=KTML_Bold=دەروازەیەک بۆ تێگەيشتن لە سياسەتی داگيرکەرانی کوردستان=KTML_End=
#ڕەنج نەوزاد#
تێگەيشتن لە تێڕوانينی تورکيا و ئێران و ئێراق و سووريا بەرانبەر بە کوردستان پرسێکی فرە ڕەهەندە و دەکرێت لە ڕێگەی چەندين ميتۆد و ڕێگای جياوازەوە ئەنجام بدرێت. لێرەدا تەنيا لە ڕێگەی یەک نموونەوە هەوڵ دەدەم تێڕوانينی ئەو چوار دەوڵەتە بۆ کوردستان و پرسی کورد بخەمەڕوو. نموونەکەش بريتييە لە دەقێک، یان نامیلکەیەک، بە ناونيشانی “دراسة عن محافظة الجزيرة: من النواحي القومية والاجتماعية والسياسية” کە لەلایەن “محەمەد تەڵەب هيلال”ەوە لە 1962 دا نووسراوە. بە پڕۆژەکەی محەمەد تەڵەب هيلال ناسراوە، کە پڕۆژەیەکە هەموو مەرجەکانی جينۆسايدکردنی نەتەوەیەکی تێدایە.
=KTML_Bold=محەمەد تەڵەب هیلال کێ بوو و پڕۆژەکەی چی بوو؟=KTML_End=
محەمەد تەڵەب هیلال سیاسی و ئەفسەرێکی عەرەبی #بەعس#یی سووری بوو، هەندێک پۆستی وەک وەزیری کشتوکاڵ، جێگری سەرۆک وەزیرانی سووری، باڵوێزی سووریا لە پۆڵەندا هەبووە. پلە سەربازییەکەشی عەمید بوو. لە 2011 مردووە.
هیلال لە 1962 دا لە شێوازی نامیلکەیەکدا پڕۆژەیەکی ترسناک و تۆقێنەری پێشکەش بە حکومەتی سووری و ئێراقی کرد. هاوکات، داوای کردبوو پڕۆژەکە بە هاوبەشی لەگەڵ تورکیا و ئێران دا کاری بۆ بکرێت و جێبەجێ بکرێت. پڕۆژەکە لێکوڵینەوەیەکە لە بارەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ناوچەی جەزیرە، لەگەڵ، پێشکەشکردنی چەند ڕێنمایی و پێشنیارێک بۆ حکومەتی سووری و ئێراقی، لەپێناو تواندنەوەی کورد و بنبڕکردنی دۆزی کورد، ئەمەش بە هاوکاری لەگەڵ تورک و فارس.
سەرەتای توێژینەوەکە بە مێژوو و ڕەچەڵەکی کورد دەستپێدەکات. ئەو پێی وایە “کورد ڕەچەڵەکی دیار نییە، نە نەتەوەیە، نە گەلە، نە زمانی هەیە، نە مێژوو، نە شارستانییەت، نە دەوڵەت، نە نیشتمان، نە ئایین، نە بەها و کلتورێکی هاوبەش، نە شووناس”. هیلال دەڵێت: کورد بریتییە لە تێکەڵبوونی چەند تیرەیەکی دانیشتووی شاخەکان و چەند گرووپێکی بێناسنامەن. “ئەم گرووپە بێشووناسە، زلهێزەکانی ناوچەکە و جیهان بۆ مەرامی خۆیان بەکاریان دەهێنن. ئامرازێکن بۆ درووستکردنی کێشە و دابەشکردنی جیهانی عەرەبی و بریتیین لە چەتە و ڕێگر و شەقاوەکانی ڕۆژهەڵات”.
پاشان دێتە سەر باسکردنی دۆزی کورد و سەربەخۆیی کوردستان، بە ڕستەیەکی زۆر کوورت وەسفی دۆزی کورد دەکات و دەڵێت “گرێیەکی شێرپەنجەیی پیسە (خبیث) لە بەشێک لە جەستەی نیشتمانی عەرەبیدا درووستبووە یاخود درووستکراوە، هیچ چارەسەرێکی نییە جگە لە بڕینی لە ڕەگ و ڕیشەوە”. ئەوەی مایەی سەرنجە، هيلال لەو نامیلکەیەدا بە شێوازێکی تەواو دوور لە زانستییبوون وبێ پشتبەستن بە دەقە مێژووییەکان حوکم لەسەر مێژوو و ڕەچەڵەکی کورد دەدات، هەندێک دێڕی پچڕپچڕ لە سیاقی خۆی دەردەکات و دەیکات بە ئارگومێنت بۆ بڕیارە پێشوەختەکانی خۆی.
پاشان دێتە سەر باسکردنی عەشیرەت و پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردی و چالاکییە سیاسییەکانی ڕۆژاڤای کوردستان، کە هەموویان بە شایەنی لەناوبردن و سڕینەوە دەزانێت. بۆ ئەم مەبەستە، ژمارەیەک پێشنیار دەخاتەڕوو بۆ سووریا و ئەو دەوڵەتانەی کوردیان بەسەردا دابەشکراوە و داوا دەکات زۆر بەجدی وەریبگرن و بەتەواوی جێبەجێی بکەن، پێشنیارەکانی بریتیین لە 12 خاڵ:
1- ڕاگواستنی کوردەکانی جەزیرە بۆ ناو شارە عەرەبییەکانی سووریا و پاشان دابەشکردنیان لەناو شارەکان.
2- سیاسەتی پشتگوێخستن، واتە درووست نەکردنی قوتابخانە و پەیمانگا لە ناوچە کوردییەکان.
3- بێبەشکردنی کوردەکان لە ڕەگەزنامەی سووری، هەروەها ناردنەوەی ئەو کوردانەی کە لە ئەسڵدا خەڵکی وڵاتانی دیکەن.
4- نەهێشتنی هەلی کار بۆ کوردەکان، بە ئەندازەیەک توانای جووڵەیان نەمێنێت، بەشێوەیەک کە بەردەوام لە دۆخێکی ناسەقامگیر بن و هەموو کات ئامادەی ڕاگواستن بن. کورد بۆی نەبێت موڵک و زەوی بکڕێت، بۆی نەبێت زەوی کشتوکاڵی بکڕێت و بەکرێی بگرێت، هەموو زەوییە کشتوکاڵییەکانیشیان بدرێت بە عەرەب.
5- بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی کورد لەناو عەرەبەکاندا، بۆ ئامادەکردنی عەرەبەکان لە دژیان، بە مەبەستی ناسەقامگیریی و پەشۆکانی کورد.
6- سەندنەوەی سیفەتی ئایینی لە پیاوە ئایینیيەکانی کورد و ڕاگواستنیان و شوێنگرتنەوەیان بە عەرەب چونکە کۆبوونەوە و ئەنجوومەنی پیاوە ئایینیيە کوردەکان نەتەوەییە نەک ئایینی. ئەوە نییە داوایان لێ دەکەین بەیاننامەیەک دژی بارزانی دەربکەن کەچی بە گوێمان ناکەن.
7- درووستکردنی پێکدادان و شەڕی براکوژی لەناو کوردەکان.
8- ناردنی عەرەب بۆ نیشتەجێبوون لە ناوچە کوردییەکان. بەمەش دەبنە چاودێر بەسەر کوردەکان تا ئەو کاتەی کوردەکان دەردەکرێن لە ناوچەکەیان. عەشرەتی “شەمەر” بخرێنە شوێنی کوردەکان چونکە هەژارن و سەد لەسەدیش نەتەوەیین. ئەمەش پێی دەگوترێت پڕۆژەی پشتێنەی عەرەبی (مشروع الحزام العربي) کە حکومەتی سووريا، تەنيا دوای سێ ساڵ لە نووسينی ئەو نامیلەکەیە، واتە لە 1965 بڕياری جێبەجێکردنی دەدات و لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بە شێوەیەکی تۆکمە لە ڕۆژاڤای کوردستان جێبەجێ کرا. پشتێنەی عەرەبی درێژییەکە 275 کيلۆمەتر و قووڵاییەکەی دەگەيشتە 15 کيلۆمەتر، لە شاری “دێرک”ەوە تا “سەرە کانێ”ی گرەتەوە.
9- درووستکردنی سەربازگە لە جەزیرە کە ئەرکیان جێگیرکردنی عەرەب و دەرکردنی کورد بێت.
10- درووستکردنی کۆمەڵەی هەرەوەزیی کشتوکاڵی بۆ عەرەبەکانی ئەو ناوچانە و چەکدارکردنیان، ڕێک وەک ئەوەی جووەکان لە ئیسرائیل ئێستا دەیکەن.
11- ڕێگەنەدان بە دەنگدان و خۆکاندیدکردن بەو کەسانەی عەرەبی نازانن.
12- لەو ناوچانەدا ڕەگەزنامەی سووری تەنیا بدرێت بە عەرەب.
نووسەر ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم پێشنیازانە تەنیا وەک سەرنجڕاکێشانی لایەنی پەیوەندیدارە بۆ ئەو پرسە، ئەگەر نا، ئەم چەند خاڵە بەس نییە بۆ ئەوەی ئەو “نەخۆشيیە ترسناکە” چارەسەر بکرێت کە ناوی کورد و دۆزی کوردییە. واتە ئەمە تەنيا سەرەتایەکە، دواتر پلان و هەنگاوی دی هەیە بۆ تواندنەوەی کورد لە ناوچەکەدا.
ئەوەی لەم پڕۆژەیەدا باس کراوە، بەشێکی زۆری پێش نووسينی پڕۆژەکەش دژی کورد ئەنجامدراوە. بۆ نموونە تورکيا لە سەردەمی مستەفا کەمال بڕياری جێبەجێکردنی پلانی چاکسازی لە ڕۆژهەڵات (إصلاح الشرق ( دا. پلانێک بوو بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەی بەتورککردن و ڕاگواستنی کورد لە باکووری کوردستان بۆ ناوچە تورکنشینەکان. بۆچوونێک هەیە پێی وایە کە پلانی “چاکسازی لە ڕۆژهەڵات” لە سەردەمی ئەردۆگان سنوورەکانی تورکيا و باکووری کوردستانی تێپەڕاندووە و ساڵانێکە لە ڕۆژاوای کوردستانیش جێبەجێ دەکرێت، بە تايبەتی لە عەفرين و ئەو ناوچانەی کە تورکيا و ميليشياکانی داگيریان کردوون. ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو پلانەی مستەفا کەمال، کە لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی تورکيا داينا، تا ئەمڕۆش بە شێواز و ناو و پاساوی جياواز، لەلایەن ئەردۆگان و دەوڵەتی تورکەوە جێبەجێ دەکرێت.
کاتێک ناوەرۆکی ئەو نامیلەکەیە ئاشکرا بوو، حکومەتی سووريا و حيزبی بەعس نە نووسەرەکەی سزا دا، نە هيچ بەياننامەیەکی فەرمی لە دژی دەرکرد. تەنيا گوترا ئەوە گوزارشت لە بيروڕای نووسەر خۆی دەکات. لە 2011 کە نووسەرەکە دەمرێت، بە ڕێزێکی زۆرەوە ڕەوانەی گۆڕستان دەکرێت لەلایەن حکومەت و دەوڵەتی سوورياوە.
لە ڕاستيدا و ئەوەی گرنگە کوردستانیان بيزانن ئەوەیە کە پڕۆژەکەی محەمەد تەڵەب هيلال، تەنيا گوزارشت لە تێڕوانين و پڕۆژەیەکی تاکەکەسی ناکات، بەڵکوو کلتور و جيهانبينی و سياسەت و ستراتيجی چوار دەوڵەتە کە زیاد لە سەد ساڵە بە بەردەوامی و بە پێی دەرەفەت لە کوردستان پەيڕەوی دەکەن. بێبەشکردنی ژمارەیەکی زۆر لە کوردی ڕۆژاڤای کوردستان و سووريا لە ڕەگەزنامە، ڕاگواستن و بەعەرەبکردن، کوشتن و بێبەشکردنی کورد لە سەرەتايترين مافەکانی لە ڕۆژاڤای کوردستان و سووريا؛ پڕۆسەی بەعەرەبکردن و ئەنفال و ڕاگواستنەوە لە باشووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی ئێراق، لە دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ؛ سياسەتی تورکيا و ئێران دژ بە کوردەکانی باکوور و ڕۆژهەڵات، وەک قەدەغەکردنی زمان، بەتورککردن، ڕاگواستن، پشتگوێخستنی ناوچە کوردييەکان، سزادان و کوشتنی کورد لەسەر پەيڕەوکردن، یان داواکردنی سەرەتايترين مافە نەتەوەیی و کلتوری و سياسييەکانی خۆی، هەر هەمووی ئەوە دەسەلمێنێت کە پڕۆژەکەی هيلال ڕەنگدانەوەی سياسەت و تێڕوانين و ويستی ڕاستەقينەی ئەو چوار داگيرکەرەیە بەرانبەر بە کوردستان، ئەو پڕۆژەیە خوازراوترين بژاردەی ئەو چوار دەوڵەتەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆزی کورد.
خاڵێکی گرنگ کە پێويستە کورد بایەخی پێ بدات ئەوەیە کە نابێت وەک ڕووداوێکی مێژوویی یان وەک دياردەیەک کە لە ڕابردوودا ڕوويداوە و کۆتایی پێهاتووە تەماشای ئەو پڕۆژەیەی هيلال، یان هاوشێوەکانی، بکات چونکە تا ئەمڕۆش ئەو 12 پێشنيازەی ناو پڕۆژەکە بەتەواوی، یان هەندێکی، بە شێوەیەکی چڕ و ڕوون لە واقعیدا جێبەجێ دەکرێن دژ بە کورد، نەک هەر لەلایەن سووریاوە، بەڵکوو هەر سێ داگیرکەرەکەی دیکەی کوردستانیش، ئێراق و ئێران و تورکیا.
لە ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان تا ئێستا بەشێک لەو پێشنيازانە جێبەجێ دەکرێن، لەوانە: قەدەغەکردنی زمان، سەپاندنی زمان و کلتوری تورک و فارس بەسەر کورد دا، کوشتنی کورد بە پاساوی جياواز، پشتگوێخستنی ناوچە کوردييەکان و هەژارکردنييان، پڕوپاگەندە دژ بە کورد و بەتيرۆر ناساندنی بزووتنەوە سياسييە کوردستانييەکان. تورکيا لە دەرەوەی سنوورەکانیشی، لە ڕۆژاڤای کوردستان لە عەفرين و ئەو ناوچانەی کە داگيری کردوون، هەموو ئەو پێشنيازانەی هيلال جێبەجێ دەکات.
بەهۆی داڕووخان و لاوازبوونی ئێراق و سووريا، هەردوو دەوڵەت بۆ ماوەیەکی کاتیی توانايان نەما ئەو 12 پێشنيازە جێبەجێ بکەن. بۆیە لە باشوور و ڕۆژاڤا، کوردستانیان توانیان تا ڕادەیەک هەندێک ماف و دەستکەوتی سياسی و کلتوری و نەتەوەیی بەدەست بهێنن. ئەمە تەنيا یەک هۆکاری هەبوو، ئەويش داڕمان و شکستی ئێراق و سووريا بوو، نەک ئەوەی گۆڕان بە سەر دید و تێڕوانینی ئەو دوو دەوڵەتەدا، یان نوخبەی سیاسی عەرەبدا، هاتبێت بەرانبەر بە کورد. هەر کات ئێراق و سووریا بەهێزبوونەوە دەگەڕێنەوە بۆ هەمان 12 پێشنيازەکەی ناو پڕۆژەکە. بەڵگەش ئەوەیە تا ئەمڕۆ سووريا ئامادە نييە هيچ دانپێدانێک بە قەوارەکەی ڕۆژاڤا بنێت، بەڵکوو لەگەڵ ئێران و تورکيا لە هەوڵدانە بۆ پەکخستن و سڕينەوەی. ئێستا ئێراق کە تۆزێک بەرخۆ کەوتووەتەوە، بەهێزتر بووەتەوە، خێرا لە ڕێگەی بەعەرەبکردن لە #کەرکووک# و ناوچەکانی دیکە دەست بە کار بووەتەوە. هاوکات، بڕيارەکانی دادگای فيدرال دژ بە هەرێم، بڕينی بودجە و ڕێگرتن لەوەی هەرێم نەوتەکەی خۆی بفرۆشێت، هەمووی هەوڵدانن بۆ لاوازکردن و سڕينەوەی هەرێم و کورد لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ جێبەجێکردنی 12 پێشنيازەکە.
ئەوەی لە پڕۆژەکەی هيلال سەبارەت بە کورد و کوردستان باس کراوە، یەکێکە لە بنەما سەرەکييەکانی دەوڵەتی تورکيا و ئێران و ئێراق و سووريا، بە گۆڕانکاری لە حکومەت و سیستەمی سياسی ئەو دەوڵەتانە، ئەو بنەمایە ئەستەمە بگۆڕێت. تەنانەت بە ديموکراسيبوونی ئەو دەوڵەتانە، ئەو بنەمایانە وەک خۆی دەمێننەوە چونکە حکومەت و ئۆپۆزسيۆن و کۆمەڵگە و ميديا و دەستەبژێری هونەری و ڕۆشنبيری ئەو چوار وڵاتە لەسەر ئەوە کۆکن کە جوگرافيا و سنوور و قەبارەی دەستکردی وڵاتەکەیان دەبێت وەک خۆی بمێنێتەوە. واتە ئەو 12 پێشنيازەی هيلال لەلایەن هەموو هێز و گرووپەکانی ناو ئەو چوار وڵاتەوە پشتگيری لێدەکرێت و بە تاکە بژاردەی دەزانن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کورد و کوردستان.
بۆ نموونە، لە دامەرزاندنی دەوڵەتی ئێراقەوە تا ئەمڕۆ، زۆر گۆڕانکاری گەورە و ڕيشەیی لەو دەوڵەتە ڕوويداوە: لە حوکمی پاشایەتييەوە بۆ کۆماری و پاشان بۆ “ئێراقی نوێ” لە 2003، لە حوکمی سوننەوە بۆ شيعە، لە حوکمی چەپەکان بۆ ناسيوناليستەکان تا بەعسیيەکان و پاشان سيستەمی سياسی نوێ مەزهەبگەرایی لە 2003 ەوە؛ لە ئێراقی ژێر ئينتيدابی بەريتانيا تا ئێراقی سەربەخۆ، بۆ ئێراقی ژێر داگيرکاریی ئەمريکا، ئينجا بۆ ئێراقی ژێر هەژموونی ئێران و ئەمريکا، لەم ماوەیەدا بە دەيان و سەدان حکومەت و حيزب و کەسایەتی و ئايدیۆلۆجیای جياواز ئێراقيان حوکم کردووە، بەڵام لە یەک خاڵدا هەموویان هاوبەش بوونە، ئەويش سياسەتی هاوبەشیا%