆپۆتامیا ناوی براوە. سەرەڕای ئەمە، نووسەر و وەرگێڕە عەرەبەکان، هەندێکجار بۆ چەواشەکاری وشەی ئێراق دەخەنە شوێن میزۆپۆتامیا کاتێک بەڵگەنامەکان وەردەگێڕنە سەر عەرەبی، لە دەقە ئەسڵییەکان بە ئینگلیزی و فەڕەنسی وشەی ئێراق بوونی نییە. ئێراق وشەیەکی عەرەبیش نییە. لە ڕێکەوتنامەی لۆزان لە 1923 بۆ یەکەمجار وشەی ئێراق بەکاردەهێنرێت وەک دەوڵەت.
وشەی ئێراق وشەیەکی کۆنە، بەڵام هەرگیز کۆی ئەم جوگرافیایەی لەخۆ نەگرتووە کە ئەمڕۆ پێی دەگوترێت ئێراق. بۆ نموونە لە سەردەمی ئەمەوییەکان ئێراق لە بەسرە و کوفە پێکهاتووە، لە سەردەمی دیکە ئێراق لە باشووری ئێراقی ئێستاوە تا تکریتی گرتەوەتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە وشەی کوردستان لە کۆنگرەی ئاشتی پاریس 1919 و لە ڕێکەوتنامەی سیڤەر زۆر بەڕوونی ئاماژەی پێ کراوە. جگە لەوەی کوردستان لە سەدەی دوازدەوە لە سەرچاوە مێژوویی و نەخشەکان و بەڵگەنامەکاندا زۆر بەڕوونی دەبینرێت.
ئەو ناوچەیەی کە ئێستا پێی دەگوترێت ئێراق، لە مێژوودا بە میزۆپۆتامیا ناوی هاتووە، بریتی بووە لە ویلایەتی بەغدا و بەسرەی سەردەمی عوسمانییەکان. لە هیچ کام لەو بەڵگەنامانە ویلایەتی موسڵ، کە کوردستانی باشوورە، بەشێک نەبووە لە میزۆپۆتامیا. تەنانەت لە کاتی بڕیاردانی درووستکردنی ئێراق لە کۆنگرەی قاهیرە، وینستن چێرچل لکاندنی کوردستان بە ئێراقەوە بە هەڵواسراوی دەهێڵێتەوە و بڕیار نادات کوردستان بەشێک بێت لەو دەوڵەتە درووستکراوە نوێ و بێشووناسە. چێرچل لەو سەردەمەدا نامەیەک ئاڕاستەی مەلیک فەیسەڵ و بەرپرسەکانی بەریتانیا لە ئێراق دەکات و دەڵێت سنووری ئەو دەوڵەتە نوێیە (ئێراق) تا جەبەل حەمرینە، لەوێ بەولاوە کوردستانە. واتە کوردستان بەشێک نییە لە ئێراق. لە هەموو بەڵگەنامە مێژووییەکانی عوسمانی و عەرەبی و بەریتانی و فەرەنسییەکانیش کەرکووک بەشێک بووە لە ویلایەتی موسڵ، واتە کوردستان.
جگە لەوانەش، لە ڕێککەوتننامەی سیڤەر جیاکردنەوەی کوردستان وئێراق لە دەوڵەتی عوسمانی بە دوو بەش و بە دوو ماددەی جیاواز هاتووە، کوردستان بە پێی ماددەکانی 62، 63 و 64 لە بەشی سێیەمدا جیادەکرێتەوە لە دەوڵەتی عوسمانی، ئێراق (میزۆپۆتامیا) بە پێی ماددەی 94 لە بەشی چوارەم جیادەکرێتەوە. ئەمەش بەڵگەیەکی بەهێزە، کەو ئەو دوو ناوچەیە، یەک نین و دەبێت بکرێن بە دوو دەوڵەتی جیاواز. تەنانەت پێرسی کۆکس کە زۆر دژی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بوو، لە یەکێک لە بروسکەکانی لە 1921 دا ئاماژە بە کوردستان و ئێراق دەکات وەک دوو ناوچەی جیۆگرافی جیاواز لە یەکدی.
ئەوانەی دەیانەوێت شووناسێکی هاوبەش بۆ کورد و عەرەب، بۆ کوردستان و ئێراق، لە “ئێراق” دابتاشن، زۆر جارشۆڕشی بیست (ثورة العشرین) لە ئێراق بەکاردەهێنن و دەیکەنە بەڵگەیەک بۆ هاوشووناسی. گوایە هەموو ئێراقییەکان لە باشوورەوە بۆ باکوور بە هەموو گرووپە نەتەوەیی و ئایینیی و مەزهەبییەکانەوە بەشدار بوونە لەو شۆڕشە دژی بەریتانییەکان و هەمووان چەند ئامانجێکی هاوبەش و لێکچوویان هەبووە ئەویش دەرکردنی بەریتانیا و سەربەخۆیی ئێراق بووە. لە ڕاستیدا، ئەمە جگە لەوەی ئەفسانەیەکی هەڵبەستراوە، زۆر دوورە لە ڕاستییەوە. سەرەتا، هەموو ئێراقییەکان لە باشوورەوە بۆ باکوور وەک یەک و بە یەک ئەندازە بەشدار نەبوون لەو ڕاپەڕینە، بەوەی زیاتر ناوچەی فوراتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە (نەجەف، کەربەلا، دیوانییە، بابل، موسەننا). هاوکات, یەک ئامانجیان نەبوو، لە کوردستان ئامانجەکە سەربەخۆیی ئێراق نەبوو.
هەروەها بە پێی شرۆڤەکانی عەلی وەردی، کۆمەڵناس و مێژوونووسی ئێراق، بەشێک لە عەشیرەتەکان بەشدار بوون لەو شۆڕشە تەنیا بە مەبەستی فەرهود و دەستکەوت. بە گشتی ئەو ڕووداوە ئەوەندەی بزووتنەوەیەکی عەشایەری و پیاوانی ئایینی و مەزهەبی شیعی یبوو، ئەوەندە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و جەماوەری بۆ سەربەخۆیی ئێراق نەبوو. سەرۆک عەشیرەتەکان و پیاوانی ئایینی دەستیان پێکرد، کە زیاتر بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیاز و بەرژەوەندی خۆیان بوو، پاشان خەڵکی هەژار و نەخوێندەواریان هاندا بۆ ئەوەی بەشدار بن و شەڕی سوپای بەریتانی بکەن.
لەو ناوچانەش کە لە ڕووی ئابووریەوە گوزەرانیان باشتر بوو ، نەچوونە پاڵ شۆڕشەکە یاخود کەمتر بەشدار بوون. بۆ نموونە بەسرە کە بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەکەیەوە باری گوزەرانی لە شارەکانی دی ئەو کاتی ئێراق باشتربوو، بەشدار نەبوون. هەر بۆیە کۆمەڵێک لە سەرۆک عەشرەت و کەسایەتی دیاری ئەو کاتی بەسرە، نامەیەک ئاڕاستەی پێرسی کۆکسی نوێنەری بەریتانیا دەکەن دوای ماوەیەک لە تەواوبوونی شۆڕشەکە، لەو نامەیەدا ترسی خۆیان پیشاندەدەن کە شارەکەیان بلکێنرێت بە شارە هەژارەکانی تری ئێراق، تەنانەت لەو نامەیەدا بە نوێنەری بەریتانیا دەڵێن کە ئەوان بەشدار نەبوونە لەو ڕووداوە (شۆڕشی 1920) کە بە گێرەشێوێنی و یاخیبوونیش وەسفی دەکەن. هەر بۆیە داوا دەکەن کە بەریتانیا بە چاوێکی جیاوازەوە تەماشای بەسرە بکات. واتە بەشێک لە کەسە دیارەکانی بەسرە، تا ئەو کاتیش باوەڕیان بە ئێراق نەبووە و خوازیار نەبوونە بکرێن بە بەشێک لە ئێراق.
خاڵێکی گرنگ کە زۆر کات باس ناکرێت، ئەو شۆڕشە سەرچاوەکەی تەنیا لە چوارچێوەی ئێراقدا نەبوو، بەڵکوو ڕەگێکی لە سووریا لە دێرەزوور بوو و پەیوەندییەکی پتەوی بەسووریاوە هەبوو و شەش مانگ پێش دەستپێکردنی لە ئێراق، لە دێرەزوورەوە دەستی پێ کرد. ئەگەر ئەم ڕووداوە بکرێت بە بنەمایەک بۆ شووناسێکی هاوبەشی ئێراقییەکان، کەواتە دەبێت بەشێک لە سووریاش سەر بەو شووناسە بێت و بەشێک بێت لە دەوڵەتی ئێراق. بە گشتی لەو سەردەمە لە زۆربەی ویلایەتە کۆنەکانی دەوڵەتی عوسمانی ناڕەزایەتی و بەرەنگاری دەستی پێ کرد بوو دژ بە مەرامەکانی بەریتانیا و فەرەنسا.
بە کوورتی، ئێراق وەک تیۆری و پراکتیک، پڕۆژەیەکی تەواو بەریتانی بوو، ئەگەر بەریتانیا نەبووایە، ئەو خەڵکەی ئەوکات لەم جوگرافیایە بوون، شتێک لە مێشکیان نەبوو بە ناوی دەوڵەتی ئێراقی بەم سنوور و شێوەیەی ئێستا. ئێراق پڕۆژەیەک بوو تەنیا لە مێشکی بڕیاربەدەستانی بەریتانیا بوونی هەبوو، ئەوانیش هەموویان نا، بەڵکوو بەشێک لە بڕیاربەدەستانی بەریتانیا، ئەگەر نا سەرەتا لەلایەن هەندێک بەرپرسانی بەریتانیا پڕۆژەی ئەوەش هەبووە کە ئێراق بکرێت بە بەشێک لە هیند.
کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی و یەکلاکەرەوە لە 1926دەبێتە بەشێک لە ئێراق، سێ لایەن کێشەیان هەبوو لەسەر باشووری کوردستان، تورکیا کە دەیویست بیکات بە بەشێک لە وڵاتە تازەدامەزراوەکەی خۆی، بەریتانیا و ئێراق کە دەیانویست ببێت بە بەشێک لە ئێراقی تازەدرووستکراو، هەروەها کورد خۆی، کە کەم تا زۆر سەربەخۆییان دەویست. بەڵام بەریتانیا بڕیار دەدات کوردستان بکرێت بە بەشێک لە ئێراق لەبەر چەندین هۆکارێک لەوانە:
یەکەم، ئەوان پێیان وابوو لە چەندین ڕووەوە ویلایەتی بەسرە و بەغدا بە تەنیا شیاو نین بەوەی ببن بە دەوڵەتێکی پشتبەخۆبەستوو، بۆیە دەبێت ویلایەتی موسڵ بلکێنرێت بەوانەوە.
دووەم، سامانە سرووشتییەکانی کوردستان، بەتایبەتیی نەوتی کەرکووک ڕۆڵی گرنگی هەبوو، چونکە ئێراق بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی بەریتانیا بوو، کوردستان ئەوکات لە ئێراق بەهێزتر و زیاتر سەروەری هەبوو، چونکە نیمچە حکومەتێکی هەبوو، بەریتانیا دەیویست بیکات بە بەشێک لە ئێراق تا بەتەواوی کوردستانیش بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی خۆی.
سێیەم، نا ڕەزایەتی تورکیا و ئێرانی ئەوکات بۆ درووستبوونی دەوڵەتێکی کوردی هۆکارێکی تر بوو. بەتایبەت کە تورکیا بەهێز ببوو و بەریتانیا بەرژەوەندی و مامەڵەی تری هەبوو لەگەڵ تورکیا کە بێگومان بەلای بەریتانیاوە تورکیا و ئێران گرنگتر بوون لە کورد.
لەگەڵ چەندین هۆکاری دیکە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان هۆکاری ناوخۆیی کورد بوو، کە لاواز و دواکەوتوو و پەرتەوازە بوون، ئەگەر نا دەبوو لەو سەردەمە جەنگ و شەڕێکی بەردەوام و کاریگەریان بەرپا بکردایە تا گەیشتن بە ئامانج. ئەگەر کەمترین نرخ بۆ بەها ئەخلاقی و مرۆیی و ماف و دادپەروەری هەبێت لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، ئەوا دەبوو ئەو کاتەی تورکیا وئێراق داوای کوردستانیان کرد، بەریتانیا بە گوێی دانیشتووانی کوردستان بکات و دەوڵەتی کوردستان لە باشوور دابمەزرێنێت، نەک بیخاتە سەر ئێراق، کە لە بەڵگەنامەکانی خۆیاندا هاتووە کوردستان هەرگیز بەشێک نەبووە لە ئێراق. [1]