=KTML_Bold=ئێراق و کوێت، هێڵێک لەسەر لم=KTML_End=
#سەردار عەزیز#
لە کۆتایی مانگی تەموزدا وەزیری دەرەوەی کوێت سەردانی بەغدای کرد. لە پاش دیداری لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێراق، لە پرێس کۆنفرانسێکدا وەزیرە کوێتییەکە بە تایبەتیی سوپاسی پارێزگاری بەسرا ئەسعەد عیدانی کرد. ئەم سوپاسە وەها لێکدرایەوە کە ئێراق خاکی داوە بە کوێت و عیدانی بە سوودی کوێت کار دەکات. دەرئەنجامی ئەمە زنجیرەیەک ناڕەزایی و دیبەیت و بانگهێشت کردنی وەزیر و وروژانی میدیایی بوو.
لە پاشخانی ئەم ڕووداوە وە چەندین ڕەگی مێژوویی و دیدی سیاسی و هەڵوێستی تایبەت هەیە. بۆ ئەوەی لە بنەڕەتی ئەم پرسە تێبگەین، کە بەشێکی زۆری تایبەتە بە کێشانی سنوورەوە لەنێوان ئێراق و کوێتدا، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ کۆبوونەویەک کە لە پایزی 1922 بە سەرپەرشتی سێر پێرسی کۆکس، مەندوبی سامی بەریتانی ئەوکات لە ئێراق، بەڕێوەچوو. پاش پێنج ڕۆژ لە گفتوگۆ هەریەک لە بەشداربووان لە ئێراق و سعودیە و کوێتەوە داوای پانتایی زۆر گەورەیان دەکرد. ساحیب بێگ، کە نوێنەری ئێراق بوو، داوای هەموو نیمچە دوورگەی عەرەبی دەکرد هەتا ڕیاز. نوێنەری سعودیە، لە بنەماڵەی ئال-سعود، داوای بەشی باشووری ئێراقی دەکرد هەتا فورات. لە ڕۆژی شەشەمدا کۆکس بێزار بوو لە بێتوانایی گەیشتی شاندەکان بە دەرئەنجامێک. بۆیە هەر خۆی لەسەر کاغەز هێڵی ڕاستی کێشا و کردی بە سنووری نێوان ئەم وڵاتانە. کەس دڵخۆش نەبوو، بەڵام هەموویان ڕازی بوون. ئەم چیرۆکە کە لە چیرۆکی خەلیقەی ئینجیل دەچێت، سەرەتای ئەم پرسانەی ئەمڕۆیە، هەروەها دەرخەری ئەوەیە کە ناوچەکە هەمیشە لەلایەن ئیمپراتۆریەتێکەوە بەڕێوەبراوە، ئەگینا نوخبەکەی خۆی نەیانتوانیوە بگەنە ڕێکەوتن.
لە دوا ژماری گۆڤاری فۆرین ئەفێیە، ڕۆبەرت کەپلان، جەخت لەسەر ئەم پرسە دەکات. بە دیدی ئەو لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئێستا ساتەوەختێکە کە بەبێ ئیمپراتۆرە، بۆیە ناسەقامگیرە.
لە ڕەخنە لە عیدانی و کوێت، بانگەشەی ئەوە دەستی پێ کرد کە گوایە ئێراق بەشێک لە خاکی ئوم قەسری فرۆشتووە. لە ڕاستیدا پرسەکە بەتەواوی جودایە. هەر کە هەواڵی گواستنەوەی ژمارەیەک ماڵ لە ناوچەی ئوم قەسر لە میدیاکاندا بڵاوبووەوە، شەقامی ئێراقی بوو بە دوو بەشەوە. هەندێک بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئێراق دەستبەرداری خاکی خۆی بووە بۆ کوێت، بەرەکەی تریش دەیوت ئەوەی ڕوویداوە، لە ئەنجامی پیادەکردنی بڕیاری 833 ی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکانە، کە داوای سنوورڕێژیی نێوان ئێراق و کوێت دەکات.
سنووری نێوان ئێراق و کوێت، هەتا ئێستا تەنیا لەسەر نەخشە بوونی هەبووە، لەسەر زەوی هیچ ئاماژەیەکی جیاکەرەوە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا بوونی نییە. جێگای ئاماژە پێدانە کە هەردوو وڵات هیچ بەربەرستێکی سنووری وەک ڕووبار، چیا، دەریا (سەرباری هەبوونی سنووری دەریایی)، یان دەریاچە جودایان ناکاتەوە، بەڵکوو ئەوەی لەنێوانیاندا هەیە لمە. بە جۆرێک ئەو ماڵانەی کە دەکەونە سەر سنووری نێوان ئەم دوو وڵاتە هێندە لێکنزیکن، پیرەژنێک تەنووری نانکردنەکەی دەکەوێتە خاکی کوێتەوە کەچی ماڵەکەی خۆی لەسەر خاکی ئێراق درووستکردووە.
بە پێی یاسای نێودەوڵەتی سنوو-ڕێژی دەبێت، لە پێنج سەد مەترەوە بۆ یەک کلیۆمەتر خاکی بێ ئاوەدانی هەبێت لەنێوان وڵاتادا، بە تایبەتیی ئەگەر کێشە لەنێوان وڵاتەکاندا هەبێت. پاش داگیرکردنی کوێت لەلایەن ئێراقەوە لە #02-08-1998#دا، پرسی سنووری نێوان ئەو دوو وڵاتە هاتەئاراوە. ئێستا ئەم یاسایە جێبەجێ دەکرێت.
=KTML_Bold=هەراکە لەسەر چییە؟=KTML_End=
بە دیدی عەقیل عەباس، کە ئەکادیمییەکی ئێراقییە، ئەوەی لەمبارەوە ڕوودەدات هەوڵی سەدر و هێزەکانی ترە بۆ فشار خستنە سەر بەرەی حوکمڕان و ئیحراجکردنیان. ئەو وەهای دەبینێت کە لە سەرەتاوە نەدەزانرا چی دەگوزەرێت و بەشێکی زۆری خەڵکی ئێراق بڕاوی بەم دەسەڵاتدارانەی ئێستا نییە و ڕوونی لە پرسەکاندا بە هیچ شێوەیەک لەئارادا نییە، بۆیە خەڵک ناهەقی نییە کە بە گومانەوە تەماشای پرسەکە بکات.
بە دیدی عەباس ئەم هێزە دەسەڵاتدارانەی ئێراق بڕوایان بەوە نییە کە دەبێت کار و پلان و بەرنامەیان بە خەڵک بڵێن، وەک هێزی خاوەن شووناس و دونیابینی ئیسلامی خەڵک بە ڕوعات، یان بە مەڕ دەبینن، نەک بە هاوتا و خاوەن مافی زانین و زانیاریی.
بێزاریی زۆری خەڵک لە نوخبەی دەسەڵات زەمینەی ئەوەی سازاندووە کە هەموو دەرفەتێک بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی ناڕەزایی خۆی بەرانبەر نوخبەی دەسەڵات پێشان بدات، بەبێ ئەوەی گوێ بە ڕاستی و بنەما و درووستی پرسەکان بدات. ئەوانەی کە دەیانەوێت ئەم پرسە بقۆزنەوە، هەوڵی ئەوە دەدەن کە کوێت وەک دوژمنی ئێراق وێنا بکەن. بە دیدی ئەوان کوێت وڵاتێکە بەرپرسە لە ئابلوقە و لاوازبوون و هەژاربوونی خەڵکی ئێراق و هاتنی ئەم نوخبە نوێیە بۆ سەر دەسەڵات.
لە کاتێکدا کە ڕژێمی پێشوو کوێتی داگیرکرد، بەڵام وڵاتی کوێت هەموو قەرەبووەکانی لە ئێراق وەرگرتەوە سەرباری دۆخی سەختی ئابووری و دارایی ئێراق. ئەم بەرەیە هەوڵی ئەوە دەدەن کە وەهای وێنا بکەن کە خەڵکی ئێراق نابێت باجی کارە هەڵەکانی سەرۆکی پێشوو، سەدام حسێن، بدات و کوێتیش نابێت پشتیووانی نێودەوڵەتی بقۆزێتەوە بۆ خۆی.
نەیارانی کوێت وەها دەبینین کە نوخبەی دەسەڵاتدار لە ئێراقدا بە هەموو پێکهاتەکانییەوە زیاتر دۆستی کوێتە هەتا ئێراق. ئەوەی ئێمە لێی بە ئاگاین ئەوەیە کە کوێت لە پڕۆسەیەکی ئاڵۆزدا لە هەوڵی ئەوەدایە کە نوخبەی سیاسی ئێراقی بە پارە دەم چەور بکات. کەم سیاسی گەورە و مامناوەند و تەنانەت بچوکی ئێراق هەیە کە سەردانی کوێتی نەکردبێت و هەروەها لە پشتیووانی ئەوان سوودمەند نەبووبێت.
گومانی تێدا نییە کە کوێت لە ئێراق دەترسێت. لای زۆرێک لە ئێراقییەکان دیدێکی وەها هەیە کە کوێت بەشێکە لە ئێراق. بەڕای ئێمە ئەم دیدە جگە لە هەڵە و شۆفینیزمی ئێراقی هیچی دیکە نییە. ئێراق و کوێت هەردوو لە یەک پڕۆسەی هاوشێوەدا لەلایەن هێزە دەرەکییەکانەوە بۆ ئامانجی جیاواز لە خۆیان درووستکراون. کاتێک ئەڵمانەکان دەخوازن بێن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێڵی بەغدا بەرلین درووست بکەن، بەریتانییەکان دێن کوێت قنج دەکەنەوە، هەتا ڕێگریی لەو پڕۆژەیە بکەن. وەک زۆر شوێنی تر لە دەرەوەی ڕۆژاوا، ئێراق و کوێت و سنوورەکانیان دەرئەنجامی ناڕاستەوخۆی ململانێی ناو زلهێزەکانی ئەوروپا و پاشان ئەمریکایە.
وەک چۆن کوێت دەستکردە، ئێراق زیاتر دەستکردە. بەڵام نوخبەی ئێراقی هەرکاتێک فشاریان دێتە سەر، پەلاماری کوێت دەدەن. کاتێک عەبدولکەریم قاسم هەڕەشەی کرد بە سێ ملیون پاوەن کپکرایەوە. کاتێک سەدام شەڕی لەگەڵ ئێراندا وەستاند، ڕووبەڕووی کێشەی دارایی و ئابووریی بووەوە، لە ئەنجامدا پەلاماری کوێتی دا. ئەمەشە وەهای لە هەندێک چاودێرانی ئێراق کردووە کە پرسی کوێت وەک پرسێکی ناوخۆیی ئێراق ببینین.
کوێت کە لەمە بەئاگایە لە میانەی پەیوەندی لەگەڵ ئێراقدا، میتۆدی هێدج (hedge) بەکار دەبات. ئەم چەمکە لە نەوەدەکانەوە هاتە ناو بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە، وەک ڕێبازێکی مامناوەند لەنێوان هاوسەنگی و وەدواکەوتندا. پێشتر لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دوو چەمک هەبوون، ئەوەی وڵاتان کاتێک دەکەونە ژێر هەڕەشەوە، ئەوە یان بەرگریی دەکەن لە شێوازی هاوسەنگی، یان ملکەچ دەبن و وەدوا دەکەون (باندواگن). بەڵام هێجینگ یانی تێکەڵەیەک لە هەردوو. ئەم مۆدێلە بە گشتی لەناو وڵاتە بچکۆلەکاندا باوە. کاتێک لەژێر مەترسیدان بەڵام توانای هاوسەنگی مەترسییەکەیان نییە، بۆیە لەگەڵ سەرچاوەی مەترسییەکەدا دەستوپەنجە نەرم دەکەن، بەڵام بەتەواوی ملکەچ نابن.
لە میانەی پیادەکردنی ئەم مۆدێلە، ئەم ستراتیجییە، کوێت پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ نوخبەی سیاسی ئێراقی دا هەیە و هەموویانی دەمچەور کردووە. ئەمەش یەکێکە لە ڕەخنەکانی ئەوانەی کە ڕەخنە لە پەیوەندی نێوان نوخبەی سیاسی ئێراقی و کوێت دەگرن. بۆ نموونە پارێزگاری بەسرە وەها لە قەڵەم دەدرێت کە لەلایەن کوێتەوە کڕابێت.
=KTML_Bold=کوێت و کوردستان=KTML_End=
خواستی ئێراق بۆ گێڕانەوەی کوێت، واتە بۆ دەستبەسەراگرتنی کوێت، خواستێکی ئیمپریالی نەخۆشە. وەک چاودێری سیاسی ئێراقی لیبڕاڵ، ئەلناسر دورەید، دەڵێت تەنیا ڕێگایەک بۆ ئەوەی کوێت ببێتەوە بە بەشێک لە ئێراق ئەوەیە کە کوێتییەکان ئازادانە لە ڕاپرسییەکی ئازاددا لەو بارەوە دەنگ بدەن. داوای ئێراقییەکان بەوەی کوێت ڕۆژگارێک بەشێک بووە لە ویلایەتی بەسرە، ئەوە لە بیر دەکرێت کە ئەو ڕۆژگارە شتێک نەبووە بە ناوی ئێراقەوە. ئەم دەستکردەیی و بێبنەمایی و یاریی کۆڵۆنیالیزمییە دۆخێکی نەخۆشی لەناو خەڵکانی ناوچەکەدا درووستکردووە، لەبری ئەوەی هەوڵی دانپیانان و پێکەوەژیان و ڕێزلەیەکگرتن بن ، بە دیدێکی ئیمپریالیانە لە هەوڵی زاڵبوون و سڕینەوە و بردن و سزادان و نکوڵیکردنی ئەوی دیکەن.
ئەم دۆخە لە پەیوەندی نێوان بەغدا و #هەولێر#دا بەڕوونی دەبینین. کورد ئەو لایەنەیە کە ئەگەر ملکەچ نەکرێت یاخی دەبێت، بۆیە دەبێت ملکەچ بکرێت. ملکەچبوونیشی لە ڕێگەی لاوازکردنییەوە دەبێت. بۆیە هەرگیز ئێراق ناتوانێت پەیوەندییەکی یاسایی و تەندرووستی لەگەڵ کورددا هەبێت. ئەمە بۆ پەیوەندی نێوان سوننە و شیعەش ڕاستە. شیعە کە بە هاوکاری ئەمریکا و ئێران بوون بە دەسەڵاتداری ئێراق، باوەڕیان بەوە نییە کە شایستەی ئەو دەسەڵاتەن بۆیە هەمیشە لە هەموو جوڵەیەک دەترسن و هەوڵی سەرکوتی هەموو خواستێکی ئەوی دیکە دەدەەن. [1]