=KTML_Bold=ئیسلام بۆ دەرەوە، ئەو درووشمەی بووەتە مەحاڵ=KTML_End=
#ئیبراهیم مەلازادە#
سەرکەوتنی خێرت ویڵدەرس (Geert Wilders) لە هەلبژاردنە گشتییەکانی هۆڵەندا، لە یەکێک لە وڵاتە هەرە ئارامەکانی ئەوڕوپا، وڵاتێک کە خەڵکەکەی لێبووردەترین نەتەوەی ئەوروپان، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەو سەرگەردانییەی کە ئەوروپا تێی کەوتووە بەهۆی ئەو لێشاوە زۆرەی پەنابەران، کە هەموو سنوورە ماقووڵەکانی تێپەڕاندوون. ئەو لێشاوەی پەنابەران، مەترسی لەسەر دیمۆگرافیای ئەوروپا درووستکردووە، نەک هەر لەسەر دیمۆگرافیا بەڵکوو وەختە پڕۆسەی ئاوێتەبوون یان ئامێزانی پەنابەران لەناو کۆمەڵگەی ئەوروپی پێچەوانە ببێتەوە و ئیدی ئەوروپییەکان لەناو جیڤاتەکانی پەنابەران بتوێنەوە و ئامێزان بکەن. کێشەی ئەو پەنابەرانە فرەڕەهەندە و گۆڕانکاری لە بیرکردنەوە و ئەقڵییەتیان دایە، بەتایبەتیش پەنابەرانی وڵاتانی عەرەبی، تورکیا، مەغریب، پاکستان، هیندستان و وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا، کە ڕێژەی هەرە زۆریان بەدوای ئازادیدا ناگەڕێن و ژیانیان لە مەترسیدا نەبووە، بەڵکوو بەدوای ژیانێکی خۆشتردا دەگەڕێن لەڕووی ئابووری و خۆشگوزەرانییەوە.
بۆیە، وتاری خێرت ویڵدەرس، بە ڕاگەیاندنی “ئیسلام بۆ دەرەوە”، وتارێکە سەرباری ئەو پۆپولیزمەی کە بەسەریاندا زاڵە، ڕەهەندی جیددیشی هەن و بە هیچ جۆرێک ناکرێت پشتگوێ بخرێت و قسەی جیددی لەسەر نەکرێت. بەر لە خێرت ویڵدەرس، لە هەڵبژاردنەکانی 2002 دا، پڕۆفیسۆرێکی زانکۆ دەرکەوت بەناوی پیم فۆرتاون (Pim Fortuyn) کە لیستێکی بۆ هەڵبژاردنەکان ڕاگەیاند بەناوی لیستی پیم فۆرتاون و پەنجەی شایەدی بەرز کردەوە و وتی “من سەرۆک وەزیرانی داهاتووی هۆڵەندام و دەبێت سیستمی سیاسی بگۆڕین”، ئینجا وتی “ئەگەر دەربچم سنوورەکان دادەخەم، چیدی ناهێڵم ئیسلام بێتە ژوورەوە. موسڵمانەکان دەیانەوێت کلتور و دونیابینی ئێمە بگۆڕن، بۆیە وەستاندن و ڕێگری کردن لە هاتنەژوورەوەیان حەتمیە”. پاشان، فۆرتاون، بەر لە دەستپێکی هەڵبژاردنەکان، لەسەر دەستی ژینگەپارێزێک کوژرا، بەڵام درووشمەکانی سەبارەت بە گۆڕینی سیستمی سیاسی و ڕەخنەگرتن لە هاتنەژوورەوەی ئەو هەموو پەنابەرە زەنگی وشیارکردنەوە و مەترسی بوو بۆ هۆڵەندا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا.
دوای کوژرانی فۆرتاون، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەری ناوداری هۆڵەندی، تێیۆ ڤان خۆخ (Theo van Gogh)، لەسەر دەستی محەمەد بوەیری مەغریبی (19 ساڵ) کوژرا، بە پاساوی دەرهێنانی کوورتەفیلمێک بەناوی “ملکەچی”، لە نووسینی نووسەری سۆماڵی ئەیان حرسی عەلی. ئیدی هۆڵەندییەکان گڕیان گرت و دژەموسڵمان بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کرد.
لە کوورتە فیلمەکەدا چەند ژنێک بەپێوە وەستاون وەکوو ئەوەی نوێژ بکەن، قوماشێکی تەنکی ڕەشیان لەبەردایە، مل و سنگیان دیارە، هەندێک پیتی عەرەبی بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لەسەر سینگ و شانیان نووسراون. ژنەکان نزا دەکەن و باس لەو نابەرابەرییە دەکەن کە لەنێوان پیاو و ژناندا هەیە. ئەو فیلمە ڕەخنەئامێزە ئارامی لەبەر ئیسلامییەکان هەڵگرت و ترسنۆکانە “تێیۆ ڤان خۆخ”یان کوشت.
بەو جۆرە دوای کوژرانی “تێیۆ ڤان خۆخ”، شیرازەی کۆمەڵگەی هۆڵەندی گۆڕا و ئەو ئارامییەی پێشتر هەبوو، لەسایەی توندڕەویدا گۆڕانکاری بەسەردا هات. لەولایەشەوە، توندڕەوەکان یەکتر بەهێز دەکەن و یەک ڕەهەندی دژەمرۆڤن.
بردنەوەی خێرت ویڵوانە و لە بەرانبەریشدا بەهێزبوونی ڕادیکاڵیزمی ئیسلامیی لەناو پەنابەراندا، زەنگێکی مەترسییە بۆ بە یەکەوەژیان و فرەیی و ئازادییەکان و مافەکانی مرۆڤ. زەنگێکە بۆ بەئاگاهاتنەوەی کۆمەڵگەی ئەوروپی، بۆ سنووردانان بۆ هەموو جۆرە توندڕەوییەک. ئەگینا، جوانییەکانی کۆمەڵگەی ئەوروپی، ئەو بەها و نۆرمانەی کە مرۆڤایەتی چەندین هەنگاو بردۆتە پێشەوە، خەریکە بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە و توندڕەوی و توندوتیژی باڵ بەسەر ئاییندەی مرۆڤایەتیدا دەکێشێت.
ژیار یان شارستانییەتی ئەوڕۆ، بە هەموو ڕەهەندە جوانەکانی لە سیستمی دیموکراسی/سێکولار، ئازادییەکان، مافەکانی مرۆڤ، ئەمانەتی هەموو مرۆڤایەتیین. ژیارێک کە لە مێژوودا بێوێنەیە. لە مێژووی ئەمڕۆی مرۆڤایەتیدا تەنیا یەک ژیار و یەک شارستانییەت هەیە، نابێت بە دووان. ئەوەی پێی وابێت پێکدادان هەیە لەنێوان دوو یان زیاتر لە دوو شارستانییەت، بەو ڕەهەندانەی کە باسم کرد، بە هەڵەدا چووە. دوو شارستانییەت نین، بەڵکوو یەک شارستانییەت هەیە لەو پەڕی زەوی تا ئەو سەر زەوی.
ڕاستە ئەوروپییەکان لە درووستکردن و سەرکەوتنی ئەو شارستانییەتەدا پێشەنگن، بەڵام بەتەنیا بەرهەمی ئەوان نییە، بەڵکوو هەموو مرۆڤایەتی لە پەرەپێدان و بەهێزکردنی ئەو بەها و نۆرمە گەردوونیانەدا بەشدارن. بۆیە ئەو ژیارە موڵکی مرۆڤایەتییە و ئەمانەتی هەمووانیشە. ئەوانەی ئەوڕۆ لە هەر پێگە و شوێنێکدا بن و دژ بەو ژیارە لە جەنگ و شەڕ دابن، هەڵگری بەها و نۆرمەکانی ئەو ژیارە نین، بەڵکوو دژەژیارن. ئەوە ڕاستە دژەژیار، خاوەنی کلتور و ئایدیۆلۆجیای تایبەت بە خۆیانن، بەڵام هەڵگری ئەو بەها و نۆرمانە نین کە تایبەتمەندیی ئەو ژیارە هاوچەرخەن.
تەماشاکەن، پوتین بە هەموو ڕەهەندە دەسەڵاتخواز و تاکڕەوێتییەکەی، نەک هەر دژەڕۆژاوایە، بەڵکوو دژی ئەو بەها و نۆرمە گەردوونیانەشە کە تا ئەوڕۆ مرۆڤایەتی لەوە باشتری بەرهەم نەهێناوە.
ڕژێمی ئیسلامی ئێران لەو لایە و کۆریای باکوور لەو سەر و ڕژێمە لاتوپاتەکانی وەک سووریا، ئێراق، یەمەن و پڕۆکسییە پڕۆئێرانییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەو سەریشەوە لە ڕۆژاوا، بزووتنەوە ڕادیکاڵە توندڕەوەکان و کەسایەتییە توندڕەو و پۆپولیستەکانی وەک دۆناڵد تڕەمپ لە ئەمریکا، لۆپین لە فەڕەنسا، خێرت ویڵوانە لە هۆلەندا و نایجل فارێیج لە بەریتانیا، هەموو ئەوانە بەرەیەکن و دژ بە دیموکراسی، فرەیی، ئازادییەکان و مافەکانی مرۆڤ و بەها و نۆرمەکانی ژیاری هاوچەرخن و یەکتر تەواو دەکەن.
ئەگەر مرۆڤایەتی پارێزگاری لە شارستانییەتی خۆیان نەکەن و دژ بە توندڕەوی و ڕادیکاڵیزم نەوەستنەوە، ئاییندەی مرۆڤایەتی بەدەست ئیسلامیست، شۆڤێنیست، کۆمۆنیست و تەواوی گرووپە ڕادیکاڵیستە جیاوازەکان و خێرت ویڵدەرسەکانەوە وێران و سەراوبن دەبێت. [1]