بەغدا، لە ئەبوجەعفەری مەنسوورەوە تا سوودانی
ڕەنج نەوزاد
ئەبوو جەعفەری مەنسوور دووەم خەلیفەی عەباسی بوو، لە 762 ز. شاری بەغدای کردە پایتەختی دەوڵەتی عەباسی. لەو ڕۆژەوە بەغدا تا ئەمڕۆ ناوەندی توندوتیژی و کوشتن و نائارامییە.
بەغدا لە سەردەمی عەباسییەکان لەگەڵ ئەوەی بە ناوەندی زانست و ئەدەب و فکر ناسراوە، بەڵام هاوکات کوشتن و توندوتیژی و سەرپەڕاندن لە لوتکەدا بووە و سیفەتێکی دیاری ئەو ناوەندە بووە لەو سەردەمەدا. خەلیفە مەنسوور لەگەڵ دەستبەکار بوونی دەست دەکات بە تیرۆرکردنی کەسە نزیکەکانی خۆی کە سەرکردایەتی عەباسییەکانیان کرد بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەمەوییەکاندا. پاشان کوڕەکەی مەنسوور کە ناوی مەهدی بوو دەبێتە خەلیفەی موسوڵمانن، لێرەوە دەزگایەک دادەنرێت بۆ کوشتنی هەر کەسێک کە بە دڵی خەلیفە نییە، ئەویش بە پڕۆسەی پاکتاوکردنی زەندیقەکان (الزنادقة) ناسراوە، کە گوایە کۆمەڵگەیان لە کەسانی بێدین و خراپەکار پاکردۆەتەوە. لە ڕاستیدا پڕۆسەیەکی سیاسی بووە بۆ پاکتاوکردنی ئەو کەسانەی کە خەلیفە بە باشی نەزانیوون، یان نەیاری بوون.
لە سەردەمی خەلیفەکانی دیکەش، وەک مەئمون، موعتەسەم، واسیق (المأمون والمعتصم والواثق)، کە زیاد لە سی ساڵ فەرمانڕەوایی دەکەن، بەهۆی ئەو پرسەی کە بە خەلقی قورئان (خلق القرآن) ناسراوە، کە گفتوگۆ و ململانێیەکی زۆری لەسەر ئەوەی داخۆ قورئان درووستکراوە یا نا، ژمارەیەکی زۆری ئیمام و فەقێیان ئازار دا، زیندانی کرد، یان کوشت. هەر کەسێک بیگوتایە قورئان درووستکراو نییە، لە سەردەمی ئەو سێ خەلیفەیە ئەوا سزا دەدرا و لە کار دوور دەخرایەوە، زیندانی دەکرا، یان لە ملی دەدرا.
هەر چوار مەزهەبە سەرەکییەکەی ئیسلام (حەنەفی، مالکی، شافعی، حەنبەلی) ڕابەرەکانیان لە کاتی حوکمی عەباسییەکاندا ئازاردراون و سووکایەتییان پێکراوە و زیندان کراون. ئیمام ئەبوو حەنیفە (ابوو حنیفة النعمان) ڕابەری مەزهەبی حەنەفی لە زیندانی عەباسییەکان مرد.
زیاد لە دە خەلیفەی عەباسییەکان کوژراون، زۆربەشیان بە دەستی برا و کوڕ و دارودەستەکانی خۆیان، ئەمەش نیشانەی نائارامی و فەوزایەکی سیاسی گەورە بووە لە سەردەمی حوکمی عەباسییەکان. ئەمە بێجگە لە کوشتنی چەندین شاعیر و ڕۆشنبیر و پیاوی ئایینی بە ئەمری خەلیفە، هەروەها تاوانە گەورەکانی عەباسییەکان دژی ڕاپەڕینی نەتەوە و گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی ئەوکات دژی دەسەڵاتی ستەمکار و گەندەڵی عەباسییەکان، بۆ نموونە کۆمەڵکوژی زت (الزط) لە 833 ز کۆمەڵکوژی زنج (الزنج) لەنێوان ساڵانی 870-883 ز، یاخود پارچەپارچەکردنی مرۆڤ بۆ 14 پارچە و سزای کوێرکردنی چاو و زیندەبەچاڵکردنی مرۆڤ. هەموو ئەمانە شێوازێکی باوی سزادان و کوشتن و سیاسەتی عەباسییەکان بووە بەرانبەر بە نەیارەکانیان. هەموو ئەم تاوان و ستەمکاری و خوێنڕشتنە یان لە بەغدا ئەنجامدراون یا لە بەغداوە بڕیاری لەسەر دراوە، ئەمە لە کاتێکدا ئەو سەردەمە بە گەشترین سەردەمی مێژووی بەغدا دادەنرێت!
لە 1258 مەغۆلەکان بەغدا داگیر دەکەن و کاولی دەکەن. هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە لە سەروبەندی داگیرکارییەکەدا لەبەر زۆریی ژمارەی کوژرا و و تەرمی کەوتوو و بۆنی لاشەکان، ئەوا مەغۆلەکان ناچار دەبن شارەکە بەجێبهێڵن.
دوای مەغۆلەکان، بەغدا لە سەدەی پازدەوە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی دوو هۆزی تورکمانی، قەرەقوینلۆ و ئاق قوینلۆ، کە ئەمانیش بە شێوەیەکی خوێناوی و ستەمکاری حوکم دەکەن.
لە سەدەی شازدەوە بەغدا دەبێتە گۆڕەپانی جەنگ و ململانێی خوێناوی نێوان ئیمپراتۆریەتی سەفەوی و عوسمانی. بۆ ماوەی چەند سەدەیەک بەغدا دەبێتە گۆڕەپانی کوشتن و جەنگ پاکتاوی مەزهەبیی. بۆ نموونە، لە 1623 لە ئەنجامی گەمارۆی سەفەوییەکان بۆ سەر بەغدا، دۆخێکی نالەباری وا درووست دەبێت لەناو بەغدا کە خواردن و کەرەستەی ژیان نامێنێت و بە ناچاری خەڵکی بەغدا دەست دەکەن بە خواردنی گۆشتی سەگ و گۆشتی مردوو بۆ مانەوە. پاشان سەفەوییەکان دەچنە ناو بەغدا و دەیکەن بە گۆمێک لە خوێن، ئەوە دووەمجار بووە کە سەفەوییەکان بەغدا داگیر بکەن.
پاشان لە 1638 عوسمانییەکان بەغدا داگیر دەکەن و سەفەوییەکان دەردەکەن، لەو ساڵەدا نزیکەی 30 هەزار کەس لەناو بەغدا دەکوژرێن. هەر لەو ئانووساتدا، بە فەرمانی سوڵتان موڕادی عوسمانی، نزیکەی هەزار دیلی سەفەوییەکان لە ملیان درا لەناو شار، ئەوەش جاری دووەم بوو عوسمانییەکان بەغدا داگیر بکەن.
لەنێوان 1749-1831 بەغدا دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی مەمالیکەکان، کە بە شێوەیەکی فەرمی لەژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا بوون، بەڵام لە ڕووی واقعییەوە تا ڕادەیەک سەربەخۆ بوون. لەم سەردەمەدا بەغدا لە دۆخی کوشتن و نائارامی و قەیران و تاڵانییەکی بەردەوامدا بوو. نزیکەی 10 والی بەغدا کە لە مەمالیکەکان بوون دەکوژرێن. هەروەها بەردەوام شەڕی خێل و هۆزە ئێراقییەکان بەرانبەر بە دەسەڵات و لەنێوان خۆیاندا بەغدای کردبووە شارێکی نائارام وخوێناوی. بۆ نموونە، لە 1831، کە بە یەکێک لە خوێناویترین و ترسناکترین ساڵەکان دادەنرێت لە مێژووی بەغدا، بەهۆی بڵاوبوونەوەی تاعون لە شارەکە هەروەها هێرشی سوپای عوسمانییەکان بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی مەمالیکەکان، سێ بەشی دانیشتووانی بەغدا دەمرن و لەناو دەچن! سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە لاشەی مردوو هەموو کۆڵان و شەقامێکی بەغدای داپۆشیبوو، سەگی بەڕەڵا لەسەر تەرمی مردووەکان دەژیان. هەر لەو ساڵەدا عوسمانییەکان کۆمەڵکۆژی مەمالیکەکان دەکەن. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە مەمالیکەکان سوودی گەورەیان بۆ عوسمانییەکان لە ڕووی سەربازی و ئیدارییەوە هەبوو.
لە دوای نەمانی دەسەڵاتی مەمالیکەکان هاتنەوەی عوسمانییەکان، بەغدا ئارامی هەر بە خۆیەوە نەدیت، قەیران و تاڵان و پەتا بەردەوام بوون. لە 1846 پەتای کۆلێرا شار هەراسان دەکات و نزیکەی چوار هەزار کەس لە دانیشتووانەکەی دەکوژێت، کە دەبێتە هۆکاری دەستپێکردنی تاڵان و دزی لەلایەن بەشێک لە خەڵکی شارەکە.
لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە تا داگیرکردنی بەغدا لەلایەن بەریتانییەکانەوە لە 1917 دیاردەی بەرتیل و دزی و تاڵان و کوشتن لە لوتکەدا بووە لەناو بەغدا.
لە 1917 دا، بەریتانیا بەغدا داگیر دەکات، پێش هاتنی سوپای بەریتانی بۆ بەغدا و بەسرە، خەڵکی بەغدا بە گشتی بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە پشتگیری عوسمانییەکان دەکەن لە دژی بەریتانیا، گوایە برای دینن، بەڵام هەر کە بەریتانییەکان نزیک بوونەوە لە بەغدا، خەڵکەکە بەگشتی هەڵگەڕانەوە لە عوسمانییەکان و کەوتنە پشتگیری بەریتانیا. خەڵکێکی زۆریش لە بەغدا دەستیان کرد بە دزین و تاڵانی دوکان و بازاڕ و دامودەزگاکانی حکومەت. تا وای لێ هات بەشێک لە خەڵکی داوایان لە سوپای بەریتانی کرد بە زووترین کات بێنە ناو بەغدا و کۆتایی بەو دیاردەیە بهێنن.
لە مێژووی بەغدا یەکێک لەو دیاردانەی کە زۆر باو بووە، بریتی بووە لە دیاردەی دزی و تاڵانچێتی و چەتەگەرایی. زۆربەی کات شەقاوە و چەتە و دزەکان لە گرووپە کۆمەڵایەتییە دیار و ناسراوکانی شارەکە بوون. ئەم گرووپە لە خەڵک بەردەوام قەیران و شەڕ و نائارامی و بڵاوبوونەوەی پەتاکانیان وەک هەلێک قۆستۆتەوە بۆ دەستکردن بە دزی و تاڵان. بۆ نموونە، لە 1831 کاتێک تاعون لە بەغدا بڵاودەبێتەوە، بەشێک لە خەڵکی شارەکە دەست دەکەن بە دزین و بڕینی ماڵان و دوکان و بازاڕ، تا ئەو ڕادەیەیی ژمارەیەکی زۆریان لە کاتی دزین و تاڵانی خۆشیان بوونە قوربانی تاعونەکە و مردن.
لە 2003 دا، لەگەڵ ڕووخانی سەدام دیسانەوە لە ئێراق و بەغدا دزینی کەلوپەل و سامانی گشتی زۆر بە بەربڵاوی ڕوویدا. ئەم دیاردەیە یەکێکە لە سیفەتە دیارەکانی کۆمەڵگە و خەڵکی بەغدا بە درێژایی مێژوو. کۆمەڵناسی ئێراقی، عەلی وەردی، ڕەگ و ڕیشەی دەگێڕێتەوە بۆ کلتوری خێڵ و هۆزە عەرەبییەکان.
لە 1921 دا، بەریتانیا قەوارەیەکی درۆزنانە درووست دەکات بە ناوی دەوڵەتی ئێراق، بەغدا دەکاتە پایتەختی دەوڵەتەکە و ناوەندی بڕیار و دەسەڵاتی سیاسی.
لە سەردەمی پاشایەتیی (1921-1958) لە ئێراقدا، بەغدا دیسانەوە بە درێژایی ئەو ماوەیە ناوەندێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نائارام و پڕکێشە و پڕقەیران و کودەتا بوو. بۆ نموونە، لە 1936 تا 1941 حەوت کودەتای سەربازی و سپی تێدا ئەنجام دەدرێت. لە کۆی 16 خولی پەڕڵەمانی تەنیا یەک دانەی توانیویەتی خولە چوار ساڵییەکەی خۆی تەواو بکات، ئەوەش بە چەندین کێشەوە!
هەڵوەشاندنەوە و شکستی حکومەت یەکێکە لە سیما دیارەکانی حوکمی پاشایەتی. نووری سەعید بە تەنیا 14 جار لە کات و ماوەی جیا بووەتە سەرۆک حکومەت، کابینەی چواردەمی حکومەتی ئێراق تەنیا یەک ڕۆژ بەردەوام بووە!
لە37 ساڵ سەردەمی پاشەیەتیدا، ئێراق سێ پاشا حوکمیان کردووە، فەیسەڵی یەکەم و غازی هەردووکی گومان دەکرێت کوژرابن. سێیەمیان، فەیسەڵی دووەم، لە کودەتاکەی 1958 کوژرا. نووری سەعیدیش لەسەر شەقامەکانی بەغدا پارچەپارچە کرا.
هەر لەو سەردەمدا، لە 1933 سوپای ئێراق ئاشوورییەکانی بە ئامانج گرت و کۆمەڵکوژی کردن. لە 1935 ئێزیدییەکانی شەنگال بەر هەڵمەتی سوپای ئێراق کەوتن و 11 گوندیان وێران کرد و خەڵکێکی زۆریان کوشت و ئەوانی دیکەش زیندانی کران.
لە 1958 دا، ئێراق لە ڕێگای کودەتایەکی سووری سەربازییەوە دەبێتە کۆماریی، عەبدولکەریم قاسم دەبێتە سەرۆککۆمار. هەر دوای ماوەیەکی کەم قاسم دەست دەکات بە کوشتن و گرتنی هاوڕێکانی و لەناوبردنی ئۆپۆزسیون. لە سەردەمی قاسم (1958-1963)، شیوعییەکان کە نزیک بوون لێی، هەموو ئەوانەیان سزا دەدا کە نەیاریان بوون، کوشتن یان دوورخستنەوە. پاشان قاسم ئازاری خودی شیوعیەکانیشی دا. دیسانەوە بەغدا بوو بە ناوەندێکی ستەمکاری و نادیموکراسی، بە هەموو شێوەیەک ڕای جیاوازی تیایدا قەدەغە بوو.
لە 1963 دا، ناسیونالیستە عەرەبەکان و بەعسییەکان بە کودەتایەکی خوێناوی دێنە سەر حوکم، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم ناسیونالیستە عەرەبەکان بە سەرکردایەتی عەبدولسەلام عارف کودەتایەکی تر دەکەن بەسەر بەعسییەکاندا و خۆیان بە تەنیا دەسەڵات دەگرنە دەست. ئەم جارە بەغدا دەبێتە ناوەندێکی ستەمکاریانەی ناسیونالیستی. ئەوەی شیوعی بوو ئازار درا، یان زیندانی کرا، یان کوژرا. عەبدولکەریم قاسمیش لەناو بەغدا بە ڕۆژی ڕووناک بێدادگاییکردن، بە فەرمانی هاوڕێ دێرینەکەی خۆی عەبدولسەلام، کوژرا. پاشان عەبدولسەلامیش لە ڕووداوێکی تەمومژاوی لە 1966 دا دەکوژرێت.
لە 1968 دا، بەعسییەکان بە کودەتایەکی دیکە، کەمتر خوێناوی، دەسەڵات دەگرنەوە دەست. ئیدی بەغدا دەبێتە ناوەندێکی ستەمکاری بەعسی، ئۆپۆزسیۆن و ڕای جیاواز بە گشتی باجەکەی کوشتن دەبێت. لە 1979 تا 2003 بەغدا دەبێتە ناوەندێکی تۆقێنەری سەدامی و بەعسی، ئەم جارە نەک ئەوەی شیوعی یا بەعسی یا ناسیونالیست نەبێت دەکوژرێت، بەڵکوو ئەوەی سەدامیی نەبێت دەکوژرێت بەعسییە نزیکەکانیشەوە.
پاش 2003 حوکمی دیکتاتۆری دەڕوخێت، بەڵام وەک مێژووی بەغدا و ئێراق پێمان دەڵێت: ئەگەر ستەمکاری و دیکتاتۆری نەما، ئەوا ناسەقامگیریی و فەوزا شوێنی دەگرێتەوە. لە 2003 وە تا ئەمڕۆ بەغدا ناوەندی فەوزا و گەندەڵی و ناسەقامگیرییە، بەڕادەیەک کە بەغدا ئێستا یەکێکە لە ترسناکترین پایتەختەکانی جیهان و ئاڵودەترین شار.
لە 2003 تا 2023، تەنیا لەناو بەغدا، زیاتر لە 200 هەزار کەس کوژراون. لە 2006، لە گەرمەی شەڕی ناوخۆی شیعە و سوننە ڕۆژ هەبووە لە بەغدا نزیکەی 2000 کەس کوژراون.
لە سەردەمی ئەبوو جەعفەری مەنسوورەوە تا سەردەمی محەمەد شیاع سوودانی، هیچ سەردەمێک نەبووە بەغدا ناوەندێکی دیموکراسی و سەقامگیریی بووبێت. کات هەبووە بەغدا ناوەندێکی زانستیی و پێشکەوتوو بووە، سەردەمی سەرەتای عەباسییەکان، کاتیش هەبووە بەغدا ناوەندی نەزانی و دواکەوتوویی بووە، بەڵام هەمیشە بەغدا ناوەندێکی نادیموکراسی و ستەمکاریی و ناسەقامگیری و نایاسایی و تۆقێنەر بووە.
مێژوونووس و کۆمەڵناسی ئێراقی باقر یاسین پێیوایە ئەو وڵاتەی ئەمڕۆ پێی دەڵێن “ئێراق” خاوەن مێژووییەکی پێنج هەزار ساڵە لە ستەمکاریی و یەکتر قبووڵنەکردن توندوتیژیی.
لەسەر بنەمای ئەوەی لەسەرەوە خرایە ڕوو، ئەوا هەر لایەنێکی کوردی پێی وابێت نزیکبوونەوە لە بەغدا، یان بەدەستهێنانی مافەکانی کورد لە بەغداوە بەدی دێت، یان ئاییندەی کوردستان لەگەڵ بەغدا دەکرێت باشتر بێت بۆ کورد، ئەوە نیشانەی بێئاگاییەتی لە مێژوو و سرووشت و عەقڵیەتی ئەوانەی کە لە بەغدا دەسەڵاتدارن. هەر گۆڕانکارییەک لە بەغدا ڕووبدات، هەر کەس و لایەنێک لە بەغدا حوکم بکات ئیتر مالکی بێت، سەدام بێت، کازمی بێت، یان سوودانی، ئەوا بەغدا ناوەندێکی نادیموکراسی و ناسەقامگیر و دژەکورد دەبێت.
هیچ ئاماژەیەکیش نییە بەوەی لە ئاییندەیەکی نزیک و مامناوەند بەغدا ببێتە ناوەندێکی دیموکراسی و گەشەسەندوو. بەڵکوو زۆربەی ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە ئاییندەی ئێراق بەرەو خراپتر دەڕوات.
بەغدا و ئێراق بەدەست کۆمەڵێک قەیران و کێشەی قووڵەوە دەناڵێنن، بە درێژایی چەندین سەدە، هیچ کام لەو قەیران و کێشانە چارەسەر نەکراون و هیچ پلانێکش نییە بۆ چارەسەرکردنیان. ئەوەی شارەزای مێژووی ئێراق و بەغدا بێت، دەزانێت ڕەگی قەیرانی ئێراق، لە تاکی ئێراقیدایە، لە کلتور و فەرهەنگی ئێراقییدایە، کە هیچ کام لەوانە گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە و ئامرازەکان و دامەزراوەی گۆڕینیش بوونیان نییە.
کورد ئەگەر مەبەستی دیموکراسی و ژیانێکی شایستە و مافەکانی خۆی بێت، ئەوا دەبێت یەکەم هەوڵی دوورکەوتنەوە بێت لە بەغدا، نەک نزیکبوونەوە و ڕادەست بوون بە یەکێک لە ترسناکترین و نادیموکراسیترین ناوەندی سیاسی لە مێژوودا. ئەمە جگە لەوەی بە درێژایی مێژووی دەوڵەتی ئێراق، هەزاران بڕیاری دژ بە کوردی باشوور لە بەغدای پایتەختەوە دەرچوون، بە بڕیارگەلی جینۆساید و چۆڵکردن و ڕاگواستن و کۆچپێکردن و بەعەرەبکردنەوە. لە ئاییندەشدا، بەغدا جگە لەو بڕیارانە، خوازیاری هیچ بڕیارێکی تر نییە سەبارەت بە کورد.
بەغدا نەک بەرانبەر بە کورد، بەڵکوو بەرانبەر بە خەڵکی بەغدا و ئێراقیش ناتوانێت دیموکراسی بێت و بە توندوتیژی و هێزەوە ڕەفتار نەکات، ناکرێت شارێک هەموو مێژووی نوقم بێت لە توندوتیژی و ستەمکاری و ناسەقامگیری، داوای ئەوەی لێ بکرێت دیموکراسی بێت بەرانبەر بە کورد و بێکێشە مووچەی کورد بدات! لە کاتێکدا لە نەستی بەغدا کورد بریتییە لە نەیار و دوژمن و تێکدەر و جودایخواز. [1]